كوردستان له‌ ئینته‌رنێتدا سه‌ربه‌خۆیه‌!! ... هه‌رده‌وان نه‌قشبه‌ندی *

 

ئه‌م ناونیشانه‌ توشی دڵه‌ رِاوكێتان نه‌كات. ئه‌مه‌ هه‌واڵێكی هه‌ڵه‌ نیه‌و درۆش نیه‌ چونكه‌ ئێستا مانگی نیسان نیه‌. من خۆم ئه‌م هه‌واڵه‌م دارِێژا له‌ ئه‌نجامی بینینی دوو سایتی به‌ناوبانگی ئینته‌رنێت یه‌كه‌میان سایتی: (www. onlinenewspapers. com) كه‌ یه‌كێكه‌ له‌سایته‌ به‌ناوبانگه‌كان و پێگه‌ی رِۆژنامه‌كانی جیهانی تێدایه‌. ئه‌م سایته‌ ناوی هه‌موو ولاَته‌كانی جیهانی پۆل پۆل دابه‌شكردووه‌ به‌پێی سنوری جوگرافی. ناوی هه‌رێمی كوردستان به‌جیا نووسراوه‌ وه‌ك هه‌موو ولاَتێكی تری سه‌ربه‌خۆی جیهان ئه‌مه‌ش ده‌گه‌رِێته‌وه‌ بۆ به‌هێزی رِۆژنامه‌كانی كوردستان له‌ناو ئینته‌رنێتدا هه‌ربۆیه‌ ناوی هه‌رێمی كوردستان به‌جیاو سه‌ربه‌خۆ نووسراوه‌ له‌نێو ولاَته‌كانی رِۆهه‌لاَتی ناوه‌رِاست. سایتی دووه‌میان سایتی بینینی كه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌كانی جیهانه‌ (www. wwitv. com) ئه‌م سایته‌ش یه‌كێكه‌ له‌سایته‌ به‌ناوبانگه‌كانی بینینی رِاسته‌وخۆی كه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌كانی جیهان لێره‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ ناوی كوردستان به‌جیا نووسراوه‌ و عێراقیش به‌جیا نووسراوه‌. كه‌واته‌ كوردستانی ئازیز ولاَتێكی سه‌ربه‌خۆو ئازاده‌ و نه‌لكاوه‌ به‌عێراقه‌وه‌ به‌لاَم له‌ ئه‌رزی واقیع نا به‌ڵكو له‌ ئاسمانی ئینته‌رنێتدا به‌ئومێدم كه‌ئه‌م سه‌ربه‌خۆییه‌ ببێته‌ واقیعێكی جوگرافیو سیاسیش.

 

*پسپۆری كۆمپیوته‌ر و ئینته‌رنێت - هه‌ولێر