مه‌نسوور جیهانی ـ "عه‌باس غه‌زالی" که‌سایه‌تی چالاکی فه‌رهه‌نگی هه‌رێمی کوردستان، سه‌باره‌ت به دکتۆر "محەممەد عەلی سوڵتانی" نووسه‌ر، لێکۆله‌ر، توێژه‌ر و مێژوونووسی ناوداری کورد جه‌ختی کرده‌وه: ئه‌م کەسایەتییه بەرز و به‌رجه‌سته زانستییه، بژاردەیەکە کە لە بواری مێژوو، کەلتوور و ئەدەبیاتی کوردستاندا، بە تایبەتی لە مێژووی کرماشان وەک ناوەندی شارستانیەتی کورد، کاری زانستی زۆر و گرانی پێشکەش کردووە.
"عه‌باس غه‌زالی" که‌سایه‌تی چالاکی فه‌رهه‌نگی و ئه‌ندامی به‌رچاو و ڕاوێژکاری فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری پارتی دیموکڕاتی کوردستانی عێراق و نوێنه‌ری پێشووی په‌ڕله‌مانی هه‌رێمی کوردستان؛ به بۆنه‌ی بەناوکردنی یه‌کێک له شه‌قامه سه‌ره‌کییه‌کانی شاری ڕوانسەر بە ناوی دکتۆر "محەممەد عەلی سوڵتانی" نووسه‌ر، لێکۆله‌ر، توێژه‌ر و مێژوونووسی ناوداری کرماشانی، وتارێکی نووسیوه که ده‌قی ته‌واویی ئه‌م وتاره سه‌باره‌ت به‌م ئەدیبە مەزنه کورده له خواره‌وه‌دا هاتووه:
«بە بۆنەی بەناوکردنی شەقامێک لە شارە جوانەکەی ڕەوانسەر بە ناوی باوکی مێژووی کرماشان، ڕێزدار جەنابی دکتۆر محەمەد عەلی سوڵتانی، کە لە ناو دڵی گشت ڕووناکبیران و کۆمەڵگەی زانستیی کوردستاندا جێگەیەکی تایبەتی هەیە، بە پێویستی دەزانین سوپاسی وەفاداران و خاوەنانی ئەو بیرۆکە بەجێیە و بەشدارانی ڕێزدار لەو کارەدا بکەین کە بەو کارەیان هەموومانیان دڵخۆش کرد.
مامۆستای هێژا جەنابی دکتۆر "محەممەد عەلی سوڵتانی" وەک کەسایەتییەکی بەرز و زانستیی کوردستان، بژاردەیەکە کە لە واری مێژوو، کەلتوور و ئەدەبیاتی کوردستاندا، بە تایبەتی لە مێژووی کرماشان وەک ناوەندی شارستانیەتی کورد، کاری زانستی زۆر و گرانی پێشکەش کردووە کە هەمووی لێکەوتی تەمەنێک سەختی کێشان و هەوڵی بێ وچان بووە. لەو ڕووەوە بوونی بەڕێزیان لەو شارەدا، کە خاوەنی شوناسگەلێکی وەک شوناسی جوغرافیایی، مێژوویی، ئابووری و فەرهەنگییە، شوناسێکی دیکەی کۆمەڵایەتیشی پێداوە و تەواوی کوردستان شانازی بەو شوناسەوە دەکات.
لە ڕاستیدا بەڕێزیان بەو کارانەی کە بۆ کرماشان کردوونی؛ نەک هەر دەبوو لەو پارێزگایەدا شوێنێکی بەناو بکرێت، بەڵکوو شایانی ئەوەیە کە لە هەولێر و شارەکانی دیکەشدا شوێن و ناوەندی زانستی بەناوی ئەو کەسایەتییە مەزنە بێت.»
عەباس غەزالی
هەرێمی کوردستان – هەولێر
16/4/2024