ئێستا کاتژمێر حەوتی ئێوارەیە. دەستم داوەتە پێنووس و لاپەڕەیەکی تر لەم تۆماری رۆژانەیە رەش دەکەمەوە. ئەمڕۆ لە خولێکی دوو مانگی موزیک تەواو بووم، ئەم خولە لەلایەن مامۆستای موزیک "هێمن حەمەجەزا" سەرپەرشتی دەکرا، شتی نوێ لە تیۆریی و پراکتیکی فێربووم، نوار و کرۆش و دەبڵ کرۆش ئەو زاراوانەن ئێستا لە هەموو زاراوەیەکی تر زێدەتر بەکاریدەهێنم، بڕیارم نەداوە ببمە موزیسیانێک کە بەشێوەیە تەقلیدییەکە بەشداریی لە دروستکردنی گۆرانییەکدا بکەم، نا من موزیکی رووتم دەوێ، چوونکە لە "نیتشە"ەوە فێربووم بەهۆی موزیکەوە خۆم لە مەرگێک رزگار بکەم کە هەقیقەت دەیهێنێت، موزیک رزگارکەرە، ئیدی نازانم چ "ڤاگنەر"ێک وەهای لە من کردووە، پەیوەست بم بە موزیکەوە؟، ئاخر من چەندین جار رۆحی ونبووی خۆمم لە پارچە موزیکێکی کلاسیکی یان سیمفۆنییەکی "بیتهۆڤن یاخۆ "مۆزارت"دا دۆزیوەتەوە، دڵم هەمیشە لە پێدەشتی ئاوازەکاندا لێ بەجێماوە. ئەوە مۆسیقایە کە ناهێڵی مردووانە ژیان بکەم.
ئەوڕۆ لە دنیای "نیتشە" قووتارم نابێت، بیر لە شاکارە گەورەکەی دەکەمەوە "زەردەشت وا دەڵێت!" ئەم گوزارشتە زۆر بەتوندیی رایگرتووم کە دەڵێ "لەناو هەموو نووسراوەکاندا تەنیا ئەوانەم خۆشدەوێ بە خوێن نووسراونەتەوە، بە خوێنی خۆت بنووسە، ئەوسا دەزانی خوێن گیانە". دیسانەوە لەسەر چەمکی "مەرگی خوا" دەوەستم، چوونکە "نیتشە" مەبەستی لە وتەزای "خوا مرد" ئەو جیهانبینییە پیرۆزکراوەی مۆدێرنە بوو کە وەک ئاینێک خۆی دەنواند، پاشان سەرسام دەبم بە رۆحە یاخیگەرەکەی و لەوانەشە ئەوەی منی کۆمۆنیست بۆ ناو جیهانی ئەم فەیلەسووفە ئەنتی مارکسییە رابکێشێت، ئەو رۆحە ئەریستۆکراتییە بێ هەست دەکەم لە خۆمدا زۆر بە زەقی رەنگیداوەتەوە. من خڵتەی ئەو رۆحە بەرچاوی لێڵ کردووم، تەنانەت زیاتر لە هەر شتێک بۆ رەگە ئەریستۆکراتییەکەی خۆم دەگەڕێمەوە و هەمیشە وەک چەکێکی شانازیی و منەت بە خەڵکی دەفرۆشمەوە. من هێشتا ئەم پارادۆکسەم لەخۆمدا چارە نەکردووە، ئەرێ چەپێکی شێلگیر و رادیکاڵ و دنیای نیتشە و رۆحی ئەریستۆکراتی چی پێکیانەوە دەبەستێتەوە؟.
کاتژمێر 5:30 لەگەڵ برادەران باسی کارێکی شانۆیمان کرد، تا پێشکەشی ئەو گەنجانەی بکەن دێنە هۆڵی میدیا، رام وایە "هاملێت" شانۆگەرییەکە زۆر دڵگیرە، هاوڕێیانی تر باس لە"رۆمیۆ و جولێت" دەکەن، بە مەرجی ئەوە سەرم لەقاند بۆ ئەو شانۆگەرییە، رۆڵی "رۆمیۆ" بە خۆم بدرێت. تەنانەت بیرم لە دەستنیشانکردنی "جولێت"یش کردۆتەوە!، هەرچەند رای سەرەکی من ئەوەیە شانۆگەرییەکی یاخیگەرانە نمایش بکەین، لێ نامەوێ بیروڕا رادیکاڵییەکانی منی تێدا رەنگ بداتەوە، بەڵام دۆخی ئێستا سەردەمی راچەنین و یاخیبوون و رێنسانسی نەوەی نوێیە. بڕوا دەکەم دەتوانین تابۆکان بشکێنین. دەتوانین شۆڕشی 1968ی قوتابیانی فەڕەنسا و دروشمی "با قەدەغەکردن قەدەغە بکرێت" و چەپاندنی سێکسیی و سەرکوتی رامیاریی و گرێی ئۆدیبی تاکی کورد و سادیزم و هەرەسی ئاکاریی دەسەڵاتی سیاسیی پێکەوە بکەینە هەوێنی کارێکی شانۆیی!! من ئێستا دەمەوێ سبەی ئەو تەرحە بۆ هاوڕێیان بکەم، بە توانای سادەی خۆشم شان دەدەمە بەر نووسینی تێکستێکی لەو جۆرە تاکو دواتر وەک بەرهەمێکی شانۆیی نمایشی بکەین. ئەمە لە ئێستاوە پڕۆژەی منە.
1-9-1997
------------------------
تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 15-18 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە.