هه‌وڵی تیرۆركردنی كازمی بۆ؟ ... بورهان شێخ ره‌ئوف

ئه‌م وڵاتی عێراقه‌ی ئه‌وڕۆ له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ گۆمی خوێن و گۆڕه‌پانی جه‌نگ و ململانێی تاقم و گروپه‌ جیاوازه‌كانه‌، له‌هۆلاكۆه‌وه‌ تا ته‌یمورله‌نگ، له‌ ئیسماعیلی سه‌فه‌ویه‌وه‌ تا عوسمانیه‌كان، له‌ داگیركه‌ری به‌ریتانیای مه‌زنه‌وه‌ تا داگیركردنی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكا ساڵی2003.

ناچمه‌وه‌ دیرۆكی كۆنی عێراق هه‌ر له‌ دوای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه‌ له‌ ساڵی 1920 له‌ سی مه‌لیك دوانیان كوژران جگه‌ له‌ وه‌سی (عه‌بدولیلا) و هه‌موو بنه‌ماڵه‌ی پاشایه‌تی عێراق، له‌ سه‌رده‌می كۆماریش سه‌رۆك كۆمار عه‌بدولكریم قاسم و عه‌بدولسه‌لام عارف و سه‌دام حوسێنیش به‌ كوشتن چوون.

له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌وڵی تیرۆركردنی مسته‌فا كازمیش سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستای عێراق كارێكی نامۆ نیه‌ به‌مێژوو و جوگرافیای ئه‌م وڵاته‌، به‌ڵام له‌ دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق 2003 یه‌كه‌مجاره‌ سه‌رۆك وه‌زیران به‌ره‌و ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی واو هه‌وڵی تیرۆر كردن ببێته‌وه‌.

هۆكاری هه‌وڵی تیرۆره‌كه‌

هه‌رچه‌نده‌ هیچ كه‌سێك له‌ تاقم و گروپه‌ میلیشاكان زاتی ئه‌وه‌یان نه‌كردووه‌ به‌رپرسیارێتی هه‌وڵی شكستخواردووی تیرۆری كازمی بگرنه‌ ئه‌ستۆ، ئه‌گه‌رچی پێش چه‌ند ساتێك هه‌ڕه‌شه‌ی توندیان له‌ كازمی ده‌كرد به‌ هۆی كوژرانی چه‌ند ئه‌ندامێكیان كه‌ به‌شداری خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كان ده‌كرد دژ به‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ كه‌ پارێزگارییان له‌ ئاسایشی ناوچه‌ی سه‌وز ی به‌غدا ده‌كرد.

ئامانجی هه‌وڵی تیرۆره‌كه‌

ناردنی مه‌سجگه‌لێك بۆ:-

  1. پێداگری میلیشیا ولائیه‌كان كه‌ به‌هیچ جۆرێك قایل نابن موقته‌دا سه‌در كه‌سایه‌تیه‌كی سه‌ربه‌خۆ بكاته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، به‌ تایبه‌تی كه‌ ناوی كازمی له‌ ئاردایه‌ به‌زۆری بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆك وه‌زیران، كه‌ له‌ یه‌ك ساڵی ڕابردوودا زۆر هه‌نگاوی ناوه‌ به‌ ئاراسته‌ی سه‌ربه‌خۆیی له‌ سیاسه‌تی ناوخۆو ده‌ره‌كیشدا.
  2. ناردنی په‌یامێك بۆ هه‌موو هاوبه‌شه‌ شیعه‌كان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا و به‌ دیاریكراوی بۆ سه‌درو وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئه‌مریكاش، هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌ شانۆی سیاسی عێراق كه‌ له‌ ژێر ده‌ست و هه‌ژموونی لایه‌ن شیعیه‌كانه‌ (هه‌ڵۆكان) ڕووبه‌ڕووی توندوتیژی و ناڕه‌زایه‌تی توند ده‌بێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ڕه‌وتی سه‌در سه‌ركه‌وتووی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانیشه‌.
  3. پێداگیری ئه‌و لایه‌نانه‌ له‌ سه‌ر ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 10/10 و ئاڵۆزكردن و هه‌ڵكشانی دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و ئاكارێكی نه‌خوازراو، له‌وانه‌ په‌لاماردانه‌وه‌ی نێرده‌ دیبلۆماسی و باڵوێزخانه‌كان، هه‌رچه‌نده‌ دوای سه‌ردانه‌كه‌ی ئیسماعیل هاقانی پێده‌چێت دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و هیوربوونه‌وه‌ بچێت.
  4. فشار دروستكردن بۆ سه‌ر سه‌درو هه‌موو لایه‌نه‌ براوه‌كانی تری هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 10/10/2021 بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی نزیك له‌ حه‌شدی شه‌عبی پێگه‌و پشكی خۆیان به‌ربكه‌وێت له‌ حكومه‌تی نوێی عێراقدا.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ به‌ ئامانج گرتنی كازمی له‌م دۆخه‌ی ئێستای عێراقدا جۆرێكه‌ له‌ تێكه‌ڵكردنی وه‌ره‌قه‌كان له‌ پێناو دابه‌شكردنی ده‌سته‌ڵات سه‌رله‌نوی.

هه‌وڵه‌ شكستخواردووه‌كه‌ به‌ قازانجی كازمی شكایه‌وه‌

كازمی دوای هه‌وڵی شكستخواردووی تیرۆكردنی گه‌شتێكی به‌ شه‌قامه‌كانی مه‌دینه‌ سه‌دری به‌غدای پایته‌ختدا كرد وه‌كو یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌و مه‌سجێك بۆ خاوه‌نی درونه‌كان، له‌ هه‌مانكاتدا سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ له‌ناو به‌ره‌ی هه‌ماهه‌نگی شیعه‌كانه‌وه‌ باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ دۆخی ناوخۆیی به‌ره‌كه‌یان زۆر ئاڵۆز بووه‌ دوای شكستی هه‌وڵی تیرۆركردنی كازمی له‌ هه‌مبه‌ر لێدوان و پێداگیرییه‌كانی موقته‌دا سه‌در كه‌ به‌نیازه‌ حكومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتمانی پێك بهێنێت.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئێستا كازمی وه‌كو پاڵه‌وانێكی نیشتمانی دێته‌ به‌رچاو له‌ دوای ڕزگاربوونی له‌ هێرشی دروونه‌كان، نه‌ك هه‌ر براوه‌ بوو له‌و ململانێیه‌ی كه‌ له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵی ڕابردوودا له‌ گه‌ڵ میلیشیا چه‌كداره‌كاندا كردی، به‌ڵكوئه‌گه‌ر پێش ئه‌م هه‌وڵی تیرۆركردنه‌ی كازمی یه‌كێك له‌ به‌ربژێرو كاندیده‌كان بوو كه‌ شانسی كه‌می هه‌بوو، به‌ڵام له‌ دوای هه‌وڵه‌ شكستخواردووه‌كه‌ كازمی بووه‌ته‌ ژماره‌یه‌كی گه‌وره‌و به‌ختی زۆری هه‌یه‌ ببێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ قۆناغی داهاتوو.

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu