وەڵامی حکومەت بۆ ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى. . .

ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى لە ڕێکەوتى 22/2/2017 ڕاپۆرتى ساڵانەى خۆى دەرکردووە سەبارەت بە ڕەوشى مافى مرۆڤ لە جیهان. لەبەشێکى ڕاپۆرتەکەیدا کە تایبەتە بە عێراق و هەرێمی کوردستان رێکخراوی ناوبراو لە بارەی چەند پرسێکەوە ڕەخنە ئاراستەى هەرێمى کوردستان دەکات لەوانە پێشێلکردنی ئازادى میدیا و کاری ڕۆژنامەگەرى لە هەرێمى کوردستان، و لەم رووەوە ئاماژە بە کەیسى رۆژنامەنووس ویداد حسێن دەکات، هەروەها لە بارەی مامەڵە کردنی دامودەزگا ئە منییەکانی هەرێم لەگەڵ ئەو کەسانەی بە تۆمەتی تیرۆر تێوەگلاون و دەستگیر کردنی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی عەرەبی سوننە، لە لایەکی دیکەوە راپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر کەیسى باسیمە دەروێش و مانەوەی بێ دادگایی کردن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە.

لەم بارەوە لیژنەی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران بەیاننامەیەکی سەبارەت بە راپۆرتەکە بڵاوکردەوە ئەمەش دەقەکەیەتی:

لیژنەی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئەو راپۆرتانەی کە لە لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەردەچن سەبارەت بە هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنێت بەتایبەتی ئەگەر ناوەڕۆکی راپۆرتەکان بابەتی بن چونکە دەبنە هۆکاری بەدواداچوونی ورد بە رەوشی مافەکانی مرۆڤ و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە راپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى لە ڕێکەوتى 22/2/2017 بڵاوکراوەتەوە، ئێمە وەک لیژنەی بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان تێبینی و سەرنجەکانی خۆمان سەبارەت بەو کەیسانەی کە باس کراون بەم شێوەیە دەخەینە روو:

یەکەم: ئازادی میدیا و ڕادەربڕین

لە کوردستان ئازادی ڕاگه‌یاندن و ڕاده‌ربڕین به‌ پێی یاسا رێکخراوه‌ و بە سوود وەرگرتن لە یاسا‌ به‌ سه‌دان ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن هه‌ن له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌پێی ڕێوشوێنی تایبه‌ت مۆڵه‌تی كاركردنیان هه‌یه‌ و مافی ڕۆژنامه‌نووس و میدیاكاران به‌ پێی یاسا پارێزراوه‌. له‌ كاتی بوونی هه‌ر حاڵه‌تێك كه‌ دژ به‌ ڕێنماییه‌كانی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان و پێشێلكردن بێت یان بچێته‌ خانه‌ی ته‌شهیر و ناوزڕاندن ئه‌وا كار به‌ یاسای سزادانی عێڕاقی ژماره‌ (111)ی ساڵی 1969ی هه‌مواركراو ده‌كرێت.

هەرکاتێک رۆژنامەنووس یان دەزگایەکی میدیایی بەرپرس بێت لە پێشێلکردنی یاسا ئەوا لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیر ناکرێت، چونکە بەپێی یاسای ڕۆژنامه‌نووسی ژماره‌ (35)ی ساڵی2007 تایبەت بە کاری رۆژنامەوانی ناکرێت هیچ رۆژنامەنووسێک دەستگیر بکرێت بەبێ بڕیاری دادگا و رەزامەندی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان.

کەیسی رۆژنامەنووس ویداد حوسێن

ویداد حوسێن رۆژی 13/8/2016 لە شاری دهۆک لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە رفێندراوە، کاتژمێر (١٢)لە نزێک گوندی سێجێ بە برینداری دۆزراوە و دوای ئەوەی رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک کراوە، بەداخەوە لەبەر سەختی برینەکەی گیانی لە دەستدا. دوای رووداوەکە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم بە بڕیاری ژمارە (23793) و لەسەر بنەمای رێنماییەکانی جەنابی سەرۆکی هەرێم لە (14/8/2018) لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بە سەرۆکایەتی موقەدەمی مافپەروەر(عصمت فرج محمد صالح) بەڕێوەبەری نەهێشتنی تاوانی دهۆک، ئەندامیەتی هەریەکە لە رائیدی مافپەروەر (وڵات صدیق ابراهیم) ئەفسەری نووسینگەی کوشتن و رائیدی مافپەروەر (بهدین سربست علی) ئەفسەری نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سێمێل لەسەر چۆنیەتی رفاندن و کوشتنی رۆژنامەنووسی ناوبراو پێکهێنرا. بەپێی لێدوانەکانی ئەندامانی لیژنەکە و دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کە (ویداد حوسێن) رۆژی 13/8/2016 لە شاری دهۆک لەلایەن دوو ئۆتۆمبیلی جۆری کیا تایبەت رەنگی رەش و ئۆپترا تایبەت رەنگی سپی رفێندراوە، کاتژمێر (١٢) ناوبراو لە نزیک گوندی سێجێ بە برینداری دۆزراویەوە لە لایەن موختاری گوندەکە و بەپێى وتەکانى موختار کە ئەو یەکەم کەس بووە گەیشتووەتە سەر ویداد حوسێن و پرسیارى لێکردووە لە وەڵامدا تەنها گوتوویەتى کە ئەو دانیشتووى شارى دهۆکە، ئینجا موختار پەیوەندى بە پۆلیس کردووە بۆ گواستنەوەى و دواتر رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک کراوە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەی لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا،

دواتر چەند کەسێکی گومان لێکراو دەستگیر کران و گوتەیان لێوەرگیرا، هەروەها گوتەی (5) کەسی نزیک لە شوێنی رووداوەکە وەک شاهید تۆمار کرا و پەراوی کەیسەکە رەوانەی دادگای تاوان کراوە، دواتر دادوەر بەپێی ماددەی (406/ی. س) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١ ی ساڵی ١٩٦٩ی هەموار کراو) بڕیاریدا بە دەستگیرکردنی تاوانباری نەناسراو و هێشتنەوەی دۆسییەکە بە کراوەیی و بەردەوام بوونی لێکۆڵینەوەکان تا کاتی دۆزینەوەی بەڵگەی تەواو لەسەر ئەنجامدەرانی تاوانەکە.

بەپێی بەدواداچوونە سەرەتاییەکانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی دهۆک خزم و کەسی (ویداد حوسێن) سکاڵایان لەسەر هیچ کەسێک بەرز نەکردۆتەوە، بۆیە وەک حاڵەتێکی ئاسایی بەپێی یاسا لە کاتی نەبوونی هیچ سکاڵایەک دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت وەک مافی گشتی لەرووی یاساییەوە مافی جوڵاندنی داوای سزاییان هەیە.

دووەم: ده‌ستگیر كردنی ئەو کەسانەی لە تۆمەتی تیرۆر تێوەگلاون

لەگەڵ هاتنى راگوێزراوان بۆ ساترەکانى هێزى پێشمەرگە وەک رێوشوێنێکی ئەمنی تەنیا پیاوەکان دەپشکێندرێن ئەویش پشکنینێکی زۆر ئاساییە بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی کەسانی تیرۆریست و خۆکوژ لە نێویاندا، دواتر دەگوازرێنەوە بۆ سەنتەرەکانى پێشوازى. دواى گواستنەوەى راگوێزراوان بۆ سەنتەرى پێشوازى لەوێش تەنیا پیاوەکان دەپشکێندرێن و بەهیچ شێوەیەک پشکنین بۆ ئافرەتان ئەنجام نادرێت، تەنانەت خودی رێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان گلەیی ئەوەیان کردووە کە بۆچی ئافرەتەکان ناپشکێندرێن، بەڵام بەهۆی رەچاوکردنی دابونەریتی کۆمەڵایەتی و حورمەتی خەڵکەکە تا ئێستا ئافرەتە راگورێزراوەکان پشکنینیان بۆ ئەنجام نادرێت.

زۆر جار لە کاتی روودانی شەڕ هەندێک کەس دەستگیر کراون، بەڵام دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە ئەوانەی کە بێتاوانن ئازاد دەکرێن و ئەوانەی کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبێت بەپێی ماددە (٤)ی یاسای دژە تیرۆر کە پێشتر کاری پێدەکرا رەفتاریان لەگەڵدا کراوە، هەروەهالە دواى ڕزگارکردنى هەر ناوچەکە لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە دانیشتوانى ناوچەکە وەک رێوشوێنێکی ئاسایی کۆدەکرانەوە ئافرەتان بەجیا و پیاوانیش بە جیا، هەرکەسێک دەرکەوت کە پەیوەندى بە داعشەوە هەبوبێت بەپێی زانیاری هەواڵگری وەک (وێنە یان تۆمارى دەنگى یان دوو شاهید) ئەو کەسانە دەستبەسەر دەکران و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرا بۆ ماوەى (24) کاتژمێر دواتر ڕەوانەى بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى ناوچەکە دەکران ئەگەر دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتبا کە پەیوەندییان بە تیرۆریستانەوە هەیە ڕەوانەى دادگاى تایبەت دەکرا و هەموو مافێکیان هەبوو و کەسوکاریشیان لە دەستگیر کردنی ئەو تەمەتەی کە لەسەر دەستگیر کراوە ئاگادار دەکرانەوە بەپێی یاسا، بەڵام ئەگەر هیچ بەڵگەیەکی درووستیان لەسەر نەبێت ئەوا ئازاد دەکرا و ئەو رێوشوێنانەی کە دەزگا ئەمنییەکان دەیگرنە بەر رێوشوێنێکی ئاساییە لە هەر شوێنێک لە کاتی جەنگدا بەپێی یاسا و رێنماییەکان ئەنجام دەدرێت.

بەشێوەیەکی گشتی،  وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌زگای جێبه‌جێكردنی بڕیار وفه‌رمانه‌كانی داگاكانه‌ و هه‌ر كه‌سێك فه‌رمانی ده‌ستگیر كردنی له‌ دادگا بۆ ده‌رنه‌چووبێت ده‌ستگیر ناكرێت، به‌پێی یاسای سزادانی عێراقی ژماره‌ (111)ی ساڵی 1969 ی هه‌موار كراو پاش ده‌رچوونی فه‌رمانی ده‌ستگیر كردن له‌لایه‌ن دادگاوه‌، تۆمه‌تبار ده‌ستگیر ده‌كرێت و هه‌موو رێكاره‌ یاساییه‌كانی به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌ به‌ر به‌پێی یاسای بنه‌ماكانی دادگایی كردنی سزایی (اصول المحاكمات الجزائیه‌) ژماره‌ (23)ی ساڵی 1971ی هه‌موار كراو، به‌م پێیه‌ش وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌سه‌ڵاتی گرتن و ئازاد كردنی كه‌سی نییه‌ ئه‌گه‌ر دادگا فه‌رمانی ده‌ستگیر كردنی نه‌دات.

دوای ئه‌وه‌ی راگیراو حوكمی له‌ دادگاوه‌ بۆ ده‌ره‌دچێت ره‌وانه‌ی داموده‌زگاكانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌كرێ بۆ سه‌پاندنی سزاكه‌ی به‌پێی رێوشوێنه‌ كارپێكراوه‌كان، به‌ڵام ئه‌شكه‌نجه‌ نادرێ، چونكه‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان تاوانه‌ به‌پێی یاسای سزاكانی عێراقی كه‌ له‌ مادده‌ی (333) . به‌پێی مادده‌ (19) بڕگه‌ 12/ا ی ده‌ستووری عێراق ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئیداری (حجز اداری) قه‌ده‌غه‌ كراوه‌ و ده‌سه‌ڵاتی به‌ند كردن ته‌نیا دراوه‌ته‌ دادوه‌ر.

کەیسی (باسیمە دەروێش)

سەبارەت بە کەیسی (باسیمە دەروێش) رۆژی سێشەممە رێکەوتی 21/2/2017 لە دادگای تاوان/٢ ی هەولێر پرۆسەی دادگایی کردنی تۆمەتبار (باسیمە دەروێش) کە بەپێی ماددە (٣) بڕگە (٧)ی یاسای دژە تیرۆر ساڵی 2006 دەستگیر کرابوو، دادگاکە بە سەرۆکایەتی دادوەر فازل عەباس و ئەندامیەتی دادوەران زرار هەرکی و دادیار حەمید بەڕێوەچوو، پاش وەرگرتنی ئیفادەکان لە تۆمەتبار، دادگا هەڵسا بە دانانی ماددە (٢) بڕگە (٨) کە بریتییە لە داپۆشینی تاوان (تستر) لە جیاتی ماددە (٣) بڕگە (٧)ی یاسای دژە تیرۆر کە بریتییە لە هەبوونی پەیوەندی بە گرووپە تیرۆریستییەکانەوە. جێگری داواکاری گشتی داوای کرد کە ناوبراو ئازاد بکرێت بەپێی ماددە (دوو) بڕگە (ج) لە یاسای بنەماکانی دادگایی سزای عێراقی ژمارە (٢٣ی ساڵی ١٩٧١)، پاش گفتوگۆی سەرۆک و ئەندامانی دادگاکە و لەبەر نەبوونی بەڵگەی تەواو لەسەر تاوانی ناوبراو، بڕیار درا بە ئازادکردنی (باسیمە دەروێش) و بڕیارەکەش قابیلی تەمیزە لە دادگای تەمیز لە ماوەی ٣٠ رۆژدا، پاش پەسەند کردنی لە دادگای تەمیز بڕیارەکه پلەی تەواو وەردەگرێت (الدرجة القطعیة) و تاوانبار ئازاد دەکرێت، بەڵام ئەگەر دادگای تەمیز بەپێچەوانەوە بڕیاری دادگای تاوانی پەسەند نەکرد ئەوا ناوبراو سزا دەدرێت بەپێی یاسا، بۆیە تا دادگای تەمیز بڕیاری کۆتایی خۆی دەدات ناوبراو دەمێنێتەوە لە بنکەی چاکسازی.

لە کاتی مانەوەی لە بنکەکانی گرتن و گواستنەوە باسیمە دەروێش هەموو مافێکی یاسایی هەبوو، دیارە پرۆسەی دادگایی کردن لە هەر سیستەمێکی یاسایی لە هەر وڵاتێکدا بێت قورسە و کاتی زۆری دەوێ بەتایبەتی ئەگەر هاتوو کەیسەکان پەیوەندییان بە ئاسایشی نیشتمانییەوە هەبێت، سیستەمی یاسایی هەرێمی کوردستان چەند رێوشوێن و رێکاری یاسایی هەن پێویستە کە پەیڕەو بکرێن لە کاتی یەکلا کردنەوەی کەیسەکاندا، بۆیە لایەنە پەیوەندیدارەکان وەک هەر دەستگیرکراوێک مامەڵەیان لەگەڵ کەیسی باسیمە دەروێشدا کردووە و هەموو مافێکی یاسایی پێ بەخشراوە بەپێی یاسا وەک دابینکردنی پارێزەر و رێگادان بە سەردانی کەسوکاری، هەروەها رێکخراوە مرۆییەکانیش بە بەردەوامی سەردانیان کردووە و بەدواداچوونی وردیان بۆ ئەم کەیسە کردووە.

سیستمی یاسایی لە کوردستان رێرەوی خۆی گرتووە و دەسەڵاتی دادوەری بێلایەنە و پابەندە بە جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی پرنسیپەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، ولەم بوارەوە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگاخۆشکەر بوونە بۆ ئەوەی مافی یاسایی هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەدات و بەبێ جیاوازی مسۆگەر بکەن.

سێیەم: ئازادی هاتوچۆی راگوێزراوەکان

دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان رێگا لە هاتوچۆی ئاوارە و پەناباران ناگرن، بەڵام بە هۆی بەردەوامی شەڕی داعش و مەترسی ئەمنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هەندێک ڕێوشوێنی ئەمنیان گرتووەتەبەر بەتایبەت لە هەندێ ناوچەى دیاریکراو کە زۆرترین مەترسی دزەکردنی تیرۆریستانی لەسەرە، ئەم ڕێوشوێنانەش زیاتر بۆ هاووڵاتییە عەرەبەکانە بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە دزەکردنی تیرۆریستان بۆ ناو کوردستان، خاڵەکانى پشکنین دوابەدواى وردبینکردن لە دۆکیومینتەکانى ئەو خێزانانە و دڵنیابوون لە بێتاوانیان لەلایەن هۆبەى خاڵەکانى پشکنینەوە بە ئۆتۆمبێلى تایبەت کە لەلایەن رێکخراوە مرۆیىەکان و کۆمەڵگەى مەدەنیەوە ئامادەکراون دەگوازرێنەوە بۆ کەمپەکان.

لە نێو کەمپەکانیشدا لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی کەمپەکان چەند رێوشوێنی تایبەت دەگرنە بەر بۆ هاتوچۆی راگوێزراوان بۆ دەرەوەی کەمپەکان تەنانەت مۆڵەتی ئەوەشیان پێ دەدرێت کە لە شارەکاندا کار بکەن و لەم رووەوە ئاسانکاری زۆریشیان بۆ دەکەن، بەشێوەیەکی گشتی ئاوارە و راگوێزراوان ئازادن لە هاتوچۆ کردن و بنکەی تەندروستییان هەیە، بەڵام هەر کەسێک پێویستی بە چارەسەر بێت و لە کەمپەکە چارەسەر نەکرێت ئەوا دەنێردرێنە نەخۆشخانەکانی پارێزگاکانی هەرێم بۆ چارەسەر کردن.

سکرتاریەتی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان

٢٣/٢/٢٠١٧

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu