دوور له‌ بۆچونه‌كانی پارتی، یاسای بودجه‌ی عیراق سه‌لبیاتی هه‌یه‌ بۆ كوردستان ... عیماد عه‌لی

ره‌تكردنه‌وه‌ی بودجه‌ی عیراق له‌ لایه‌ن پارتیه‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌پێش خوێندنه‌وه‌ی و زانینی ناوه‌رۆكه‌كه‌ی، شتێكی نامۆ نیه‌، وه‌ك نه‌ریتی هه‌میشه‌یی، به‌دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك و، وه‌ك به‌رده‌وام له‌ روانگه‌ی دیدو بۆچۆنی ته‌سكی به‌رژه‌وه‌ندخوازانه‌ی شه‌خسی و حزبیه‌وه‌ ته‌ماشای پرسه‌ سه‌ركیه‌ سیاسی و ئابوریه‌كانی كردووه‌. ئه‌وا له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی بوجه‌ی عیراق و له‌و برگانه‌ی كه‌ تایبه‌تن به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، وه‌ك له‌ هه‌ردوو كاردانه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت له‌ دوتوێی به‌یاننامه‌كه‌یاندا ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ تا چه‌ند له‌ تاریكه‌ رێگه‌ی كاری حزبیه‌وه‌ ناوه‌رۆكی بودجه‌كه‌ ده‌خوێننه‌وه‌ و به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ داهاتی هه‌رێم مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی به‌ وشه‌یه‌كیش باسی ئه‌م قه‌یرانه‌ و هۆكاره‌كانی بكه‌ن و، به‌وه‌ بزانن كه‌ یه‌كێك له‌ حاڵه‌تی خنكاندا بێت ده‌ست به‌ پوشێكیشه‌وه‌ ده‌گرێت، كه‌چی وا تازه‌ به‌ تازه‌ ده‌ڵێن داهاتی هه‌رێم یه‌ك ترلیۆن و بیست ملیار دیناره‌ له‌ مانگێدا، بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ خه‌ڵك بپرسێت، ئه‌ی بۆچی مه‌عاش و خزمه‌تگوزاریه‌كانی دابین ناكرێت و بۆچی ئه‌م دوو ساڵه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ره‌فتار له‌گه‌ڵ موچه‌خۆراندا ده‌كه‌ن، كه‌ به‌و داهاته‌ی خۆتان باستان كردووه‌ توانای مه‌عاشی ته‌واو وقه‌رزدانه‌وه‌ و خزمه‌تگواری و كاربه‌رێكردنی حكومه‌تیشتان هه‌یه‌؟

با ئه‌وه‌ به‌جێبهێلین بۆ پارتی و ره‌فتار و گوفتار و مامه‌ڵه‌ و سیاسه‌تی و ئه‌و حاڵه‌ته‌ی به‌ سه‌ر ئه‌م میله‌ته‌یدا هێناوه‌ و به‌م ناكۆكیانه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان له‌رووی سیاسی و ئابووریه‌ ئه‌م وه‌زعه‌ی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌. با به‌ وردی و دوور له‌ كاردانه‌وه‌ و به‌ چاوی فراوانتر و به‌ده‌ر له‌ خوێندنه‌وه‌ی شكستخواردووی پارتی و، به‌ وه‌لانانی ناكۆكیه‌كانه‌وه‌ ناوه‌خنی یاسای بودجه‌ی عیراق بخوێنینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی جگه‌ له‌ هه‌ندێك لایه‌نی قازانجی كورتخایه‌نی كاتی بۆ ئه‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌، لایه‌نه‌ سلبیه‌كانیشی ده‌رخه‌ین، نه‌ك ئه‌وه‌ی وه‌ك هه‌مووان باسی ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌وه‌ گرنگه‌ هه‌ندێك چاره‌سه‌ری موسه‌كن ئاسای موچه‌خۆرانی تێدایه‌. به‌ڵكو باره‌ نه‌رێنیه‌كه‌ی له‌ ده‌رئه‌نجامی ململانێ حزبیه‌كان، زه‌قتر و گه‌وره‌تر ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ بێ خوێندنه‌وه‌ی وه‌زعی دوور مه‌ودا و به‌ پێی ململانێی حزبی له‌م كاته‌دا، كه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی كوردستان له‌ حاڵه‌تی ناكۆكی قوڵدان و بۆ ملكه‌چ كردنی یه‌كتری مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ پرۆژه‌یاسای بودجه‌دا كرد و، ده‌نگیان له‌سه‌ردا و به‌ ریككه‌وتنی پێشوه‌خته‌ی نێوان ته‌وه‌ر و هاوپه‌یمانێتی و جه‌مسه‌ره‌ ئیقلیمیه‌كه‌، كه‌ كورد دابوش بووه‌ به‌ سه‌ریدا رای خۆیان سه‌پاندووه‌، واته‌ له‌سه‌ر كاری ته‌كتیكی كورتخایه‌نی تا راده‌یه‌ك قازانج به‌خشی بچوك له‌سه‌ر حسابی ستراتیجی تاراده‌ی زۆرزیانبخه‌شی گشتی. چۆن؟

كه‌ به‌ وردی برگه‌كانی بودجه‌كه‌ ده‌یخوێنیته‌وه‌، ته‌نانه‌ت به‌ده‌ر له‌ بودجه‌ی ساڵانی تر، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ كورده‌وه‌ هه‌یه‌، یاسای بودجه‌یه‌ك، هه‌موو ناوه‌خن و ئامانج و جه‌وهه‌ری به‌نده‌كانی به‌ره‌و ناوه‌ندێتی حوكم بروانێت و ئه‌گه‌ر بكرێت و به‌ پێی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زعی ناله‌باری هه‌رێم، هه‌موو تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی بسرێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ سه‌روه‌ری و سیاده‌یوه‌ بێت نه‌یهێڵێت و رووه‌ و ناكۆكیه‌كی ناوه‌خۆی توند بروات، تا چه‌ند له‌ زیانی گه‌لدا ده‌كه‌وێته‌وه‌.

مامه‌ڵه‌ كردنی په‌رله‌مانتارانی به‌غدا وه‌ك كارێكی شه‌خسی و هه‌ڵگری بیری ته‌سكی حزبی و ناكۆكی شه‌خسی و حزبی بووه‌ و بودجه‌یان خوێندۆته‌وه‌، كه‌ به‌داخه‌وه‌ ده‌ڵێم، په‌رله‌مانتاران له‌ ئاستی خوێندنه‌وه‌ی ئامانجه‌ گه‌وره‌كانی گه‌لی كوردستان، دوور له‌ ململانێی حزبی و شه‌خسی نه‌بوون و خۆیان له‌ گۆشه‌نیگای كاری كاردانه‌وه‌ئاسا ده‌رباز نه‌كردووه‌ و به‌ رق و كینه‌ی ناكۆكیه‌كانی لایه‌نه‌كانی هه‌رێم و دژایه‌تییه‌كتر كردن و، زیاتر له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تری عیراقدا رێككه‌وتون و له‌سه‌ر بنه‌مای با له‌سه‌ر خۆم و دوژمنه‌كه‌م بكه‌وێت، كاریان كردووه‌، له‌دواجاریشدا ده‌یانه‌وێت ئه‌م وه‌زعه‌ ناله‌باره‌ی موچه‌خۆران بكه‌نه‌ به‌هانه‌ و موزایه‌دی پێوه‌ ده‌كه‌ن له‌كارێكی تاسه‌ر ئێسقان كورتبینی ئاوهادا. كه‌ بواری جێبه‌جێكردنی زۆر كه‌مه‌ و به‌ڵكو ناكۆكیه‌ نێوخۆییه‌كان قوڵتر ده‌كاته‌وه‌ و، ده‌توانرێت به‌ده‌ر له‌وه‌، له‌ لایه‌ن عه‌بادی و به‌رزانیشه‌وه‌ جێبه‌جێش نه‌كرێت.

بودجه‌یه‌ك كه‌له‌ برگه‌یه‌كیدا، به‌شه‌ بودجه‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌ كراوه‌یی به‌جێ بهێڵیت و بیخه‌یته‌ ژێر ره‌حمه‌تی كات و وتووێژ و بارودۆخی رۆژ، ئه‌مه‌ش جگه‌ له‌ كورد هیچ لایه‌نێكی دیكه‌ زیان ناكات و، ناوه‌ند ده‌توانێت ده‌سته‌خه‌رۆت بكات و كات به‌سه‌ربه‌رێت و به‌هانه‌ بێنێته‌وه‌ و عانه‌یه‌كیشت به‌رنه‌كه‌وێت و، ته‌نانه‌ت هه‌ردولا ده‌توانن نه‌گه‌نه‌ رێككه‌وتن و بودجه‌ش دیزه‌به‌ده‌رخونه‌ بكرێت، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، ده‌شێت به‌هه‌مان شێوه‌ی ماده‌ی 140 و مامه‌ڵه‌ی سونه‌ و شیعه‌ له‌وباره‌وه‌، وه‌زعی جێبه‌جێ كردنی برگه‌كانی ئه‌م بودجه‌یه‌ بخوێنینه‌وه‌. تۆ رێژه‌ت جیانه‌كردبێته‌وه‌، وه‌ك چۆن له‌و ماده‌یه‌ كاته‌كه‌شت به‌سه‌رچوو نه‌گه‌یتشتیته‌ هیچ رێكه‌وتنێك، ئاوها ساڵه‌كه‌ به‌سه‌ر ده‌چێت و باری جێبه‌جێكردنی بودجه‌ش سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوی ده‌مێنێته‌وه‌.

پێداچونه‌وه‌ به‌ حساباتی نێوخۆی هه‌رێم و وردبینی و پاككردنه‌وه‌ی ئه‌ستۆی هه‌رێم له‌ ساڵی 2004 ه‌وه‌ تاوه‌كو 2014 و ئه‌و قه‌رزه‌ی كه‌ هه‌رێم ده‌كه‌وێته‌ ژێر باریه‌وه‌، له‌گه‌ڵ گه‌رانه‌وه‌ی داهاتی گومرگ و زه‌ریبه‌ و رسومات و داهاتی فرۆكه‌خانه‌كان بۆ ناوه‌ند، كه‌ ئه‌مه‌ وات لێده‌كات ته‌نها وه‌ك پارێزگایه‌ك مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵدا بكرێت و ئه‌و هه‌نگاوه‌ عه‌مه‌لیانه‌ی تێیدا له‌م ماوه‌ی سێزده‌ ساڵه‌دا به‌ره‌وپێشه‌وه‌چویت، له‌ده‌رئه‌نجامی خودپه‌رستی پارتی و رقو كینه‌ و كورتبینی و كاردانه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی تر، به‌ چه‌ند هه‌نگاوێك پاشه‌كشه‌ی لێ ده‌كه‌یت. جگه‌ له‌وه‌ی له‌ سایه‌ی پارتیدا بودجه‌ی كوردستان به‌م پاره‌ خه‌یاڵیه‌وه‌ به‌م ده‌رده‌ چووه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ش تۆ به‌ پێی بودجه‌ی عیراق له‌ حاڵه‌تی ته‌سلیم كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم به‌ سۆمۆ له‌ داهاتی هه‌رێمی دزراو له‌ سنوری 60 ملیۆن دۆلاری رۆژانه‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌، به‌ هه‌مان هه‌ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌مان بره‌ نه‌وت.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ كه‌ هه‌م له‌ عه‌لی بینه‌وه‌ و هه‌میش له‌ وه‌لی، واته‌ له‌ بواری داهاتدا، بۆ سمێل چوبین و ریشیشمان خستبێته‌ سه‌ری، واته‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی ریكنه‌وكتنی هه‌رێم و عه‌بادی به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا، موچه‌كه‌ش دابین نه‌كرێت و رووه‌و ناوه‌ندگیریه‌كه‌ زیاتر خۆی زاڵ بكات و، له‌ پاش شه‌ری داعش ئه‌و حاڵه‌ته‌ ئیستغلال بكرێت و گه‌وره‌ترین لێدان به‌ر وه‌زعی كورد بكه‌وێت و چه‌ندین هه‌نگاو رووه‌ دواوه‌ بێین. به‌تایبه‌تی له‌م دۆخه‌دا له‌ لایه‌ن توركیا و ئێرانه‌وه‌ وه‌به‌ربهێنانی سیاسی له‌سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌ له‌باره‌ی كوردستان بۆخۆیان بكه‌ن و دوور له‌ فیدراڵیزم و یاسا، عیراقێكی یه‌كگرتووی ناوه‌ندێتی كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولایاندایه‌ بگێردێته‌وه‌ و، به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێـت حكومه‌تی ناوه‌ند به‌ هه‌موو توانایه‌وه‌ باڵ به‌سه‌ر كوردستاندا بكێشێت.

بۆیه‌، ئه‌گه‌ر پارتی دیموكراتی كوردستان خه‌تی سوری تێپه‌راند و هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی له‌ ململانێ نێوخۆییه‌كان له‌به‌رچاو نه‌گرت و به‌ عه‌قڵیه‌تێكی ته‌سكی دواكه‌وتوانه‌ی عه‌شایه‌ری و شه‌خسیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌زمونی كوردستاندا ره‌فتاری كرد، به‌ڵام له‌ كاردانه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی تر و به‌هه‌مان عه‌قڵیه‌تی عینادی و نه‌خوێندنه‌وه‌ی وه‌زعی به‌ده‌ر له‌ ململانێی حزبی، زیانێكی یه‌كجار گه‌وره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن و ده‌ستی میله‌تیش له‌بن هه‌مبانه‌كه‌وه‌ ده‌رده‌چێت. بۆیه‌ ده‌ڵێم، به‌م شێوه‌ ره‌فتاره‌ و به‌ دلخۆشبون به‌ تێپه‌راندنی بودجه‌ی عیارق هیچ كێشه‌یه‌كی كوردستان چاره‌سه‌ر نابێت و بگره‌ ئاسانكاری بۆ راكێشانی ده‌ستی ناوه‌ند و له‌ناوه‌ش دوژمنه‌كانیش ده‌كات.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu