بەوێنە: شێوەی کۆبونەوەی تازەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و هەڵسەنگاندنی دۆخی ئابووری دەكات.

لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، بڕیاردرا دارایی گشتی هەرێم ڕێكبخرێتەوە بە ئاراستەی خزمەتكردنی هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەكان.

  • پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بەردەوام بێت لە پێناو دابینكردنی شایستەی دارایی و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان.

 مەسرور بارزانی:

  • * سوپاسی هەموو ئەو خاوەن موڵك و سەرمایەدارانە دەكەم كە ئامادەییان دەربڕیووە بۆ پێشكەشكردنی ئاسانكاریی پێویست بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا*.

 

ئەمڕۆ سێشەممە 17/3/2020 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی كرد تایبەت بە هەڵسەنگاندنی جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، و پلانی ‌‌حكومەت بۆ دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانی خەڵك لە خۆراك و دەرمان و سووتەمەنی و شمەكی ڕۆژانە و هەروەها دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان بە گشتی.

 

لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەکانیش، كۆبوونەوەكە لە ڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە ئەنجامدرا.

 

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و ژمارەیەك لە وەزیرەکان بەشدار بوون، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە سوپاسی خۆڕاگریی خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد و داواشی لێكردن كە بۆ پاراستنی ژیان و سەلامەتیی خۆیان بەردەوام بن لە هاوكاریی و پابەندبوون بە ڕێكار و ڕێنماییەكان.

 

هەروەها سوپاسی هەموو وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتیشی كرد و ڕۆڵی هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە و پزیشك و كارمەند و فەرمانبەرانی تەندروستی بەرز نرخاند لە ڕووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا. هەروەها سوپاسی هەموو ئەو خاوەن موڵك و سەرمایەدارانەی كرد كە بە دەنگ بانگەوازی سەرۆكی حكومەتەوە هاتوون و ئامادەییان دەربڕیوە بۆ پێشكەشكردنی ئاسانكاریی پێویست بۆ سووككردنی بارگرانی ئەو كەسانەی كە زەرەمەند بوون لە ئەنجامی جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی خۆپارێزی و هەروەها پێشكەشكردنی هاوكاریی دارایی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا،

 

لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا كە هەڵمەتی كۆكردنەوەی پیتاك و هاوكاریی دارایی هەڵمەتێكی نیشتمانی بێت و لە ژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی ئەنجومەنی وەزیران بێت و دواتر داهاتەكەی بە شێوەیەكی روون و دادپەروەرانە لەسەر ئاستی پارێزگا و قەزا و ناحیەكان خەرج بكرێتەوە لە پێناو پڕۆژەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا. بۆ ئەم مەبەستەش، سەرجەم ئەو هەوڵانەی دەستپێكراون، لەم هەڵمەتە نیشتمانییەدا كۆدەكرێنەوە، هەروەها داواشی لە حكومەتی فيدراڵی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد لەمبارەیەوە هاوكاری هەرێمی كوردستان بكەن.

 

هەر لە كۆبوونەوەكەدا وەزارەتەكانی دارایی و ئابووری و ناوخۆ و كاروباری پێشمەرگە و دەزگای ئاسایش ڕاسپێردران لە نزیكترین دەرفەتدا میكانیزمی گونجاو بدۆزنەوە بۆ خەرجكردنی مووچە و بە تایبەتی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ بە مەرجێك ڕەچاوی ڕێكارەكانی خۆپارێزی بكرێت لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

 

كۆبوونەوەكە جەختی لەوەش كردەوە كە لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، دارایی گشتی ڕێكدەخرێتەوە بە ئاڕاستەی خزمەتکردنی هاووڵاتییان و دابینكردنی بژێوییان و خەرجییە گشتییەكانیش كەم دەكرێنەوە، كە ئەمەش بەشێكە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

 

هەروەها بڕیاردرا كە پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بەردەوام بێت لە پێناو دابینكردنی شایستەی دارایی و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان.

 

هەر لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا بەم زووانە كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە نەوت و گاز ئەنجام بدرێت بە مەبەستی تاوتوێكردنی دەرفەتەكانی ڕێكخستنەوەی داهات و خەرجییەكانی نەوت وگاز بە ڕەچاوكردنی بارودۆخی دارایی و لێکەوتە داراییە نەرێنییەکانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەكان.

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu