رۆژی دووشەممە ٢٠ی ئایاری ٢٠٢٤ داواکاری گشتی لە دادگای تاوانی نێودەڵەتی لە لاهای داوای دەستگیرکردنی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و یۆواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و چەند سەرکردەی حەماس لەوانە؛ یەحیا سینوار سەرۆکی حەماس لەغەززە، ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس و محەممەد مەسری سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی حەماس بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ، خستۆتە بەردەم دادگاکە.
ئەم هەنگاوەی داواکاری گشتی دادگای تاوانە نێودەوڵەتیەکان دوای سکاڵاکەی ئەفریقای باشور دێت کە لە مانگی کانونی دوەمی ئەمساڵدا لەسەر کۆمەڵكوژی ئیسرائیل خستیە بەردەم دادگای دادی نێودەوڵەتی و دوبارەش ئەفریقای باشوور داوای ئاگربەستی "دەستبەجێ" و ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ئیسرائیل کرد. رۆژی٢٣ی ئایار واتە سێ رۆژ بەدوای داواکەی داواکاری گشتی لەسەر ئەم داوایەی ئەفریقای باشور، دادگای دادی نێودەوڵەتی کە باڵاترین دەزگای دادوەرییە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە داواکاریەکەی ئەفریقای باشور دەخاتە بەردەم نزیکترین دانیشتنی دادگاکە. کەریم خان رایگەیاند، بەدوای حەوت مانگ لە دۆخی فەلەستین و ئیسرائیل، بەڵگەی کافی لەبەردەستە کە حەماس و ئیسرائیل تاوانی دژی مرۆڤایەتییان ئەنجامداوە.
بۆئەوەی ئەم داوایەی داواکاری گشتی بڕیاری لەسەر بدرێت، دەبێت زۆربەی ئەو وڵاتانەی ئەندامی دادگاکەن کە ١٢٤ ووڵاتن، رەزامەندی لەسەر بدەن. لەئەگەری قبوڵکردنی ئەم داوایەو دەرکردنی بڕیاری دەستگیرکردن بۆ سەرانی حکومەتی ئیسرائیل، سەرکەوتنێکی گەورە بۆ پرسی فەلەستین و ناساندنی سەرانی حکومەتی ئیسرائیل وەکو تاوانبارانی جەنگ، تۆمار دەکرێت، کە دەتوانێ کێشەی فەلەستین هەرچی زیاتر نزیك بکاتەوە لە چارەسەر. هەر ئەوەی کە سێ دەوڵەتی ئەوروپایی (ئیسپانیا، ئیرلەنداو نەرویج) دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێن و فەرەنسا ڕادەگەیەنێ کە دان نان بە دەوڵەتی فەلەستیندا قەدەغە نیە بەڵام هێشتا کاتی نەهاتوە، دەتوانێ ئاماژەیەك بێت بۆ دروستیی ئەو ئەو لێکدانەوەیە. ئەگەریش ئەو بڕیارە رێگری لێبکرێ، بەڵام تەنها ئەوەی کە بابەتی تاوانباربوونی سەرانی پلە یەکی حکومەتی ئیسرائیلی دۆستی هەڵبژاردەی ئەمریکاو رۆژاوا، چووتە سەر مێزی دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی کە لە بنەڕەدا دەزگایەکە بەدەستی ئەمریکاو ووڵاتانی بۆرژوازی رۆژاواوە، دیسانەوە ئەوەش سەرکەوتنێکە بۆ مەسەلەی فەلەستین و هاوکات سەرکەوتنێکی بەرەی ئازدیخوازی جیهانیە کە چەند مانگە شەقامەکانی ووڵاتانی رۆژاواو ئەمریکای کردۆتە مەیدانی بەرگری لە خەڵکی فەلەستین و دژ بە کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی ئیسرائیل دژی خەڵکی فەلەستین.
هەڵبەتە ئەم داوایەی داواکاری گشتی دادگای تاوانەکان تەنها ناتانیاهۆو حکومەتەکەی توڕە نەکردوە، بەڵکو سەرانی حکومەتی ئەمریکاشی توڕە کردوە، بۆیە واشنتۆن تاوتوێی سەپاندنی سزا بەسەر دادگای نێودەوڵەتیدا دەکات بەهۆی پێشنیاری فەرمانی دەستگیرکردن لەدژی بەرپرسانی ئیسرائیلی! ئەوەبوو ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لەگەڵ یاسادانەرانی ئەمریکا گفتوگۆ دەکەن سەبارەت بە ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا.
ئەم هەنگاوەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەرهەمی ئەو فشارە جیهانیەیە کە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، بێپسانەوەو ماندووبوون، یەخەی دەوڵەتان و حکومەتە بۆرژواییەکانی گرت و دژی کۆمەڵکوژی ئیسرائیل و بۆ خواستی ئاگربەستی دەستبەجێ و بەرگری لە خەڵکی غەززە و پرسی فەلەستین هاتنە مەیدان. بەرهەمی دەنگی ناڕەزایەتی ئەو ملیۆنەها ئینسانە بوو کە تەنها مرۆڤایەتی و بەها مرۆییەکان دەیجوڵاندن، لە هەموو گۆشەیەکی زەویەوە و بگرە لەناو خودی ئیسرائیلەوە، بەرگرییان لە خەڵکی فەلەستین دەکردو دژی شەڕ و کاولکاری و کۆمەڵکوژی ئیسرائلی لە غەززە لە شەقامەکان، زانکۆکان، کارگاو ناوەندکانی کار و لە بەندەرەکانەوە رۆژانە و هەفتانە بێدەنگ نەبوون، داوای ئاگربەستی دەستبەجێیان دەکردو بەرهەمی ئامادەنەبوونی کرێکارانی بەندەرەکانی ووڵاتانی رۆژاوا بوو بۆ بارکردنی چەك بۆ ئیسرائیل!
هەربۆیە ئەم هەنگاوەی داواکاری گشتی و ئەو ناڕەزایەتیە جیهانیەی کە ماوەی چەند مانگە بەردەوامەو بەردەوام فراوانتر دەبێتەوە، جێگای ئومێدە بۆ گرتنەبەری هەنگاوی جدی ترو عەمەلی تر بۆ کۆتایهێنان بە کۆمەڵكوژیەک کە لە فەلەستین ئەنجامدەرێت و پەیداکردنی رێگاچارەی یەکجاری بۆ رێگرتن لە دووبارەنەبوونەوەی ئەو هەموو کارەساتانەی کە لە فەلەستیندا ڕوودەدات و رزگارکردنی خەڵکی فەلەستین و ئیسرائیل لەم کوشتار و شەڕ و نائارامیەی کە بەهۆی چارەسەر نەبوونی کێشەی فەلەستینەوە گیرۆدەی بوون!
هەڵبەتە داواکەی داواکاری گشتی بۆ دادگاییکردنی سەرانی حەماس لەپاڵ سەرانی حکومەتی ڕاستڕەو و تاوانباری ئیسرائیلدا، نیشانەی ئەوەیە کە داواکاری گشتی دەیەوێ جۆرێك لە هاوسەنگی ڕابگرێت لەنێوان تاوانەکانی ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسدا! ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەو خاسیەتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، کە لەڕاستیدا دادگایەکی سەربەخۆ نیە، بەڵکو روخسارێکی یاسایی بەرژەوەندیە سیاسیەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانی ناتۆیە، بەرامبەر بە نەیارەکانی ئەوان. گومان لەوەدا نیە کە حەماس هێزێکی ئیسلامی تیرۆریستە، ئەگەرچی وەکو بەرگریکاری پرسی فەلەستین و بەرەنگاری داگیرکاری ئیسرائیل خۆی نمایش دەکات و لە نەبوونی هێزێکی ڕادیکاڵی شۆڕشگێڕی بەرەنگار دژ بە داگیرکاری ئیسرائیل، بەجۆڕێك لەلایەن بەشێکی خەڵکی فەلەستینەوە بەوجۆرە تەماشادەکرێ، هەروەها تاوانی کوشتار و بە دیلگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل ئەنجام داوە، بەڵام ناکرێ ئەو تاوانە بەراورد بکرێ لەگەڵ تاوانێکی کۆمەڵکوژی و جینۆساید و کاولکردنی سەدان هەزار بیناو ماڵوحاڵی خەڵك و ئاوارەکردنی سەرجەم هاوڵاتیانی غەززەو وێرانکردنی سیستماتیکی خەستەخانەو خوێندنگاو بڕینی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە و خۆراك و کارەباو. . . لە هاوڵاتیانی غەززە!
لەکۆتاییدا ئەم هەنگاوەی داواکاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و ئەفریقای باشور بۆ ئاگربەست و دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ نەتەنیاهۆو وەزیری بەرگریەکەی و هەروەها داننانی سێ دەوڵەتی ئەوروپی بە دەوڵەتی فەلەستیندا هەنگاوێکی ڕوولەپێشەو دەتوانێ سنورێك بۆ دەسەڵاتی بێڕکابەری ئەمریکاو دەوڵەتانی ناتۆ بەسەر ئەو دادگایەدا دابنێ نەك تەنها ئامێرێکی یاسایی بێت بە دەست ئەمریکاو رۆژاواوە بۆ تەسفیە حسابی سیاسی لەگەڵ نەیارەکانی خۆیان، هەروەکو دەرفەتێك دەکاتەوە بۆئەوەی ئەو دەوڵەت و لایەنانەی دژی خەڵکی خۆیان یان ووڵاتانی دیکە تاوان و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی ببنەوە، لەهەمانکاتدا پرسی فەلەستینیش لەچارەسەر نزیك دەکاتەوە!
٢٤ی ئایاری ٢٠٢٤
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.