راپەرینی خوێندكارانی ساڵی 1968... موعتەسەم نەجمەدین

لە نێوان ساڵانی 1965 تا 1975 جیهان بەگشتی بە قۆناغێكی ناجێگیردا تێدەپەڕی، پێویستی بەرجەستەكردنی گۆڕان و نوێبوونەوە تەواوی كۆمەڵگەكانی جیهانی گرتبۆوە، ناجێگیری هزری و سیاسی تەواوی سیستمەكانی حوكمڕانی هاژاندبوو. شەپۆلێكی گەورەی خۆپیشاندان و یاخیبوونی توند و تیژ و هەڵگەڕانەوە لە دەسەڵات و یاسا كۆنەكانی كۆمەڵگا بەگشتی ببووە پرسی رۆژانەی خەڵكی ئەوروپا و جیهان. ئەم دە ساڵە قۆناغێك بوو بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیستمی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و بەرجەستەكردنی گۆڕانكاری جەوهەری لە عەقڵی سیاسی جیهانی. لەو دەمەدا هەڵچوونی جەماوەری و بەرپابوونی خۆپیشاندانی توند و تیژ و بەرفراوان تەواوی پایەكانی ژیانی خستبووە ژێر هەڕەشەی داروخان و لێكترازانەوە. لەرزان و لەقاندنی بیروباوەڕی دۆگمایی ئایدیۆلۆجی هەڕەشەی دارووخان و خوڵقاندنی كارەساتی لە تەواوی دەسەڵات و سیستمەكانی حوكمڕانی دەكرد، زۆربەی سەركردە و بیرمەندانی جیهانی هێنابووە سەر چۆك و ناچاری كرد بوون بەقبوڵكردن و رازیبوون بە ئەنجامدانی گۆڕانكاری و نوێبوونەوە. بە شێوەیەكی گشتی پرسی گۆڕانكاری لەسەر ئاستی شانۆی جیهانی سێ جۆر و سێ ئاڕاستەی جیاوازیان وەرگرت.

1-وڵاتانی سەرمایەداری: لەو ماوەیەدا زۆربەی وڵاتانی سەرمایەداری بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا و ژاپۆن، ببوونە سەكۆی سەرەكی خۆپیشاندان و یاخیبوونی خوێندكاران و لاوان و كرێكاران. لە ناوەڕاستی شەستەكانی سەدەی رابردوودا جیهان بە گشتی لە دۆخێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و كەلتووری ناجێگیر و رەوشێكی مرۆیی خراپدا دەكوزەرا. لەو دەمەدا خواست و داواكاریەكان بۆ رزگاربوون لە قەیران و گرفتەكانی كۆمەڵگە پێشكەوتووەكان بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی دەرئەنجامی شەڕی جیهانی دووەم تووشی قەیرانی دارای و سیاسی گەورە ببوون، رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندا بووە. ئەم رووداوانە ئەو كات و ئەمڕۆش بەقۆناغی گۆڕانی مەزن ناو دەبرێت. لە ئەدەبیاتی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا زۆرجار بەشۆڕشەكانی ساڵی 1848ی ئەوروپا دەچوێنرێت و بەراورد دەكرێت، ئەو شۆڕشانەی بەسەردەمی بەهاری گەلانی ئەورپا لە مێژوودا ناوی هاتووە. لەو ساڵەدا شۆڕش و راپەڕینی جەماوەری زیاتر لە پەنجا وڵاتدا بەرجەستەبووە، دەرئەنجامی شۆڕش و توندوتیژییەكان هەزاران هاوڵاتی سیڤیل بوونەتە قوربانی و بەدەیان هەزاریش ئاوارە و دەربەدەری تاراوگە بوونە.

لە ساڵی 1968 لە دوای سەدەیەك و دوو دەیە، لە ئەوروپا مێژوو جارێكیتر خۆی دووبارە دەكاتەوە، جوڵانەوەوەیەكی جەماوەری نارێكخراو و توندوتیژ تەواوی وڵاتانی رۆژئاوای دەگرێتەوە. لە ناوەڕاستی شەستەكانی سەدەی رابردوەوە خۆپیشاندان و ناڕازیی توندوتیژی خوێندكاران و كرێكارانی ئەوروپا و ڕەش پێستەكانی ئەمریكا و خۆپیشاندان و ناڕەزای دەربڕینی توندوتیژ لە دژی شەڕ و نەهامەتییەكان، بەهاری پراگ لە چیكسلۆڤاكیا، خۆپیشاندانی خوێندكارانی مەكسیك، كە دەرئەنجام كوشت و بڕی گۆڕەپانی تلانیكۆی لێكەوتەوە، دەبنە رووداوی رۆژانە. لەگەڵ ئەوەی هیچ لەو جوڵانەوە و راپەڕین و خۆپیشاندانە توندوتیژانە نەیان توانی دەسەڵات لە هیچ وڵاتێكی رۆژئاوادا بڕوخێنن، بەڵام توانیان وڵاتەكانیان بگەیەنن رۆخی گۆڕانكاری مەزن و پرۆسەی گۆڕانكاری بخەنە سەرهێڵی بەرجەستەبوون. چەقبەستنی ژیان و فراوانبوون و قوڵبوونەوەی قەیران و كێشەكان، بڵاوبوونەوەی بێكاری و هەژاری و ژیانی كولەمەرگی لە لایەك و پێشكەوتنی وشیاری تاكی ئاسایی پێویستی رەخساندنی زەمینەی گۆڕانكاری و ئەنجامدانی پرۆسەیەكی گۆڕانكاری ریشەیی، كە تەواوی واقیعی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كەلتووری و ئابووری گەلان بگرێتەوە رەخساند و كردببوویە پێویستیەكی سەردەمیانە و ئەركی نەوەیەكی نوێ بە بیر و دنیابینییەكی نوێوە. خواستی گۆڕان و نوێبوونەوە تەواوی بیر و هۆشی خوێندكاران و لاوانی گرتبۆوە. بەتایبەتی خوێندكارانی وڵاتانی پێشكەوتووی ئەوروپا. ئەو باوەڕی، كە پێیانوابوو دەسەڵاتی ئەو وڵاتانە بەگشتی تەنانەت وڵاتە دیموكراتییەكانیش توانای چارەسەری قەیران و كێشەكانیان نییە، هاندەرێكی بەهێز بوو بۆ لاوان و خوێندكارانی ئەوروپا تا بەردەوام بن لە خۆپیشاندان و یاخیبوون، تاوەكو ئەوكاتەی دەسەڵات و نەوەی رابردوو ناچار دەكەن بەرازی بوون بە بەرجەستەكردنی گۆڕانكاری جەوهەری. هاوكات لەو دەمەدا خوێندكاران ئەو باوەڕەیان لا سەپی بوو، كە تەقالیدی كۆمەڵگە و خواستی نەوەی كۆن بۆ درێژەدان بە بیر و بۆچوون و دنیابینی خۆیان بەربەستی سەرەكی بەردەم خوڵقاندنی گۆڕان نوێبوونەوەن، بونەتە داینەمۆی ئەو قەیران و كێشانەی تێیكەوتبوون. هەر لەو ساڵانەدا شەپۆلێكی بەرفراوانی خۆپیشاندانی جەماوەری و خوێندكاری ئەمریكای باكووری گرتبۆوە. خوێندكاران بەگشتی سەرەتای راپەڕینەكانیان لە دژی ژیانێكی چەقبەستووی كۆمەڵایەتی و مۆدێلێكی ژیانی سادەی نەوەكانی پێش خۆیان، لە دژی سیستمی باوكایەتی و هەموو بیر و دنیابینیە قاڵب بەستووەكانی نەوەی پێش خۆیان، راپەڕینیان ئەنجامدا و شەقامیان كردە گۆڕپانی ئەنجامدانی چالاكی و خەبات. ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزاییانە سروشتی تایبەتی خۆی هەبووە، لە نێوان خواستەكانی (لەزەت و پێویستیدا) ئاڕاستەیەكی تایبەتی وەرگرت بوو. توند و تیژییەكانی دەسەڵات لەگەڵ ئەوەی توانیان ئەو خۆپیشاندانانە راگرن و رووبەرووی ناڕەزاییەكان ببنەوە، بەڵام دەرئەنجام ناچاربوون بە قبوڵكردنی گۆڕان و نوێبوونەوە. بە شێوەیەكی گشتی راپەڕین و خۆپیشانەدانەكانی ئەو سەردەمە جوڵانەوەیەكی ناڕێكخراوبووە، بەڵام پەیامێكی روون و دیاری هەبووە، زۆر بەراشكاوی بانگەشەی بۆ پێویستی ئەنجامدانی گۆڕانكاری ریشەیی لە تەواوی سیستمی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری جیهانی دەكرد.

لەم بوارەدا بەشێوەیەكی گشتی واقیع و ئەزموونی هەندێك لەم وڵاتانە دەخەینە روو لەوانە:

ئەمریكا:

جوڵانەوەی سیاسی بەرهەڵستكارانەی دەسەڵات و خۆپیشاندانی خوێندكاران و راپەڕینی رەشپێستەكانی ئەمریكا، تایبەتمەدی خۆی هەبووە. سروشتی گۆڕانكارییەكان و ئاڕاستەی رووداوەكان جیاوازییەكی بەرچاوی لەگەڵ رووداوەكانی ئەوروپای رۆژئاوادا هەبووە. بەشێوەیەكی گشتی سێ جۆر خۆپیشاندان و یاخیبوونی جەماوەری لەو دەمەدا ویلایەتەكانی ئەمریكای گرتبۆوە. خۆپیشاندان و راپەڕینی جەماوەری رەشپێستەكان لە دژی سیاسەت و واقیعی رەگەزپەرستی سپی پێستەكان. وەستانەوەی رەشپێستەكان لە دژی چەوسانەوەیان، كە دەرئەنجام بەتیرۆركردنی مارتن لۆتر كینگ و جۆن كەنەدی ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایانە گەیشتنە لوتكەی پشێوی و لێكەوتنەوەی توند و تیژی و تەواوی رواڵەتی كامڵ بوو.

خۆپیشاندان و ناڕەزاییە جەماوەرییەكانی دژ بە شەڕی ڤێتنام، كە لە كۆتایدا بەشكستی سوپای ئەمریكا لەو شەڕە و سەركەوتنی شۆڕشی گەلی ڤێتنام و كوشتنی سەدان سەربازی ئەمریكی كۆتایی هات.

خۆپیشاندان و گردبوونەوەی خوێندكاران و لاوان و بەرزكردنەوەی دروشم و داواكاری پێویستی ئەنجامدانی گۆڕانكاری ریشەی هاوشێوەی خوێندكارانی ئەوروپا. لەو دەمەدا خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین بەشێوەی توندو تیژی لە ویلایەتی مەكسیك و زانكۆی كالیفۆرنیا و رووبەرووبونەوەی بە شێوازی توندو تیژ لە لایەن پۆلیسەوە سیمای هەرە دیاری ئەم ئاڕاستەیە بوو لە ئەمریكا.

فەرەنسا:

لەگەڵ ئەوەی شەپۆلی خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی توند و تیژ تەواوی وڵاتانی ئەوروپای گرتەوە، بەڵام تا ئەمڕۆ ئەم رووداوە لە زۆربەی ئەدەبیاتی سیاسی و گێڕانەوەی سەردی مێژوویدا بە شۆڕشی خوێندكارانی فەرەنسا ناو دەبرێت. لە راستیدا ئەوەی وایكرد ئەم راپەڕینە خوێندكارییە بە ناوی فەرەنسییەكانەوە تۆمار بكرێت ئەوەیە، كە خوێندكاران و لاوانی فەرەنسا دەستپێشخەربوون لە دەربڕینی ناڕەزاییەكەیان وەك پەیامێكی سیاسی و هزری. ئەم جوڵانەوەیە، كە بە زۆری لە ژێر ناونیشان شۆڕش و راپەڕینی خوێندكارانی پاریسدا ناوی دێت و باس دەكرێت بە دیوێكی تردا هەر ئەو كاتیش پەیامێكی روونی هەڵگرتبوو، پێویستی بەرجەستەكردنی گۆڕانكاری ریشەیی لە هزر و دنیابینی و كەلتووری سیاسیدا زۆر بە روونی لە پەیامە سادەكانی خوێندكاراندا دەخوێندرایەوە. ئەمە جگە لەوەی، كە ئەو دەمە باریس وەك مەڵبەند و ناوەندێكی گەورەی گەشەكردنی هزری و فەلسەفی دەبینرا و جوڵانەوەی رۆشنبیری گشتی و هزر زۆر لە بەربڵاویدا و لە ئاستێكی باڵادا گەشەی دەكرد، وشیاری تاكی ئاسایی بەئاستێكی بەرچاو بەرز ببوەوە.

لە 22ی مارسی 1968 بزوتنەوەیەكی خوێندكاری بەناوی بزوتنەوەی 22ی مارسەوە لە كۆلیژەكانی پاریس دامەزرا. پەیامی خوێندكارانی پاریس لەو دەمەدا هەر لەسەرەتاوە دوو ئاڕاستەی گرتە خۆی. ئاڕاستەیەك بانگەشەی بۆ رووبەرووبونەوەی تەقالید و ماریفەتە كۆمەڵایەتییە باوەكانیان دەكرد، رووبەرووی هزر و دنیابینی باوەكایەتی و نەوەی پێشخۆیان دەبوونەوە، زۆر بەهێز لە بەستەڵەكی دۆگمای بیر و دنیابینییە كۆنەكانیان دەدا و دەیان شكاندن. رەتكردنەوەی تەواوی ئەو ماریفەت و تەقالیدانەی كۆمەڵگە، رەتكردنەوەی تەسلیمبوون بەژیانی رۆتین و ئەو ئەركانەی كۆمەڵگە پێشوەختە بۆیانی دیاریدەكرد، جەوهەری پەیامی ئەم ئاڕاستەیەبووە. لەم باریەوە دانیال كرون بندت سەرۆكی بزوتنەوەی 22ی مارس دەڵێت:"خوێندكاران رەتیدەكەنەوە، كە بەبێ ویست و ئارەزووی خۆیان بكرێنە كادری دوا رۆژی كۆمەڵگە و لە دواییدا ئەركی چەوسانەوەی جوتیاران و كرێكارانیان بەسەردا بسەپێندرێت". داواكردنی ئازادی سكسی و شكاندنی بەستەڵەكی عورف و كەلتووری باو لەو دەمەدا، كە دروشمێكی سەرەكی خوێندكاران بووە لەلای نەوەی كۆنەوە بەشكاندنی بەهاو ئاكار و مۆراڵی كۆمەڵایەتی و فەوزا و خەونی هەرزەكاری خوێندكاران و لاوان دەخرانە روو، پێیان وابوە ئەم داوایانە خواستێكی هەرزەكاری كاتییە و دەبێت دەسەڵات بە توندی رووبەرووی ببێتەوە. هاوكات بە ئاڕاستەیەكی تردا پەیامی خوێندكاران بۆ دەسەڵات، داواكردنی گۆڕینی سیستمی ژیانی ئاسایی و دەستەبەركردنی بژێوی و بەرپاكردنی هەلی كار و رەخساندنی زەمینەی ئازادییەكی فراوانتر و كەمكردنەوەی جیاوازی چینایەتی و كۆتایهێنان بە پاشماوەكانی شۆڤێنیزم و نازیزم و بانگەشەكردن بۆ چەپی نوێ بووە. لەم پرۆسەیەدا بەگشتی بەشێكی زۆر لە بیرمەند و فەیلەسوف و هونەرمەندان و روناكبیران كەوتنە بەرەی خوێندكارانەوە، هەندێك لەو بیرمەندانە وەك سارتەر و جیل دۆلۆز و فۆكۆ راستوخۆ كەوتنە چالاكی و بەشداری پڕاكتیكی خۆپیشاندان و دەربینی ناڕەزاییەكانیان دەكرد.

ئەڵمانیای رۆژئاوا:

 پێشكەوتنی سیستمی سەرمایەداری لە لایەك و واقیعی كۆمەڵایەتی ئەڵمانیا وەك لانكەی فاشیزم و نازیزم لە ماوەی پێش و سەردەمی شەڕی جیهانی دووەم لە لایەكیتر و هاوكات دۆراندنی ئەڵمانیا لەو شەڕە و دابەشبوونی بەسەر هەردوو جەمسەری سەرمایەداری و سۆسیالزمدا، كە دەرئەنجام بارودۆخێكی كۆمەڵایەتی و سیاسی زۆر دژواری بۆ تەواوی خەڵكی ئەڵمانیا خوڵقاندبوو، بوە هۆی ئەوەی تەواوی ئارامی كۆمەڵایەتی تێكبچێت. ئەم وڵاتە بەوەی لە مێژەوە یەكێك لە لانكە سەرەكیەكانی دروستبوون و گەشەكردنی بیری چەپ و ماركسیزم بووە، لەو دەمەیشدا دەبێتەلانكەی بەرجەستەبوونی گۆڕان و نوێبونەوە و دەبێتە یەكێك لەو وڵاتانەی، كە بزوتنەوەی خوێندكاران و چەپی نوێ تیایدا زۆر بەخێرای گەشە دەكات و پێشدەكەوێت. گۆڕەپانی خۆپیشاندان و جوڵانەوەی جەماوەری ئەڵمانیا لە بارە گشتییەكەیدا سێ ئاڕاستەی لەخۆ گرتبوو. ئاڕاستەیەك خۆپیشاندانی جەماوەری دژی شەڕی ڤێتنام و رەتكردنەوەی پشتگیری كردنی حكومەتی ئەڵمانیا بۆ ئەمریكا لەو شەڕەدا، كە دەرئەنجامی گوێنەگرتنی حكومەت لەو خواست و بۆچونە، خۆپیشاندان و نارەزای جەماوەری دروست بوون، بە هەزاران چالاكەوانی سیاسی و روناكبیر و خوێندكار و خەڵكی سادەی ئەڵمانیا هاتنە سەر شەقامەكان و خۆپیشاندانێكی گەورەیان ئەنجام دا. بۆ یەكەمجار لە 12ی ئۆكتۆبەری 1968 خۆپیشاندانێكی جەماوەری بەرفراوان لە شاری بەرلین لە دژی شەڕی ڤێتنام بەرپاكرا و توند و تیژیەكی زۆری لێكەوتەوە، لە راستیدا بەرپەرچدانەوەی توند و تیژی حكومەت بۆ خوێندكاران و لاوانی یاخی و خۆپیشاندەر، بووە هۆی زیاتر تووڕەكردنی خوێندكاران و لاوانی ئەڵمانیا. بە ئاڕاستەیەكیتریشدا بووە هۆی چالاك كرنی زیاتری جوڵانەوەی چەپە نوێكان، ئەم ئاڕاستەیە بە شێوەیەكی بەرچاو بۆ یەكەمجار لە ئەڵمانیاوە دەركەوت. لە راستیدا ئەم خۆپیشاندان و چالاكیانە یەكەم چەكوش بووە، كە لەو دەمەدا بە ئاشكرا لە قاڵبی بیری بەستوی ئایدیۆلۆجیا بدرێت.

ئاڕاستەی سێیەم خۆپیشاندان و جوڵانەوەی خوێندكاران و لاوانی ئەڵمانیا بووە. ئەم خۆپیشاندانانە هاوشێوەی جوڵانەوەی خوێندكارانی پاریس لە دژی ماریفەت و تەقالیدە باوەكانی كۆمەڵگا بووە. لاوان و خوێندكاران زۆر سەرسەختانە لە دژی دنیابینی كلاسیكیانە و رۆتینی ژیانی باو و هزر و دنیابینی نەوەی پێشخۆیان وەستانەوە. بوێری خوێندكارانی ئەڵمانیا لە رووبەرووبونەوەی دەسەڵات و تەقالیدە قاڵب بەستووەكانی كۆمەڵگە، لەو دەمەدا جێگای سەرنجە. خوێندكاران زۆر راشكاوانە داوای كۆتای هێنان بە بیر و دنیابی نازیزمیان دەكرد. داوای داماڵینی ئەڵمانیایان دەكرد لە بیر و باوەڕی نازیزم و عەقڵیەتی سەرمایەداریی كلاسیكی. لە ئاڕاستەیەكی تردا خوێندكارانی ئەڵمانیا بەهەمان شێوەی خوێندكارانی پاریس دروشمی ئازادی سیكسی و ئازادی ژنیان بەرز دەكردەوە. بانگەشەی مۆدێلێكی نوێ لە فۆڕمی سیاسیان دەكرد. هونەری نوێ و مۆسیقای نوێی. لەو دەمەدا مۆسیقای رۆك ببوە سیمای پێشكەوتن و نوێگەری، لە بەرامبەردا مۆسیقای كلاسیكی ببووە هێمای كۆنەپەرستی و دواكەوتن. لەم وڵاتە بە هەمان شێوەی فەرەنسا ژمارەیەكی زۆر لە بیرمەندان و روناكبیران و هونەرمەندان و شێوەكار و مۆسیك ژەن و . . هتد، چونە بەرەی خوێندكارانەوە و دروشمی نوێیان بەرزكردەوە.

 ئیتاڵیا:

ئەم وڵاتە وەك یەكێك لە لانكەی دروستبوونی فاشیزم، بارودۆخی ژیان تیایدا زۆر دژوار بووە، خوێندكاران و لاوان لە دژی سیستمی ژیان بە گشتی وەستانەوە و داوای كۆتای هێنان بە ژیانی چەقبەستووی كۆمەڵایەتی و دیاردەی بیر و باوەری فاشیستیان دەكرد. ئەوەی ئەم وڵاتەی لە ئەڵمانیا و فەرەنسا جیا دەكردەوە شێوازی كۆتای هێنانی دەسەڵات بوو بە خۆپیشاندانەكان. دەسەڵات لەو دەمەدا بە تەقینەوە و كوشت و بڕ لەسەر ستایلی فاشیزم كۆتایی بە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان هێنا. لە رێگای كوشتن و تیرۆركردن و ئەنجامدانی تەقینەوەی بۆمب، بەدەیان خوێندكار و هاوڵاتی كوژران. دەرئەنجام ئەم هەڵسوكەوتە بووە هۆی ئەوەی بزوتنەوەی لیوای سوور دامەزرێنن و بەهێز و چەك لە رووی رەفتار فاشیزمی حكومەتی ئیتاڵیای ئەو كاتە بوەستنەوە.

ژاپۆن:

خۆپیشاندان و راپەڕینی جەماوەری خوێندكاران و لاوانی ژاپۆن بە شێوەیەك هاوسۆزی خۆیان بۆ ڤێتنامییەكان لەشەڕی بەرگریدا دەكرد، بوونە جێگای سەرنجی تەواوی خەڵكی ژاپۆن. لەو دەمەدا لاوان و خوێندكاران بزوتنەویەكیان بە ناوی بزوتنەوەی پێشمەرگە لاوەكان لە پێناو دیموكراسیەتدا دامەزراند. یاخیبوون و خۆپیشاندانی خوێندكاران بە شێوەیەك لە گەورە بوون و پێشكەوتندا بوو لە ماوەیەكی پێووەریدا رووبەرووی هەموو یاسا و بڕیارەكانی حكومەت و ماریفەت و تەقالیدە كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگەی ژاپۆنی ببونەوە. دژی سیاسەتی عەسكەرتاریەتی حكومەتی ژاپۆن و پشتگیریكردنی بۆ ئەمریكا لە شەڕی ڤێتنام وەستانەوە. لە بارە گشتیەكەیدا نەوەیەكی نوێ دروستببوون داوای كۆتایی هاتنی رۆڵ و دەسەڵاتی نەوەی پێش خۆیان دەكرد.

بەرازیل:

 لەگەڵ ئەوەی ئەم وڵاتە یەكێك بووە لە وڵاتانی جیهانی سێیەم، بەڵام بەهۆی نزیكی جوگرافی و گەورەیی كاریگەریی رووداوەكانی ئەمریكا و ئەوروپاوە بەهەمان ئاڕاستەی وڵاتانی سەرمایەداری پێشكەتوو خۆپیشاندانی خوێندكاران و ئاڕاستەكانی توندو تیژی هەمان فۆڕمی پاریس و بەرلین و ئەمریكای باكووری وەرگرت.

لەو دەمەدا حكومەتێكی دیكتاتۆری عەسكەرتاری دەسەڵاتی بەرازیلی پاوان كردبوو. لە ناوەڕاستی شەستەكانی سەدەی رابردوودا بارودۆخێكی دژوار و ژیانێكی سەخت بەشی خەڵكی بەرازیل بووە. تایبەتمەندی ئەم وڵاتە لە وێوە سەرچاوەی دەگرت، كە لە هاوشانی باڵادەستبوونی رژێمێكی دیكتاتۆری، كە بەئاگر و ئاسن، بە هێز و چەك خۆی سەپاندبوو، لە هەمان كاتدا جوڵانەوەیەكی رۆشنبیری و هۆشیاری بەهێز و بەرفراوان و چالاك لە ناو كۆمەڵگەدا گەشەی كردبوو. لە ساڵی 1968دا لە دەرئەنجامی كوشتنی خوێندكارێكەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایی خوێندكاران و لاوان دەستیپێكرد، ئەم خۆپیشاندانە بەشێوەیەك گەورە و بەهێز بوو تەواوی جوڵەی ژیانی لەو وڵاتەدا راگرت. بەهەمان شێوەی پاریس و بەرلین لەم جوڵانەوەیەدا رۆشنبیران و بیرمەندان و هونەرمەندان چوونە پاڵ خوێندكاران و بەشداری كارایان لە جوڵانەوەكەدا كرد. لە روویەكی ترەوە شەپۆلێكی گەورەی چالاكی هونەری و روناكبیری بۆ پاڵپشتی خوێندكاران دەستی پێكرد. مۆسیقای نوێی رۆك و سروودە نیشتمانییەكان ببوونە هێمای نوێگەری و گۆڕان. شۆڕشی سیكسی ببووە بەشێك لە جوڵانەوەی سیاسی و شۆڕشی نوێگەری.

پوختەی شیكاركردن بۆ ئەم سەردمە و پەیام و گوزارشتی رووداوەكان وەك ئەوەی فەیلەسوف ریتشارد دافید بریشت باسی لێوە دەكات، بزوتنەوەی ساڵی 1968 جوڵانەوەیەكی لیبرالی رزگاری خواز بووە، خوێندكاران راشكاوانە داوای مافی رۆشنبیری و ئازادی زیاتریان دەكرد، داوای ئازادی سیكسی و مافی مومارەسەكردنی رۆكیان لە شوێنە گشتییەكاندا دەكرد، تەواوی ئەم داوایانەش لە كرۆكدا هیچ پەیوەندییەكیان بە جوڵانەوەی سۆسیالستییەوە نەبووە.

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu