رۆژی ٣٠ی ئۆکتۆبەر واتە سێ رۆژ لەمەوبەر ناڕەزایەتی سەرتاسەری وڵاتی سودانی داگرت کە بە ٤ ملیۆن کەس دەخەمڵێنرێت بەدژی کۆدەتای سەربازی کە بۆ لەباربردنی دەسەڵاتی مەدەنی لەرۆژی ٢٥ی ئۆکتۆبەردا روویدا. زۆربەی خۆپیشاندانە گەورەکان لە شارەکانی؛ خەرتوم، بەحری، ئومدورمان، زەلینگی، نیاڵە، ئیل عوبێد، بەندەری سودان، کاسەلا، گەدەریف، ئەربەجی، ئیبری، دۆنگۆلا، ئەلنەهود، مەدانی و کۆستی بوون هەروەها لە ٥٠ شاری جیهان خۆپیشاندانی هاوپشتی نێودەوڵەتی ڕوویدا، لەوانە؛ واشنتۆن دی سی، ئۆتاوا، پاریس و لەندەن.
ئەم خۆپیشاندانە لەسەر بانگەوازی یەکێتیە کرێکاریەکان، ژنان، ڕێکخراوە پیشەییەکان و کۆمیتەکانی بەرگری گەڕەکەکان بوو، ناڕەزایەتی ئەمجارە دەورەیەکی نوێی خۆپیشاندانی لە سوداندا بەخۆوە دەبینێت ئەویش جەماوەری رێکخراو بوو بەنوێنەرایەتی کۆمیتەکانی بەرگری گەڕەکەکان.
ئەمە دەوریەکی نوێیە لەهاتنەمەیدانی خەڵکی مەدەنی و ڕێکخراوە کرێکاریی و جەماوەریەکان، ئەم هاتنەمەیدانە لەناوچەکدا نوێیە. ئەم ناڕەزایەتیە لەدرێژەی ناڕەزایەتیەکانی ٢٠١٩ دا بەدژی دەسەڵاتدارێتی سەربازی لەو وڵاتەدا کە عومەر حەسەن بەشیر و ژمارەیەک لەسەرکردە سەربازیەکانی هێنایەخوارەوە، بۆ ماوەی دوو ساڵ دەسەڵاتێکی دوولایەنە لە مەدەنی و سەربازی دامەزراند، بەڵام دەسەڵاتی سەربازی لەو دوو ساڵە زیاتر چاویان بە هاوبەشی لەگەڵ دەسەڵاتی مەدەنی هەڵنایەت و ترسە بۆسەر ئایندەیان بۆیە کۆدەتای سەربازیان کرد بۆ لەباربردنی دەسەڵاتی مەدەنی و جەماوەری.
هاتنەمەیدانی ریزی ملیۆنی بە ناڕەزایەتی توندو دروشمی نا بۆ دەسەڵاتی عەسکەری و بەڵی بۆ دەسەڵاتی مەدەنی، نەک تەنها ترسی خستە بەردەم دەسەڵاتی عەسکەری تازە کۆدەتا چیەکان و هێزە میلیشیاکان، بەڵکو ترسی خستەبەردەم دەسەڵاتدارانی دەوڵەتە سەرمایەداریە گەورەکانی وەک "ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی و روسیاو چین" ش. بۆیە هەموو هێزە سەربازی و میلیشیاو عەشایەرە چەکدارەکانی سەر بەدەسەڵاتی سەربازی بەپۆشینی جلوبەرگی تایبەت و دەمامکەوە بەرامبەر ئەم ناڕەزایەتیە لە خۆپیشاندانی گەورەی شارەکان وەستانەوە هەروەها دەستیان برد بۆ بڕینی خەتی تەلەفون و سۆسیال میدیای وڵاتەکەو لە رێگای میدیای چەواشەکاری خۆیانەوە دەیانویست خۆڵ بکەن چاوی خەڵک، بەڵام خەڵک لەرێگای پەیوەندیەکانی کۆمیتەکانی گەڕەکەوە لەپەیوەندا بوون.
سەربازانی چەکداریان بەجلی مەدەنیەوە ناردە ناو خۆپیشاندانەکان تا لەپشتەوە هاوکاتی تەقەکردن و هێرش بۆسەر خۆپیشاندەران لەناوەوەش لێیان بدرێت، کە ئەمە بووە هۆی پاشەکشە بە خۆپیشاندانەکان و بریندارکردنی زیاتر لە ١٠٠کەس و کوژرانی ژماریەکیترو دەستگیرکردن و هەتا چوونە نەخۆشخانەکان بۆ دەستگیرکردنی بریندارەکان و چوونە سەرماڵانی هەڵسوڕاوانی خۆپیشاندانەکان و بەزۆری چەک دەستگیرکردنیان و ترساندنی خێزانەکانیان بەکوشتن وە دەستگیرکردنی هەڵسوڕوانی مەدەنی هەر لەرۆژی کۆدەتاکەوە لە دوو شەممەی پێشووەوە دەستی پێکردبوو.
ئەم خۆپیشاندانە ناڕەزایەتیە جەماوەریە گەورەیەی کرێکاران و ژنان و بێبەشانی کۆمەڵگا لە خوارەوە، بەدوای دوو ساڵ لە ناڕایەتیەکاندا کە ئەوکات سوپای ناچارکرد بە بەرزکرنەوەی "بەئاشتی بەئاشتی" بۆ ئاڵوگۆڕو دامەزراندنی حوکمی هاوبەشی مەدەنی و سەربازی بۆ ئەوەی خەڵک دەست بۆ چەک نەبات، بەڵام لەم خۆپیشاندانەشدا جەماوەر هەمان دروشمی "بەئاشتی بەئاشتی" ڕووبەڕووی هێرشی هەمان سەربازانی دوێنێی ئەو دروشمانە کردەوەو ئەمە خاڵی لاوازی ناڕەزایەتی ئەمجارە بوو.
هاتنەمەیدانی ملیۆنی لە خەڵک لە سەرتاسەری وڵات بەشێوەی مەدەنی و بێچەک و بەدروشمی "بەئاشتی" لەبەرامبەر جەنڕاڵەکان و سەربازانێکی کۆدەتاچی کە چاویان بەدەسەڵاتی مەدەنی هەڵنایەت و بەردەوام هەموو ڕوکنە بنچینەییەکانی ئابوری و سیاسی کۆمەڵگایان لەدەستدایە، هەروا بەئاسانی دەستهەڵناگرن و مل نادەن بەدەسەڵاتی جەماوەری. بەهەمانشێوە هێزو دەوڵەتە سەرمایەدارە ناوچەیی و جیهانیەکانیش لەلایەکی ترەوە دەسەڵاتێکی مەدەنی لە بەرژەوەندایاندا نیە، بەڵام بەناچاری و ترس لەو هێزە گەورە رێکخراوەی جەماوەری لەخوارەوە کەوتونەتە ناوەندگیری و جارێکی کە قسە لەسەر دەسەڵاتی دوولایەنەی جەماوەری سەربازی دەکەنەوە لەژێر ناوی بۆ کۆتایی بەو هەلومەرجە پشێویەی کە سودانی تێدایە، بەڵام لە راستیدا ترسە لەو هێزە گەورەیەی کە هاتۆتە مەیدان و دەزانن کە ناتوانن پاشکشەی پێبکرێت بە یەکجاری.
ئەگەر دەستکەوتی ئەمجارەی ئەم ناڕەزایەتیەی سودان سەرهەڵدانی لەکۆمیتەکانی گەڕەک و هەڵسوڕاوانی ئەم کۆمیتانە لە گەڕەکدا بێت و هاوکات لایەنەکانی تر بانگەوازی خۆپیشاندانی کردووە بەدژی دەسەڵاتی سەربازی، کە خاڵێکی گرنگ و وەرچەرخانێکی گرنگە بۆ هاتنەمەیدانی کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگا کە سوپا هەروا بەئاسانی ناتوانێت تاسەر پاشەکشەی پێبکات؛ خاڵی لاوازی ئەم ڕیزە ملیۆنیەو پاشەکشەپێکردنی ئەم خۆپیشاندانە گەورەیە ئەوەیە کە ڕێزێکی چەند ملیۆنی و بەرامبەر دەسەڵاتی سەربازی کۆدەتاچی بەدژی دەسەڵاتی مەدەنی لەژێر ناوی لابردنی ژمارەیەک جەنەراڵ و دورخستەوەیان، بە دروشمی "بەئاشتی" لە باتی چەکداربوون و چەکداربوونی کۆمیتەکانی گەڕەکە، ئەم بزوتنەوەیە لەبەرامبەر هێزە سەرکوتگەرو میلیشیا کەمایەتیەکاندا خستە بەردەم پاشەکشەی کاتی.
ئەم ناڕەزایەتیە جەماوەریەی سودان و دەرسەکانی بە خاڵە پێشڕەوی و لاوازەکانیەوە، بەتایبەت لەنەبوونی ڕێکخراوبوونی حزبی کۆمۆنیستی و کرێکاریی بۆ ڕابەرایەتی هێزێکی جەماوەری وا گەورە بەتایبەت لەگەڕەکەکانداو گۆڕینی بەشۆڕش بۆ ئاڵوگۆڕی بنچینەیی لەکۆمەڵگەدا نەک تەنیا دەرسەکانی و کاریگەریەکانی بۆ سودان بەڵکو بۆ وڵاتانی ناوچەکەش دەبێت. خۆپیشاندانی ئەمجارەی سودان بە رێکخراوبوونی جەماوەری و کۆمیتەی بەرگری گەڕەکەکان، ناڕەزایەتیەکانی ٢٠١٩ی سودانی تێپەڕاندو هەروەها ناڕەزایەتیەکانی دوو ساڵ لەمەوبەری لوبنان، ئۆکتۆبەری عێراق و ١٧ی شوباتی کوردستانیشی تێپەراندا کە زەروورە لەو خاڵەوە بۆ رێکخراوبوونی جەماوەری مەدەنی و چەکداری لە گەڕەکاندا دەست پێبکات، ئەمە دەتوانێت ئاڵوگۆڕی بنچینەیی لەبەرەژەوەندی خەڵک مسۆگەر بکات.
٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١
.