سرودێک بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ ... خاڵه‌ حه‌مه‌

 

وه‌رن.. وه‌رن

وه‌رن دایکان.. وه‌رن خوشکان

وه‌رن باوکان.. وه‌رن کوڕان

بۆ کوردستان ده‌نگ هه‌ڵبڕن

هه‌ڵه‌بجه‌مان چاوه‌ڕێیه‌

به‌رگی بێده‌نگی هه‌ڵدڕن..

به‌ره‌و گه‌رمیانی کۆست که‌وتوو

به‌یه‌ک هه‌نگاو

به‌ره‌و که‌رکوکی داهاتوو

به‌هه‌ردوو چاو

به‌ره‌و سنووری گڕگرتوو

خاکی سوتاو

به‌ره‌و گشت دییه‌ک له‌ده‌ستچوو

ڕێچکه‌به‌ستن

ده‌م مه‌به‌ستن

ڕامه‌وه‌ستن

پێشمه‌رگه‌کان هاوار ئه‌که‌ن

کوا په‌یامی خوێناویمان؟؟

ئه‌نفاله‌کان هاوار ئه‌که‌ن

جۆگه‌ی خوێنمان له‌یاد مه‌که‌ن!!

ئازادی خاک

ئازادی تاک

گشت هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ڵه‌بجه‌کان

له‌یاد مه‌که‌ن

له‌یاد مه‌که‌ن.. .

خاڵه‌حه‌مه‌/دانمارک/ڤالبی/17/6/2005