سـه‌فــه‌ر برینی خستۆته‌ سه‌ر ڕازیبوونم ….

 شیعری: حه‌مه‌شوان شه‌ریف

   Hamashwan1@hotmail. com

 19 07 05

  سوید- کونگێلف

سه‌فه‌ر

ئه‌ی برینه‌کانی خوێن لێڕۆیشتوم

که‌ئه‌تزانی من

 له‌ هه‌رزه‌یمدا قه‌ده‌ر به‌ دڵمه‌وه‌ نیشتۆته‌وه‌ و

ته‌وێڵم بۆ هه‌میشه‌ چرایه‌کی لێ دانه‌گیرساوه‌

 چاوم به‌س مه‌راقی ئه‌بینی و

به‌ خه‌مناکترین شێوه‌ لوول ده‌بوم

 تا ده‌نوستم!

ئاخر بۆ؟:

بۆ ئاوێکی ساردت له‌دوامه‌وه‌ ڕۆنه‌کرد

بۆ هه‌نجیرێکت نه‌ خسته‌ ده‌می تاڵمه‌وه‌

بۆ ئێوارانت بۆ کردمه‌ ناو بوخچه‌یه‌ک ئاگره‌وه‌!،؟.

سه‌فه‌ر

 ته‌نیا تاکه‌که‌سێک هه‌بێت له‌مردن هه‌ڵهاتبێت منم

به‌ڵێ ئـــا

گومانم لاشیرینه‌ و

 ژیان شیرین تره‌ بۆ به‌راورد!،

من له‌مێژه‌یاخی بووم و

 له‌ به‌ر خۆمه‌وه‌ گۆرانی بۆ به‌رد ده‌ڵێم

شه‌ڵاڵی تافگه‌یه‌کی ئه‌وینی وڵات تینووه‌ بۆ بینینم

کچێک به‌ به‌ جێهێڵانم

چه‌که‌ره‌یی کرد و

لــه‌تاو دووریم

 گوڵ له‌سه‌ر که‌مه‌ری ڕووا

 که‌چی دڵم

 ئاوڕێکی لێنه‌دایه‌وه‌!،

له‌ خۆم نابوورم

په‌پوله‌ ئاسا

 من ده‌بێ وه‌رزێک بژیم

تا ماسیه‌کانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ پێکه‌نین له‌لێویانه‌وه‌

نه‌یبه‌ستێ!.

من. . . منی له‌ت *

ڕووبارێ ناسکیم لێده‌ڕژێ و

به‌دیار نیگایه‌که‌وه‌ شکاوم!؟.

سه‌فه‌ر پرواندومی و دڵم هه‌ر ده‌یه‌وێ لێبدات!،

تۆ باوه‌ پیاره‌م سه‌فه‌ر

 خاڵیت کردمه‌وه‌ له‌ پێکه‌نین

له‌ڕوانینی جوانی سروشتدا چاره‌که‌سه‌ده‌یه‌ک دواتخستم

له‌ کانی ولێوی ئافره‌تدا

 نه‌تهێڵا ماجێسته‌ره‌که‌م درێژه‌پێبه‌م و

سیمای ڕۆزیایی کچم* سیمبوڵێکی گه‌یومبێ بۆ ئاکام!

سه‌فه‌ر

 له‌کوێوه‌ ڕۆشیتم. . له‌دوامه‌وه‌ مه‌یه‌!

من به‌رپێم ئاگره‌

له‌هه‌ر شوێنێ بمه‌وێ له‌شی بێئومێدم ڕاده‌خه‌م و

تۆزقاڵێک ئه‌ستێره‌یه‌ک له‌جێگه‌ی خۆی ناجوڵێنم

له‌ خۆرێک ناپاڕێمه‌وه‌ گه‌رمی بدات به‌له‌شی به‌ستووم

له‌ دوای منداڵه‌ برسیه‌کانه‌وه‌ ڕێده‌که‌م و

سرووده‌کانی نان ده‌جووین و تف بۆ سوڵتان ڕۆده‌که‌ین

ئافه‌رم میله‌ت

له‌دروێنه‌ی گه‌نمه‌کان و گه‌ڵاشکێنی سپێده‌تان

خۆشبوون!

 له‌و شۆڕشه‌ داگیرساوه‌ دا

 چ؟ شتێکی به‌هاتان بۆ هێناوین

له‌و کوانه‌دا

 له‌ خۆڵه‌مێش زیاتر!؟.

به‌ خوێنی ڕژاوی شه‌هیده‌کان

 ئاڵایه‌کتان به‌رزکرده‌وه‌ که‌ بڕبوو له‌ جوامێری و

میهره‌بانی

ئه‌فسوس به‌ شه‌رمه‌وه‌ له‌ دڵی ئاسماندا هه‌ڵیده‌که‌ن!،

ئافه‌رم گه‌ل

کوا زانیوتانه‌ چ دوژمنێک سێبه‌رتانه‌!

کوا ئه‌وه‌نیه‌ نا تانبینم

لافاوی ده‌نگتان بڕژێته‌ سه‌ر شۆسته‌کان

کوا؟ نا تانبینم

گڕتان نابێ به‌کلکی ئه‌و پیاوه‌ی واینیازه‌

بێبه‌سوڵتانی ئه‌نفال. . . . .

سه‌فه‌ر

 به‌ ڕقه‌وه‌ تێم مه‌ڕوانه‌ و

تۆپه‌ڵه‌ به‌فری ئه‌م بیرکردنه‌وانه‌م مه‌توێنه‌ره‌وه‌

من

 ئومێد له‌ دڵمه‌وه‌ ده‌ڕژێ بۆ ئه‌وێ!

ئازار له‌سه‌ر ده‌ستم ده‌نوێ و

تۆش ئه‌ی سه‌فه‌ر

هێور هێور خوێنم بکه‌ره‌ ناو ئه‌و شووشه‌یه‌یی

به‌ گه‌وره‌یی لێ ینوسراوه‌

 مه‌راق

 م ه‌ ر ا ق. . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . .