ما أشبه الیوم بالبارحة ... ئامانج نەقشبەندی (2)

ما أشبه الیوم بالبارحة ... ئامانج نەقشبەندی (2)

ئەمڕۆ هەر بە دوێنێ دەچێت و هیچ نەگۆڕاوە . هیچکەسێک لە ئێمە لاریمان نییە و هەمووان کۆکین لە بابەتی بەرژەوەندی گشتی و بەرقەرار بوونی ئەمن و ئاسایشی خاک و هاوڵاتی ئەگەر ئەم بابەتە بە پێوەری عەقڵ و لۆژێک بەرچەستە بکرێت.. بەڵام ئەگەر هەر لاسایی کردنەوە عەقلیەت و کولتووری ڕژێمە پێشووەکان و هەموو ڕژێمە تۆتالیتاریەکان بێت ئەوە ماڵوێرانی و نەزانیە و هیچی تر ، جا ئەو شوێنە لە سلێمانی یان هەولێر ودهۆک بێت یاخود هەر جێیەکی دیکە ...
دێتە یادم لە ساڵانی نەوەدەکاندا لە بەردەرکی سەرا نووسرابوو (وێنەگرتن قەدەغەیە التصویر ممنوع) ، ئەوکات هەمیشە لەخۆم دەپرسی ئاخۆ بۆچی (تصویر اکیدا ممنوع است) ، ئاخۆ وێنەی سەرا چ نهێنیەکی گەورە لەخۆ دەگرێت ، لەکێ و لەکام دەوڵەت دەیشارنەوە ؟ ... قەڵا بێت یاخود سەرا یان هەر جێگەیەکی دیکە .. ئەگەر لە ڕۆژئاوا دەیشارنەوە ئەوا شوێنێکی وەک سەرای سلێمانی (هەر وەک نموونە نەک وەک ژماردن) سەرەتا و دوای دروستکردنی شار لە لایەن میرەکانی بابانەوە دروستکراوە و دواتر دەوترێت ئینگلیزەکان ڕووخاندویانە و بە شێوازێکی گەورەتر دروستیان کردۆتەوە ؟! ئەگەر ترس لە ڕۆژئاوا هەبێت بە گشتی ئەوا کاتێک ئەوان بتوانن بە ئاسماندا گوزەر بکەن و بۆ ئاو بگەڕێن لەسەر هەسارەی مەریخ ، دەشتوانن وێنەی بست بە بستی ئەو مشتە خاکە بەدەست بێنن ، ئەگەر لە عێراق دەیشارنەوە ئەوا دەیان ساڵ حوکمڕان بوون تیایدا .. ئەگەر لە تورک و فارس دەیشارنەوە ئەوا هەر وەک سەردەمی عوسمانی و سەفەوی ئەوان حوکمڕانی ڕاستەقینەن و سەدان بنکە و چاو و لانکە و بارەگایان هەیە (لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێز و داوای لێبوردن لە شاعیری مەزن شێخ ڕەزا) لە بیرم نایەت کە ئێمە نە مەحکومی عەجەم و نە سوخرەکێشی ئالی عوسمان بووبین ..
بێگومان یاساغ و قەدەغە کردن هەر بۆ هاوڵاتی بەشخوراوە و هیچی تر ، ڕێویەکان هەر بۆ خودی خۆمان شێرن ..
جا لە ئێستادا ڕۆڵ ڕۆڵی درۆنە بۆ هەندێک کاری بازرگانی و ریکلام و کاری فۆتۆگرافەران ، جگە لەوەی هەندێک بازرگانی چاوچنۆک لە هەندێک کاری نایاسایی دا بەکاری دێنن ..
بێگومان نرخی ئەم درۆنانەش بە پێی پێوانە و قورسایی و تایبەتمەندیەتی دەگۆڕێت ، ئەو جۆرانەش کە فۆتۆگرافەر بەکاری دێنێت بە گشتی قەبارەیان بچوکە و تایبەتمەندیان هێندە لە ئاستێکی باڵادا نییە و بەو پێیەش بەگشتی نرخیان لە خوار هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات ، جا مەبەستەکەش ئەمەیە ، کاتێک فۆتۆگرافەرێکی داماو دوای تەمەنێک هەوڵ و ماندوبوون و لە پێناو پەیدا کردنی نانێک دا یەکێک لەم ئامێرانە دەکڕێت بۆ بەکارهێنانی بۆ ئاهەنگێک و بۆنەیەکی خێزانی ، ریکلامێک ، ئەوا هەزار بەڵێننامە و تعهد و کتابنا کتابکم و ڕەزامەندی چەندین لایەنی پەیوەندیدار و نا پەیوەندیدار وەربگرێت و خوێنی ببێتە ئاو تاوکو بۆ چەند خولەکێک گرتەیەکی ڤیدیۆیی تۆمار بکات و دواتر تەواوی کۆپی ڤیدیۆکە بگەیەنێتە لایەنی پەیوەندیدار ، ئیدی نازانم هۆکاری ئەم هەموو ڕۆتین و لەمپەڕ و ئاڵۆزکاریە لە پای چی ؟ ئاخۆ زیانی بۆ پەزەکان هەیە یاخود مەترسیە بۆ ئەمنی قەومی ؟ .. ئاخۆ ئێمە قەومین و ئەمنمان هەیە ؟ یاخود هەر بە ڕاستی خاوەنەکانی ئێمە دەزانن ئەمنی قەومی واتە چی ؟
Vertaling weergeven
 
 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu