ڕه‌مه‌زان مانگی بێبه‌شبوونی هه‌ژاران و تیرۆركردنی بازاڕه‌... !! شازین هێرش

 

ره‌مه‌زان و كۆمه‌ڵگای خه‌وتوو!!... . مزگه‌وتی گه‌وره‌

 

هه‌ر كاتێك هه‌واڵێكی تیرۆرستانه‌ ده‌بیستین ئه‌وا ده‌ستبه‌جێ هه‌ست به‌ترس و تۆقین ده‌كه‌ین و ڕاسته‌وخۆش وێنه‌ی جه‌سته‌ی هه‌نجن هه‌نجن كراوی به‌سه‌ریه‌كدا كه‌وتووی قوربانیه‌كانمان دێته‌وه‌ یاد، سه‌رباری ئه‌و دووكان و ئۆتۆمۆبیله‌ سووتاوو گڕگرتووانه‌ش كه‌بڵێسه‌ی ئاگروچڕه‌ دووكه‌ڵیان به‌ره‌و ئاسمان ده‌چێت. به‌ڵام ئێمه‌ ته‌نها دان به‌و كاره‌ تیرۆرستانه‌ ده‌نێین كه‌جه‌سته‌وته‌رمن! به‌ڵام ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه‌ روونتر قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌م ئه‌و مانگه‌ پڕ له‌خه‌مۆكی و متبووه‌ی ره‌مه‌زانه‌ كه‌ ساڵانه‌ له‌وڵاته‌ ئیسلامییه‌كاندا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌و تیرۆریكی نوێمان بۆبه‌رجه‌سته‌ده‌كات، كه‌ئه‌ویش (تیرۆركردنی بازاڕه‌) ئه‌م حاڵه‌ته‌ش وا له‌تاك وكۆمه‌ڵگا ده‌كات به‌رده‌وام هه‌ست به‌ترس ونائارامی بكه‌ن و له‌دۆخێكی شپرزه‌و شڵه‌ژانێكی به‌رده‌وامدابن.

له‌گه‌ڵ هاتنی ئه‌م مانگه‌ش نرخی شتوومه‌ك وكه‌ره‌سته‌ خۆراكیه‌كان و پێویستیه‌كانی ژیانی رۆژانه‌ له‌بازاره‌كاندا، به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك به‌رز ده‌بێته‌وه‌ كه‌ده‌ست بۆ هه‌رشتێك ده‌به‌یت گڕده‌كاته‌وه‌و وا له‌مرۆڤ ده‌كات هه‌ست به‌ ڕووحی مردووی خۆی بكات!، ئه‌گه‌رچی پیاوانی ئایینی ( (یه‌كێتی وكۆمه‌ڵی زانایانی ئایینی ومه‌لاكانی ئیسلامی سیاسیی وداعیه‌ قاچاخچییه‌كان!) )، له‌و بڕوایه‌دان كه‌ئه‌م مانگه‌ پاكبوونه‌وه‌ی نه‌فسه‌ له‌ شه‌یتان، به‌ڵام ئه‌وه‌یان له‌بیرچووه‌كه‌به‌هه‌زاران شه‌یتانی تر كه‌ناویان مرۆڤه‌ و موسوڵمانیشن! له‌پشت گرانفرۆشی بازاڕو به‌رز بوونه‌وه‌ی نرخه‌كانه‌وه‌ن، كه‌ئه‌م ِرمووزن و ده‌عجانانه‌ش نه‌له‌لایه‌ن خه‌ڵك و حكوومه‌ته‌وه‌ موحاسه‌به‌ ده‌كرێن، نه‌ویژدانیشیان موحاسه‌به‌یان ده‌كات، ( (پیاوانی ئاینی هه‌رنه‌ڵێن جووله‌كه‌و نه‌سڕانی له‌پشت ئه‌م پیلانه‌وه‌یه‌ قه‌ینا كه‌!!) ) .

جائه‌گه‌ر به‌دیوێكدا، موسوڵمانان و پیاوانی ئاینی پێیان وابێت كه‌ ڕه‌مه‌زان مانگی ڕسق وخێرو خۆشی و هه‌ستكردنه‌ به‌ هه‌ژاران ( (وه‌ك چۆن رۆژانه‌ له‌ مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ پڕوپاگه‌نده‌ی بۆده‌كه‌ن) ) ئه‌وا به‌دیوێكی تردا، ئه‌م مانگه‌ بۆته‌ بازاڕێكی گه‌رمی ده‌ستبڕ و ئیستغلالكردنی هه‌ندێك له‌لایه‌ن هه‌ندێكی تریانه‌وه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌و وبازرگان وفرۆشیاره‌ چاوچنۆك و ئه‌و موسڵمانه‌ فاشیانه‌ی كه‌ده‌ستی خه‌ڵكی ده‌بڕن.

ئه‌گه‌ر جه‌ژنی ره‌مه‌زانی موسوڵمانانیش به‌راورد بكه‌ین به‌جه‌ژنی كریسمس و سه‌ری ساڵی تازه‌ی مه‌سیحییه‌كان ( (به‌راز خۆروو داوێن پیسه‌كانی ئه‌وروپا!) )، ئه‌وا له‌ جه‌ژن و بۆنه‌ ئایینی و نه‌ته‌وایه‌تیه‌كانیاندا، نرخی كه‌ره‌سته‌خوارده‌مه‌نیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاوو داده‌به‌زێنن، چونكه‌ ئه‌وان ڕێز له‌په‌یامبه‌ره‌كه‌یان و هه‌ستی میلله‌ته‌كه‌یان ده‌گرن، بۆ ئه‌وه‌ی جه‌ژنه‌كه‌یان خۆشترو پیرۆزتربكه‌ن، به‌ڵام له‌كۆمه‌َلگا ئیسلامیه‌كاندا چه‌ند ده‌سته‌و تاقمێكی قه‌لاش و ناچیزوو درۆزن و ئاڵچاغ خواخوای رۆژێكیانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستی برا موسوڵمانه‌كه‌یان ببڕن و گیرفانیان فه‌رهوود بكه‌ن. هه‌ربۆیه‌ ئه‌ركی حكوومه‌ت وڕێكخراو گروپه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیه‌ (به‌تایبه‌تی ئه‌و رێكخراوه‌ ئیسلامیانه‌ی له‌به‌رگی مه‌ده‌نیه‌تدا خۆیان حه‌شارداوه‌ و چاویان له‌ئاستی ئه‌م تاوانه‌دا كوێر بووه‌!) هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌گه‌ر بۆڕزگاركردنی خه‌َلك له‌ده‌ست ئه‌م تیرۆره‌ تازه‌یه‌، كه‌ئه‌ویش دانانی نرخی گونجاوه‌ بۆ كه‌ره‌سته‌ خوارده‌مه‌نیه‌كان له‌ره‌مه‌زان و مانگه‌كانی تردا... سه‌رباری هه‌موو ئه‌وفشار و هه‌لومه‌رجه‌ نا ئارامه‌ی ڕووبه‌ڕووی خه‌ڵكی ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وساخته‌و گزی و به‌رتیل و مشه‌خوَریه‌یه‌ كه‌وه‌ك شێرپه‌نجه‌ له‌ جه‌سته‌ی كۆمه‌َلگا كه‌ماندایه‌ و له‌سه‌رحسابی یه‌كتری ئه‌نجامی ده‌ده‌ین، هه‌رله‌ ته‌زویر كردنی شه‌هاده‌ی قوتابخانه‌ ئاینیه‌كان و زانكۆكان، تاته‌زویركردنی ئه‌وخۆراكه‌ ئێكسپایه‌رانه‌ی له‌ره‌مه‌زاندا به‌سه‌رخه‌ڵكیدا ساغ ده‌كرێنه‌وه‌. جگه‌ له‌م ماڵوێرانیه‌ش، ساڵی مانگێكیش له‌كیس خۆمان ده‌ده‌ین و به‌سه‌دان ملیۆن سه‌عات كاركردن له‌دام وده‌زگا حكومی و مه‌ده‌نیه‌كاندا به‌فیرۆده‌ده‌ین، سه‌رباری تێكچوونی هاوسه‌نگی نێوان چه‌ندین خێزانی ئاسایی كه‌ به‌هۆی بێ ته‌حه‌موولی وبرسێتی وتینوێتی مانگی ره‌مه‌زاندا روو ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌، تووشبوون به‌چه‌ندین نه‌خۆشی وه‌ك گورچیله‌وقوڕحه‌ی مه‌عیده‌و به‌رزبوونه‌وه‌ی فشاری خوێن و... هتد یه‌كێكی تره‌ له‌ره‌هه‌نده‌ نێگه‌تیڤه‌كانی

 ( (ره‌مه‌زان) )، ئه‌وپاره‌یه‌شی له‌م مانگه‌دا سه‌رفی ده‌كه‌ین بۆرازیكردنی خوداو گه‌یشتن به‌به‌هه‌شت نیه‌، به‌َلكو بۆ رازیكردنی ئه‌وداب و نه‌ریته‌ داِرزیوو مردووه‌یه‌ كه‌خوومان پێوه‌ گرتووه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌ده‌یان كه‌س له‌تاوبرسێتی وبێ ته‌حه‌موولی ئه‌م مانگه‌، مزگه‌وته‌كانانیان كردۆته‌ ته‌مه‌َلخانه‌ و شوێنی نووستن! ئێوارانیش نۆره‌ی ئه‌و زنجیره‌ دراما بێمانایه‌یه‌ كه‌چه‌ند قاچاخچیه‌ك به‌ناوی هونه‌ر و هونه‌رمه‌نده‌وه‌ كۆمه‌ڵی ده‌قی لاواز ده‌كه‌نه‌ به‌رهه‌می ئه‌م مانگه‌، كه‌ جگه‌ له‌هه‌وڵدان بۆ گیرفان پڕكردن و به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی هیچی تر نیه‌، ئه‌مه‌ش تیرۆرێكی تری هونه‌رو شاشه‌ی ته‌له‌فیزیۆنه‌كانه‌.

پێویسته‌ سنوورێكیش بۆ پیاوانی ئاینی و مه‌لاكانی ئیسلامی سیاسی دابنرێت كه‌له‌مانگی ره‌مه‌زان و ڕۆژانی ئاسایی ده‌كه‌ونه‌ سووكایه‌تی كردن به‌وكه‌سانه‌ی به‌رۆژوو نین و تۆمه‌تی خوانه‌ناس و كافر ده‌ده‌نه‌ پاڵیان ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ پێچه‌وانه‌ی بیروڕاوكلتووری چه‌قبه‌ستووی ئه‌وانه‌، هه‌ركه‌سێكیش بیه‌وێت ره‌خنه‌ له‌ دوكاندارانی دین بگرێت ولایه‌نه‌ نێگه‌تیڤه‌كانی ئه‌م مانگه‌ بخاته‌ ڕوو، ئه‌وا به‌كافر له‌قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ن و تۆمه‌تی بتپه‌رست و جاهیلی شوێن ده‌خه‌ن. له‌جیهانی ئیسلامیشدا ره‌مه‌زان ده‌بێته‌ مانگێك بۆ خستنه‌ رووی پڕووپاگه‌نده‌ی ره‌هه‌نده‌ ته‌ندرووستی و موعجیزه‌ئاسای رۆژوو كه‌ زه‌غلوول نه‌جارو عه‌بدولمه‌جید زندانی و عمروخالید ( (هه‌ر سی قاچاخچیه‌كه‌ی ئیعجازی عیلمی له‌ قورئان) ) و سه‌له‌فی و وه‌هابیه‌كانی سعودیا و لایه‌نگرانیان، سه‌رتۆپی ئه‌م ڕچه‌ پیسانه‌ن، كه‌ چۆن به‌ ملیۆنه‌ها دۆلار بۆ به‌رنامه‌ی كه‌ناڵی سه‌ته‌لایته‌كانی وه‌ك (ابوضبی- اقراْ ) و سه‌نته‌ره‌كانی ئیعجازی عیلمی له‌قورئان! سه‌رف ده‌كه‌ن، جگه‌ له‌و موكافه‌ئه‌ داراییه‌ زۆرانه‌ی كه‌به‌م سی قاچاخچیه‌ ده‌درێت و دواتریش ده‌یخه‌نه‌ سه‌ر ڕه‌سیده‌ داراییه‌ قه‌به‌كانیان ( (له‌بانكه‌كانی وڵاتانی رۆژئاوا و ئه‌مه‌ریكای به‌رازخۆر!) ) كه‌هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌سایه‌ی مانگی ره‌مه‌زان و پتڕۆ دۆلاره‌وه‌یه‌! هه‌رله‌م مانگه‌شدا، پیاوانی ئاینی هه‌لێكی زێڕینیان بۆدێته‌ پێش سه‌باره‌ت به‌ ئیستغلالكردنی خه‌َلكی وگه‌ڕانه‌وه‌ بۆشكۆی رابردوویان.

ئه‌مه‌یه‌ مانگی ره‌مه‌زان كه‌ هیچ كاتێك له‌خزمه‌تی خه‌َلكی هه‌ژاردا نیه‌ و ته‌نها له‌خزمه‌تی توَیژێكی موسوڵمانی مشه‌خۆری فاشیدایه‌

Shazin85@yahoo. com