یادنامه‌ی كه‌ره‌نتینكراوێكی به‌زۆر ! ... عه‌بدوڵا ساڵح

 

زوربه‌مان به‌ناچاری خانه‌نشینكراوین به‌ده‌ست كۆرۆناوه‌ و كونجی قه‌ناعه‌تمه‌ن گرتوه‌ له‌ ماڵه‌وه‌، با منیش ئه‌و پرسیاره‌تان بخه‌مه‌ به‌رده‌م بۆ، لانی كه‌م مێشك مه‌شغوڵ كردن و كات به‌سه‌ربردن وه‌ یا بۆ هه‌ندێك بیركردنه‌وه‌یه‌كی لۆژیكی .

كاتێك به‌ناچاری ده‌بێ ماڵ جێ نه‌هێڵی له‌ترسی كۆرۆنا، به‌ناچاریش زۆر یاداوه‌ری ژیانت وه‌ك فیلم دێته‌وه‌ به‌رچاو، یاداوه‌ریه‌كانیش كاتێك تێكه‌ڵ ده‌بن به‌ هه‌واڵ و ده‌نگ وباسی كۆرۆنا، ئه‌وانیش به‌ نۆبه‌ی خۆیان بیرۆكه‌ت له‌لا دروست ده‌كه‌ن، یه‌كێك له‌و بیرۆكانه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ مێشكمدا هات له‌ هه‌واڵه‌كانی وڵاتی سعودیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ده‌گرێ .

هه‌واڵه‌كه‌ ئاژانسی ده‌نگوباسی ئه‌نادۆڵ دوێنێ 20 / 3 / 2020 بڵاوی كردۆته‌وه‌ ئه‌وه‌ش ده‌قه‌كه‌یه‌تی به‌ عه‌ره‌بی :

(أعلنت السلطات السعودية، الخميس، تعليقها التواجد والصلاة في ساحات الحرمين الشريفين ابتداء من الجمعة)

كوردیه‌كه‌ی ئاوایه‌ : ده‌سه‌ڵاتدارانی سعودیه‌ ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ڕایانگه‌یاند‌ ئاماده‌بوونونوێژ كردن له‌ مه‌یدانه‌كانی مه‌سجیدولحه‌رام و مه‌ سجیدئه‌لنه‌به‌وی"هه‌ردووك حه‌ره‌می پیرۆز" له‌ ڕۆژی هه‌ینییه‌وه‌ واته‌ 20 / 3 / 2020 ڕاده‌گیرێ .

من پێم وایه‌ ئه‌م كاره‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌قه‌كانی قورئانه‌ كه‌ له‌ سوڕه‌تی ئالی عومڕاندا له‌ ئایه‌تی ٩٦ / ٩٧ دا هاتوه‌ ده‌ڵێ :

( ومن دخله كان آمناً ) واته‌ هه‌ركه‌سێك هاته‌ ناوی، مه‌به‌ست مه‌ككه‌یه‌، له‌ ئه‌من وئاسیش و هه‌موو ترسێك به‌رخورداره‌، یا پارێزراوه‌ ! وه‌یا له‌ سوڕه‌تی فه‌تح ئایه‌تی ٢٧ دا ده‌ڵێ : ( لتدخلن المسجد الحرام انشاءالله آمنين ) واته‌ :دێنه‌ ژوری مه‌سجید ولحه‌ڕام به‌ ئه‌من و ئه‌مان كه‌ خوا بیه‌وێ .

به‌گوێره‌ی هه‌ردووك ئایه‌ته‌كه‌ و ئایه‌تی تریش له‌باره‌ی ئه‌من وئه‌مان له‌وشوێنه‌‌، ده‌بوو ڕێگا به‌ خه‌ڵكێكی زۆر بدری، لانی كه‌م به‌ دانیشتوانی سعودیه‌، بۆ خۆپاراستن له‌ به‌ڵای كۆرۆنا په‌نا بۆ مه‌ككه‌ به‌رن چو‌نكه‌ له‌وێ ژیانیان پارێزراوده‌بێ له‌ هه‌موو ده‌ر و به‌ڵایه‌ك‌، ئه‌ویش به‌گوێره‌ی ئایه‌تی قورئان !به‌ڵام بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی سعودیه‌ ئه‌و كاره‌ ناكه‌ن وپێچه‌وانه‌ی ئه‌و ئایه‌ته‌ ڕه‌فتار ده‌كه‌ن ؟ پرسیارێكه‌ ده‌یخه‌مه‌ به‌ر ده‌م ئێوه‌ !

21 / 3 /2020

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu