ئێمه ناتوانین بیر بكه‌ینه‌وه ته‌نها له نێو وشه‌كاندا نه‌بێت. . "هیگل"
زمان كۆمه‌ڵێك ده‌رگا بۆ چوونه ژووره‌وه ده‌كاته‌وه و كۆمه‌ڵێك ده‌رگا بۆ هاتنه ده‌ره‌وه دروست ده‌كات، له سالۆنی ئیمپراتۆره‌كان و له كۆمیتی دبلۆماسییه‌كان و له كۆڵانی هه‌ژاراندا زێتر له زمانێك به‌كار ده‌هێنرێت، زمانی زیاده. . . زمان ده‌بێته ڤیزه و كارتی پێناسه‌كردنی فره جۆر! ئه‌وه زمانه دابه‌شمان ده‌كات، هونه‌ری قسه‌كردن، هونه‌ری نواندنی زمانه به ئاست و شێوه‌ی جیاواز و له شوێنی جۆراوجۆردا. . . ده‌شی هه‌موو ئه‌وانه بكه‌ونه نێو فه‌لسه‌فه‌ی زمانه‌وه، به‌ڵام زمان چه‌مكێك نییه له چه‌مكه‌كانی فه‌لسه‌فه، بوارێك نییه له بواره‌كانی زانست. . . فه‌لسه‌فه‌ی زمان به دوای سروشتی زمان و په‌یوه‌ندی زمان به جیهاندا ده‌گه‌ڕێت، له وێناكردنی زمان بۆ جیهان ده‌كۆڵێته‌وه، به وێناكردنی فه‌لسه‌فه‌كاران بۆ زمان ده‌ڕوانی، فه‌لسه‌فه‌ی زمان پرسیار له‌وه ده‌كات زمان چۆن نوێنه‌رایه‌تی دنیا ده‌كات، په‌یوه‌ندی ناونان به ناوه‌وه چییه، چۆن له لۆجیكی تێگه‌یشتنی بیركردنه‌وه نزیك ده‌بینه‌وه، ئایا زمانێك هه‌یه له ده‌ره‌وه‌ی بیركردنه‌وه، تێگه‌یشتن چییه، قسه چۆن ده‌گاته ئه‌ویدیكه، په‌یوه‌ندی نێوان قسه‌كه‌ر به ئه‌ویدیكه‌وه چییه، مانا چییه، ئایا مانا له سه‌ری قسه‌كه‌ران دایه یان له زماندا، زمانی بی مانا، بی بنه‌ما بوونی هه‌یه؟
به شێوه‌یه‌كی گشتی زمان خۆی له نێوان دوو مه‌سه‌له‌دا هه‌ڵده‌گرێته‌وه، یه‌كه‌میان سیستمه و دووه‌میان جیاوازییه، یه‌كه‌میان سروشتی ده‌لاله‌ت و دووه‌میان هه‌مه‌كیی زمانه، یه‌كه‌میان په‌یوه‌ندی به‌و قه‌واره‌یه‌وه هه‌یه كه وشه، یان رسته ده‌لاله‌تی لێده‌كات، دووه‌میان چۆنیه‌تی تێگه‌یشتن و سروشتی بیركردنه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، یه‌كه‌میان ده‌ره‌كییه و دووه‌میان ناوه‌كییه. . . له لایه‌ك ده‌توانین زمان له ناونانی شته‌كانه‌وه (things) هه‌ڵگرینه‌وه، له‌لایه‌كی دیكه بوونی شته‌كان له چوونه نێو زماندا ناس بكه‌ین!! یه‌كه‌میان سیستمێكی دیاریكراو به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، دووه‌میان له‌سه‌ر جیاوازی وه‌ستاوه! كه‌واته وه‌ك چۆن (بێكۆتاییبوون) كلیلی بیركارییه، (هه‌مه‌كییبوون) كلیلی زانسته‌كانی زمانه، هه‌ڵبه‌ته به جیاوازی نێوانیانه‌وه! ئه‌وه هه‌ر جیاوازیشه (كارڵ كراوس 1874-1936) ی زمان‌ناس وا لێده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی قسان له له‌شفرۆشێك بكات، قسان له‌باره‌ی زمانی دایكه‌وه ده‌كات و پێیوایه زمان له رێگای به‌كارهێنانێكی دیكه بۆ ئه‌و مانایه‌ی، كه دایك دایهێناوه پێشده‌كه‌وێت، نوسه‌ر له‌سه‌ر دایكی ده‌نوسی و به‌دژی ئه‌و هه‌ڵده‌سی، بۆ ئه‌وه‌ی له نیگه‌رانی كاریگه‌رییانه‌ی دایك رزگاری بێت. [i] زمان له نێوان دوو ژیاندا هه‌ست و نه‌ست، خود و حه‌زه چه‌پێنراوه‌كان. . پارچه پارچه كراوه، له بوونی (پڕ) دوورخراوه‌ته‌وه بۆ دنیای (به‌تاڵ)، له سكی پڕی دایك بۆ دنیای به‌تاڵی كۆرپه‌له، زمان به‌تاڵه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمان بریتییه له پرۆسه‌یه‌كی بێكۆتایی جیاوازی و نه‌بوونی. . . ده‌ق له‌به‌ر زمان نابێته خاوه‌ن، بۆیه له دالێكه‌وه بۆ دالێكی دیكه هه‌نگاو ده‌نی، له ده‌قی داهێنه‌رانه‌دا هه‌ر دالێك گه‌یه‌نه‌ری دالێكی دیكه‌یه، ئه‌و داله‌ش درێژبوونه‌وه‌ی دالێكی دیكه‌یه. . (ژاك لاكان 1901-1981) ده‌ڵی زمان ئه‌و شته‌یه كه بوون له حه‌ز و ئاره‌زوو به‌تاڵ ده‌كاته‌وه. زمان ته‌واوی دنیای خه‌یاڵ دابه‌ش و پارچه پارچه ده‌كات. به بڕوای لاكان نه‌ست به‌رهه‌می تایبه‌تی زمانه، هه‌روه‌ها ئه‌و له‌سه‌ر هه‌مان بیركردنه‌وه‌ی كراوس و منداڵی به‌ر ئاوێنه، ده‌ڵی من ناتوانم له یه‌ك كاتدا هه‌م "مانا ببه‌خشم" و هه‌م "مانا"ش بم، (هه‌م منداڵی به‌ر ئاوێنه بم – واته مانای خۆم بم- هه‌م له ئاوێنه‌دا -باوك بم - واته وێنه‌ی مانابه‌خشی باوك بم) لاكان بۆ روونكردنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته چاونه‌ترسانه رسته به‌ناوبانگه‌كه‌ی دیكارت (من بیر ده‌كه‌مه‌وه، كه‌واته هه‌م) دووباره ده‌نوسێته‌وه "من له‌و شوێنه نیم كه بیر ده‌كه‌مه‌وه، من بیر ده‌كه‌مه‌وه له شوێنی كه نیم".
كی بیر ده‌كاته‌وه زمان یان من، زمان له مندا بیر ده‌كاته‌وه یان من له زماندا بیر ده‌كه‌مه‌وه؟ ئه‌و كاته‌ی بیر ده‌كه‌مه‌وه ئه‌وه له بیركردنه‌وه‌مدا جگه له كۆپیكه‌رێك شتێكی دیكه نیم، هه‌رگیز رێگایه‌كی نوێم بۆ بیركردنه‌وه نییه، به‌ڵكو یه‌كێكی دیكه رێگای بیركردنه‌وه‌ی پێبه‌خشیووم، من ده‌بی ملكه‌چی ئه‌و بم. ئه‌و یه‌كه‌ی له بری (فیتگنشتاین 1889-1951) [ii] بیر ده‌كاته‌وه، ئه‌و یه‌كه‌ی ئه‌و ملكه‌چی ده‌بی جگه له زمان هیچی دیكه نییه، ئێمه هه‌موومان میراتگری (وارسی) فۆرمه‌له‌كه‌رێكی نادیاریین، به‌ڵام (كه‌س) قسان ناكات، قسه‌كه‌ر له چوارچێوه‌ی سیستمێكدایه چ له ده‌ره‌وه بی، چ له ناوه‌وه. منی قسه‌كه‌ر ته‌نها چاره‌سه‌ری ئه‌و مانایه ده‌كات، كه ده‌یه‌وێت گوزارشتی لێبكات، ئه‌ویش له رێگای شیانه‌ی گوزارشتكردنێك، كه زمان ملكه‌چی ده‌بێت! به‌ڵام ناتوانین بڵێین زمان په‌یوه‌ندی به دایك و بنه‌ما و ماناوه نییه. . . ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی به دوو پرۆسه له پرۆسه‌كانی به‌كارهێنانی زمانه‌وه ده‌كات، یه‌كه‌میان ده‌ره‌كییه و خۆی له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئاماژه‌كاندا ده‌بینێته‌وه، دووه‌میان ناوه‌كییه، له تێگه‌یشتنی ئاماژه ناوبراوه‌كانه‌وه دێته به‌رهه‌م، (دایك، بنه‌ما، مانا) هه‌میشه لای كراوس خیانه‌تی لێده‌كرێت، لای لاكان ده‌كه‌وێته نێو دڵه‌ڕاوكێی منداڵی به‌ر ئاوێنه و له‌لایه‌ن فیتگنشتاین ده‌كه‌وێته نێو فه‌لسه‌فه‌ی زمانه‌وه به‌و مانایه‌ی كه فه‌لسه‌فه رزگاركردنی زمانه له خراپ به‌كارهێنان و گێڕانه‌وه‌یه‌تی بۆ پێوره دروسته‌كه‌ی له ژیانی رۆژانه‌دا، به‌و مانایه‌ی كه روونكردنه‌وه‌ی لۆجیكییانه‌ی بیرۆكه‌كانه، به‌و مانایه‌ی كه چالاكی ته‌ئویلكردنی گه‌مه زمانییه‌كانه، به‌و مانایه‌ی كه هیرمینۆتیكایه نه‌ك گه‌یاندنی حه‌قیقه‌ت. له كتێبی (تراكتاتوس- tractatus- په‌یامی لۆجیكی فه‌لسه‌فی، كه ساڵی 1921 بڵاوبۆته‌وه) فیتگنشتاین ئه‌وه روون ده‌كاته‌وه كه فه‌لسه‌فه چاره‌سه‌ری بیركردنه‌وه ده‌كات و كۆی فه‌لسه‌فه‌ش ره‌خنه‌گرتنه له زمان، زمانیش وێنه‌گرتنی جیهانی گه‌ردیله‌كانه، جیهانیش هه‌مووی ئه‌وه‌یه كه به ده‌ست دێت، یان كۆمه‌ڵێك فاكته نه‌ك كۆمه‌ڵێك شت، پێوانه‌ی فاكتیش مانایه، پێوانه‌ی راستی و دروستی ماناش ده‌كه‌وێته به‌رانبه‌ر رسته‌ی زمانه‌وانی ماناداره‌وه، رسته‌یه‌ك كه هه‌میشه فاكت ده‌گه‌یه‌نێت و وه‌سفی فاكت ده‌كات. كه‌واته لێره‌دا هه‌رگیز مه‌سه‌له، یان دۆزێكی فه‌لسه‌فی نییه هه‌ڵه بێت، به‌ڵكو هه‌ندی مه‌سه‌له و دۆز هه‌ن ما‌نایان نییه، له‌وێوه بی مانان كه له لۆجیكی زمان تێنه‌گه‌یشتوون. [iii]
بێگومان په‌یوه‌ندی فه‌لسه‌فه و لۆجیك به واقیعه‌وه له‌سه‌ر راستی و درۆ ناوه‌ستی، به‌ڵكو بایه‌خ به یاسا و رێساكانی زمان و دووری و نزیكییان له زانستی ده‌لاله‌ته‌كان ده‌دات، بایه‌خ به مه‌سه‌له‌ی مانا و بی مانایی ده‌دات. مادام جیهان ئه‌وه بێت، كه زمانی ئێمه توانای ده‌ربڕینی هه‌یه، ئه‌وه پێوه‌ری بوونی جیهانیش زمانه، سنوری زمانم سنوری جیهانه‌كه‌مه. [iv] فه‌لسه‌فه‌ی زمان پێش هه‌موو شتێك به‌رگری له‌و سیحره ده‌كات، كه شێوه‌كانی ته‌عبیركردن یان گوزاره‌كردن ده‌یخه‌نه‌وه، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی به تاكه میتۆدێكی دیاریكراوی فه‌لسه‌فه‌وه نییه، چونكه فه‌لسه‌فه یه‌ك میتۆد به‌ڕێوه‌ی نابات، به‌ڵكو فه‌لسه‌فه له كۆمه‌ڵێك میتۆد پێكهاتووه، فه‌لسه‌فه رێگای جۆراوجۆری هه‌یه، فه‌لسه‌فه‌ی زمان جگه له رێگای به‌دواداگه‌ڕان شتێكی دیكه نییه، بڕوابوون به یه‌ك تیۆریی، جگه له داخستنی ئاسۆكان شتێكمان پێناڵێت، مه‌رجی بیركردنه‌وه‌ی ئازاد به كرانه‌وه‌ی ئاسۆكانه‌وه به‌نده، كرانه‌وه‌ش رۆحی فه‌لسه‌فه‌یه، هه‌میشه له نێوان میتۆد و بابه‌ت كۆمه‌ڵی جیاوازی هه‌یه، به‌ڵام رێگای به دواداگه‌ڕانی ئه‌و جیاوازییانه له پرسه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، وه‌ڵامی فه‌لسه‌فه هه‌میشه له رێگای خستنه رووی پرسیارێكی دیكه‌وه‌یه. [v]
زمان لای فیتگنشتاین رێگایه به‌ره‌و مه‌عریفه، هۆیه‌كه بۆ تێگه‌یشتن له دروستبوونی مانا له نێو گوتاردا، به‌پێی ئه‌و په‌یوه‌ندییه ناوه‌كییه یان به هۆی ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ی نێوان زمان و بیركردنه‌وه، هیچ بیركردنه‌وه و مه‌عریفه‌یه‌ك ناكه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی زمانه‌وه، هیچ زمانێك نییه بكه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی بیركردنه‌وه و مه‌عریفه‌وه، كه‌واته هه‌موو شتێك له ناو زماندا روو ده‌دات! به‌ڵام (جۆن سیرل) [vi] بیركردنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌یه و پێیوایه تێگه‌یشتنی زمان هه‌ر ده‌بی یه‌كه‌مجار به تێگه‌یشتنی عه‌قڵدا بڕوات، ئه‌و بڕوایه به‌ره‌و ئه‌وه‌مان ده‌بات، كه عه‌قڵ بخه‌ینه پێش زمانه‌وه! ئه‌وه‌ش ته‌واو پێچه‌وانه‌ی لاكان و كراوس و فیتگنشتاینه، چونكه جۆن سیرل پێیوایه ناشی ته‌نها به‌و شێوه ساده‌یه سه‌یری زمان بكه‌ین، كه فیكره‌یه و له رێگای وشه‌وه به ئه‌ویدیكه ده‌گات، چونكه ده‌شی به‌بی وشه‌ش بڕوا به هه‌ندی شت بهێنین، بۆ نموونه برسێتی یان هه‌ستكردن. . . لێره‌دا وه‌ڵامی پرسیاری زمان چۆن به واقیعه‌وه په‌یوه‌ست ده‌بێت، ئه‌وه نییه كه له رێگای نواندنه‌وه به ئه‌نجام ده‌گات، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه كه زمان به هۆی ماناوه به واقیعه‌وه دهلكی، ئه‌و په‌یوه‌ستبوونه‌ش عه‌قڵی نیازخواز به‌سه‌ر ده‌نگ و ئاماژه ده‌یسه‌پێنی. [vii] هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش مانا شێوه‌یه‌كی نیازئامێزی هه‌ڵێنجراوه، واته كۆدی تێگه‌یشتنی مانا ئه‌وه‌یه كه نیازخوازی ئه‌سڵی یان ناوه‌كی له فیكری قسه‌كه‌ردا بۆ وشه و ئاماژه و ره‌مز ده‌گۆڕێت. نیازخوازی واته ئه‌وه منم قسان به زمان ده‌كه‌م، زمان نیازی من ده‌گه‌یه‌نێت، من زمان ئاراسته ده‌كه‌م. . . كه‌واته وه‌ك چۆن ده‌شی قسه‌كه‌ر نیازی خۆی له قسه‌كردندا هه‌بێت، له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا ده‌شی ئه‌و نیازه ته‌قلیدییه‌ش به‌كار بهێنی كه له وشه‌كان و رسته‌كانی نێو زمانێكی (دیاریكراو) دا هه‌یه. [viii] به‌مجۆره‌ش كرده‌یه‌كی نیازئامێز (من قسان به زمان ده‌كه‌م) بهجێدههێنی و كۆی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ش به پڕبوونی ماناوه به‌نده. به مانایه‌كی دیكه به‌رهه‌می ده‌نگه‌كان له زماندا به‌شێكه له مه‌رجی تێربوونی ئه‌و نیازه‌ی كه له دروستكردنی گوتراودایه، واته كاتێك قسه‌كه‌ر گوتراوێكی واتادار دروست ده‌كات، ئه‌و كاته‌یه كه مه‌رجی پڕبوون ده‌خاته سه‌ر ده‌نگ و ئاماژه‌كان. لێره‌دا به قسه‌ی (جۆن سیرل) ده‌كه‌وینه نێوان دوو مه‌رجی تێربوون. . یه‌كه‌م مه‌رجی تێربوونی گوتراوه، دووه‌م مه‌رجی تێربوونی ده‌نگ و ئاماژه‌یه. به‌و مانایه‌ش گوتراوی واتادار ئه‌وه‌یه كه مه‌رجی تێربوون به‌سه‌ر مه‌رجی تێربووندا ده‌سه‌پێنێت، بۆ نموونه رسته‌ی: باران ده‌بارێت. هه‌ڵگری مه‌رجی تێربوونی جۆراوجۆره، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه كه نیازی قسه‌كه‌ر به‌جێده‌هێنێت و ئه‌و گوتنه‌ش مه‌رجی به‌شێك له رسته‌كه تێر ده‌كات، دووه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر ته‌نها مه‌به‌ست قسه‌كردن نییه، واته له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كرده‌ی (بارین) له‌خۆ ده‌گرێت، كه‌واته ئه‌و گوتنه مه‌رجی تایبه‌ت به‌خۆیشی هه‌یه و ئه‌و تێربوونه‌ش ته‌واو نابێت هه‌تا باران نه‌بارێت، ئه‌گه‌ر باران باری كه‌واته مه‌رجی تێربوونی گوتراو حه‌قیقییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌بارێت درۆ ده‌رده‌چێت.
هه‌ولێر 21/3/2016
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌كان:
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
[i] - جان جاك لوسركل، عنف اللغة، ترجمة و تقديم: د. محمد بدوي، المنظمة العربية للترجمة، بيروت- لينان، ط 2 ايلول 2006. ص 413.
[ii] - تحقيقات فلسفية. لودفيك فتغنشتاين. توزيع: مركز دراسات الوحدة العربية. ط/ 2007، المترجم: د. عبدالرزاق بنّور.
[iii] - دؤز يان مةسةلة (القضية-theorem - دةكرىَ راست بيَت و دةكرىَ نارِاست بيَت، دةكرىَ ثؤزةتيف بيَت و دةكرىَ نيَطةتيف بيَت... دؤز دةربرِينيَكة كة بشىَ بة دروست يان نادروست وةسف بكرىَ، طوتنيَكى واتا بةخشة شيمانةى دروست يان نادروست لةخؤ دةطرىَ).
[iv] - شرؤظةى لؤجيكى بؤ زمان، ئارام قادر، دةزطاى تويَذينةوة و بلاَوكردنةوةى موكريانى، ض1، 2010، ل74.
[v] - طاداميَر ثيَيواية ميتؤد- و تيؤرى مةعريفة بة طشتى- ثةرضةكردارة لة بةرانبةر نائاشنا‌بوون/نامؤبوونى خود لة دنيا -fremdheit- وهةولَدانة بؤ تةجاوزكردنى ئةو نامؤبوونة. بة هةمان شيَوةش هيرمينؤتيكا لةو ئةسلَةوة هةلَقولاَوة، كةواتة هةردووكيان ثةرضةكردارن بةرانبةر بة نامؤبوون، بةلاَم ليَرة لةو ثةرضةكردارةدا جياوازييةكى جةوهةرى لة نيَوانياندا هةية: ضونكة كاتيَك هيرمينؤتيكا لة ميانى كردةى راظةكردن و تيَطةيشتنةوة هةولَى بةجيَهيَنانى ئاشنايى مرؤظ و دنيا دةدات، ئةوة ميتؤد نامؤبوون بة نامؤبوون وةلاَم دةداتةوة وةك ئةوةى لة ميانى ليَكجيابوونةوة يان دوو لةتبوونى نيَوان خود و بابةتدا خؤى بنويَنيَت. برِوانة كتيَبى: في ماهية اللغة وفلسفة التأويل، د. شعيد توفيق، ط 2002، الناشر مجد- بيروت، ص91.
[vi] - جؤن سيرل (J. serle) دةلَيَت: فةلسةفةى زمان هةولَى راظةكردنى فةلسةفى بة هةندىَ لة خةسلَةتة طشتييةكانى زمان دةبةخشىَ، وةك دةلالةت، راستطؤى مانا و ثيَويستييةكان.
[vii] - جون سيرل، العقل و اللغة و الواقع (الفلسفة في العالم الواقعي) ترجمة: سعيد الغانمي، الدار العربية للعلوم-منشورات الاختلاف، الجزائر، ظ1 2006. ل205.
[viii] - ه.س.ث، ل208.