"کچانی خۆر" فیلمی ده‌ستپێکی یه‌که‌‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" لە ڕووسیا

مه‌نسوور جیهانی ـ به فیلمی سینه‌مایی "کچانی خۆر" له‌ ده‌رهێنانی "ئێوا هوسۆن" و به‌ ده‌ورگێڕانی "گوڵشیفته‌ فه‌راهانی"؛یه‌که‌‌مین خولی فێستیڤاڵیفیلمی کوردی "مۆسکۆ" لە سینەما "ئۆکتۆبەر" لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی ڕووسیا ده‌کرێته‌وه‌.

فیلمی سینه‌مایی "کچانی خۆر" Girls of the Sun له‌ ده‌رهێنانی "ئێوا هوسۆن" Eva Hussonو به‌ ده‌ورگێڕانی "گوڵشیفته‌ فه‌راهانی" ئه‌کته‌ری ناوداری سینه‌مای ئێران و جیهان، به‌رهه‌می وڵاتی فه‌ره‌نسا له‌ کاتژمێر 20ی سبه‌ی چوارشه‌مه‌ ٢١ی جوولایی ٢٠٢١ له‌ رێوڕه‌سمی کردنه‌وه‌ و به‌شی "نمایشی تایبه‌تی"یه‌که‌‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" لە هۆڵی ژماره ١١ی ناوەندی سینەمایی "ئۆکتۆبەر" لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا ده‌چێته‌ سه‌ر په‌رده‌.

فیلمی سینه‌مایی "کچانی خۆر" به‌ ناوه‌رۆکی خه‌بات و به‌رخۆدانی کچانی کوردیی کۆبانێ له‌ دژی گروپی تیرۆریستی داعش؛ له‌ یه‌که‌مین به‌شداریی نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا له‌ به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی حه‌فتاویه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "کان" له‌ وڵاتی فه‌ڕه‌نسا، چووه‌ سه‌ر په‌رده‌ و پێشوازییه‌کی بێوێنه‌ی لێکرا.

"ئێوا هوسۆن" له‌ وتووێژه‌کانی خۆیدا له‌گه‌ڵ ده‌زگاکانی راگه‌یاندن، ئاگاداربوون له‌ کرده‌وه‌ی نامرۆڤانه‌ی داعش له‌گه‌ڵ ئێزه‌دییه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق و به‌سه‌رهاته‌ خه‌مناک و دڵته‌زێنه‌کانی ژنان و کچانی به‌دیلگیراوی کوردی به‌ ئه‌نگێزه‌ی سه‌ره‌کیی خۆی له‌ باس کردنی ئه‌م بابه‌ته‌ گرینگه ناو برد.

به‌ گوته‌ی ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ ناوداره‌ فه‌ڕه‌نسییه‌، ئازایه‌تی و بێباکی و له‌خۆبردوویی ژنانی کورد له‌ خه‌باتی چه‌کدارانه‌ له‌گه‌ڵ داعش به‌ڕاستی کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و هه‌بوو، هه‌ر به‌م هۆیه‌ش بڕیاریداوه‌، چه‌ند گۆشه‌یه‌ک له‌م خه‌باته‌ قاره‌مانانه‌یه‌ وێنه‌ بگرێت.

"ئێوا هوسۆن" باوه‌ڕی وایه‌ که‌ "کچانی خۆر" له‌و ده‌گمه‌ن فیلمه‌ جه‌نگیانه‌یه‌ به‌ ته‌وه‌ری ئافره‌ت که‌ وێنه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ له‌ رووداوه‌کانی ئه‌م کاره‌ساته‌ مرۆڤانه‌یه‌ ئاراسته‌ ده‌کات؛ له‌ هه‌مان کاتیشدا، په‌یامێکی ئه‌رێنی هه‌یه‌ و باسی شایسته‌یی و لێهاتوویی و تواناییه‌کانی ژنان ده‌کات.

"ئێوا هوسۆن" یه‌کێکه‌ له‌ سینه‌ماکارانی ژنی ناوداری سینه‌مای فه‌ڕه‌نسا و به‌رهه‌م گه‌لێکی دره‌وشاوه‌ی وه‌کوو؛ "به‌ هیوای مردن"Hope to Die، "بۆ ئه‌وانه‌ی که‌ هه‌میشه‌ ئاڵۆزن" و "به‌نگ گه‌نگ"Bang Gangی له‌ کارنامه‌ی پیشه‌یی خۆیدا هه‌یه‌.

"ئێمانۆئێل به‌ره‌کات" Emmanuelle Bercotئه‌کته‌ری گه‌نجی فه‌ڕه‌نسی و براوه‌ی خه‌ڵاتی چڵه‌ خورمای زێڕینی باشترین ئه‌کته‌ری فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "کان"ی فه‌ڕه‌نسا، یه‌کێکه‌ له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی که‌ له‌م پڕۆژه‌ سینه‌ماییه‌دا به‌شداری کردووه‌، ئه‌و ده‌وری "ماتیلده‌" په‌یامنێری جه‌نگی ده‌گێڕیت که‌ چاوه‌ری ئه‌م رووداوه‌ تاڵ و خه‌مبارانه‌یه‌ و په‌یوه‌ندییه‌کی نزیکی له‌گه‌ڵ "به‌هار" به‌ ده‌ورگێڕانی "گوڵشیفته‌ فه‌راهانی" هه‌یه‌. له‌ فیلمی "کچانی خۆر"دا که‌ له‌ وڵاتانی فه‌ڕه‌نسا و گورجستان وێنه‌ی گیراوه‌، گروپێک له‌ هونه‌رمه‌ندانی نێونه‌ته‌وه‌یی و ئه‌کته‌ره‌کانی ناوچه‌یی به‌شداریان کردووه‌.

یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" MKFFبە بەرپرسیاریی خاتوو "گولیزەر گەردەن زەری" GulizerGerdenzeri، بە مەبەستی ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ و مێژووی کوردەکان و هەروەها ژیانی مۆدێڕنی ئەم نەتەوەیە، بە چاودێری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە نمایشی 15 فیلمی سینەمایی و 20 کورتە فیلمی چیرۆکی و بەڵگەفیلم لە سینەماکارانی هەر چوارپارچەی کوردستان و وڵاتانی جیهان و هەروەها بە پشتیوانی "کارۆ ئاڕت" KARO. Art لە ڕۆژانی 21 تا 25ی جوولای 2021 لە هۆڵەکانی ناوەندی سینەمایی "ئۆکتۆبەر" لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بەڕێوەدەچێت.

بۆ زانیاری زیاتر:

www. moscowkff. ru

تره‌یله‌ری فیلمی سینه‌مایی "کچانی خۆر":

https://www. youtube. com/watch?v=-YESTC7Pt6s&t=16s

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu