دیمانه‌ له‌گه‌ڵ  هونه‌رمه‌ند چۆپی .... سازدانی هه لكه وت زاهیر

 

چۆپی هونه‌رمه‌ند یه‌کێکه‌ له‌و ده‌نگخۆشانه‌ی که‌ توانی له‌ ماوه‌یه‌کی که‌مدا به‌ چه‌ند به‌رهه‌مێکی هونه‌ری ره‌سه‌ن، جێی خۆی له‌ دڵی جه‌ماوه‌ری کوردستاندا بکاته‌وه‌ و توانیویه‌تی هه‌نگاوێکی باش بنێ، وتنی گۆرانی به‌ زمانی ئینگلیزی که‌ خزمه‌تکردنه‌ به‌ کولتوور و هونه‌ری کوردی بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له‌ رێی کاره‌ هونه‌رییه‌کانه‌وه‌ میلله‌تی کورد به‌ جیهان ئاشنا بکات.

هه لكه وت: چۆن هاتیته‌ دنیای هونه‌ره‌وه‌ و کێ هانده‌رت بووه‌؟

وه‌ڵام: له‌ ته‌مه‌نی 13 ساڵیدا چوومه‌ قوتابخانه‌ی ده‌نگ له‌ هۆڵه‌ندا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم به‌شیوه‌یه‌کی زانستییانه‌ شاره‌زایی له‌و بواره‌دا په‌یدا بکه‌م، له‌وێ زیاتر له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بووم تۆنه‌کانم پاک بکه‌مه‌وه‌ و هه‌ندێک له‌ سه‌ره‌تاکانی ئه‌و زانسته‌ فێربم، بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ له‌و قوتابخانه‌یه‌دا به‌رده‌وام بووم و دواتر ساڵێک وانه‌ی موزیکم خوێند"کیبۆرد". له‌ ته‌مه‌نی 16 ساڵیدا به‌ رێگه‌ی هونه‌رمه‌ند "جواد" ه‌وه‌ که‌ سترانبێژێکی کوردستانی باکووره‌، له‌گه‌ڵ "کۆما به‌رخۆدان" ئاشنا بووم و دواییش چوومه‌ ئه‌کادیمیای کوردی له‌ ئه‌ڵمانیا و هه‌ر له‌وێش به‌ مامۆستا وریا ئه‌حمه‌د ئاشنا بووم و یارمه‌تی زۆری دام تا چوومه‌ "Medya TV" بۆ یه‌که‌م جار له‌ پرۆگرامی شانشین به‌شداریم کرد که‌ به‌ڕێزان شاسوار پێشکه‌شی کرد. هانده‌ره‌کانم باوکم به‌ پله‌ی یه‌که‌م و مامۆستا وریا ئه‌حمه‌د و هونه‌رمه‌ند بورهان موفتی بوون.

هه لكه وت: چۆن ئه‌ڕوانیته ئه‌مڕۆی‌ هونه‌ری مووزیک و گۆرانی کوردی؟

وه‌ڵام: گه‌شه‌کردنێکی به‌رجاوی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، هیوادارم له‌ داهاتوویه‌کی نزیکدا، سانسۆرێک بۆ به‌رهه‌مه‌ به‌ پێزه‌کان دابنرێ و ئاهه‌نگ و کۆنسێرته‌کانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش باشتر رێکبخرێن و بایه‌خ به‌ چۆنییه‌تی کاری هونه‌ری بدرێت، نه‌ک زۆر و بۆر.

هه لكه وت: چ به‌ پێویست ئه‌زانی بۆ پێشخستنی هونه‌ری کوردی؟

وه‌ڵام: له‌ کوردستانه‌وه‌ زۆرتر بایه‌خ به‌ هونه‌ر بدرێت و ئه‌و کاره‌ش هه‌موومان به‌رپرسیارین لێی، کاری هه‌موومانه‌ و که‌ هه‌وڵی گۆڕینی بده‌ین.

هه لكه وت: بۆچی ستایل له‌ گۆرانی کوردیدا ده‌ستنیشان نه‌کراوه‌؟

وه‌ڵام: نه‌ک ستایل به‌ ته‌نها، زۆر شتی تریش ده‌ستنیشان نه‌کراوه‌، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری ده‌توانێت له‌و بواره‌دا کاریگه‌ری هه‌بێت.

هه لكه وت: له‌ پێشوودا هۆنراوه‌ ده‌کرا به‌ گۆرانی، ئێستا تێکستی تایبه‌ت بۆ گۆرانی ئه‌نووسرێ، رای چۆپی هونه‌رمه‌ند چییه‌؟

وه‌ڵام: ئێستاش من هه‌ر "هۆنراوه‌" ده‌که‌م به‌ گۆرانی، به‌ڵام من پێموایه‌ هه‌ر به‌ تێکست ناوببرێت باشتره‌، بۆ نموونه‌ تێکستی حه‌یران هۆنراوه‌ نییه‌، وه‌ک و چۆن عه‌ره‌ب ده‌ڵین "کلمات".

هه لكه وت: چۆپی هونه‌رمه‌ند حه‌ز به‌ ده‌نگی کێ ده‌کات؟

وه‌ڵام: پێموایه‌ هه‌موو گۆرانیبێژێک هۆگر و گوێگری خۆی هه‌یه‌، رێژه‌کان جیاوازن، هه‌ندێک گۆرانیبێژ که‌ جیی خۆی ده‌کاته‌وه‌، مانای ئه‌وه‌یه‌ رێژه‌یه‌کی زۆر له‌ خه‌ڵکی ده‌نگی ئه‌ویان به‌دڵه‌، گۆڕینی ئه‌و رێژه‌یه‌، یا کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و گۆرانیبێژه‌ دانانرێت، چونکه‌ ئه‌وه‌ بڕیاری گوێگره‌، گوێگریش یه‌ک و دوان نین، ملیۆنن. کارگه‌ری له‌سه‌ر هونه‌ره‌که‌ی، خودی هونه‌رمه‌نده‌که‌ خۆی دایده‌نێت به‌ هه‌ڵسوکه‌وت و به‌ چالاکیه‌کانی که‌ تا چی راده‌یه‌ک کاریگه‌ری له‌سه‌ر خه‌ڵک داده‌نێت، له‌ هه‌ڵبژاردنی ئاواز و تێکست و دابه‌شکردنی گۆرانییه‌کانی و هه‌ڵبژاردنی موزیکژه‌نه‌کان و ستۆدیۆی ده‌نگ و. . . هتد. گه‌ر بڵێم گوێ له‌ هه‌موو گۆرانیبێژێک ده‌گرم ره‌نگه‌ درۆ نه‌بێت، ماوه‌یه‌ک گوێم زۆر له‌ سیلندیۆن ده‌گرت، له‌ ئاده‌م ره‌مادانیش که‌ واتێده‌گه‌م به‌ ئه‌سڵ ئه‌لبانییه‌. له‌ کوردیدا ده‌توانم بڵێم گوێ له‌ هه‌موویان ده‌گرم، هونه‌رمه‌ند عه‌دنان که‌ریم، زیاد ئه‌سعه‌د، شاریبان، فاتێ و، هونه‌رمه‌نده‌ نه‌مره‌کان، هونه‌رمه‌ندمان زۆرن ناوی چه‌ندین بڵێم هێشتا هه‌ر که‌مم وتووه‌.

هه لكه وت: دوا به‌رهه‌می هونه‌ریت چییه‌؟

وه‌ڵام: جگه‌ له‌وه‌ی 4 کلیپم له‌ژێر کاردایه‌ و هیوادارم یه‌ک له‌ دوای یه‌ک بڵاو ببنه‌وه‌، دوێنێش له‌ له‌نده‌ن گۆرانییه‌کم له‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ ئینگلیزی تۆمار کرد، گه‌ر له‌ لایه‌ن ته‌له‌فزیۆنه‌کانه‌وه‌ یارمه‌تی بدرێم به‌ ئه‌رشیفی هه‌ڵه‌بجه‌، بۆ ئه‌مساڵی یادکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه،‌ کلیپێک ده‌ربهێنم و ئه‌و کاره‌ساته‌ وه‌بیری جیهان بێنمه‌وه‌، هه‌روه‌ها خه‌ریکی ده‌رهێنانی" سی دی" یه‌کم.

هه لكه وت: بیرتان له‌وه‌ نه‌کردووه‌ته‌وه‌ گۆرانی ماوه‌ درێژ بڵێن، وه‌ک هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی عه‌ره‌ب ئوم که‌لسووم، گرفته‌کان چین، تێکست نووس نییه‌ یان گۆرانیبێژ؟

وه‌ڵام: تا ئێستا که‌س ئه‌و گۆرانییه‌ی بۆم دانه‌ناوه‌، به‌ڵام وا تێده‌گه‌م ئه‌وه‌ ته‌نها له‌ هونه‌ری عه‌ره‌بیدا هه‌بێت، لێره‌ له‌ ئه‌وروپا تا دێت گۆرانییه‌کان کورتتر ده‌بنه‌وه‌، هه‌ندێ گۆرانی له‌ چوار ده‌قیقه‌ که‌متره‌.

هه لكه وت: وه‌ک هونه‌رمه‌ندێک، په‌یامتان بۆ هونه‌رمه‌ندان چییه‌؟

وه‌ڵام: با ململانێکانمان بۆ ملشکاندنی یه‌کتر نه‌بێت، با له‌ پێناوی پێشخستنی هونه‌ری کوردیدا بێت.

هه لكه وت: دوا وته‌تان چییه‌؟

وه‌ڵام: ده‌ستان خۆش بۆ خزمه‌تکردنی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و وشه‌ی کوردی، رێزم بۆ خوێنه‌رانی ئه‌م چاوپێککه‌وتنه‌ هه‌یه‌.