www.kurdistannet.org

 

خةزرةجي بةكاربصنن بؤ طةواهيدان لةدذي سةدامدا .... دةرسيم ديبةطةيي

 

ڕۆژی پێنجشه‌ممه 1.7.2004، یه‌كه‌م دانیشتنی دادگایی له‌گه‌ڵ سه‌دامی دیكتاتۆر و هه‌ندێك له دارو ده‌سته‌كه‌ی به‌ڕێوه‌چوو، به‌مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه له‌و تاوانانه‌ی كه به‌رامبه‌ر به گه‌لانی كوردستان و ئێراق و ئێران و كوێت ئه‌نجام دراون.

وه‌كو پیشه‌ی هه‌میشه‌ییان هه‌ر هه‌موویان خۆیان به‌بێ تاوان نیشانداو بێئاگایی خۆیان ڕاگه‌یاند له تاوانه‌كانی ئه‌نفالكردنی 250 هه‌زار كورد له ساڵی 1988، كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه له 16.3.1988، ئه‌نفالكردنی 15_20 هه‌زار كوردی فه‌یلی له سه‌ره‌تای هه‌شتاكان و 8 هه‌زار بارزانی له ساڵی 1983، كاوڵكردنی نزیكه‌ی 5 هه‌زار دێهات و شارۆچكه‌ی كوردستان، دامركاندنه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕینی كوردستان و باشووری ئێراق له‌ ئازاری ساڵی 1991، كوشتنی پیاوانی سه‌ر به ئۆپۆزسیۆن و پیاوانی ئایینی، هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ له‌دژی ئێران له‌ 22.8.1980 و داگیركردنی كوێت له 2.8.1990 دا.

هه‌ر دوابه‌دوای ئه‌و دادگاییكردنه، زۆر له ڕۆژنامه‌كان له‌سه‌ر بیروبۆچوونی زاناو تۆژه‌ره یاساناسه‌‌كانیان نووسی و زۆریان له‌و باوه‌ڕه‌دانه كه زه‌حـمه‌ته بتوانرێت تاوانه‌كان له دژی سه‌دام بسه‌لمێندرێن. یه‌كێك له‌وانه گۆركێ میرسكی تۆژه‌ری مه‌زنی ڕوسی له ئامۆژگای ئابووری جیهانی و په‌یوه‌ندیه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانی سه‌ربه ئه‌كادیمیای زانستی ڕوسیه. ئه‌و تۆژه‌ره گومانی له‌وه‌دا نیه كه سه‌دام حوسێن تاوانباره له گشت ئه‌و تاوانانه‌ی كه ئاراسته‌ی كراون، به‌ڵام به‌بۆچوونی ئه‌و زه‌حمه‌ته بتوانرێت ئه‌و تاوانانه بسه‌لمێنرێت، چونكه هیچ واژۆ (ئیمزا)یه‌كی سه‌دام به‌سه‌ر هیچ یه‌كێك له‌سه‌ر ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌دا نیه كه به فه‌رمانی ئه‌وه‌وه تاوانی پێ ئه‌نجامدراون.

جا ده‌ستم دامێنتان ئه‌ی سه‌ركردایه‌تی كورد، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ك سه‌دامی دكتاتۆر له‌و دادگاییكردنه ڕزگاری بێت و دایكان و خوشكان و كچانی ڕه‌شپۆشی ئه‌نفال و كیمیاباران جارێكی تریش بێئومێد نه‌بنه‌وه له‌وه‌ی كه تۆڵه‌ی مێرد و براو باوكانیان نه‌كرایه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كۆرپه‌ی قوربانیه‌كانی ده‌ستی سه‌دام به‌هه‌ناسه‌ی‌ سارده‌وه شه‌وو ڕۆژ به‌رێنه‌كه‌ن و تۆزێك فێنكی بكه‌وێته دڵیانه‌وه، داواتان لێده‌كه‌م، داوا له سه‌ره‌كسوپای هه‌ڵاتووی پێشووی ئێراق فه‌ریق ڕوكن نزار خه‌زره‌جی كۆنه دۆستتان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بێته دادگاو گه‌واهی ئه‌وه‌تان بۆ بدات كه‌به فه‌رمانی سه‌دام و عه‌لی كیمیاوی هه‌ڵه‌بجه كیمیابارانكرا. خه‌زره‌جی به‌ده‌یان جار بۆ میدیاكان باسی ئه‌وه‌ی كردوه كه‌به فه‌رمانی ئه‌و دوو تاوانباره هه‌ڵه‌بجه شه‌هیدكرا. قوربانتان بم ئه‌ی سه‌ركردایه‌تی كورد نه‌كه‌ن ئه‌و هه‌له مێژووییه له‌كیس میلله‌ته‌كه‌مان بده‌ن، هه‌تا گه‌ر خه‌زره‌جی ئه‌و جاره داوای سه‌ری ئێمه‌شی كرد، نه‌كه‌ن بۆ یه‌ك چركه‌ش دۆشدامێنن. ئێمه‌، ته‌واوی ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی خستنه‌گه‌ڕی هه‌وڵه‌كان بۆ دادگاییكردنی تاوانبار خه‌زره‌جی، ئاماده‌ین ئه‌و قوربانیه‌ش بده‌ین، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی سه‌دامی دكتاتۆر ده‌ربازی نه‌بێت. باوه‌ڕتان هه‌بێت ئێمه نوزه‌مان لێوه نایه‌ت، گه‌ر ئێوه ڕێككه‌وتنێكی وا له‌گه‌ڵ خه‌زره‌جی بكه‌ن، ئه‌ی ئه‌وه نه‌بوو له‌گه‌ڵ سکاڵا به‌رزكردنه‌وه‌مان له‌دژی خه‌زره‌جی ئێمه‌تان كرد به پیاوی سه‌دام و موخابه‌رات و ئه‌من و گێل و نه‌فام و نوقه‌شمان لێوه نه‌هات! ئه‌و جاره‌ش هه‌ر پابه‌ندی بڕیاره‌كانتان ده‌بین.

ئه‌ی سه‌ركرده مه‌زنه‌كانمان، ئه‌ی خاوه‌ن شكۆكان، به‌گوێره‌ی نامه‌كانی خۆتانبێت، خه‌زره‌جی دۆستی هه‌مووتانه‌و سه‌ر به هه‌مووشتانه. سجلێكی پایه‌به‌رزی هه‌بووه له‌ناو سوپای ئێراق. په‌یوه‌نیه‌كی دۆستانه‌و له دڵه‌وه‌ی هه‌بووه له‌گه‌ڵتان. كه‌سایه‌تیه‌كی سه‌ربازی نیشتیمانی مه‌رموق و ذو سومعه طیبه‌یه. دۆستی بزووتنه‌وه‌كه‌تانه له كوردستان و هه‌روه‌ها نیشتیمانپه‌روه‌رو شه‌ریفه‌و خاوه‌نی ناوبانگێكی باشه له‌نێو جه‌ماوه‌ری گه‌ڵی كوردستان. هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی لاوێتیدا خۆبه‌ختكاربووه و خۆی خستۆته پاڵ چه‌په‌كانی ناو پارتی به‌عس دژ به گروپی سه‌دام. (1)

باوه‌ڕ ناكه‌م كه‌سێك ئه‌و هه‌موو سیفاته باشه‌ی تیا كۆبووبێته‌وه‌و ئه‌وه‌نده دۆستتان بێت و تا ئه‌و ڕاده‌یه دژی سه‌دام بێت، گه‌ر داوای لێبكه‌ن به‌پیل داواكاریه‌كه‌تانه‌وه نه‌یه‌ت! ئایا ده‌بێت ئه‌و كابرایه ئه‌وه‌نده سپڵه بێت و نامه‌بارانكردنه‌كانی ئێوه‌ی بیر چوبێته‌وه كه چۆن هۆڵی دادگای دانیماركتان پێڕازانده‌وه؟ باوه‌ڕ ناكه‌م! هه‌رگیز باوه‌ڕ ناكه‌م! ئه‌ی ئه‌و هه‌ر له‌خۆیه‌وه نه‌بوو هاته قسه‌و بێ ئه‌وه‌ی ئێوه یان كه‌سێك داوای لێبكات، ده‌رباره‌ی كیمیابارانكردنه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه ووتی: له‌به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی 16.3.88دا ئه‌و ڕۆژه‌ی له هه‌ڵه‌بجه درا فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی یه‌كی ئه‌وكات فه‌ریق كامیل ساجیت به ته‌له‌فۆن پێیڕاگه‌یاندم كه شه‌وی ڕابردوو و به‌یانی ئه‌مڕۆ ئێرانیه‌كان هێرشیان هێنابوو بۆ سه‌ر ئه‌و به‌رزاییانه‌ی ده‌كه‌ونه ڕۆژهه‌ڵات و باكووری هه‌ڵه‌بجه. هه‌روه‌ها گووتی باره‌گای هێزی به‌رپرس بۆ پارێزگاری ناوچه‌كه كه باره‌گاكه‌ی له هه‌ڵه‌بجه‌یه به‌ئه‌ركی خۆی هه‌ڵساو زاڵن به‌سه‌ر ڕه‌وشه‌كه‌دا.

ده‌وروبه‌ری كاتژمێر چواری هه‌مان ڕۆژ دووباره فه‌ریق كامیل ساجیت ته‌له‌فۆنی بۆ كردمه‌وه‌و پێی ڕاگه‌یاندم كۆمه‌لێك فڕۆكه هاتوو شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی كیمیابارانكرد. پرسیم فڕۆكه‌كان ئێراقی بوون؟ گووتی به‌ڵێ فڕۆكه‌كانی خۆمان بوون و په‌یوه‌ندیش به فه‌رمانده‌ی هێزی هه‌ڵه‌بجه پچڕاوه.

له‌ڕاستیدا سه‌رم سوڕما و ده‌ستبه‌جێ په‌یوه‌ندیمكرد به وه‌زیری به‌رگری فه‌ریق عه‌دنان خه‌یروڵڵا وه له ڕه‌وشه‌كه ئاگادارمكرده‌وه. ئه‌و پیاوه‌ش گووتی هیچ زانیاریه‌كم له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته نیه، كاتژمێرێك یان تۆزێك زۆرتر ماوه‌م بده په‌یوه‌نیت پێوه ده‌كه‌مه‌وه. ڕێك دوای كه‌متر له دوو كاتژمێر، كاتژمێرێك و نیو دواتر په‌یوه‌ندی پێوه‌كردمه‌وه‌و گووتی به‌ڵێ فڕۆكه‌كانی خۆمان هه‌ڵه‌بجه‌یان بۆمبارانكردووه به فه‌رمانی فه‌رمانده‌ی گشتی سه‌دام حوسێن له ئه‌نجامی پێدانی زانیاری نادروست له‌لایه‌ن عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جیده‌وه. كاتێ كه مه‌جید به‌رپرسی بیرۆی باكووری حیزب و باره‌گاكه‌ی له كه‌ركوك بوو. پێده‌چێت كه مه‌جید له ڕێگای كه‌سانی سه‌ر به ده‌زگای حیزبیه‌وه زانیاری وای پێگه‌یشتبێت هه‌ڵه‌بجه كه‌وتبێته ده‌ست ئێرانیه‌كان. ده‌موده‌ست په‌یوه‌ندی به سه‌دام حوسێنه‌وه كردوه‌و بڕیاری ئه‌وه‌یان داوه بۆمبارانی هه‌ڵه‌بجه بكه‌ن. دواتریش ده‌ركه‌وت ئه‌و لێدانه لێدانی كیمیاوی بوو. (2)

ماڵت ئاوا خه‌زره‌جی، دڵنیام گه‌ر له‌پێناوی ئه‌و هه‌موو سه‌ركرده‌و پارته‌ كوردیانه‌ی دۆستت نه‌بوایه قه‌ت ئه‌و هه‌موو نهێنیه‌ بۆ ئێمه ئاشكه‌را نه‌ده‌‌بوو. باشبوو سه‌ركردایه‌تی كورد دۆستی وه‌كو تۆی هه‌بوو. گه‌ر تۆ ئه‌و فایله گه‌وره‌یه‌ت لای سه‌ركرده‌كانمان نه‌بوایه له‌وانه‌بوو ئێمه هه‌ر هه‌موومان ده‌بووین به خاوه‌ن فایــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــل.

1. كۆپڵه‌ی نامه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان، فوئاد مه‌عسوم، بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی و مام جه‌لال بۆ دادگای دانیماركی.

2. چاوپێكه‌وتنێكی نزار خه‌زره‌جی له‌گه‌ڵ كه‌نالی ته‌له‌فزیۆنی عه‌ره‌بی ئێم. بی. سی به‌رنامه‌ی حوار الاسبوع له 10.11.2001.

 

چوارشه‌ممه 14.7.2004