مارسیل دۆشامپ ده‌ڵێ هیچ شتێك خاوه‌ندارێتی ناكرێ و ره‌سه‌ن نییه، هیچ شتێكیش ناكرێ بدزرێ.
(1)
پڕ كێشه‌ترین چه‌مك، چه‌مكى بۆشاییه! چونكه له بۆشاییدا چییه‌تى دیار نییه، له بۆشاییدا جیهان هیچ بوونێكى تایبه‌ت به‌خۆوه نابینێ، جگه له ئاژاوه و سپێتى و شوێنى ماته‌وزه‌ى خه‌یاڵى و بیركردنه‌وه‌ى نه‌دیتراو.
هونه‌رى پڕكردنه‌وه‌ى بۆشاییه‌كان چاره‌نووسی نێوانه‌كانه، نه ڕابردووى هه‌یه و نه داهاتوو، چاره‌نووسی بێ یاده‌وه‌رییه. به‌و مانایه‌ش خهیاڵكردنى هونه‌رى بۆشاییه‌كان و بینین له‌و تێگه‌یشتنه‌وه دێ، كه بۆشایى شوێنێكه بۆ هه‌ڵبژاردنى تاقیكردنه‌وه‌كان.
له هونه‌رى خهیاڵكردنى بۆشایى گۆشه‌یه‌كی به‌تاڵ هه‌یه، پاشان به فیزیكیكردنى خه‌یاڵ، بینینى خه‌یاڵكراو! بێ ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كی دیاریكراو له‌نێوانیاندا درووست بێت.
(2)
له هونه‌رى وێنه‌كردن له بۆشایى، مرۆڤ نقومى سه‌یركردنى بابه‌ت نییه. به دواى ئه‌وه‌دا ناگه‌ڕێ، كه جیهانى پێوهسف بكاته‌وه! به‌ڵكو خه‌یاڵى خۆى له سه‌یروره و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ى بینراودا تاقى ده‌كاته‌وه. هونه‌رمه‌ند سه‌ردار سنجاوى هه‌وڵده‌دات له رێگاى كرده‌ى رووخێنهرانهوه له وه‌سفكردنى بابه‌ت، له باوه‌ڕى هاوبه‌ش رابكات! نایه‌وێ قبوڵكراو بێ، شانازى به خودێكهوه ناكات، كه سیستم ته‌واو به خواستى خۆى له قالبى داوه، هه‌میشه له هه‌وڵى به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ى بۆشاییه!
گۆرٍینى سیستم له گۆڕینى په‌یوه‌ندى مرۆڤ به خۆیه‌وه ده‌ستپێده‌كات، خوێندنه‌وه‌ى خوده به پێوه‌رى خود، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌وه هونه‌رمه‌ند سه‌ردار سنجاوى ماتهوزهكانى خه‌یاڵى بینراو به فیزیكى ده‌كات، نه‌ك نه‌خشه‌ی له‌به‌رگیراو، جوگرافیا ده‌كێشێ نه‌ك مێژوو، گه‌شت و كۆچ، نه‌ك مانه‌وه و نیشته‌جێبوون.
له هونه‌رى خه‌یاڵكردن له بۆشایى و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ى بینراو وامان لێده‌كات له‌نێوان شته‌كاندا بیر له شته‌كان بكه‌ینه‌وه. وه‌رگر له هونه‌رى خه‌یاڵكردن له بۆشاییه‌كاندا له هه‌ر پنتێكه‌وه ته‌ماشا بكات و به هه‌ر ئاڕاسته‌یه‌كدا بڕوات ده‌ڕژێته سنوورى بیركردنه‌وه و په‌یوه‌ندییه‌كانى جوانى و تێگه‌یشتنه‌وه. به كورتى هونه‌رى خه‌یاڵكردن له بۆشایى، مێژووى بێده‌نگیى (هونه‌رى تابلۆكێشان) ده‌خاته ئه‌رشیفه‌وه و به‌ره‌و نواندنى رووداوى دیتراوى جوولاو هه‌نگاو ده‌نێت.
پرسیار ئه‌وه‌یه، چ شتێك بۆشاییه‌كان له مه‌ودای بینراودا پێكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی دیاریكراویان له‌نێواندا نییه؟
له ڕاستیدا پێویستی جوانكارى و خه‌یاڵى هونه‌رى بۆشایی و تێگه‌یشتن له خه‌یاڵى بینراو، بیركردنه‌وه‌یه له مه‌ودا ورده‌كان، پارچه بچووك و لێكدابڕاوه‌كان، كه په‌یوه‌ندییه‌كی دیاریكراویان به یه‌كتره‌وه نییه، كه‌چى بهیهكتریشهوه به‌ندن، ئه‌وه پێویستى ژیانه، مه‌ودایه‌كه بۆ هه‌ناسه‌دان، بۆ زیندوو مانه‌وه له ژیاندا.
(3)
وه‌كچۆن بۆدلێرى شاعیر به زیندووكه‌ره‌وه‌ى چه‌مكى خه‌یاڵ داده‌نرێ. هونه‌رى بۆشایى زیندووكه‌ره‌وه‌ى بینینى خه‌یاڵ و تێگه‌یشتن و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌یه. ئیتر جیهان ملكه‌چی ده‌لاله‌ت و مانا نابێت، ملكه‌چی ڕێكخستن و پۆلێن‌كردن نابێت. هونه‌رى خه‌یاڵكردن له بۆشاییدا ده‌ستبه‌رداری هه‌موو سیسته‌مێكه، كه تێیدا به گوێره‌ی "یه‌ك" و "فره" ته‌ماشاى بوونه‌وه‌ره‌كان ده‌كات! چونكه نه فره‌یه نه تاك، نه سه‌ره‌تای هه‌یه و نه كۆتایی، نه ئه‌سڵی هه‌یه و نه ئامانج، دژ به دامه‌زراندن و ڕهگدانانه، دژ به جووله‌ی گه‌شه‌سه‌ندن و ئامانجهكهیهتی!. سنووری خۆی له پڕكردنه‌وه‌ى خه‌یاڵى بۆشایى، به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ى خه‌یاڵكردن له بۆشاییدا ده‌كێشێ و جیهانێك دیاری ده‌كات، تێێدا حه‌قیقه‌تی هونه‌ر ده‌خرێته نێو په‌یوه‌ندى بۆشاییه‌كانه‌وه، حه‌قیقه‌تی هونه‌ر ده‌خرێته نێوانهكانهوه، كه سه‌ر به پێكهێنه‌ره‌كانی نین. لێره‌وه داهێنه‌ر بۆ چێژ و خۆشی كار له (مه‌وداى جووڵه) و (خه‌یاڵكردن له بۆشایى) ناكات، به‌ڵكو به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ى بۆشایى پێداویستییه‌كی زینده‌گییه.