بزوتنەوەیەکی مەزن و گەورەی جیهانی هەر لەسەرەتای هێرشە دژی مرۆڤایەتیەکانی حکومەتی ئیسرائیلەوە، بەردەوام بۆماوەی زیاتر لە سێ مانگە شەقامی شارەکانی جیهانی داگرتووە، کە داوای ئاگربەست دەکات، ئەمەش بەمانای؛ نا بۆ کوشتار، نا بۆ کاولکاری و نا بۆ جینۆساید کە لە غەززە ئەنجامدەدرێت.
هەلومەرجێکی جیهانی و ناوچەیی دنیای چەندقوتبی کە هەم جەنگی ئیسرائیل بەدژی خەڵکی فەلەستین و بەدوایدا فراوانبوونەوەی گرژی ناوچەکە، وایکردووە نەک تەنیا تەنگەژەی ئیسرائیل بەڵكو ئەمریکاو وڵاتانی غەربیشی توشی هەژان کردووە، ئیتر هەر بەو هێندەی کە ئەمریکا وەک تاک جەمسەری جێگاو رێگای خۆی لەچاو پێشوودا وەک زلهێزی دنیا لەدەستداوە، جێگاوڕێگای ئیسرائیلیش بۆ ئەمریکا وەک پێشوو نەماوە، بۆیە پشێویەک کە لەجیهاندا هەیەو بەتایبەت لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە، ئەو پشێویەی ناوچەکەی زیادکردووە، چ بۆ جەمسەری ئەمریکاو جەمسەری بەرامبەر لە روسیاو چین و وڵاتانی ناوچەکە ئەوە ناخوازێت، بەدوای رێگاچارەدان بۆ ئارامی زیاترو بەرژەوەندی سەرمایەکانیان لەم دەورەیەدا. لەگەڵ ئەوەی حکومەتی ئیسرائیل توشی قەیرانێک بووە بەتایبەت چۆنیەتی دەرچوون لەم جەنگەی بەرپای کردووە، بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی جیهانی یەخەی گرتووە چ لەناوەوەو چ لەئاستی دنیادا هێندەی تر قەیرانەکەی بەڕوویدا قوڵتر کردۆتەوە.
ناڕەزایەتیەک وەک بزوتنەوەیەکی مرۆڤدۆستی و ئازادیخواز سەڕەڕای کۆمەڵکوژی خەڵكی غەززەو چونەسەرەوەی کوشتار لە ئیسرائیل، وە داوای هاوکاری زیاتر لەهاوپەیمانانی و چونەسەرەوەی ناڕەزایەتیەکان لە ئیسرائیل و لەئاستی ناوچەکەدا، قەیرانەکانی لەسەر ئیسرائیل و ئەمریکاو وڵاتانی رۆژئاواوی زیاتر کردووەو تا دەگاتە کەوتنەمەترسی رێگای بازرگانیان لە ناوچەکەدا لەدەریا و لەزەویەوە.
بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی لەدەرەوەی خواستی حکومەتەکان و حزبەکانی بۆرژوازی بۆ بەرگری لە مافی مرۆڤ کە ریشەیەکی مێژوویی هەیە، بەرئەنجامی چەند سەدە لەخەباتی چینی کرێكارو ژنان و هەروەها کاریگەریەکانی شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ بە ڕابەری لینینە، هەرچەندە سۆسیال دیموکرات پاشەکشەی کرد، هەرچەندە باڵی راستی بۆرژوازی ئەمڕۆ لەدنیادا زاڵە، بەردەوام هێرش بۆسەر ئەم دەستکەوتە جیهانیە دەهێنێت، لە هێڕشەکانی ریگان و تاتشەرەوە بە فراوانی دەستیپێکرد، تا ئەمڕۆ سەرانی وەک؛ ترامپ و بایدن، بلێرو بۆریس و سوناک، ماکرۆن و تا دەگاتە پۆتین، بەڵام بەردەوام ئەم بزوتنەوەیە هێشتا ئاڵا هەڵگری مافەکانی ئینسانە.
ئەم ناڕەزایەتیانە ئەگەر راستەوخۆ کاریگەری دانەنابێت لەوەی هەنگاوە جەنگخوازی و دژی ئینسانیەکانی سەرمایەداری حکومەتەکانیان بوەستێنێت، بەڵام لەدریژماوەدا ئەو حکومەتانەو سەرانی ئەو حکومەتانەی ریسوا کردوە، هەموو ریسوایی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی دەبینین کە لە جەنگی عێراقدا کردیان لەژێر پاساوی هەبوونی چەکی کیمیایی، تا دەگاتە، جەنگی ئێستای ئۆکرانیاو ئیسرائیل و ئەوەی لە ئەفغانستان و سوریا ئەنجامیاندا، وە ئەنجامە کارەستبارەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەیبینێت، کە چ ریسواییەکە بۆ سیستەمی سەرمایەداری بەهەر هاتوهاوارێکی مافی مرۆڤ و پێشکەوتنەوە، رووبەڕوویان دەبێتەوە.
ئەم بزوتنەوەیەی خوارەوەی کۆمەڵگا کە لەنەبوونی تەنیا یەک حکومەتی ئینساندۆست و رادیکاڵ لەدنیادا، هێشتا خۆی دەردەخات، بۆخۆی ئومێدو تاوێک بە مرۆڤایەتی لەئاستی دنیادا دەدات کە ئەم دنیای سەرمایەداری و رابەرایەتیەی بۆرژوازی کە جیا لەبەربەریزم هیچی تری لەدەست نایەت و بۆ مرۆڤایەتی بەکەڵک نەماوەو دەبێت، بڕوات. ئەم بزوتنەوەیە لە درێژەی خۆیدا بەشێوەی جۆراوجۆر خۆی نیشاندەدات و یەخەی سەرمایەداری و پیشێلکاریەکانی دەگرێت هەر لە؛ ئامادەیی یەک ملیۆنی لەلەندەن بەدژی لێدانی عێراق، تاکو ئامادەیی سێ مانگ لە شەقامەکانی بە سەدهەزاری و ملیۆنی لە ئاستی دنیادا بۆ غەززەو دژی ئیسرائیل و تا دەگاتە ناڕەزایەتی سەدان هەزار کەسی زیاتر لە پەنجا ناوچەی ئەڵمانیادا دژ بە پارتی ئەڵتەرناتیف AFD راستڕەوو راسیست و فاشیستی دژی پەنابەری، کە وەک هێزێکی گەورە خۆی نیشاندا، تا دەگاتە هێزی بەرگری لەخەڵكی کۆبانی.
ئەم بزوتنەوە ئینساندۆستی، ئازادیخواز، چەپ، کرێكاری و کۆمۆنیستیە، ئەوەتا کاریگەریەکانی نەک تەنیا لە ریسواکردن و لاخستنی حکومەتی ئیسرائیل و پاساوی کۆمەڵكوژی لەژێرناوی بەرگری لەخۆی دەکات، کاریگەریەکانی لەئاستی دنیادا لەسەر حکومەتەکان و حزب و لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیسرائیل داناوە. ناڕەزایەتیەکانی ئەم هێزە سەدان هەزاری و ملیۆنیە تەنیا هاوارو ناڕەزایەتیەکانی ڕووبە کوشتاری ئیسرائیل نیە کە ئەنجامی دەدات، بەڵکو یەخەی ئەو دەسەڵاتانەشی گرتووە کە لەپاڵ کوشتارو کاولکاری حکومەتی ئیسرائیلدا وەستاوەن لەچەشنی ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا.
ئەم بزوتنەوە جیهانیە ئومێدبەخشە کاریگەرە کە داوای ئاگربەست دەکات و دەڵێت نا بۆ کوشتنی منداڵان لەژێر هەر پاساوێکدا بێت، لە چوارەهەمین مانگی خۆیدا دەڵێت نا بۆ جینۆسایدی خەڵکی فەلەستین و بەڵێ بۆ رێگاچارەی یەکجاری دوو دەوڵەتی فەلەستین و ئیسرائیل، کە جیا لە کەلێنخستنە ناو یوئێن، وڵاتانێکی وەک باشووری ئەفریقا دێنێتە پێشەوە کە لە دادگای دادوەری نێودەوڵەتی (دادگای نێودەوڵەتی لە لاهای) دا شکات لە ئیسرائیل بکات و بیباتە بەردەم دادگا و لەسەر کۆمەڵکوژیەکانی لە غەززە لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت. ئەم هێزە گەورەیە بەجۆرێک خۆی نیشانداوە کە نە حکومەتانی هاوپەیمانی ئیسرائیل دەتوانن پاشەکشەی پێبکەن، نە ئیسرائیل دەتوانێت، لەناوخۆدا بێدەنگیان بکات.
ئەم بزوتنەوەیە جیهانیە کە ریشەکەی لە خەباتی چینی کرێکار و سۆشیالیزمەوە سەرچاوەی گرتووە، کە نایەوێت جارێکی تر کێشەی فەلەستین برینی قوڵ و کۆمەڵکوژی لەنێوان خەڵکی ئیسرائیل و فەلەستیندا بەردەوام بێت و دووبارە بێتەوە، ریزی خۆی بێماندووبوون بە دروشم و دەنگی بەرزەوە دەڵێت ئاگربەست و چارەسەری یەکجاری کێشەی فەلەستینی خستۆتەر بەردەم کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، هەربۆیە کاریگەری داناوە، هەر ئێستا ئەوروپای هێناوەتە سەر ئەوەی کە قسەوباس لەسەر چارەسەری کێشەی فەلەستین بکەن. رۆژی دوو شەممە ٢٢ی جەنیوەری ٢٠٢٤ وەزارەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا وەرەقەیەکی گفتوگۆی بۆ وڵاتانی ئەندام ناردووە کە نەخشەڕێگایەک بۆ ئاشتی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل پێشنیار کردووە لە ژێرڕۆشنایی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی سەر کەرتی غەززە بۆ زیاتر لە ٣ مانگ. پلانێکی ١٢ خاڵییان خستۆتەبەردەم کە داوای "کۆنفرانسی ئامادەکاری بۆ ئاشتی" دەکات کە لەلایەن یەکێتیی ئەوروپا، میسر، ئوردن، سعودیە و کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی ڕێکدەخرێت، هاوکات بانگهێشتی ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات بۆ بەشداریکردن لە بەڕێوەچوونی. لە پلانی پێشنیارکراوی ئاشتیدا جەخت لە ئاگربەست کراوەتەوە و هەروەها دەڵێت "جگە لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی کە شانبەشانی ئیسرائیل بژی، هیچ چارەسەرێکی هەمەلایەنە و متمانەپێکراو نییە".
ئەم بزوتنەوەیە سەرەڕای ئەوەی کە لە پشتیوانی دەوڵەتێکی شۆشیالیستی بەهرەمەند نیە، سەرەڕای ئەوەی کەلەچاو ئەو هێزە گەورەیەدا، چینی کرێکار بەرێزێکی سیاسی یەکپارچەو بە ڕابەری بزوتنەوەیەکی کۆمۆنیستی بەهێز تێیدا بەشدارنیە، بەڵام بەو ئاسۆ مرۆڤدۆستیەوە کە هەیەتی لەمەیداندایە، هەربۆیە گرنگە لەهەر گۆشەیەکەوە ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیە بەهێزبکرێت، بەشداری تێدا بکرێت، بانگەوازی بۆ بکرێت و لەپاڵیدا بین تا ئەوکاتەی کە چینی کرێکارو کۆمۆنیستەکان بە هێزێکی زیاترەوە دەتوانن زیاتر چارەنوسی نەک تەنها کێشەی فەلەستین بەلایەکدا بخات، بەلکو ئەو کێشەو جەنگانەی کە سەرمایەداری بەرپای دەکات و مرۆڤایەتی لەبەردەم چارەنوسی نادیاردا ڕاگرتووە، بگۆڕێت بۆ کۆمەڵگایەکی شیاوی ئینسانی.
٢٤\١\٢٠٢٤