25-02-2008 18:30

نوێنه‌ری سه‌رۆك قه‌زافی سه‌ردانی باشووری كوردستانی كرد ... كاوه‌ ئه‌مین


نوێنه‌ری سه‌رۆكی شۆڕشی لیبی موعمه‌ر قه‌زافی،سلیمان عوسمان، سه‌ردانی باشووری كوردستانی كرد، به‌ گوێره‌ی هه‌واڵه‌كانی ئه‌لوه‌ته‌ن. نوێنه‌ری قه‌زافی پاش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی حوكوومه‌تی كوردستان (سلێمانی) گفتوگۆی كرد،سه‌ردانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هیدی كرد.
نوێنه‌ری سه‌رۆك قه‌زافی ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌وان ناوی شه‌قامێكی شاری ته‌رابلوس به‌ ناوی هه‌ڵبجه‌ی شه‌هیده‌ و ناوده‌نێنن. هه‌ره‌وه‌ها له‌ ژێر كاریگه‌ری ئه‌و تاوانه‌ نامرۆڤانه‌یه‌ی عێراق به‌ دژی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ سلیمان عوسمان وتی "كاتێك ده‌بینم ئه‌م تاوانه‌ له‌لایه‌ن ڕژێمێكی عه‌ره‌بییه‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌، شه‌رم ده‌كه‌م له‌وه‌ی كه‌ عه‌ره‌بم".
به‌ڵێ،ئه‌وه‌ یه‌كه‌م جار و ڕه‌نگه‌ دواجاریش نه‌بێت كه‌ لیبیا و سه‌رۆكه‌كه‌ی قه‌زافی پشتیوانی له‌ گه‌لی كورد ده‌كه‌ن و به‌ ئاشكرا ده‌ڵێن كوردیش مافی خۆیه‌تی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆی دامه‌زرێنێ. به‌لآم سه‌رۆكه‌كانی "خۆمان" ڕۆژ تا ئێواره‌ ته‌پڵی برایه‌تیه‌كی درۆزنانه‌ لێ ده‌ده‌ن. به‌ڵێ برایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ ئه‌و قسانه‌ی قه‌زافیی بوو كه‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وپێش وتی ئه‌گه‌ر كورد ده‌وڵه‌تی خۆیان دانه‌مه‌زرێنن،به‌ ته‌مای ئه‌وه‌ نه‌بن له‌ مه‌ولود نامه‌كه‌دا له‌تكه‌ نۆكێكیان به‌ر كه‌وێ.
جێگای بیرهێنانه‌وه‌یه‌ كه‌ قه‌زافی هه‌ڵوێستێكی ڕوون و ئاشكرای هه‌یه‌ له‌مه‌ڕ كورد له‌ كوردستانی گه‌وره‌دا. هه‌روه‌ك بینیمان له‌ كاتی سه‌ردانی سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌وكاته‌ی(1996) توركیا نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كان، ڕێگای دا به‌ لایه‌نگرانی (پكك پێشوو) له‌ ڕێپێوانێكدا به‌شداری بكه‌ن به‌ به‌رچاوی ئه‌ربه‌كانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆی ناڕه‌زایه‌تی ئه‌ربه‌كان و ته‌واوی توركیا.
برایه‌تی كورد و عه‌ره‌ب ده‌بێت له‌ لیبیاوه‌ ده‌ست پێ بكات و بكرێته‌ نمونه‌ نه‌ك له‌ سوریا و عێراقی ئه‌نفال و تاوان.