گێڕانەوەی تێبینیەکانی سەفەرەکەم ... شەماڵ باخچەیی

گێڕانەوەی تێبینیەکانی سەفەرەکەم ... شەماڵ باخچەیی

 

بۆ خەڵکی کوردوستان بەشەکەی بەناو عێراقەوە، ئەزموونێکی تازەیە کە  ئاوارە و پەناهێنەری ووڵاتانی دیکە یان ناوخۆی ووڵاتەکە لای خۆی حەشار بدات و بواری حەسانەوە و ئاسودەییان بۆ بخوڵقێنێت

چونکە مێژووی سەد ساڵەی خەڵکی کوردوستان، گرێدراو بوە بە ڕاکردن لەدەست دەستەڵات و گەلانی باڵادەست لە ناوچەکەدا، کە یەکێک لە بەرچاوترینەکانی، ئاوارەبوون یان پەنابردنی هەزاران مرۆڤی کورد بوو، بۆ ووڵاتی ئێران لە ساڵی 1975 کە دوابەدوای نوشست و شکەستی خەباتی بەرەنگاری کوردوستانیانی بەشەکەی لکێنراو بە عێراقەوە بو، کەشۆڕشیکی چەکداریان لە بەرامبەر حکومەتی بەعسی ئەوکاتەی عێراق بەرپاکرد بوو

 

دواجار ڕەوە بە کۆمەڵەکەی کوردوستانیان بوو

 لە دوای بەریەککەوتنی سوپای ئەمریکا و ڕژێمی بەعسی عێراق لەسەر کێشەی داگیرکردن ووڵاتە بچکۆلە دەوڵەمەندەکەی ئەوکاتە بە ناوی شانشینی کوێت، وە دەرئەنجامی زوڵم و زۆری حکومەتی عێراق، خەڵکی کوردوستانیش کەوتنە ڕاپەڕین ، کە ڕوبەڕوی لەناوچوون بوون لە لایەن سوپای بەعسی عێراقەوە، زۆرینەی خەڵکی کوردوستان بۆ پاراستنی گیانیان ئاوارەی ئەودیوی سنورەکانی ئێران بوون و پاش شکەستی سوپای عێراق لە کوێت و بڕیاری نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی کوردان لە قەدەغەکردنی هێڵی فڕین لە سوپای عێراق بۆسەرناوچە کوردیەکانی کوردوستانی  بە ناو باشور

 

کەواتە بۆ گەلێک، کە خۆی قوربانی ئاوارەیی وپەنابردن بوو بێت، تیگەیشتن لە پڕۆسەی پەنادانی مرۆڤی ئاوارە بۆ ووڵاتەکەی ڕەوایە و بەجێ

 

من وەکو ڕاوێژکارێکی کۆمەڵایەتی، کە ماوەی 30 ساڵە پیشەی ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی پەنابەران و بیانیان، لە دام و دەزگاکانی دەوڵەتی ووڵاتی ئەڵمانیا کاردەکەم، لە چەند مانگی    داهاتوودا لە کاری پیشەییم خانە نشین دەبم،و بە نیازم دوای خانەنشینیم بێ  بەرامبەر وخزمەتخوازانە ئەزموونی چەند ساڵەی کاری خۆم لە کوردوستان یان ووڵاتیکی دیکە پێشکەش بە مرۆڤەکان بکەم

 

هەربۆیە سەردانی یەکێک لە ئۆردوگاکانی ئاوارە یان پەنابەرە سوریە کانم کرد لە نزیک شاری هەولێر، کە تیمیکی پیشەیی جیاوازی 40 کەسی بەڕێوەیان دەبرد و خاتوونیکی لاوی ژیر وە کارامە سەرپەرستی دەکردن

ئەوەی بۆ من جێگای تیبینی بو، چڕی ڕێژەی دانیشتوانی کەمپەکە بوو، کە نزیکەی 8000 مرۆڤ بوون و زۆرینەیان زیاتر لە 9 ساڵە لەو شوێنە نیشتەجێ بوون، کە ئەمەش بە جۆرێک ڕەخسابوو، کە مافی نیشەجێ بوون بە بێ بەرامبەر بوو، بۆ هەموان بە بێ جیاوازی ئاستی    دەرامەت و بژێوی ژیان، کە ئەمەش سودبەخشیەکی بێ سنور بوو، وە ڕێگر لە چونە ناو کۆمەڵگای کوردوستانیان و تێکەڵاو بوون و فرسەتی گەشەی هاوئاست لە گەڵ هاووڵاتیاندا

 

ئەزموونێک لە هاوشێوەی ئاوارە فەلەستینیەکان لە ووڵاتانی دراوسێیان، کە ئۆردوگاکانیان

دوای چەندین دەهە ، بوە بە شارۆچکە یان شارێکی نیشتەجێ بوون

 

ئەوەی لەو دەڤەرە سەرنجی ڕاکێشام دەرهێنانی ئاوی سفرەی ژێرزەوی بو بە زەبری ووزەی گرانی ئەلەکتریک بۆئاوەدانی و بژێوی ژیان، لەجیاتی ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان کە نزیکن لە ئاوی چەم و ڕووبارەکانەوە، کە شانسی کشت وکاڵ و بەردەوامی ژیان زیاتر و باشتر مسۆگەر ئەکات

سەردانی ئەمساڵم لە ئەڵمانیاوە لە بەرواری 6/4.2024 بۆ فڕۆکەخانەی هەولێربوو، کە مانەوەم لای براگەورەکەم بوو،کە ئەویش ساڵانێکی زۆر بوو لە ووڵاتی هۆڵەندا ئەژیاو دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسی، بۆ هەمیشە گەڕایەوە بۆ کوردوستان و چوەوە ناو هێزی پێشمەرگە، کە هەر لە ساڵی 1974 و دوای شکەستی ڕێککەوتنی 11 ی ئازاری 1970 ی شۆڕشگێڕە کوردەکان، لە کوردوستانی لکاوە بە عێراقەوە لە بەرامبەر سوپای بەعس و سەرهەڵدانی خەباتی چەکداری چوبوە ڕیزی   پێشمەرگەوە، کە منیش هەر ئەوساڵە لەگەڵ ئەو و هەزاران قوتابی وخوێندکارو لاو و چینە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای کوردستانی و مرۆڤی شۆڕشگێڕی دیکەدا، بەشداریمان کردبو لەو شەڕی لێک تێک نەگەیشتن وماڵوێرانیەی کە دواجار هەزاران قوربانی و ئاوارەی لێکەوتەوە، کە تائێستاش بە جۆرێکی دیکە، ئەو ویستە بۆ لەیەك تێگەیشتن و فێربوونی پێکەوەژیانی ئارەزومەندانە و مافی هاوئاست نەهاتۆتە کایەوە و زۆرینە ڕەوتی دەستەڵات بۆخۆی قایلە و ئەوانی دیکە بە کەمینەو بێ بەش بەدوای خۆیدا ڕادەکێشێت

 

خۆشبەختانە چەند ساڵێکە ئەو برایەم لە سوپای کوردوستان خانەنشین بوە و کاتی زۆرە بۆ من کاتێک بەسەردان دێمەوە بۆ کوردوستان

 

وێستگەی دووەمم شاری سلێمانی بوو، کە هەر لەو شارە لەدایک بووم و تا تەمەنی 16 ساڵی تیایدا ژیاوم و بیرەوەری ئەو دەورانە هۆگری خۆی کردوم، چەندین دۆست و ناسیاو و خزمم لەوێ دەژین، کە لە سەردانەکانمدا بەرسەریان دەکەمەوە و بیرەوەری تازە پێک دێت و ئاڵوگۆڕی بیروڕا و جیهان بینی یەکودی دەکەین

 

لەگەڵ دۆستیکی بەڕێزم، کە ئەندازیارێکی بە ئەزموون وناودارە، ئێوارەخوانێکمان بە هاوڕێی چەند ئەندازیاری دیکەی لە یانەی کۆمەڵایەتی سلێمانی سازدا بوو، کە لە بەڕێوە چونی دانیشتنەکەدا، من باسێکم لە سەرڕۆمانەکانی نەبەز گۆران و میران ئەبراهام وروژاند بە کورتەیە لە ناوەڕۆکەکانی و تێبینەکانی خۆم و بە گەرمی لەسەریان دواین

باسەکە چوە سەر سەرگەردانی مرۆڤی کورد لە نێوان دینداری و عیرفان دا، هۆکارەکانی بەسەرنەکردنەوەی هزرانیەتی مرۆڤی کورد لە جیهان بینی عیرفانی مەحوی، کە بۆتە هۆی هەڵوەشانەوەی حەزی ڕۆشنگەرایی ومەعریفە لە نێو کۆمڵگای کوردیدا، و گیرۆدەبوون بە دوای گەڕانەوە بۆ پێش چەرخی ڕۆشەنگەری و گەشەی عەقڵانی تاک و سەربەخۆنەبوونی لە داڕشتنی جیهان بینی عیرفانیەتی کوردیدا

بە شێکی دیکەی ئاخاوتنەکانمان لە سەر تێبینی باش خوازی، زۆر خوازی وە هەموو شت

خوازی مرۆڤی هزرمەند بوو

 

یادیان بەخێر دایکم و باوکم لەدایک بووی سلێمانی بوون، ئێمە پێنج برا وچوار خوشک، بەرهەمی ئەوان بووین کە هەر لەوشارە لەدایک بووین و یەک وبراو یەک خوشکمان هەرلەوێ کۆچیان کردوە، لە گەڕەکی سەرشەقام ژیاوین

بەڵام نالەباری و ڕێک نەکەوتنی گەلانی ئەو ناوچەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بوە بەهۆی هەڵ هاتن لە یەکودی و ڕاکردن وگیرسانەوە لە ئەوبەری ئاوەکان

براگەوەرەکەم تەنیا کەسی خێزانەکەمانە، کە لە ئەوروپاوە گەڕاوەتەوە و لە سلێمانی  وهەولێر نیشتەجێیە ، بەڕێکەوت خەریکی خانووگواستنەوە بوولە سەرچنارەوە بۆ گەڕەکی مامەیارە، کە پێشان شوێنی سەیران و هەڵکردنی ئاگری جەژنی نەورۆز بوو، وە ئێستا کەوتۆتە ناوەندی

شوێنی نیشتەجێ بوونی خەڵکی شاری سلێمانی

 

دوای حەسانەوەم لە مامە یارە، بەڕێکەوتم بۆ سەردانی چەند دۆستیکی هاوداستانی سەردەمی 11 ساڵ ژیانی پەنابەریم لە ووڵاتی ئێران، کە ئەوانیش دوای دەرفەتی پارتە خەباتگێرە کوردوستانیەکان، سنوردارکردنی دەستەڵاتی حکومەتی فاشیستی ئەو دەمەی عێراق و پاراستنی خەڵکی کوردوستانی عێراق لە لایەن نەتەوە یەکگرتوەکان و هاوپەیمانانی دژی داگیرکاری کوێت و ڕاپەڕین و ڕەوی بەکۆمەڵ وگەڕانەوەیان بۆ دەڤەری خۆیان، هەرێمێکی سیاسی و جۆغرافیان لە ساڵی 1992 پێک هێنا، کە دواجار پارلەمانی هەرێمی کوردوستان و حکومەتی هەرێمی کوردوستانی لێ کەوتەوە، کە تا ئەمڕۆش خۆش بەختانە قەوارەکەی بەردەوامە، گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەی سۆران و لەوێ ژیان وکاریان دەستپێکردۆتەوە

 

لە سەردانەکانمدا بۆ کوردوستان چەند ڕۆژیک لەگەڵ ئەو دۆستانەمدا لە ناوچە شاخاویەکانی  ڕەواندز و چۆمان و دەوروبەری، لە ناو سروشتی دڵڕفینی ئەو دەڤەرەدا بە شاخەوانی و گەڕان دا ئەگوزەرێنم

 

ئەمجارە بەڕێکەوت یەکێک لەو دۆستە ئازیزانەم، کە لەلایەن ئەحەسێمەوە، خەریکی بیناکردنی خانویەک بوو لە ناو باخەکەیاندا، منیش بۆ یەکەمجار لە ژیانمدا کاری هاریکاری بەنایی و کرێکاریم وەکو ئەزموونێک بۆ چەند ڕۆژێک تاقیکردەوە، کە توانا جەستەییەکانی خۆم پێ   تاقیکردەوەوکە هیچ شارەزاییەکم لەو کارانەدا نەبوو، بەڵام ئەو کارەکانمی لا پەسەند بوو

 

ڵەسەردانێکی دۆستێکی دیکەی هاوبەشماندا، وەکو سروشتی ژیانی مرۆڤی کورد لەو    ناوچەیەدا، قسەوباسی ڕامیاری وهەڵسەنگاندن وبیروڕا دەربڕینە لەسەرکەسایەتی و پارتە سیاسیەکانی دەستەڵاتدار لە کوردوستانی عێراقدا، کە دۆستێکم پێی خۆش بوو کە سەرکردەی  پارتە کوردیەکان بە کەسانی کاریزماتیک دابنرێن، کە من هاوڕانەبووم لەگەڵیا و پێناسەیەکی    دیکەم دەرئەبڕی بۆ کاریزما بوونی سەرکردەیەک کە پێگەوکەسایەتیەک و داهێنەرانە و

سەرکەوتوی هەبێت بۆ مرۆڤایەتی وژینگەکەی، کە ئاشتی و بەردەوامی دابین بکات

 

سەرنجیکیشم دەربڕی لەسەر دابەش بوونی کۆمەڵگا بەسەر، چالاک نەبوون و دەوڵەمەند بووندا

 

لەبەشێکی دیکەی گفتوگۆکەماندا باس لە دابەش بوونی دوو ناوچەیی بەڕێوەبردنی هەرێمی     کوردوستانی هەڵواسراو بە عێراقدا کرا ، کە دەرئەنجامی پێنەگەیشتن و ناوریایی خەڵکی کوردوستانە بە پارتە سیاسیەرکانیشەوە، لە قبوڵ نەکردنی جیاوازیەکانی نێوانیان، کە تەنیا بە لێهاتوویی ڕق و کینە و شەڕی سارد و گەرم، یەکتریان پێگەیاندوە و گرێکانیان لەیەکودی کردوە بە گرێ کوێرە

فێرنەبوونی پڕۆسەی پێکەوە هەڵکردنی لەیەک نەچوەکان، ئەمان گەڕێنێتەوە بۆ شەڕە ناشرینەکانی، گەڕان بەدوای بەردەوامی ناکۆکی بۆ کۆک نەبوون

 

بۆیە لەوەڵامی ئەوەی ئایا ئەم دوو زۆنە، بەقەولی خۆیان زەرد و سەوزە، ئەتوانێت یەک سوپای هاوبەش و حکومەتێکی هەڵبژاردەی خەڵکی پێک بهێنیت، نەخێر بوو، چونکە زیاتر لە 30 ساڵە کارەکانیان بۆئامانجی دژ بەو سازدانەی هاوبەش و هەڵبژاردەیەیە، بۆیە دوو بەڕێوەبردنی سەربەخۆ، باشترە لە یەک وێرانکاری هاوبەش

 

گەشەی خۆنەزان کردن، لای وریاکان، وخۆپاراستنی نەزانەکان، لە وریایی

 

هیوادارم ئەو ڕێکخراو و ئۆرگانە کۆمەڵایەتی و مرۆڤیانەی کوردوستان، بە هەردوو بەشەکەیەوە، بتوانن کەڵک لە ئەزموون و توانا مرۆڤی وهزرمەندیەکانی من وەربگرن بۆ گەشە و پێگەیشتنی زیاتری نیشتیمان

 

شەماڵ باخچەیی

17.05.2024ئەڵمانی

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu