رۆڵی سازشتکاران لە مانەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا!

ئاوڕدانەوەیەک لە سەرەتای بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران

عەبدوڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

هەموو ساڵیک بە نزیکبوونەوەمان لە ناوەڕاستی ساڵی زایینی، پرسەکانی پەیوەست بە ئێران لە ئاستی جیهانیدا دەگەنە "لووتکە". زۆر رووداو لە گۆڕەپانی سیاسیدا روودەدەن کە هەریەکەیان گرنگییەکی تایبەتیان هەیە. ئەمساڵ چەندین نموونەمان لە ئەوروپا بینی. لە نێویاندا ئازادکردنی دیپلۆماتکاری تیرۆریست (ئەسەدوڵڵا ئەسەدی) لە بێلژیکا و درانەوەی بە ئێران لە ٢٦ی ئایاری ٢٠٢4، ئازادکردنی  جەللاد و خوێنڕێژ و ئەشکەنجەدەر (حەمید نووری) لە سوید و درانەوەی بە ئێران لە 1٥ی جون (حوزیران)ی ٢٠٢٤. لێرەدا و لەم رۆژانەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، بۆچی؟ چ دەبێ بکرێت؟

لە ناوخۆی ئێراندا، لە کۆتایی مانگی سێپتەمبەر (ئەیلول)ی ٢٠٢٢، راپەڕینی گەل، لایەنی (سەرانسەری)ی بە خۆیەوە گرت و رژیمی هەژاند. ساڵێک دواتر، "شەڕی غەززە" لە لایەن ئەم رژێمەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە. رۆڵی رێژیمی ئێران دژ بە وڵاتی ئۆکرانیا کاردانەوەی جیهانی هەبووە و نکۆڵی لێ ناکرێت!

سەرەتای هێڵی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی!

ناوەڕاستی ساڵی زایینی لە نیو سەدەی رابردوودا، بیرهێنەرەوەی زۆر بابەتی گرینگی مێژووی ئێرانە. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨١دا دیکتاتۆری ویلایەتی فەقیهی گەیشتە لێواری (رووخاندن) لەلایەن هێزی سەرەکیی کۆمەڵگاوە لە ئێران. هەر بۆیە (خومەینی) خۆپیشاندانی نیو ملیۆن کەسی تارانی پێ قبووڵ نەکرا و بە رێگەی سوپای پاسدارانەوە خەڵتانی خوێنی کرد. دواتر هەرچەشنە چالاکییەکی سیاسی لە دژی رژێمی ویلایەتی فەقیهی قەدەغە کرا و لاپەڕەیەکی نوێ دەستی پێکرد! ئێعدامکردنەکان کوێرانە و بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سەرتاسەری ئێران دەستی پێکرد. دواتر بەڕێز مەسعوود رەجەوی لە ٣٠ی پووشپەڕی ١٣٦٠ (1981ز) "ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران"ی لە تاران دامەزراند و لە ٧ی گەلاویژی هەمانساڵ بەرەو پاریس بەڕێکەوت و بە هاوپەیمانی لەگەڵ ژمارەیەک لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی رژێمی ئێران (ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیکی حکومەتی ئێران)ی پێکهێنا  کە سەرەڕای پیلانەکانی لایەنانی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم، هێشتا تاکە ئەڵتەرناتیڤە کە لە بەرانبەر دەسەڵاتی ئایینیی ئاخوندان رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت!

دوای پێکهێنانی "ئەڕتەشی ئازادیبەخشی میللی" لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٦ (1987ز) لە سەر سنوورەکانی ئێراندا، ئەم ئەڕتەسە لە ٣٠ی جۆزەردانی ١٩٨٨دا گورزێکی کوشندەی وەشاند لە دیکتاتۆرییەتی خومەینی و بەرەو ئەوە دەچوو کە بە خێرایی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی خومەینی بڕووخێنێت. خومەینی بۆ مانەوەی رژێمەکەی، لە ترسی ئەوەی رژێمەکەی لە لایەن ئەم ئەڕتەشەوە بڕووخێت، بە چەواشەکارییەوە ئاگربەستی ٥٩٨ی نەتەوە یەکگرتووەکانی قبوڵ کرد و توانی بە هاوکاریی سازشتکارانی رۆژئاوایی لە رووخاندن رزگاری بکات و لە سەر پێ بمێنێتەوە! هەر دوای ئەم رووداوە بوو کە خومەینی بە دەرکردنی فەتوایەک، فەرمانی کۆمەڵکوژکردن و ژینۆسایدی موجاهیدینی خستە بواری جێبەجێکردنەوە. سانسۆر لە میدیای حکومەتدا پەیڕەو کرا و زیاتر لە (30) هەزار زیندانیی سیاسی، کە زۆربەیان ئەندام و لایەنگری موجاهدینی خەلق بوون، لە سێدارە دران. میرغەزەبانی خۆێنڕێژ، (ئیبراهیم رەئیسی) و (مستەفا پورمحەمەدی) ئەندامی دەستەی جێبەجێکاری مەرگ بوون لەم تاوانەدا. تاوانەکە هێندە گەورە و قێزەون بوو کە جێنشینی خومەینی لەو کاتەدا، بەڕێز (حوسێنعەلی مۆنتەزەری) ناڕەزایەتی دەربڕی و ئەمەش بووە هۆی لەسەر کار لادانی و پاشان دەستبەسەرکردنی ناوبراو لە ماڵەکەی خۆیدا تا کاتی مردنی.

ئەم قۆناغە هەرگیز نەگەیشتە پلەی (ئاشتی) لەگەڵ عێراق و پیلان و هێرشەکانی ئەم دەسەڵاتە لەسەر خاکی عێراق بەردەوام بوو. چونکە دیکتاتۆری ئێران باوەڕی بە ئاشتی نەبووە و نییە و دەسەڵاتێکی تۆتالیتاری کۆنەپەرستانەیە و فرەخوازە. دیارترین لایەنی ئەمکارەش، بەرپاکردنی ئەو شەڕەیە لە دژی وڵاتانی ناوچەکە و تەنانەت بەشداریکردنیەتی لەو شەڕانەدا کە دوورن لە سنوورەکانی ئێران. مەبەست لەم بەشداریکردنەیش، بە لاڕێدابردنی سەرنجی گەلانی جیهانە لە سەر بارودۆخی ناوخۆی ئێرانە بەرەو شتیتر. ئەمەیش وەک فێڵێکی هەمیشەیی ئەم رژێمە.

پێویستە بگوترێ وەلی فەقێهی دەسەڵاتدار توانبووی لە پێوەند لەگەڵ ئەم کۆمەڵکۆژییە دڵڕەقانەیەدا لە ساڵی 1988، ئەو لایەنانەی تینووی (دۆڵار) و (نەوت)ن،  وا لێبکات گرێبەستی لەگەڵدا ئیمزا بکەن بۆ ئەوەی ئەم دۆسیەیە نەکەنەوە، کە بە گوتەی زۆرێک لە مافناسانی بەرجەستەی نێودەوڵەتی، (تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی) و (ژینوساید)ە.

ئەزموونەکان سەلماندوویانە کە سازان لەگەڵ رژێمی دیکتاتۆریی مەزهەبی ئێران لەگەڵ دۆستایەتیکردنی خەڵک و موقاومەتی ئێران یەک ناگرێتەوە. مەحاڵە رکابەری سەرەکی کە مەبەست هەمان (ئاڵترناتیڤی دیموکراتیک)ە بخرێتە پشت گوێ. لەم ساڵانەدا، رەوتی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم زۆر جار هەستان بە داتاشینی "ئەڵتەرناتیڤ" بۆ ئەم رژێمە تیرۆریستییە و هەندێک کەسیان بەرجەستە کرد و لە رووی سیاسی و پروپاگەنداوە پشتیوانییان لێکرد و  بە دروشمەکانی بریقەدارەکانی خۆیان، درووشمە رەسەنەکانی گەلیان خستە پەڕاوێزەوە و  بیروڕای گشتی خەڵکی ئێرانیان بە لاڕێدا برد. بەڵام جگە لە شکست هیچیتریان پێ نەبڕا. چونکە ئەوەی چاندبوویان رەگ و ریشەی لە کۆمەڵگەی ئێراندا نەبوو!

وشەی کۆتایی!

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ساڵانەی موقاومەتی ئێران لە ناوەڕاستی ساڵی زایینیدا لە ئەوروپا، کابوسی ساڵانەی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێرانە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە ساڵانە هەوڵی سیاسی و دیپلۆماتیکی و تیرۆریستی و پڕوپاگەندەیی بەرفراوان دەدات بۆ ئەوەی بتوانێت رێگری لە بەڕێوەچوونی گردبوونەوەکە بگرێت. ساڵی ٢٠١٨ دیپلۆماتکاری تیرۆریست، (ئەسەدوڵڵا ئەسەدی) وەک فەرماندەی تاقمێکی تیرۆریستی، کە هەوڵی تەقاندنەوەی ئەم گردبوونەوەیان دابوو، لەگەڵ گرۆپە تیرۆریستییەکەی دەستگیر کران و خرانە ناو زیندانەوە.

ئەمساڵیش لە سەروبەندی ئەم گردبوونەوەیەدا، لە پیلانێکی گاڵتەجاڕانەدا و بە ئازادکردنی بارمتەی فەرەنسی، سازشتکارانی ئەم وڵاتەی ناچار کرد یەکێک لە بنکەکانی موقاومەتی لە فەرەنسا بپشکنن، کە هەڵبەت زۆری نەخایاند دەرکەوت کە ئەم هەنگاوە لەلایەن ئێرانییەوە دیاری و رێنوێنی کراوە! لە پیلانگەلێلی هاوشێوەدا، بە ئازادکردنی بارمتەی سویدی و بێلژیکی، بکوژان و تیرۆریستان (حەمید نووری) و (ئەسەدوڵڵا ئەسعەدی) گەڕانەوە تاران!

ئەگەرچی ئەم کردەوانە قێزەون و دژ بە پێوەرەکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤن لە جیهاندا، بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەو راستییە دەسەلمێنن کە "سەری رەشەماری ویلایەتی فەقیهی" و "بانکەوانی تیرۆریزم لە جیهاندا" لە (تاران)ە و نابێ پشتگوێ بخرێت. پێویستە سەری مارەکە لە تاران پان بکرێتەوە بۆ ئەوەی جیهان و ناوچەکە و ئێران لە تیرۆر رزگاریان بێت و ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی و پێکەوەژیان بۆ جیهان بگەڕێتەوە!

***

 

 
 
BeantwoordenAllen beantwoordenDoorsturen
 
 
 

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu