لە ٢٥ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، رژێمی ویلایەتی فەقیهی ئێران کەوتە تەڵەوە و بە لابردنی پەردەکان رووی راستەقینەی خۆی لە شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەرخست، کە لایەنی سەرەکیی شەڕەکەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و "سەری رەشەمارە شەڕخوازەکە لە تارانە"!
لە سەرەتای شەڕەکەدا، رژێمی ئێران و رەوت و لایەنگرانی سازان و سازشتکارانی رۆژئاوایی لەگەڵ ئەم دیکتاتۆریەتە (واتا ئیمدادگەرانی غەیبی!) نەیانویست دان بەو راستییەدا بنێن. موقاومەتی ئێران یەکەم لایەن بوو کە ئەم فۆرمولەی راگەیاند و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بۆ پانکردنەوەی سەری رەشەماری ویلایەت، لە تەنیشت خەڵک و موقاومەتی ئێراندا بوەستن. سازشتکارانی رۆژئاوایی هەر لە سەرەتای شەڕەکەدا دەیانگوت "هیچ نیشانەیەکی بە دەستەوە نییە تایبەت بە تێوەگلانی رژێمی ئێران لە شەڕی غەززەدا!" (بەرپرسێکی کۆشکی سپی - ١٧ی رەزبەری 2023).
لە یادمانە کە لە یەکەم هەفتەکانی شەڕدا، خامنەیی و سەرکردەکانی رژێمی ویلایەتی فەقیهی، رۆڵی رژێمەکەیان لە هەڵایسانی ئەم شەڕە بە سوێند و ئایەت دەشاردەوە. (حەسەن نەسروڵڵا)ی ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان لەلایەن خامنەییەوە راسپێردرابوو کە بڵێت: پرسی غەززە پرسێکی فەلەستینیە (تەلەفزیۆنی ئەلجەزیرە. ١٣ی گەڵاڕێزانی 2023). ئەمیر سەعید ئێروانی، باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی رژێمی ئێران لەمرۆژانەدا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ کاتێک دەستی لە هیچ چالاکی و هێرشێکدا نەبووە دژی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراقدا! (ئاژانسی ئیرنا ١٧ی گەڵاڕێزانی 2023).
وەلی فەقێی دەسەڵاتداری ئێران لە کاتێکدا دامەزرێنەر و رێخۆشکەر و تاکە سودمەندی شەڕی غەززە بوو، حاشای لە رۆڵی خۆی لەو شەڕەدا دەکرد. چونکە نەیدەویست راستەوخۆ بکەوێتە ناو شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکاوە. بەرژەوەندی ئەو لەوەدا بوو کە ئەم شەڕە بە "هێزی بە وەکالەت" بەردەوام بێت. بە واتایەکیتر، بە قوربانیکردنی گیان و ماڵی فەلەستینییەکان، پرۆژەکەی پێش بخات. چونکە بۆ ئەو و رژێمەکەی، شەڕخوازی لە دەرەوەی سنوورەکان، پۆششێک بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی راپەڕین لە ناوخۆی ئێران و بارودۆخەکە.
ئەگەرچی بۆ خەڵکی ئێران و شارەزایانی سیاسی روون و ئاشکرایە، بەڵام هەنگاوی ئەمدواییەی وەلی فەقیهی دەسەڵاتدار لە ئێران، لەمەڕ تێگرتنی مووشەک و فڕاندنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناو خاکی ئێرانەوە، دەبێ بە تەواوی ئەو ئیدیعا شووشەییەی سازشتکارانی رۆژئاوایی بە تەواوی شکاندبێت کە ئە شەڕەی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هیچ پەیوەندییەکی بە گەلی فەلەستینەوە نییە، و "رەشەماری شەڕخواز، هێلانەکەی لە تارانە، و دەبێت سەری پان بکرێتەوە" بۆ ئەوەی ئەم شەڕە کۆتایی پێ بێت!
کەس گومانی لەوەدا نییە کە قوربانیی سەرەکیی ئەم شەڕە، گەلی فەلەستینە. شەڕێک کە تاکە چارەسەرە راستەقینەکەی، کۆتاییهێنان و رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینییە لە ئێران. بۆ ئەوەی پرسی گەلی فەلەستین بگەڕێتەوە رێڕەوە راستەقینەی خۆی. مێژوو دەریخستووە کە خاوەنە راستەقینەکەی فەلەستین، خەڵکی ئەم خاکەیە و ئەوانەی خۆیان وەک "گەلی فەلەستین" نیشان دەدەن "نە لە گەلی فەلەستینن و نە بۆ گەلی فەلەستینن".
رژێمی ئێران، نزیکەی 45 ساڵە خەڵک لە ناوخۆی ئێراندا سەرکوت دەکات و بۆ ئەوەی شەرعیەت بدات بەم سەرکوتکردنە، بە شێوەی جۆراوجۆر، شەڕفرۆشتنی کردووە بە "سیاسەت و ستراتیژ"ی خۆی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێراندا. ئەوەی ئازار و مەینەتیەکانی موسڵمانانی ئەم خاکەی زیاتر کردووە ئەوەیە کە، ئەم هەنگاوە بناژۆخوازییە لە ژێر ناوی "ئیسلام" روودەدات. لە کاتێکدا ئیسلام ئایینی رەحمەت و پێکەوە ژیان و ئاشتی و یەکسانییە!
کەواتە هەنگاوی ئەمدواییەی وەلی فەقیهی دەسەڵاتداری ئێران لە رۆژی ٢٥ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، "خاڵی وەرچەرخانێکە لە پێشهاتە ناوچەییەکان" کە دەتوانێت هەنگاوێکی گەورە بێت بەرەو لەناوبردنی "سەری رەشەماری شەڕخوازی".
ئاشکرایە کە کەس خوازیاری هێرشی سەربازی نەبووە و نییە بۆ سەر ئێران. بەڵام گرنگتر لە هێرشی سەربازی، "ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەتە لەم وڵاتە"، کە هەم تاکە رێگەچارەی مومکینە بۆ رزگارکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم بارودۆخەی ئێستاکە، و هەم گەل و موقاومەتە رێکخراوەکەیان توانای لە ناوبردنی ئەم دیکتاتۆرییەیان هەیە، و هەمیش گەلان و بزووتنەوە جەماوەرییەکان لە سەرتاسەری جیهان، دەتوانن بۆ پشتیوانیکردن لە ئامانجێکی لەو شێوەیە، لە تەنیشت خەلکی و بەرخۆدانی ئێران بوەستن و پشتیوانیان لێبکەن. راستییەک کە تا ئێستا سازشتکاران رێگر بوون لە بەرانبەریدا!
کەوایە پێشهاتەکانی ئەمدواییەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە لایەک راست و درووستبوونی ستراتیژیی "سەری رەشەمارەکەی ویلایەت لە تارانە" نیشان دەدات و لە لایەکی دیکەشەوە، نیشانەی لاوازی و داماوی و ناسکبوونی رژێمی ویلایەتی فەقیهیە کە هەر لە بنەڕەتدا پێی وا نەبوو ئەم شەڕە بگاتە ئەم ئاست و خاڵە. هەربۆیە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دوورکەوتنەوە لە راپەڕینی خەڵکی ئێران کە بە نیازن کۆتایی بە دیکتاتۆرییەت لە ئێران بهێنن. ئەم رژێمە دەیەوێت ئەوە نیشان بدات کە "سەری رەشەمارەکە لە تاران نییە!" بەڵام بەپێی ئەم پەندە ئێرانییە، "ئەو کووپە شکا و ئەو دەفرە رژا". درەنگ و زوو هەڵدەگرێت بەڵام، بەڵام هەر دێتە دیتن. بەمزووانە رۆژێک دێت کە ئێران بەبێ دیکتاتۆرییەت لە ئاشتی و دۆستایەتی لەگەڵ دراوسێکانیدا بژیت!
دوا وتە،
هیچ دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری ژەهر ناخوات مەگەر دەرخواردی بدرێت! خومەینی لە ساڵی ١٣٦٧ (1988)دا، ئەو کاتەی لە شەڕدا بوو لەگەڵ عێراق، دانی بەوەدانا کە ئەو جامە ژەهرەی لەسەر دەستی (ئەڕتەشی ئازادیبەخشی میللیی ئێران) دەرخواردی درا، خواردییەوە و ساڵێک دواتر لە خەفەتدا مرد! ئەزموونەکان دەریانخستووە کە کارتێکردنی دووەم جامی ژەهر ماوەیەکی کورتتر هەڵدەگرێت و ئەگەر دیکتاتۆرییەت سەرپێچی بکات لە خواردنەوەی، ئەوا دیسان کاتەکەی کورتتر دەبێت. بە تایبەت کە ئێستا "خەڵکی ئێران" و "دەزگای سەرکردایەتی راپەڕین" و "شانەکانی شۆڕش"ی بەرهەڵستکاران لە سەرتاسەری ئێران لە ئامادەکارییەکی تەواودان بۆ ئەوەی دوا هەنگاوی خۆیان بنێن.