ساڵێکی دیکەی پەیگیری و بەردەوامی خەبات لەپێناو یەکسانیدا ... بەبۆنەی ٨ ی مارسەوە

دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەی خێڵەکی و پیاوسالاری بۆرژوازی کوردو یاسا سەرچاوەگرتوەکان لە ئاینی ئیسلام ماوەی ٢٥ ساڵە ژنانی کوردستانیان رووبەڕووی بێمافی و شکاندنی کەسایەتی و توندوتیژی و کوشتن لەسەر ناموس، کردۆتەوە. پایەی ژنان لەناو خێزان و کۆمەڵگادا بەشێوەیەکی ترسناك بەرەوخوار براوە. دەسەڵاتی حزبی ناسیۆنالیستی میلیشیایی و قەیرانی ئابوری و شەڕی داعش و ئاوارەیی، ئەوەندەی دیکە باری سەرشانی ژنانی گرانتر و سەختتر کردوە. دەستدرێژی سێکسی بۆسەر ژنان لەلایەن هێزە تیرۆریست و کۆنەپەرستەکانەوە، بەکارهێنانی باری نالەباری ئاوارەیی و راکێشانی ژنان بۆناو کاری لەشفرۆشی، یان رەواجدان بە زەواجی کچانی خوار تەمەنی یاسایی، بوەتە دیاردەیەکی بەربڵاو ترسناك کە جێگاوڕێگاو کەسایەتی ژنان دەهاڕێت. لەلایەکی دیکەوە باری سەختی ئابوری و نەداری و هەژاری گرفتەکانی ژیان و گوزەرانی خێزانە کرێکاری و کەمدەرامەتەکان لە هەلومەرجی قەیرانگرتووی کوردستاندا قورساییەکەی بەسەر شانی ژناندا شکاوەتەوە، بێجگە لەوەی کە بەشێکی ژنانی کرێکارو کارمەند لەپاڵ هەڵگرتنی باری سەختی خێزانەکانیاندا خۆشیان رووبەڕووی بێکارکردن و بڕینی کرێ و مووچەکانیان بونەتەوە و کێشەکانیان دوقات بووە.

سەرباری ئەو هەموو بەربەست و رێگریە کۆمەڵایەتی و یاسایی و کەلتوریانەی لەپێش ژنان دانراوە، سەرباری ئەو جەنگە رانەگەیەنراوەی دژ بە ژنان کە ساڵانە چەندین کەسیان دەکاتە قوربانی، بەڵام ژنان دەستبەرداری خەبات نەبوون بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و بەرگریکردن لە کەسایەتی و شکۆی مرۆیی و کۆمەڵایەتی خۆیان و شکاندنی رێگری و بەربەستەکانی بەردەم ئازادی و گەیشتنیان بە یەکسانی کۆمەڵایەتی. ژنانی کرێکارو فەرمانبەرو مامۆستا شانبەشانی هاوڕێ پیاوەکانیان لە ناو ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان و مەیدانی خەبات بۆ وەرگرتنەوەی مافە سیاسی و ئابوریە زەوتکراوەکانیان قایم و جەسورانە راوەستان. بەشداری چالاکانەی ژنان لە خەباتی گشتی و جەماوەریدا ئەو بۆچوونە پیاوسالاری و کۆنەپارێزانەیەی فڕێدایە کەنارەوە کە ژنان وەکو هاوڵاتی پلەدوو تەماشا دەکات و پێیان وایە کە دەبێ ژنان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا لەدوای پیاوانەوە سەرەبگرن و پلەیەك لەخوار ئەوانەوە رابوەستن!

هەشتی مارس کە بۆنەیەکی خەباتکارانەی ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازی جیهانە و نیشاندەری زوڵمی سەرمایەداری و بۆرژوازیە دژی ژنان، هاوکات سیمبوڵی وەستانەوەی ژنانیشە دژی ئەو زوڵمە. لە کوردستانیش هەمان ماناو ناوەرۆکی هەڵگرتوە. سەرباری رێگریەکان و هێرشی هێزە بۆرژواییە کۆنەپەرستەکانی کوردایەتی و ئیسلامی سیاسی بۆسەر بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، بەڵام ٨ی مارس وەکو رۆژی جیهانی خەباتی ژنان دژی نایەکسانی و بۆ ئازادی لەناو کۆمەڵگادا ریشەی داکوتاوە.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢/٣/٢٠١٧

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu