info@kurdistannet.org

كاتي بلآوكردنةوة

www.kurdistannet.org

www.kurdistannet.org

سوید/30/7/2004

دروستكردنةوةي مالَي داطيركةران .... ئاسؤ بيارةيي

كه‌ له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانه‌وه یه‌كیه‌تی سۆڤیه‌ت دوای جاڕی پرۆسترۆیكا له‌لایه‌ گۆرپاچۆڤه‌وه هه‌ره‌سی هێنا، هێچ كام له‌و گه‌لانه‌ی كه ‌یه‌كیه‌تیه‌كه‌یان پێكهێنابوو، بێ چاوه‌روانی یه‌كسه‌ر بانگه‌وازی سه‌ربه‌خۆییان دا، هه‌رچه‌نده خاوه‌ن ئابورییه‌كی لاواز و ڕوخاوبوون، بگره زۆربه‌شیان له‌جیهاندا تا ئه‌مڕۆ دانیان پێدا نه‌نراوه و كاروباری باڵوێزخانه‌یان له‌لایه‌ن باڵوێزخانه‌ی ئێستای ڕوسییه‌وه بۆ ده‌كرێ. هه‌ریه‌كه‌ی ئه‌و گه‌لانه كه ‌حه‌فت ساڵ دیكتاتۆریه‌تی كرێكاران به‌خۆیه‌وه به‌ستبوونیه‌وه، له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا خۆیان ساغكرده‌وه و ده‌زگاكانی خۆیان وه‌ك ده‌وڵه‌ت جیاكرده‌وه.

كوردستانی باشور چی! ئه‌ی پارته‌ به‌ناو نه‌ته‌وه‌ییه‌كیان دوای 13ساڵ ته‌ره‌یی و نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆیی چیانكرد؟ دوای ئه‌و هه‌موو قوربانییه‌! نزیكه‌ی چل ساڵ زیاتر باسی كوردایه‌تی و كوردستانی سه‌ربه‌خۆیانكرد. له‌بێشكه‌وه منداڵانی كوردیان سه‌رگه‌رمی یاری كوردایه‌تی كرد، خۆێنی هه‌زاران مرۆڤی سیڤیلی كوردیان ڕشت. ئێستاش كوردستانی باشور به‌هه‌رێمی كوردستان ناوده‌به‌ن..ناوێرن بڵێن كوردستانی باشور، ته‌نانه‌ت هوشیار زێباری كه كورده، ‌شیمالی عێراقی پێده‌ڵێ..

دیاره بۆ ئه‌وان تا گه‌لی كورد تووشی كاره‌ساتبێت قازانجتره، چونكه‌ خۆیان كردوه‌ته سیمبۆلێكی ڕوحی و گه‌لیان گێژ و هێڕكردوه، خۆیان كردوه‌ته ڕیگر به‌رامبه‌ر داهێنان و پێشكه‌وتنی.

ئه‌گه‌ر وانه‌بوونایه‌ ده‌یانتوانی جاڕی سه‌ربه‌خۆیی بده‌ن یان هه‌رهیچ نه‌بێ شاره ‌داگیركراوه‌كان وه‌ك كه‌ركوك و شه‌نگار و خا‌نه‌قین بخه‌نه‌وه ژێر ڕكیڤی گه‌لی كوردستان، نه‌ك سه‌رگه‌می تاڵانی و ڕاكردن، نه‌ك وێڵی درۆبه‌ڵێنی هاوپه‌یمانان و ئه‌هلی ئه‌نفال، نه‌ك بیركرنه‌وه له‌ پێگه‌ی پارتایه‌تی و خێڵه‌كی، نه‌ك سووربونیان له‌سه‌ر دووبه‌ره‌كی جوگرافی و ئابوری، نه‌ك پارچه‌كردنی خاكی برینداری كوردستان، نه‌ك به‌ته‌رۆریست ناسینی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاری خوازی به‌شه‌كانی تری كوردستان، نه‌ك دروستكردنه‌وه‌ی ماڵی داگیركه‌ر كه‌ڕۆژێ له‌ڕۆژان بێجگه له ماڵوێرانی قازانجی بۆ كوردنه‌بووه، به‌ڵكو كوردیشی به‌مرۆڤ دانه‌ناوه و ئه‌نفالیكردوه.

تۆ بڵێی له‌وه‌ كاره‌ساتتر هه‌بێت كه‌ سه‌ركرده‌ی گه‌لێكی ژێرده‌سته وه‌كو گه‌لی كوردستانی باشور، ‌خه‌ر‌یكی دروستكردنه‌وه‌ی ماڵی داگیركه‌رانبێ؟

تۆبڵێی گه‌لێكی تر له‌م جیهاندا وه‌ك گه‌لی كورد هه‌بێ كه‌ بێ سه‌ركرده‌ی ئازا و لێهاتووبێ؟

تۆ بڵێی سه‌ركرده‌ی واهه‌بن(و‌ه‌ك ئه‌وانه‌ی كوردستانی باشور) كه‌خۆاردنی خوێنی گه‌لی خۆیان پێ حه‌ڵاڵبێت و له‌به‌رده‌م داگیركه‌رانه‌دا بێچوه‌ باڵنده‌یه‌كی بێ باڵبن.؟ یان مامه ته‌هایه‌كی بێزمانبن؟

ئای چه‌ند نسكۆیه كه سه‌ركرده‌ی گه‌لێك وه‌كو سه‌ركرده‌ی گه‌لی كورد، چاره‌نووسی گه‌له‌كه‌ی كه له‌و په‌ڕی به‌هێزیدایه به‌چاره‌نووسی داگیركه‌رێكه‌وه ‌ببه‌ستێته‌وه و گوێی له ‌ئاست داوای سه‌ربه‌خۆیی كه‌ڕبكات..