"هه‌ولێر" به‌ دوعا، اهلا بـ"اربیل"! ... مه‌هاباد کوردی

 

جارێک عه‌ره‌بێکی عێراقیی ڕه‌گه‌زپه‌رست، د. عه‌لی ناوێک، له‌ سوێده‌وه‌ ته‌له‌فۆنێکی بۆ که‌ناڵی شۆڤێنیستی "ئه‌لجه‌زیره‌"ی قه‌ته‌ری کرد. کابرا له‌مه‌ڕ پرسی کورد و چه‌ند پێشهاتێکی ناوچه‌که‌ گه‌لێ درۆی گه‌وره‌ی له‌ شێوه‌ی بیروڕا به‌سه‌ر بینه‌راندا سه‌پاند. بێگومان ئاماده‌که‌ری به‌رنامه‌که‌ی که‌ناڵی ناوهاتووش به‌ پێنج په‌نجه‌ بیانوو و درۆیه‌کانی بۆ مۆر ده‌کرد. یه‌ک له‌ درۆیه‌کانی ئه‌م عه‌لی ناوه‌ ئه‌وه‌بوو، که‌ گوایا سه‌رکردایه‌تی کورد زیره‌کانه‌ ده‌ستی کردووه‌ به‌ "به‌کوردیکردنی" ناوچه‌ و شار و ده‌ڤه‌ره‌ جوداکانی "باکووری عێراق"، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا ئه‌م شوێنانه‌ ببن یا بکرێن به‌ به‌شێک له‌ کوردستان. ئه‌و پێی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داده‌گرت که‌ هه‌ولێر قه‌ت ناوه‌که‌ی "هه‌ولێر" نه‌بووه‌ و هه‌ر "ئه‌ربیل" بووه‌ و، کورد ده‌ستیان کردووه‌ به‌ "ته‌کرید"کردنی شاره‌که‌ و، ناوه‌که‌شیان گۆڕیوه‌ بۆ "هه‌ولێر" که‌ چ مانایه‌ک ناگه‌یه‌نێت. تا ئێره‌ قسه‌کانی ئه‌م عه‌ره‌به‌ مێشک بۆگه‌ن و به‌عسییه‌ ته‌واو بوو. ئینجا دوای هێنانه‌وه‌ی ئه‌م تێڕوانینه‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌، شۆڕ ده‌بینه‌وه‌ بۆ ناواخنی بابه‌ته‌که‌مان که‌ په‌یوه‌ندی هه‌ر به‌ ناوی "هه‌ولێر"ه‌وه‌ هه‌یه‌. دیاره‌ من له‌ کورته‌نووسینێکی وادا باسێکی مێژوویی پێشکه‌ش به‌ خوێنه‌رانی هێژا و به‌هاگران ناکه‌م. ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ی بۆ بکه‌م، به‌ پله‌ی یه‌که‌م، گرێدراوی ناوی فڕۆکه‌خانه‌که‌ی شاری هه‌ولێره‌ نه‌ک شتێکی تر.

هه‌موومان چاک له‌ یادمانه‌ کاتێ بۆ یه‌که‌مین جار، یه‌که‌م فڕۆکه‌ی نه‌فه‌رهه‌ڵگر له‌ شاری هه‌ولێر و فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر نیشته‌وه‌، چه‌ند شاد و دڵخۆش بووین. ڕه‌نگه‌ زۆربه‌مان باش له‌ بیرمان مابێ، هه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌که‌م نیشتنه‌وه‌ی فڕۆکه‌ له‌م شاره‌دا، هاووڵاتییه‌کی کوردستانی و دووره‌وڵات و دانیشتووی ئه‌ڵمانیا، له‌ هه‌مان ڕۆژدا بوو به‌ باوکی کچێکی ژیکه‌ڵانه‌ و ناویشی نا "فڕۆکه‌"! ئه‌و برا کورده‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ حه‌زی له‌ ناوی "فڕۆکه‌" نه‌کردبێ، به‌ڵام هه‌ر له‌به‌ر خاتری ڕووداوه‌ خۆش و مێژووییه‌که‌ ناوێکی وه‌های بۆ کۆرپه‌ تازه‌ له‌ دایکبووه‌که‌ی خۆی به‌ باش زانیبێت.

ئێمه‌ یه‌که‌مین تابلۆی گه‌وره‌ی هه‌ڵواسراوی سه‌ر ده‌روازه‌ی سه‌ره‌کی فڕۆکه‌خانه‌ی هه‌ولێرمان بینی، که‌ به‌م شێوه‌یه‌ نووسرابوو: "فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر" و له‌ که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنیشدا، به‌ کوردستان تیڤی و ئه‌وانی تریشه‌وه‌، هه‌ر شتێکی وه‌ها ده‌گوترا و باس له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی هه‌ولێری نێوده‌وڵه‌تیش ده‌کرا. بێجگه‌ له‌م ناوه‌ شتێکی تر له‌ ئارادا نه‌بوو. که‌چی له‌پڕێکدا له‌ سایته‌کانی هه‌واڵ و ده‌نگوباس و ته‌له‌فزیۆنییه‌ ئاسمانییه‌کاندا، "فڕۆکه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ئه‌ڕبیل"، گوێمانی که‌ڕ و چاومانی کوێر کرد. ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا، به‌ر له‌وه‌ی هه‌ر ناوێکی دیکه‌ی لێ بنرێت، ئه‌وی ڕاستی بێ ڕازیکردنی دڵی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستی عه‌ره‌ب و ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌وڕۆی به‌غدایه‌ نه‌ک شتێکی تر. هه‌ر که‌سێکیش بڵێ وا نییه‌، بێگومان خۆی هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنێت، جا بیزانێت یان نا ئه‌مه‌یان کاری من نییه‌!

له‌ زۆر وڵاتان زمانی جیا جیا و نه‌ته‌وه‌ی جۆراوجۆر و ئایین و مه‌زبه‌هگه‌لی هه‌مه‌ڕه‌نگیش هه‌ن. دیاره‌ چ عه‌یبێک له‌مه‌دا نییه‌ و کارێکی سرووشتی و ئاساییشه‌. لێ ئه‌وه‌ی که‌ نائاسایی و ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ و ڕاسیستانه‌ و نامرۆڤانه‌شه‌، سه‌پاندنی به‌زۆره‌کی زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیاریکراوه‌ به‌سه‌ر ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌کی جودا له‌وی تر. کورد له‌م بواره‌دا ده‌رد و ئازارێکی زۆری کێشاوه‌ و، هه‌ر له‌ سه‌دان ساڵه‌وه‌ تاوه‌کو هه‌نووکه‌ش به‌ ده‌ستی وه‌ها ئازارێکه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت.

ده‌ک ئافه‌رین و هه‌زار جار ئافه‌رین بۆ سه‌رانی کورد که‌ ڕۆژانه‌ باس له‌ به‌ده‌ستهێنانی ده‌سکه‌وته‌ مه‌زنه‌کان ده‌که‌ن، هه‌ر بۆ نموونه‌ له‌ بابه‌تی پرسی ڕه‌شنووسی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق و گه‌لێکی تریش، که‌چی له‌ هه‌مان کاتدا ناتوانن له‌به‌ر چاوی گشت دنیا و عه‌ره‌به‌ چاوچنۆک و شۆڤێنیسته‌کاندا تابلۆیه‌ک به‌ کوردی، ناوی "فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر"، هه‌ڵبواسن! ئایا خه‌ڵکی هه‌ولێر به‌ چ ناوێک شاره‌که‌ی خۆیان ناسیوه‌ و ده‌ناسن؟! که‌ی ڕه‌وایه‌ تابلۆیه‌ک له‌ شارێک هه‌ڵبواسرێ که‌ دانیشتووانه‌که‌ی به‌م ناوه‌ ناوی نه‌به‌ن و نه‌یناسن؟! وا باوه‌ له‌ شارێکدا، له‌ شوێنێکدا، زمانی دایکی خه‌ڵک و دانیشتووان یه‌که‌م بێت و، بایه‌خیشی پێ بدرێت نه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. ئه‌ی ناڵێن کوردی بووه‌ به‌ زمانی فه‌رمی، له‌ته‌ک عه‌ره‌بی، له‌ "عێراقی فیدرال" که‌ ڕۆژانه‌ ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی حیزبه‌کانی کوردستان ده‌هۆڵ و زوڕنای بۆ لێ ده‌ده‌ن؟! خۆ هه‌ولێرییه‌کان "هه‌ولێر" به‌ "ئه‌ڕبیل" ناو نابه‌ن، تا سه‌رانی ئه‌مڕۆی ترسنۆکی کورد، بێ ئه‌وه‌ی له‌ خه‌ڵکی شاره‌که‌ش بپرسن، بچن به‌ که‌یفی دڵی خۆیان "ئه‌ڕبیل"ێک هه‌ڵبواسن و چ ڕێزێکیش بۆ جه‌ماوه‌ری ئه‌م شاره‌ و ته‌واوی کوردستانیش دانه‌نێن؟!

سه‌رانی کورد که‌ ڕازی بوونه‌ له‌سه‌ر گۆڕینی ناوی فڕۆکه‌خانه‌ی نێودوڵه‌تیی هه‌ولێر بۆ "فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ئه‌ڕبیل"، زانیویانه‌ که‌ ڕۆژێ له‌ ڕۆژان عه‌ره‌به‌ ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌کانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستی عێراق ڕوو له‌م شار و فڕۆکه‌خانه‌یه‌ ده‌که‌ن و ئێ خۆ ناشبێ ئه‌وان دڵیان بڕه‌نجێنرێ و، زویر و تووڕه‌ش بکرێن! ئه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ له‌م چه‌ند ڕۆژانه‌ی دواییدا، "برا عه‌ره‌به‌ سوننه‌"کان که‌ برای سه‌رکرده‌کانی کوردن نه‌ک برای گه‌لی کورد و، به‌ ڕاستیش پاشماوه‌کانی به‌عس و ڕژێمی ڕووخاوی کوردکوژ و ئه‌نفالچی و کیمیابارانن، به‌ فڕۆکه‌کانی هێڵی ئاسمانیی عێراقی له‌ هه‌ولێر ده‌نیشنه‌وه‌ و چاویان ڕۆشن و دڵیان شاد و که‌یفیشیان ساز ده‌بێت، کاتێک ده‌بینن وا ناوی کوردیی "هه‌ولێر" نه‌ماوه‌ و ناوی فه‌رمیی "ئه‌ڕبیل" جێگای گرتۆته‌وه‌ و، عه‌ره‌به‌کانیش هه‌ر به‌ هه‌مان ناو شاره‌که‌ ده‌ناسن؟! کارێکی وه‌ها ده‌سکه‌وته‌ بۆ ئه‌وان و شکستیشه‌ بۆ کورد و سه‌رانی. ئه‌و عه‌ره‌به‌ سوننانه‌، که‌ له‌به‌ر ڕێکنه‌که‌وتنیان ده‌گه‌ڵ شیعه‌کان، پشی پشی له‌ کورد و ڕێبه‌رانیان ده‌که‌ن، ئه‌گه‌رنا هه‌موومان باش باش ده‌زانین چاویان به‌ چ شتێک هه‌ڵنایه‌ت که‌ بۆنی کورد و خاکی کوردستانی لێوه‌ بێت، به‌ جارانیش به‌ دزی و به‌ ئاشکرا ئه‌م شته‌یان باس کردووه‌ و نه‌یانشاردۆته‌وه‌. ته‌نانه‌ت له‌ کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌کانیاشیاندا که‌ له‌ هه‌ولێر گرتوویانه‌، چه‌ند جار قسه‌گه‌لێکی وایان کردووه‌ که‌ به‌ چ شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ خواست و داوا و ئامانجه‌ ڕه‌واکانی دۆزی کورد له‌ باشووری کوردستان یه‌ک ناگرنه‌وه‌. ئه‌وان له‌ هه‌ولێری گه‌وره‌ و گراندا ئه‌م شاره‌ به‌ "بلده‌" ناو ده‌به‌ن. ئه‌گه‌ر هه‌ر که‌سێک ئه‌لفوبێی زمانی عه‌ره‌بی بزانێ، ده‌شزانێ به‌کارهێنانی ئه‌م وشه‌یه‌ خۆی له‌ خۆیدا بچووککردنه‌وه‌ی هه‌ولێر و ڕۆڵی هه‌ولێر و سه‌رجه‌می کوردستان و گه‌لی کوردیشه‌ له‌ ڕووی سیاسی و بواره‌ جیا جیاکانی تردا.

هه‌ندێک جار که‌ناڵه‌ کوردییه‌کان، بۆ نموونه‌ کوردستان تیڤی، خۆی له‌ به‌کارهێنانی ناوی "فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ئه‌ڕبیل" ده‌پارێزێت. له‌ جیاتی ئه‌م ناوه‌ش ده‌ڵێت: "فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر یان فڕۆکه‌خانه‌ی هه‌ولێری نێوده‌وڵه‌تی". من پێموایه‌ کارگێڕانی ئه‌م که‌ناڵه‌ ده‌یانه‌وێ یاری به‌ عه‌قڵی بینه‌ری هێژای کورد بکه‌ن، که‌ بێگومان له‌م کاره‌شیاندا ڕووڕه‌ش و شه‌رمه‌زار ده‌رده‌چن. ئه‌وان ئه‌گه‌ر ئازان و ڕاست ده‌که‌ن، با بچن یه‌خه‌ی سه‌ران و کاربه‌ده‌ستانی کورد بگرن و پێشیان بڵێن: ئێوه‌ ناماقووڵیتان کردووه‌ که‌ ئه‌م تابلۆیه‌تان هێناوه‌ته‌وه‌ خوارێ و له‌ شوێنیشیدا نووسیوتانه‌ "فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ئه‌ڕبیل"!

نه‌فره‌ت له‌ هه‌ر گه‌لێک که‌ نه‌توانێت به‌ها پیرۆزه‌کانی گه‌لێکی جودا له‌ خۆی په‌سند بکات!

ستۆکهۆڵم 10ـ9ـ2005 mehabadk@hotmail. com