حه‌مه‌نامه 16 سلێمان ... عه‌بدوڵڵا یونس

به‌ریتانیا

 له‌ ئێستادا که‌ هه‌موو کورد سه‌رمه‌ست و دل پڕ له‌ هیوا و سه‌رگه‌رمی شایلۆغانی سه‌رکه‌وتنه یه‌ک له‌ دوای یه‌ک و به‌رده‌وامه‌کانیان، له‌وه‌ختێکدا که‌‌هێشتا گه‌له‌که‌مان له‌لوتکه‌ی خه‌ونێکه‌وه به‌ره‌و لوتکه‌ی خه‌ونیکی به‌رزتر ده‌فڕێ، له‌واده‌یه‌کی مێژوویی یه‌کجار چاره‌نوسازدا، ئه‌و ساته وه‌خته‌ زێڕینه‌ی که‌ مێژوومان تاجی سه‌روه‌ری ده‌نێته سه‌ر و دوای بوونی تاڵه‌بانی به‌یه‌که‌م کوردی سه‌رکۆمار له‌مێژووی ده‌وڵه‌تی به‌زۆر داتاشراوی عێراق دا، بارزانیش به‌ تێکڕای ده‌نگی په‌رله‌مان و به‌ئیراده‌یه‌کی کوردستانیانه‌ی پیرۆز ده‌بێته یه‌که‌م سه‌رۆکی ئه‌و کوردستانه‌ی که وا زیاتر له هه‌شتا ساڵه داگیرو به‌زۆر به عێراقه‌وه لکێندراوه، ده‌بێته یه‌که‌م سه‌رۆکی میللی و ڕه‌سمی له مێژووی ئه‌م هه‌رێمه‌ و گه‌له‌که‌شمان هه‌نگاوێکی دیکه‌ی مێژوویی ڕاست و دروست به‌ ئاقاری سه‌ره‌تا دڵخۆشکه‌ره‌کانی دروست کردنی دیسکۆڕسی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یمان ده‌هاوێ، ئه‌و ته‌نها دیسکۆڕسه‌ی که ده‌توانێت ڕووحی پیرۆزی نه‌ته‌وایه‌تیمان تا ئه‌و به‌رزیه پێهه‌ڵا ببا، که‌ بوونمان له‌سه‌ربه‌خۆبوونماندا به‌ئه‌وانی دیکه، ئه‌وانه‌ی که مێژوویه‌که و هه‌میشه ژیان و گیانی نه‌ته‌وایه‌تیمان ده‌خه‌نه په‌ڕاوێزی په‌ڕاوێزکراوه‌کانه‌وه بکاته ڕاستیه‌کی مێژوویی.

له‌م مانگی هه‌نگوینیه‌ی به‌ سه‌رۆک بوونی دوو ڕیبه‌ری کوردان دا، پێویسته ڕۆشنبیرانی وڵاتی ئێمه، له‌ هه‌موان زیاتر له هه‌وڵی به‌هیز کردنی ئه‌و فاکته‌رانه‌دابن، که‌ دوو ڕیبه‌ری کوردی، له‌ سه‌رۆکایه‌تی دوو پارتی سیاسی‌یه‌وه، کرده دوو سه‌رۆکی میللی و ڕه‌سمی له‌سه‌ر ئاستی عێراق و کوردستان، که‌دوو سه‌رۆکی پیشمه‌رگه‌‌ی، له شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕی و سیاسه‌یه‌وه، بۆ شه‌رعیه‌تی یاسایی و ده‌ستووری وه‌رچه‌رخاند، ئاخر به‌ڕاستی ئه‌م ده‌سکه‌وته گرنگ و گه‌ورانه بایی ئه‌وه‌نده ده‌بن که‌ هه‌موو تاکێکی کوردی له له‌پیناویاندا هه‌موو جیاوازیه‌کان له‌م قۆناغه ڕاگوزه‌ریه چاره‌نوسازه‌دا به‌لاوه بنێ یان لانی که‌م ئه‌م جیاوازیانه له پێناویاندا سڕ بکات.

کاک حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن له‌به‌شی دووه‌م و سێ‌یه‌می کتێبه‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم دا جارێکی دیکه‌ ئه‌و ڕاستیه‌ی سه‌لمانده‌وه که‌ له‌نوسیندا ڕه‌چاوی باروودۆخی ناسک و هه‌ستیاری کورد ناکات،ئه‌و به‌لایه‌وه گرنگ نی‌یه چی ده‌نووسی، یان چۆن ده‌نوسی، یان تێناگات که‌نوسینه‌‌کانی له‌ئه‌مڕۆدا چه‌نده ده‌بنه هۆی شکاندنی په‌رژینی ماڵی کورد و چۆن تۆوی بێ متمانه‌‌یی له‌و ماڵه‌دا له نێوان براکاندا ده‌چینن،به‌مه‌ش جارێکی دیکه کێماسیه زه‌قه‌کانی خۆی له‌نوسین به‌گشتی و بواری نوسینی ڕه‌خنه‌ی سیاسی‌دا به‌تایبه‌تی سه‌لمانده‌وه، سه‌لماندیه‌وه که ئامانجی نوسینه‌کانی ئه‌و ئامانجی مه‌عریفی نین، به‌ڵکوو ئامانجی ئۆپۆرتۆنیستانه‌ی تاکه‌ که‌سی و گه‌ڕان به‌دوای ناو بانگ و خۆناساندن و ده‌رخستنن، به‌مه‌ش غه‌در له‌ ناوبانگی قه‌ڵه‌مه‌که‌ی ده‌کات، وا ده‌کات مامه‌ڵه‌ی خوێنه‌ر له له‌ڕۆشنبیرێکی مه‌یدانی ئه‌ده‌ب و ڕووناکبیریه‌وه بۆ نوسه‌رێکی حیزبی و قه‌ڵه‌مێکی پاشکۆی ژێر ڕکیفی سیاسه‌تی حیزبه‌وه به‌ناچاری بگۆڕێ له گه‌ڵیدا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که وروژاندنی ئه‌م بابه‌ته پر له‌گرێ و گۆڵانه‌ی که هه‌تا ئێستاش مایه‌ی ناکۆکین و هۆکاری به‌رپابوونی هه‌ردوو قۆناغه دزێوه‌کانی، شاخ و شاری، شه‌ڕی کورد کوژه‌ش بوون، به‌و لێکدانه‌وه بریندارکه‌رانه‌‌یه‌ی کاک حه‌مه‌ سه‌عید حه‌سه‌ن بۆ یاداشته‌کانی بارزانی ده‌‌یانکات به‌تایبه‌ت له‌ ئه‌مڕۆدا که به‌ڕێز بارزانی له‌ سه‌رۆکی پارتێکی کوردیه‌وه، بۆ سه‌رۆکایه‌تی کردنی هه‌ریمی کوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌ و سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌شی یه‌که‌مین ئه‌زمونی کوردستانه‌ له شێوازی سه‌رۆکایه‌تی کردنی کوردستان دا و له‌ به‌رده‌م سه‌ختترین و گرنگترین تاقیکردنه‌وه‌شدایه هه‌م بۆ خودی خۆی هه‌م بۆ توانای به‌ڕیوه‌بردنی کورد له‌ به‌رده‌م ڕای گشتی کوردستانی و عێراقی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی. هه‌ر بۆیه ئه‌م خوێندنه‌وه‌ی یاداشته‌کانی بارزانی به‌کاریکی یه‌کجار نێگه‌تیڤ بۆ خودی که‌سایه‌تی به‌هێزی بارزانی له لایه‌ک و بۆ کوردیش له لایه‌کی دیکه لێکده‌درێته‌وه، چونکه کاک حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن به‌ ڕه‌شایی خه‌ڵک، یان لایه‌نگرانی یه‌كێتی‌ی ده‌ڵێ، که‌ئه‌مه بارزانی‌ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانه،ڕاست و چه‌پ به‌سه‌ر به‌رامبه‌ره‌کانی‌دا، که‌ یه‌كێتی‌ی و تاڵه‌بانین ده‌‌‌هێنێ، نه‌ک کاک حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌نی نوسه‌ر، ئه‌مه‌ش هه‌وڵێکه به‌ئاقاری جارێکی دیکه کردنه‌وه‌ی بارزانی به‌سه‌رۆکی حیزب نه‌ک سه‌رۆکی هه‌ریمی کوردستان، هه‌وڵێکی له‌و چه‌شنه‌ش بێگومان هه‌ر به‌ته‌نها و نا ڕاسته‌وخۆ لێدان نی‌یه له که‌سایه‌تی بارزانی که‌ ڕووبه‌ڕووی قورسترین ئه‌رکی مێژوویی بووه‌ته‌وه، یان به‌ته‌نها هه‌وڵێک نی‌یه به‌ئاقاری که‌م کردنه‌وه‌ی ئه‌و پشتیوانیه به‌رفراوانه کوردستانیه‌‌ی که له سه‌رۆکایه‌تی کردنی بارزانی ده‌کریت له‌ئه‌مڕۆی هه‌لومه‌رجی ناسک و چاره‌نوسازی کوردستان به‌ڵکوو هه‌وڵێکیشه بۆ بانگه‌شه‌ی لێکترازان و دووکه‌رتبونی زیاتری ده‌سه‌ڵات و ئیداره‌ و ئیراده‌ی کوردی، ئه‌مه‌ش زیاتر جێگای مخابن و سه‌رسوڕمان و گومانه که‌ خودی ئه‌م بانگه‌شه‌یه له‌لایه‌ن نوسه‌رێکی شۆڤێنی نه‌ته‌وه ناسیۆنالیسته‌ داگیرکه‌ره‌‌کانی کوردستانه‌وه نی‌یه، به‌ڵکو له‌لایه‌ن یه‌ک له‌نوسه‌ره دیاره‌کانی ئه‌مڕۆی ناوه‌نده‌ ڕووناکبیریه‌که‌ی خۆمانه‌وه‌یه‌.

جاڕێکی دیکه ده‌یڵێمه‌وه ئازادی وه‌کوو هه‌موو مه‌سه‌له‌کانی دیکه‌ی ئه‌م گه‌ردوونه مه‌سه‌له‌یه‌کی ڕه‌ها نی‌یه، ئازادی به‌مانای یاری کردن نی‌یه به‌ ئاینده‌ و چاره‌نوسی میلله‌تێک، گڕ به‌ردان نی‌یه له خه‌رمانی خه‌ون و ماندووبوون و ده‌‌سکه‌وته‌ت و به‌رهه‌می میلله‌تێک، هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و لاپه‌ڕه تراژیدیاو کاره‌سات پڕ کێماسیانه‌ی جوڵانه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌له‌که‌مان، هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو خۆکوژی و ناته‌باییه‌ی نێو خۆمان و ئه‌و هه‌موو ملکه‌چی و وابه‌سته‌یی خۆمان به‌ بێگانه، له ئه‌مڕۆدا ‌هێڵنج دان و ڕشانه‌‌وه‌ی میژوومانه، به‌ سه‌ر جه‌سته‌ی له‌ڕو لاوازی ئێستا و ئاینده‌ی چاره‌نووسی خۆمان، ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ دانه له‌ خۆمان، ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ڵدانه‌وه‌ی برینی لاپه‌ڕه هێشتا خوێن لێتکاوه‌کانی میژووی نزیکمانه، به‌مه‌به‌ستی دووباره کردنه‌وه‌ی هه‌مان تراژیدیای براکوژیمان، نیو ئه‌وه‌نده نابێته پڕۆژه‌یه‌ک بۆ په‌ند و ئه‌زموون لێ وه‌رگرتن، چونکه خودی ئه‌و نوسینانه‌، خۆیان له‌ هه‌لومه‌رجێکی دژواری ژێر ڕه‌حمه‌تی شه‌ڕی خۆکوژیماندا به‌رهه‌م هاتوون، نوسینه‌وه‌ی مێژووی ڕووداوه‌کانه له‌لایه‌ن خودی ئه‌وانه‌ی که‌ خۆیان وه‌کوو خوڵقێنه‌ر یان پاڵه‌وان یان کاراکته‌ری هه‌ره سه‌ره‌کی نیو ئه‌و ڕووداوانه‌ بوون، بۆیه هه‌رگیز ناکرێ وه‌کوو ڕاستی مێژوویی ڕه‌ها وه‌ربگیرێن، چونکه له‌م حاڵه‌ته‌دا سۆز و لایه‌نگری ئایدۆلۆژی و ئینتیمای حیزبایه‌تی ڕۆڵی سه‌ره‌کی وازی ده‌که‌ن له داڕشتن و نوسینه‌وه‌یان بۆیه ڕه‌نگبێ ئه‌گه‌ر هه‌مان یاداشت له‌ هه‌لومه‌رجێکی ئاسایی و دوور له‌ شه‌ڕ و ململانێ‌ی حیزبایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی تاکه که‌سی‌یه‌وه نوسرابونایه زیاتر ڕاستی ڕووداوه‌کانی تیدا به‌رجه‌سته کرابوایه.

ئه‌م نوسینه‌ی کاک حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن جگه‌ له‌وه‌ی که‌ هیچ میتۆدێکی ڕه‌خنه‌یی تیادا ڕه‌چاونه‌کراوه و جگه له‌ ڕیز کردنی لاپه‌ڕه‌کانی کتێبه‌که‌ی نوسه‌ر و زه‌ق کردنه‌وه‌ی ئه‌و گۆشه‌نیگاو بۆچونانه‌ی که‌ده‌بنه زیاتری لیکترازانی ڕیزه‌کانی کوردایه‌تی، خوێندنه‌وه‌یه‌کی سه‌رپێیانه‌ی زۆر کرچ و کاڵیشه که له‌ده‌ستی هه‌ر خوێنه‌رێکی ئاسایی دێت په‌ییان پێ به‌ریت، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ساغ ده‌کاته‌وه که ‌کاک حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستی شکاندنی تاڵه‌بانی و یه‌کێتی‌ی و تێکۆشه‌ره‌ دیاره‌کانی کورده‌واریه، ئه‌وه‌نده مه‌به‌ستی خوێندنه‌وه‌یه‌کی ڕاست و دروستی خودی ئه‌و ڕووداوانه نی‌یه که‌ده‌بوو ئه‌رکی یه‌که‌می قه‌ڵه‌مه ناسراوه‌که‌ی ئه‌و بوایه.

ئه‌مڕۆ ئه‌و ساته مێژوویی‌یه زێڕینه‌یه که‌ پیویسته هه‌موومان وه‌کوو سۆمای چاوه‌کانمان بیپارێزین، هه‌م ئێمه‌ی کورد پێویستیمان به‌بوونی تاڵه‌بانی هه‌یه وه‌کوو یه‌که‌م کوردی سه‌رکۆماری عێراق و هه‌م تاڵه‌بانیش پیویستی زۆری به‌هاوکاری کوردستانیان هه‌یه بۆ چه‌سپاندنی مافه ڕه‌واکانی کورد له‌و وڵاته‌دا، هه‌م له کوردستانیش گه‌له‌که‌مان پێویستی زۆر و زه‌وه‌ندی به سه‌رۆکایه‌تی بارزانی و بارزانیش پێویستی حه‌تمی به‌ پشتیوانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان هه‌یه، که‌واته سه‌رده‌م و واده‌ی هاوکاری و هاوخه‌باتیمانه سه‌رده‌می یه‌کخستنی دیسکۆڕسی مه‌عریفی و نیشتیمانیمانه له‌ پێناو هێنانه‌دی مافی بڕیاردانی چاره‌نوسی خۆمان به‌ ده‌ستی خۆمان، من خه‌ونم به‌و ساته وه‌خته هه‌نگوینیه‌ی ئه‌مڕۆمانه‌وه ده‌دیت، که دوێنێ، تاڵه‌بانی گه‌یانده لووتکه‌ی سه‌رۆکایه‌تی ده‌وڵه‌تی عێراق و، ئه‌مڕۆش بارزانی به‌یه‌که‌م سه‌رۆکی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌م به‌شه‌ی کوردستان، من ناڵێم با کاک حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن، خه‌ونی جیاوازی خۆی نه‌بێ، به‌ڵام خه‌ون بینین به [ کوردستانێکی بێ پارتی و یه‌كێتی‌ی ] و ئه‌ژمارکردنیشیان له‌ ڕێزی به‌عس دا، ئه‌گه‌ر جۆرێک له ناپاکی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بێت ئه‌وپه‌ڕی ئاستی ناهوشیاری و که‌مته‌رخه‌می نیشتیمانی‌یه، خه‌ون بینین به کوردستانێکی بێ پارتی و یه‌کێتی‌ی، ئه‌گه‌ر له‌هه‌ندێ حاڵه‌تدا ئاسایی و جۆرێک له ڕه‌وایه‌تی تێدا بێ ئه‌و کاته حه‌رام ده‌بی که‌ هه‌وڵی له بار بردنی ده‌سکه‌وته‌کانی کورد و هه‌ڕه‌شه له‌ ئاینده‌ و چاره‌نوسی خه‌ڵکی کوردستان ده‌کات.

سه‌‌رچاوه‌کان

. کتێبه‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم به‌شی یه‌که‌م و دووه‌م و سێ‌یه‌م نوسینی حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن، سایتی کڵاوڕۆژنه، ڕۆژی 14 / 6/ 2005.

. 30 ی ته‌موز و 31 ی ئاب، حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن، کوردستان نێت. بابه‌ته‌کانی نوسه‌ر.

slemanyunes@yahoo. co. uk