پابەندبوون بە پرنسیپی ئاڵوگۆری ئاشتیانەی دەسەڵات لە ئەمرۆدا بوەتە مەرجی سەركی دیمەكراسی و حكومەتی چاكەخواز. ئەو گەلانەی ناتوانن پرنسیپی ئاڵوگۆری ئاشتیانەی دەسەڵات پەیرەو بكەن، زۆر ئەستەمە بتوانن سیستمێكی دیموكراسی راستەقینە دامەزرێنن. بەواتە پرنسیپی ئاڵوگۆری ئاشتیانەی دەسەڵات مەرجی سەرەكی بونیادنانی دیموكراسیەكی راستەقینەیە، بە بێ ئەم چەمكە هەر قسەوباسێك لەمەر دیموكراسی و دەسەڵاتی رەشید بكرێت، دەبێتە پروپاگەندەی سیاسی جۆبلزی و ئامانجی راستی تیایدا تەفرەدانی كۆمەڵگا و جەماوەرە. گەلانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بەگشتی و ئەم هەرێمە لاوازەی كوردیش بە تایبەتی، لە هەموو جیهان زیاتر گوزارشتەكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و دادپەروەری و یەكسانی . . . هتد، رۆژانە بەركاردێنن، تا وایلێهاتوە تەواوی ئەم گوزارشت و باسانە لای خەڵكی عەوام بسوێت و هیچ سەدا و كاریگەریەكی نەمێنێت. لەمەر ئفلیجكردنی پرنسیپی ئاڵوگۆری ئاشتیانەی دەسەڵات و بەرجەستەبوونی میراتی سیاسی لە پرۆسەی سیاسی كوردیدا، ئەم پرسە بە شێوەیەك تەشەنەی كردوە خەریكە دەبێت بە نەرێت. لە تەواوی وڵاتانی دواكەوتوو بە تایبەتی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی سەرۆك تەنیا بە مردن دەستبەرداری كورسی دەسەڵاتەكەی دەبێت، ئەم ماریفەتە زۆر بە چڕی پەریوەتەوە ناو سیستمی سیاسی كوردیەوە. تەشنەكردنی ئەم نەخۆشیە و بێكەڵككردنی دیموكراسی و پەیرەونەكردنی پرنسیپی ئاڵوگۆری ئاشتیانەی دەسەڵات لای كورد ئەوەندە رۆچووەتە ناو جەستەی سیاسی و كۆمەڵایەتیەوە بووە بە گەرگەری و چارەسەری بە پرۆسەی ریفۆرمخوازی زۆر ئەستەم بووە. ئەم نەخۆشیە وەك ڤایرۆسێكی كوشندە بە تەواوەتی تێكەڵ بە شادەمارە ژیاریەكانی كۆمەڵگای كوردی بوەتەوەو بازنەی حكومەت و دەسەڵاتداریشی رەتكردوە، تەواوی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و راگەیاندنەكان بە ئازاد و ئۆپۆزسیۆنەوە بونەتە موڵكی كەسێتی و خێزانی وەك شمەك سەودا و مامەڵەی پێوە دەكرێت. پرسی ئاڵوگۆری دەسەڵات و ئیدارە لەم رێكخراوانەیش تەواو ئیفلیجكراوە. ئەم دیاردەیە بە بەرنامە كاری لەسەر دەكرێت و ئامانج تیایدا بەنەرێتكردنی میراتی سیاسیە لەم وڵاتەی ئێمە.
حزبی كوردی بە گشتی بونەتە موڵكی تایبەتی خێزان و بنەماڵەكان. تەواوی حزبە كوردیەكان سروشتی دوكانی سیاسیان وەرگرتوە، خاوەنەكانیان زۆر بە روونی دیارن. لەم وڵاتەی ئێمەدا حزب هەیە زیاتر لە نیوسەدەیە لە لایەن باوك و كور و نەوەكەیانەوە بەرێوە دەبرێت، دەسەڵاتی حزبی پشتاوپشت دەگوازرێتەوە، تەنانەت حزبە شۆسیال دیموكرات و پێشكەوتوخوازەكانیش بونەتە دوكانی سیاسی و هەمان سروشت و خوی ئەویان گرتووە. لەم بوارەدا روناكبیرانی حزب و هەلپەرست و كاسەلێسەكانی ناو نوخبەی روناكبیریش زۆر بێشەرمانە كەوتونەتە بەرگریكردن لەم فۆرمە و بە مۆدێلێكی زۆر گونجاوی دەسەڵاتی سیاسی و فەرمانرەوای بۆ واقعی كوردی نمایشی دەكەن.
دەسەڵات لای سەرۆك و دارودەستەكەی زۆر لە نیشتمان و میللەت و ئایندەی نەوەكانیش گرنگترە، سەرۆك زۆر لە پیرۆزیەكانی نیشتمان و نەتەوەو گەل پیرۆزترە، بۆیە رێگا نادرێت هیچ كەس و دەنگێك بە راستگۆی و بێ نەقشاندن قسە لە سەر سەرۆك بكات و باسی خراپەكاری و هەڵەو شكستەكانی بكات.
پرۆسەی پەیرەوكردنی پرنسیپی ئاڵوگۆركردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، كە لە واقعدا بازنەیەكی وونە لە پرۆسەی دیموكراسی و سەرچاوەی سەرەكی قەیران و كێشەكانی ئەمرۆی دەسەڵاتی سیاسی كوردیە، دروستبوون و خوڵقانی وەك كێشە و گرفت دەرئەنجامی كەڵەكەبونێكی مێژووی دواكەوتن و كەم وشیاری كۆمەڵگای كوردیە، بەواتە دیاردەیەكی نوێ نیە و واقعی سیاسی ئەمرۆ ئەم قۆناغەی خوڵقاندبێت.
باوەر نەبوون بە ئاڵوگۆری ئاشتیانەی دەسەڵات یەكێك لە گرێ دەرونی و ناعەقڵانیەكانی سەركردەی سیاسی كوردیە، بەڵام یەكێك لە هۆكارە هەرە دیارەكانی بەردەوامبوونی كورتبینی و ناوشياری میللەتی كوردیە.
سەركردەی كورد تەنیا بە گەیشتنی بە كورسی دەسەڵات هەموو رابردوی خۆی لە بیر دەكات و خۆی لە پلە و پایەی خوداوەندادا دەبینێت، زۆر بە خێرایی دەكەوێتە لێدان و پاكتاوكردنی هەموو ئەوانەی دان بە رابەرایەتی و مەزنی ئەمدا نانێن و كۆیلایەتی و ملكەچی بۆ ئەم قبوڵ ناكەن. هەر ئەمەیش هۆی سەرەكی شەڕ و ململانێی نێوان سەركردە سیاسیەكان و لە مەودایەكی دوورتریشدا هۆی سەرەكی بەرپابوونی شەڕی ناوخۆ و شەڕی برا كوژیە. ئەم سروشت و واقعە لە پرۆسەی دروستبونی سەركردەی كوردا مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە. سەركردەی سیاسی كوردی بە گەیشتنی بە كورسی دەسەڵات زۆر بە خێرایی لە رابردوی خۆی دادەبرێت، وەك ئەوەی ئەو رابردوە تەنیا سیناریۆیەكی كاتی بوبێت و بەشێك بێت لە تەكتیكی سیاسی بۆ گەیشتن بە كورسی دەسەڵات. لە پرۆسەی خۆجێگیركردندا، سەرۆك لە پێناو مانەوەی لە سەر كورسی دەسەڵات چەند هەنگاوێكی گرنگ دەنێت، لەونە:
_ پێشێلكردن و پەراوێزخستنی هەموو یاسا و رێسا و پەیروێكی ناوخۆی حكومی یان حزبی و دارشتنی كۆمەڵێك رێنمای، كە بە واقعی هێزی لە یاسا زیاترە و لە سەروی پەیرەوی ناوخۆ و دەستوری حكومەت یان حزبدایە. بۆ بەهێزكردنی پێگەی سیاسی و فەرمانرەوای خۆی لە دوا قۆناغەكانی باڵادەستبونیدا كار لە سەر دارشتنی كۆمەڵە یاسایەكی تایبەتیش دەكات.
_ كورتكردنەوەی پرۆسەی دیموكراسی لە كۆمەڵێك دروشم و گوتار و بانگەشەی سیاسیدا. بەتاڵكردنەوەی لە هەموو مانا و تێگەیشتنێكی راستەقینەی خۆی. دیموكراسی و ئاڵوگۆری ئاشتیانەی دەسەڵات لە سیناریۆیەكی گاڵتەجاریدا لە سەر شانۆی تەفرەدانی رای گشتی نمایش دەكرێت.
_ پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و پەیرەوكردنی سیاسەتی ملكەچپێكردن و شكاندنی شكۆی تاك. لەم پرۆسەیەدا سەرەتا بەوە دەست پێدەكات، كە كار لە سەر باڵادەستكردنی توێژێك لە كەسانی بودەڵە و كەم مۆراڵ و بێ ئەرزش بكات.
_ گرنگیدان بە هێزی چەكدار و دەزگاكانی ئاسایش و هەواڵگری بەكارهێنانیان بۆ چەوسانەوەوی خەڵك و شكاندنی شكۆی كەسانی نارازی و یاخی لە دەسەڵات و بریارەكانی سەرۆك.
_ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی كارتۆنی و تەزویركردن، بە مەبەستی چەواشەكردنی رای گشتی وڵاتان و رێكخراوە مرۆڤدۆستەكانی جیهان.
_ لاوازكردن و ئیفلیجكردنی حزب و رێكخراوە ئۆپۆزسیۆنەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و میدیای ئازاد و سەربەخۆ.
_ كاركردن لە سەر گەوجاندنی خەڵك و كرینی ولای توێژێك لە روناكبیرانی دەربار لە پێناو شێواندنی راستیەكان.
_ زیادكردنی شەپۆلەكانی توندوتیژی و ئەشكەنجەدان و چەوسانەوە بە بەرنامە و قۆناغ بە قۆناغ.
كورد قوربانی دواكەوتی عەقڵ و هزری خۆیەتی
لەم سیاسەتەدا كورتبینی و ناوشیاری و كاڵفامی میللەت هاوكار و هۆی سەرەكی سەركەوتنی سەرۆكە لە سەپاندنی خۆی و سیستمە دیكتاتۆریە زۆرداریەكەی. واقعی كۆمەڵایەتی كوردی بە درێژای مێژوو باجی كاڵفامی و نەزانی خۆی داوە، بۆیە راستیەكە ئەوەیە، كە ئێمەی كورد قوربانی دواكەوتی عەقڵ و هزری خۆمانین.
ریشاڵێكی ئەم قەیرانە دەگەرێتەوە بۆ سروشت و تەركیبەی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگای كوردی و عەقڵیەتی ئیدارەدانی خێڵەكیانە و تاكرەوانەی فەرمانرەوای لە سەردەمی شۆرش و دوای شۆرشیشدا. فەرمانرەوای بە عقڵیەتی ئاغا و دەرەبەگایەتی سروشتی هەقیقی فەرمانرەوای ئەمرۆی سەركردایەتی سیاسی كوردە. لە واقعدا لە گەڵ ئەوەی كۆمەڵگای كوردی قۆناغی دەرەبەگایەتی رەتكردوە، بەڵام بە هۆی دواكەوتوی لە بواری هزر و كەمی وشیاری سیاسی تا ئەمرۆ عەقڵیەتی خێڵەكی فەرمانرەوای دەكات، هەر ئەمەیش هۆی سەرەكی ئەوەیە تا ئەمرۆ سیاسەتمەدارانی كورد كار لە سەر هێشتنەوەی كۆمەڵگا لە دۆخی دواكەوتووی و مانەوەو پارێزگاریكردن لە سروشتی خێڵەكیانە دەكەن و هانی خەڵك دەدەن بۆ گەرانەوە بۆ پەیوەستبوون بە ماریفەت و مۆراڵی خێڵەكی. ئەم واقع و سروشتە لە پرۆسەی سیاسی كوردیدا هاوشێوەی واقعی سیاسی وڵاتە كۆمەنیستەكانە لە دوای روخانی سیستمی كۆمەنیستی. لە ئەمرۆدا زۆرینەی رەهای ئەم وڵاتانە لە گەڵ ئەوەی سیستمێكی سیاسی و ئابوری جیاوازیان هەیە، بەڵام بەوەی سەركردەكانیان بە زۆری هەمان سەركردەو تێكۆشەرەكانی قۆناغی كۆمەنیزمە و هاوكات كۆمەڵگاكانیشیان نەیان توانیوە ماریفەت و عەقڵیەتی بەریوەبردنی مۆدێلی ستالینی ببرن. هەر ئەمەیش هۆی سەرەكی ئەوەیە، كە تەواوی پرۆسەی ئابوری و سیاسی ئەم وڵاتانە لە دۆخی قەیراناویدان و ناتوانن بونیادی هیچ پرۆژەیەكی ریفۆرمخوازی راستەقینە بنێن. سروشتی فەرمانرەوایان هەڵگری پاردۆكسێكە تەوای فاكتەرەكانی پێشكەوتن و گەشەكردنی توشی ئیفلیجی كردوە. ئەم پارادۆكسە لە ئەزمونی فەرمانرەوای ئێمەدا هۆی سەرەكی ئیفلیجكردنی پرۆسەی سیاسی و هەموو هەوڵ و پرۆژەكانی ریفۆرمخوازیە.