بەڕێز كاك ئەبوبەكر كاروانی وتارێكی بەناوی "رۆڵی نوخبە لە راستكردنەوەی هەڵەكان و قووڵكردنەوەی پێكەوە ژیان", لە تۆڕە كۆمەلایەتییەكان بڵاو كردۆتەوە سەبارەت بە پرسی كوردە ئێزیدییەكان , لەسەر وشە بە وشەی بابەتەكەی سەرنجم هەیە, لێ من تەنها دەچمە سەر ئەو بەشە كەمانەی تایبەتن بە پرسی نكۆڵیكردن و داوای لێبوردن كردن و دان نان بە راستییە مێژووییەكان.
بەڕێزی لەم وتارە دەیەوێت لە چوارچێوەی گوتاری رێنوێنی و دڵداری لە نێوان زاڵم و مەزڵوم راستییە مێژووییەكان زیندە بەچاڵ بكات, بەناوی پێكەوە ژیان لە ئەسڵی بابەت لێكۆڵینەوەی وردی مێژوویی و هەڵوێستی یاسایی لەسەر ئەو پێشێلكارییە زەقانەی لە رابردوو رویانداوە خۆی لاداو هانمان دەدات بۆ باسنەكردن و شاردنەوەیان.
لە سەرتاسەری جیهاندا نكۆڵیكردن لە تاوان, داننان بە راستییەكان و داوای لێبوردنكردن و قەرەبووكردنەوە بوونەتە چواركوچكەی ململانێی نێوان گەلانی قڕكراو و گەلانی قڕكەر, یان وڵاتانی داگیركەرو وڵاتانی ژێر دەست, یاخود ئاینی زۆرینەی زاڵ و پێكهاتەی ئاینی كەمایەتی, لەم نێوەدا تەنها ئەڵمانیایە هەندێك هەنگاوی پراتیكی باشی ناوە. جیهانی نوێ هێشتا قەرزاری رابردووە, قەرزەكان دەبێت بدرێنەوە, راكردن لێیان محاڵە.
كاك ئەبوبەكر كاروانی لە نووسینەكەیدا دەڵێت "دووپات كردنەوەی باسی حەفتا و دوو فرمانی قڕكردن دژ بە یەزیدییەكان لەمێژوودا، ك لەسەر زاری هەندێ نوخبەی یەزیدی و دەرەوەی ئەوانیش لە ناوەندە عەلمانییە كوردییەكەدا، بەكارێكی ناڕاست و دژ بەبەرژەوەندی یەزیدیەكان و پێویستیەكانی پێكەوە ژیانی ئاینی لە كوردستاندا دەیبینم.
چونكە جگەلەوەی هەروەك وتمان بەكارهێنانی وشەی قركردن هەڵەیە وە ئەگەر ئیرادەیەك بۆ قڕكردنی یەزیدییەكان لە مێژوودا هەبووایە هەرگیز توانای بە گری لە خۆكردنیان نەدەبوو،...... ـ لێرەشەوە شەرەكان دژبەوان بەشێوەیەكی گشتی دەچنە چوارچێوەی ئەو شەرە زۆرو زەبەندانەی میرنشین و مەملەكەتە موسوڵمانەكان لەناوچەكە پێش ئەوان دژ بەیەك كردوویانە باهەندێ جار هاوشێوەی سوود وەرگرتن لەمەزهەب بۆ نێو موسوڵمانان خۆیان سوود لەوەرەقەی ئاینی وەرگیرابێت" ـ
دەبینین بە ناوی بەرژەوەندییەوە رێگا لە گفتوگۆ لەسەر مێژوو هەڵسەنگاندنی رابردوو و گەڕاندنەوەی ماف دەگرێت, ئمە پێشێلكارییەكی زەقە بەرامبەر بە قوربانیان, هەرچەندە لە سەرەتاوە یەكگرتووی ئیسلامی كۆششی زۆریان كرد وشەی ئەنفالیش لە فەرهەنگی سیاسی كوردستاندا بەكار نەهێنرێت بەڵام سەركەوتوو نەبوون.
بە ئاشكرا لە نووسینەكەیدا ئێزیدی بە كورد نازاێنێت كە دەنووسێت ئێزیدییەكان و كوردە عەلمانییەكان, هاوكات كوردە عەلمانییەكانیش بە موسڵمان نازانێت, چونكە دەیتوانی بنووسێت كوردە ئێزیدییەكان و كوردە عەلمانییە موسڵمانەكان, ئەوە رێكەوت نییە كاك كاروانی نووسیوییەتی بەڵكە باوەڕە, هەڵەی رێنووس و زمانەوانی نییە تێگەیشتنە.
لە جێگایەكی دیكەی پەرەگرافەكەی سەرەوە دەبینین ئەو هاشا لە بوونی جەنگەكان لە مێژوودا ناكات دژ بە ئێزییدییەكان كە بە فەرمان ئەنجامدراون, بۆ سەرجەم پەلامارەكان فەرمان دەرچووە بۆ ئەنجامدانیان, هەموویان جەنگی نا هاوسەنگ بوونە, هەمیشە كوردە ئێزیدییەكان دۆڕاو بوونە و ئەنجام رێژەیەك لە دانیشتووانیان بە كوشتن و بە كەنیزەك و كۆیلە كردن و گۆڕینی ئاین لە دەست داوەو بەشێك لە خاكیان كەمبۆتەوە, لەدوای هەر فەرمانێك لاوازتر بوونە لە پێش فەرمانەكان, فەرمان بابەتی سەرەكییە لە مانفیستۆی جینۆسایدی ئێزیدی.
بۆ ئەو جەنگانە فەرمان واتا بڕیاری بەرزترین دەسەڵاتی سیاسی لە وڵات كە خەلیفەی عوسمانییە دەرچووە, مانفیستۆی جینۆسایدەكە فەرمانەكان بوونە, چۆن مانفیستۆی جینۆسایدی ئەنفال بڕیاری 4008 ە, ئەو كۆمەڵكوژییەكان لە فەرمانی خەلافەتی عوسمانی و بڕیاری دەسەلاتی سەفەوی دەكاتە كاری میرو مەملەكەتە ناوچەییەكان, ئەوانیش كورد بوونە, تاوانەكان لە كۆڵ عوسمانی و سەفەوی و بەغدا دەكاتەوە بۆ ئەوەی پیرۆزییان بپارێزێت خەلافەت نەبێتە جینۆسایدكەر, بەمەش زیاتر كوردی تێوە دەگلێنێت, عوسمانی و سەفەوی و بەغدا پاك دەكاتەوە لە تاوانەكان, لە كاتێكدا بڕیارەكان لە ئەستانەو پایتەختەكان دیكەوە دەرچوونە, زۆربەی فەرمانەكان ئەوان خۆیان جێبەجێیان كردووە, لە بڕی ئەوەی بنووسێت هەموو دەڵێت هەندێ جار سود لە مەزهەب و ئاین وەرگیراوە, بەڵام مێژوو دەڵێت هەموو جارەكان كەڵكی لێ وەر گیراوەو بە فەرمان تاوانەكان ئەنجام دراون, خودی فەرمانەكان پیرۆز بوونە و لادان لێی سزای دنیاو ئاخیرەشی هەبووە.
كاروانی مافی وەبیرهێنانەوەو قسەكردن و هەڵسەنگاندنی رابردوو لە ئێزیدی و نوخبەی بەناو عەلمانی كورد دەسێنێتەوە, لە كاتێكدا نووسەرانی ئەو بوارە كونج و كەلەبەری مێژوو دەپشكنن و خوێندنەوەی بۆ دەكەن, رابردوو بۆتە تاقیگا بۆیان, چونكە جینۆسایدەكان هەموو لە رابردوون بۆ هەڵسەنگاندن و پشكنین.
دان نان بە جینۆساید بەش بەش نییە پاكێجێكی جیهانییە, بە پێی یەك پێوەرو بنەمای جیهانی جۆری تاوانەكان لەسەرتاسەری جیهان دیاری دەكرێت, ناكرێت یەك جۆری تاوان دژ بە پێكهاتەیەك جینۆساید بێت بەرامبەر پێكهاتەیەكی دیكە روداوێكی عابر بێت, بۆ گەلێك بە دیكۆمێنت بكرێت, بۆ گەلێكی دیكە قسەكردن لەسەری زیاندار بێت و باسكردنی بڤە بێت, لەم روانگەیەوە ئەركی هەموو نووسەران و لێكۆڵەرانی جینۆسایدی كوردە هەڵوێستی خۆیان لەسەر پرۆسەی جینۆسایدەكان رابردوو و ئێستا دەرببڕن, لە دارفۆرەوە تا غەزەو ئەرمینیاو هۆلۆكۆست, كێش پێی ناخۆشە كەیفی خۆیەتی.
كاروانی لە پەرە گرافێكی دیكەدا دەڵێت: " هەموو بیركردنەوەیەك دەربارەی ئەوەی ئیسلام وەك ئایین لەگەڵ قڕكردن و پاكتاوكردنی یەزیدییەكاندا بووە، قسەیەكی ناڕاست و خەرافی وناواقیعی و نامێژووییە. چونكە پێكهاتەیەكی ئایینی كەمینەی وەك ئەوان، لەنێو دەریایەك موسڵماندا، گەر ئیرادەی قڕكردنیان بە كردەوە هەبووایە، دەمێك بوو شتێ بە ناوی یەزیدیی، لانیكەم لەم ناوچەدا بوونی نەدەما و چارەنووسیان هەمان چارەنووسی موسوڵمانانی ئەندەلووس دەبوو دوای فەرمانی قركردنیان لەلایەن كەنیسەی كاسۆلیكییەوە. بوونی فتوایەك و رەفتاری خراپی میرێ یاخود كاربەدەستێك لێرەولەوێ، ئەم ڕاستییە مێژوویی و واقیعییە ناشارێتەوە. خودی روحییەتە ئیسلامیە بنەڕەتییەكەو باوەری بەفرەئاینییش، كارێكی كردووە، هەموو ئەوشتانە كاریگەریان كاتی و سنووردار بێت و سەر نەكێشێت بۆ قڕكردن وپاكتاوكردن.".
لەمەشدا كاروانی كەوتە هەڵەی هێنانەوەی نموونە, ئیسلام لە ئیسپانیا وەك فەرەنسایە لە جەزائیر, بەڵام ئێزیدی لەسەر خاكی رەسەنی خۆیانن وەك عەرەب لە فەڵەستین, خاوەنداری ئێزیدی بۆ كردستان بەڵگەی حاشا هەڵنەگرترە لە عەرەب بۆ فەڵەستین وەك مێژوو, ئەوان خاوەند خاكن نەك میوان و هاتوو, هەردولایان جوگرافیاكەیان زۆر فراوانتر بووە لە ئێستا, نموونەی نزیك ئێزیدی ئیمارەیان لە حەریر و زاخۆو بەردەرەش هەبووە, ئێستا یەك ئێزیدییان تێدا نییە, هەرچەندە لای من و كاك كاروانیش ئامارێكی ورد نییە بزانین رێژەی ئێزیدی پێش فەرمانەكان چەند بوونە لە كوردستان لە چاو سەرجەم دانیشتوانەوە و ئێستا چەندن؟, قەڵەمڕەوی دەسەڵاتیان تا كوێ بووە؟ ئێستا چەندە؟, بەڵام دڵنیام لە عەرەبی فەڵەستین زۆر زۆر خراپتریان بەسەر هاتووە.
كاروانی درێژەی پێ دەدات و لە پەرەگرافێكی دیكە دەڵێت :"پێویستە لەم روەوە یەزیدییەكان ڕێگەنەدەن ئەوان بكرێنە كەرەسەی ناوەندە عەلمانییە توندرەوەكەی كوردستان بۆ دژایەتیكردنی ناسنامەی ئیسلامیی مێژوویی زۆرینەی موسوڵمان.".
قسەكردن لەسەر ئەم بابەتە مێژووییە پەیوەندی بە دژایەتی زۆرینەی موسڵمانانەوە نییە, داننان بە رابردوو دژایەتی نییە, بەڵكە هەنگاوی راستییە بۆ قەرەبووكردنەوەی رابردوو, راستكردنەوەی هەڵەی مێژووە, دان نان دوژمنایەتی نییە راستكردنەوەیە, ئەم بابەتە پەیوەندی بە دان نانە بە حەقیقەتی تاوانێكەوە باپیرانی ئێمە بەشدارییان تێدا كردووە, پێویستی بەوەیە مێژوو وەك خۆی بخوێنرێتەوەو دان بە حەقیقەتی یاسایی ئەو پێشێلكاریانەدا بنرێت ئەگەر بە بەڵگە هەبن و ماف بۆ قوربانی بگەڕێنرێتەوە, لە رێگای راستكردنەوەی مێژووەوە كۆتایی بە ناشرینییەكانی ماوەی بەسەر چوو بهێنرێت, وەك چۆن ئێمە خۆمان داوا لە عەرەب و فارس و تورك دەكەین و وەك چۆن ئەرمەن دەیەوێت و وەك چۆن گەلە قڕكراوەكانی جیهان دەیانەوێت و لە بەرامبەریشدا لایەنی بەرامبەر زۆریان بەشێوەی بەڕێزت نكۆڵی دەكەن, واتا نموونەكەی بەڕێزت لەناو هەموو ئەو گەلانەدا هەیە كە گروپێك ئەو داوایەیان لێیان هەیە, نموونەكەی ئێمەش نموونەی هادی عەلەوی و ئۆرهان باموك و كازم حەبیبە, لە پاڵ دان نان بە ڕاستییەكان داوای لێبوردنیش دەكەین.
مەسەلە لێردا ململانێی عەلمانی و ئیسلامی نییە, مەسەلە ویژدانی و یاسایی و راستییە لە بەرامبەر نكۆڵیكردن, داكۆكی لە تاوان, شێواندنی راستییەكان, هەمیشە لەناو ئەو گەل و ئاین و رەگەزانەی پێشێلكارییان كردووە ململانێی دەرونی ناوخۆیی لە نێوان دەستەبژێری پشتیوانیكەر لە زۆرلێَكراو كەسانی نكۆڵیكەر هەبووە, لە بابەتی ئاینییدا ئینكاریكردن بەرگی پیرۆزیشی لەبەر كراوە.
دەشێت ئەوەی ئینكاری تاوان بكات نەتەوەییەكی عەلمانی توندڕەو بێت, یان چەپڕەو بێت, بەلام ئەوەی دەیكات تاوانبارە ناسنامەكەی هەر چییەك بێت.
ئەمەی بەڕێزی باسی دەكات وەك ئەوە وایە دان بەوەدا نەنێین ئەوەی ئیسرائیل لە غەزە ئێستا دەیكات جینۆساید بێت, یان ئەوەی حەماس لە 7ی ئۆكتۆبەر كردبێتی جینۆساید بێت, بەڵام خوێندنەوەكان و پێوەرە جیهانییەكان دەیسەلمێنن هەردووكی جینۆسایدن, ئیتر كاروانییەكانی هەر دوو نەتەوە چی بڵێن با بڵێن.
پاشان كاك كاروانی لە درێژەی بابەتەكەیدا دەڵێت"لە 99/ و زیاتری موسڵمانانی كوردستان، دژی داعش بوون. بۆیە كارێكی هەڵە و نامەنهەجییە كەمینەیەكی لادەر بكرێنە نوێنەری ئیسلام، تەنها لەسۆنگەی بەرزكردنەوەی درووشمی ئیسلامییەوە، ئەو لەسەدا نەوەو نۆوزیاترەو ئەوانەی بەپیر ئاوارەكانەوە چوون و ئەو پێشمەرگە موسوڵمان ونوێژكەرانەی دژی داعش جەنگان و بەشێكیشیان شەهید بوون بەكرێن بەنموونە وسەرمەشق! هەڵبەت ئەمەبۆ ناوەند عەلمانییە توندڕەوە كوردییەكەش ڕاستە.".
نازانم كاك ئەبو بەكر ئەم ئامارانەی لە كوێ هێنا؟, چ دەستگایەك و ناوەندێكی زانستی ئەنجامیان داوە وە كەی؟, ئاگای لە وتارەكانی دكتۆر عەبدوالواحید و حرنگەی پێكەنینی بەشداربووی پێش نوێژییەكەی ئەو دەیان و سەدانی وەك ئەو هەیە؟, تەنانەت بانگەواز دەكات كاریان پێ بكەن دواتر بە رابواردنەوە كرێیان مەدەنێ؟, ئەوەی ئەو دەیڵێت هیچ رەگەزپەرستێك لە جیهاندا نەیووتووەو نەیكردووە, ئەمە لە هەر وڵاتێكدا بوایە ئێستا لە كونجی زیندان بوو, ئاگاداری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەیت؟, ئاگاداری شەپۆڵی جنێو و سوكایەتییەكان هەیت؟, بەڵێ لە دەرەوەی داعشیش كەمینەیەك زۆر لەو رێژەیە زیاتری ئاماژەی پێدراوە لە كۆمەڵگای كوردستان هەیە تا سەر ئێسك دژ بە پێكهاتەی كوردی ئێزیدین, لە رێگای مینبەرەكانەوە زیاتر دنە دەدرێن, لە زووەكەشەوە زۆر دیاردەی ئاپارتایدانە لە دهۆكەوە باس دەكرێت دژ بە پێكهاتەی ئێزیدی لە نەكڕینی ماستایانەوە تا بایكۆتكردنی كاركردن پێیان.
باشە ئەگەر داعش نوێنەری موسڵمانان نەبێت, منیش پێم وایە نە داعش و نە پارتەكەی كاك ئەبو بەكر قەت نوێنەری ئیسلامەكەی نەنكەكانم نین, وە نە كابرای شەشۆش نوێنەری ئێزیدییەكانە, دە وەڵامی دوو مامۆستای منبەرەكانیش بدەرەوە ئەوانەی پەلاماری سەرجەم ئێزیدییەكان دەدەن, مەگەر ئەوانە هەر یەكگرتوو و كۆمەڵ و بزووتنەەی ئیسلامی نین, رێكخستنیش نەبن لایەنگرو دەنگدەرن.
ئایا پارتەكەی كاك ئەبو بەكر كاروانی وە پارتە ئیسلامییەكان دیكە ئەوەی لە شەنگال رویاندا بە جینۆسایدیان ناساندووە؟, ئایا ئەو ئاگادارە كە جینۆسایدی ئێزیدی لە پەرلەمانی كوردستان تەنها نزیك 80 دەنگی هێنایەوە لە كۆی 111 كورسی پەرلەمان؟, ئەمە لەناو دەستە بژێردا وابێت لەناو خەڵكدا چۆنە؟, دەزانی ئەوانەی دەنگیان نەدا كێ بوون؟.
دواتر ئەوانەی داكۆكییان لە ئێزیدی كرد گەریلاكانی پكك بوون؟, لەو چركە ساتە كەسیتر نەبوو, ئایا ئەوان پێشمەرگەی موسڵمانی موحەمەدین؟.
دواتر كاك كاروانی دەنووسێت:"خۆشبەختانەش ئەمڕۆ چاوپێكەوتنی قاسم شەشۆیی بۆ ناردم كەنوكولی لە لێدوانەكەی دەكات و دەڵێت ئێمە پیر و گەورەكانمان فێریان كردووین رێز لە ئایین و لەوانەش ئیسلام وهەستی ئایینی موسڵمانان بگرین، لێدوانەكەی منیش شێوێنراوەو من باسی توندڕەوی ئیسلامی و داعشم كردووە كەناوی محەمەد بە كار دەهێنن بۆ لێدانی ئێمە، نەك ئیسلام و موسوڵمانان كە ڕێزم بۆیان هەیە و چاكەی ئەوان لە كاتی ئاوارەبوونمان لەبیر ناكەین.. هتد. كەفۆرمێكی داوای لێبووردنە.".
چی دەبێت ئێمەش وەك شەشۆ فێری داوای لێبوردنكردن ببین, با لەمەدا چاو لە شەشۆ بكەین, خۆ شەشۆ خەرمانی بە كەلەی سەری باپیرانمان دروست نەكردبوو, خۆ خاكمانی داگیر نەكردبوو, خۆ كچمانی بە كەنیزەك نەكردبوو, خۆ سەركردەمانی نەكوشتبوو, خۆ فەرمانی بۆ جینۆسایدكردنمان دەرنەكردبوو؟, بۆ تۆ چەندە خۆشبەختییە داوای لێبوردنەكەی ئەو كە كاری مرۆڤی راقی و هەستدارە, بەهەمان شێوەش ئێمەش بەرز بینەوە بۆ ئاستی مرۆڤی سەردەمی داوای لێبوردن كەر, مرۆڤانێك دەتوانن داوای لێبوردن بكەن رزگارییان بووبێت لە رق و كینە و خۆ بەزل زانین و كۆیلەی داب و نەرێتی شەڕانگێزی.
دواتر كاروانی دەڵێت:"دوایی من سەردانی ناو پەرستگای لالشم وەك شوێنەوارێكی مێژوویی كرد، ".
لێرەدا كاك كاروانی وەك گەشتیاری بەناو لالشدا سوڕاوەتەوە نەك جێگایەكی پیرۆز بێت, ئەمە دان نەنانە بە پیرۆزی جێگاكە, پیرۆزو موقەدەسات هەموو پەیوەستن بە مێژوو و كولتورەوە, هەر ئاینێك هەزار بەڵگەی ناوخۆییی هەیە بۆ پیرۆزی جێگاكانی, ئایا ئاساییە لای تۆ كۆمەڵێك پیاوی ئاینی جیا بۆ گەشتیاری بچن بۆ ناو شوێنە موقەدەسەكان موسڵمانان بەناوی گەشتیارییەوە؟, باشتر نییە ئەو جێگا موقەدەسەی ئەو لای تۆش جێگایەكی ئاسایی نەبێت و رێزلێگیراو بێت ؟.
لە كۆتاییدا دەڵێم ژیری ئەوەیە بە دوای راستییەكاندا بگەڕێین, لە پێشدا مێژوو نووسانی لە هەردوولا پشكنین بۆ روداوەكان رابردوو بكەن, دواتر پسپۆرانی یاسای لێكۆڵینەوە لە روداوەكان بكەن, ئەوجا دەست بە قەرەبووكردنەوە لە داوای لێبوردنەوە بۆ هەڵگرتنی پەیكەری ئەوانەی دەستیان لە تاوانەكان هەبووە ئەگەر هەبن, مۆنمێنت بۆ قوربانیان دروست بكرێت بەشداری راستییان لە حوكمڕانی كوردستان پێ بكرێت و لە بواری پەروەردە گرنگییان پێ بدرێت.
جینۆساید كردەیەكە هەر دەوڵەتێك ناسنامەكەی چی بێت هەرچ بەهانەیەكیشی هەبێت بیكات جینۆسایدە, ئیتر نەتەوەیی بێت, عەلمانی بێت, ئاینی بێت یان ماركسی, دەزانم ئەمانە بۆ كاك كاروانییەكان گرانە بەلام راستییە ئەمرۆ یان سبەی دەبێت بكرێت.
ئێزیدی كورد بن یان كورد نەبن, چۆن پشتیوانی موسڵمانەكانی بۆرما, عەرەبەكان غەزە, بۆسنییەكان سربیاو جووەكانی هۆلۆكۆست, ئەرمەنەكان , جەزائیری و هیندییە سورەكان, نامیبیا و شیلی و گواتیمالا و كەمبۆدیا و دارفۆر و ....ین و ناسینی ئەو تاوانانەی بەرامبەریان كراوە بە جینۆساید بەشێكە لە مرۆڤ بوون و ئەركێكی ویژدانییە بۆمان, بە هەمان شێوە داكۆكی لە ئێزیدییەكان و رەتكردنەوەی تاوانەكان رابردوو و قەرەبووكردنەوەی معنەوییان لە داوای لێبوردنەوە تا دروستكردنی مۆنمێنت ئەركەو نكۆڵی كردن بە تایبەت لە لایەن كەسێكەوە شارەزایی یاسایی هوشیاری مێژوویی هەبێت تاوانەو سزای لەسەرە لە زۆر وڵات.
لە كۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم كاك ئەبو بەكر كاروانی میانەڕەوی نزیك لە ناسیۆنالزمەوە ئەمە هەڵوێستی بێت, توندڕەوەكان دەبێت چۆن بیربكەنەوە, بێشك لە دكتۆر چاكتر بیرناكەنەوە, داعش لەو جێگایانەی دەسەڵاتدار بوو وانەی مێژووی لە خوێندنگاكان یاساغ كرد, دەرگای بە ڕوی مێژوودا داخست, ئەمەی كاك كاروانیش دەیەوێت قسە نەكردنە لە مێژوو.
وتارەكەی بەڕێز ئەبو بەكر كاروانی:
https://westganews.net/drejaWtar.aspx?NusarID=76&Jmara=8583
009647503714620