ده‌بێ قائیمقامی كه‌لار ده‌ست به‌جێ، ده‌ست له‌ كار بكێشێته‌وه‌!

 

ئیمڕۆ له‌ شاری كه‌لار نزیكه‌ی  2000 كه‌س خۆپیشاندانیان كرد بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كاره‌با. پاش ماوه‌یه‌ك قائیمقامی شاره‌كه‌ ویستی قسه‌ بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ بكات، به‌ڵام درایه‌ به‌ر به‌رد و ئه‌ویش شوێنه‌كه‌ی به‌جێهێشت. پاشان ئه‌مری ته‌قه‌كردن درا و پۆلیسه‌كان كه‌وتنه‌ ته‌قه‌كردن به‌سه‌ر خه‌ڵك، به‌ڵام خۆپیشاندانه‌ توڕه‌كان كه‌وتنه‌ شكاندن و سوتاندنی ئارمه‌كانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی گه‌رمیان و ئاگریان به‌ردایه‌ ئۆتۆمبیلێكی به‌رازیلی و موبه‌ریده‌ و سپلیته‌كه‌یان سوتاند، ئارمی رادیوی ته‌واریان شكاند، ئازادی لاوان و كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی سه‌ر به‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان. كاتێ پۆلیس ئاگركوژانه‌وه‌ له‌ به‌ردهه‌ڵدان له‌ دژی خۆپیشانده‌ره‌كان به‌شدارییان كرد، جه‌ماوه‌ره‌كه‌ ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌ی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی گه‌رمیانیان شكاند. له‌م كاته‌دا خه‌ڵكه‌كه‌ش هه‌ر درێژه‌یان ده‌دا به‌ درووشم و بانگه‌وازی: (ده‌بێ قائیمقام ده‌ست له‌ كار بكێشێته‌وه‌…دزه‌كان…دزه‌كان…دزه‌كان…كاره‌با…كاره‌با …كاره‌با) له‌ سه‌رئه‌نجامی ته‌قه‌كردن له‌ خه‌ڵك تا نووسینی ئه‌م راپۆرته‌، 4كه‌س برینداركران (ئێستا هه‌واڵی شه‌هیدبوونی خۆپیشانده‌رێك و ده‌ستگیركردنی نزیكه‌ی 25كه‌س، گه‌یشت) .

سه‌رده‌می به‌عس نه‌ما و ته‌قه‌كردن له‌ خه‌ڵكی بێ دیفاع، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و به‌رپرسانه‌ هێشتا نه‌ك هه‌ر له‌ ئه‌زموونی دیموكراسی تێنه‌گه‌یشتوون، بگره‌ هێشتا به‌عس ئاسا ره‌فتارده‌كه‌ن، بۆیه‌ ده‌بێ ئه‌وانه‌ی فه‌رمانی ته‌قه‌كردنیان داوه‌، ده‌ستبه‌جێ له‌ كار ده‌ربكرێن و بۆ به‌رده‌م دادگا راپێچ بكرێن!

ئه‌وه‌ی ته‌قه‌ له‌ خه‌ڵك بكات، دوژمنی خه‌ڵكه‌ و ده‌بێ به‌ توندترین شێوه‌ سزا بدرێت!

 

سه‌لام عه‌بدوڵا

كه‌لار