www.kurdistannet.org

 

      كۆنفرانسی نێونه‌ته‌وه‌یی "عێراق و دابه‌ش كردنی هێز" له‌  زانكۆی American Univeristy

    له‌‌ رۆژی هه‌ینی   06/11   دا  كۆنفرانسێك له‌ ژێر سه‌ردێڕی "عێراق و دابه‌ش كردنی هێز" له‌ - ئه‌مریكه‌ن یونیڤێرسیتی - زانكۆی ئه‌مریكا له‌ شاری واشینگتۆن  دی سی به‌ڕێوه‌برا. ئاماده‌ بووانی ئه‌م كۆنفرانسه‌ بریتی بوون له‌ زۆر كه‌سایه‌تی نیشتمانی و عێراقی و ئه‌مریكی و وولاتانی‌تر له‌  وانه‌ش به‌ڕێزان:( دكتۆر مه‌حمود عوسمان ، نه‌سرین به‌رواری ،  نیژیار شه‌مدین(نوێنه‌ری حكومه‌تی كوردستان له‌ ئه‌مریكا)، فه‌رهاد بارزانی (نوێنه‌ری پدك له‌ ئه‌مریكا) ،   حیكمه‌ت بامه‌ڕنی   (به‌رپرسی لقی     8 ی پدك) ،  دلێر ئاڵان، دكتۆر ئه‌حمه‌د، دكتۆر ئیبراهیم به‌ ‌رپرسانی مه‌ڵبه‌ندی كوردی له‌ ئه‌مریكا، لوقمان محمد (به‌رپرسی كۆمیته‌ی ریفراندۆم) له‌ ئه‌مریكا،  ڕه‌وه‌ند ده‌روێش نوێنه‌ری ته‌له‌فیزیونی كوردستان تیڤی  و ساقی بارزانی (سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری كڵاوڕۆژنه‌).

 هه‌‌ندێ له‌ ئه‌ندامانی بیانی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆنفرانسه‌كه‌ بریتی بوون له‌م به‌ڕێزانه‌ :

- دكتۆر پیتر گابریه‌ت -- سه‌فیری پێشووی ئه‌مریكا له‌ كرۆشیا، دیپلۆمات و دۆستی دێرینی كورد

- دكتۆر ئێدمۆند غه‌ریب -  پسپپوڕی كێشه‌كانی كورد  له‌ سه‌نته‌ری ئاشتی جیهانی  ئه‌مه‌ریكه‌ن یونیڤرسیتی  و هه‌روه‌ها به‌رپرسی به‌شی خوێندنی كوردیی ئه‌و زانكۆیه‌  كه‌ ‌ بۆ ڕێز لێنان له‌ سه‌ركرده‌ی نه‌مری كورد نێو دراوه‌ به‌ به‌شی خوێندنی مسته‌فا بارزانی( ئه‌مه‌ شانازیه‌كه‌ بۆ كورد كه‌ یه‌كێ له‌ گه‌وره‌ترین و به‌ناوبانگترین زانكۆكانی جیهان به‌شی كوردی تیا بكاته‌وه‌ و به‌ناوی‌ سه‌ركرده‌یه‌كی كورده‌وه‌ ناوی  بنێت)....

-  نه‌سرین به‌رواری:  وه‌زیری ئه‌شغالی گشتی و شاره‌وانییه‌كانی عیَراق

-  فلۆریدا بایبه‌ر (پسپۆڕی كێشه‌ی كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان له‌ ئه‌وروپا - به‌لگراد).

-  مایكیل دزیدزیك ( كۆلۆنلی نه‌ته‌وه‌‌ یه‌كگرتووه‌كان و به‌رپرسی پرۆگرامه‌كانی توێژینه‌وه‌ و پسپۆڕی ئۆپۆراسیونی ئاشتی).

-  سید نوئل (پرۆفسۆری زانكۆی وێسترن ئۆنتاریو- كه‌نه‌دا و سه‌رۆكی توێژینه‌وه‌ی به‌شی كێشه‌كانی ناسیونالیزم و كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌‌ییه‌كان .

- كارۆل ئۆلاری ( سه‌رۆكی  بیناكردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كانی عێراق و سه‌قامگیركردنی په‌روه‌رده‌) .

- رابرت په‌ستۆر ( جێگری سه‌رۆكی كاروباری نێونه‌ته‌وه‌یی و پرۆفیسۆری په‌یوه‌ندی‌یه‌كانی نێونه‌ته‌وه‌یی  له‌ ئه‌مه‌ریكه‌ن یونیڤرسیتی و پرۆفسوری پێشووی هارڤارد یونیڤرسیتی.

-  دیڤید فیلیپس (پسپۆڕی پێشگیری له‌ شه‌ڕ  له‌ بالكان، كه‌فكاس و باشووری ئاسیا و هه‌روهكاری زۆری له گه‌ل ئۆپۆزیسونی عێراقی و كورد كردووه.

-  عه‌بدولعه‌زیز  سعید  پرۆفسور و به‌رپرسی به‌شی ئاشتی نێونه‌ته‌و‌ه‌یی .

 - فرێد ته‌نه‌ر -- جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری زانكۆی جنیف و سه‌رۆكی كاروباری ئاكادیمی سه‌نته‌ری كاروباری  ئاسایش .

- پاول ویلیامز -- سه‌رۆكی به‌شی یاسایی زانكۆی یاسای واشینگتۆن و پرۆفسۆری یاسا له‌ ئه‌مه‌ریكه‌ن یونیڤرسیتی

- دیڤید ویپمه‌ن --- پرۆفسوری یاسای گشتی نێونه‌ته‌وه‌‌یی و مافی مرۆڤ  و یاسای تاوانی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌ كۆرنێل یونیڤرسیتی

 

كۆنفرانسه‌كه‌ له‌ كاتژمێری  نۆی به‌یانی ده‌ستی پێكرد و له شه‌شی‌ ئێواره‌ كۆتایی پێ هات. كۆنفرانسه‌كه‌ بریتی بوو له‌ سێ به‌شه‌وه‌.

1) دۆزی ئێستای ئێراق و چاره‌سه‌ری فیدرالی و هه‌ڵسه‌نگاندنی عێراق   به‌ جۆری سیسیتمی ڕامیاڕی و حكومه‌تی  بۆسنیا و قیبرس وكه‌نه‌دا و ئه‌مریكا : له‌م به‌شه‌ كه‌  سێ كاتژمێری خایاند به‌ تێر و ته‌سه‌ڵی باس له‌ پێكهاته‌ی سیستمی عێراقی كراو ئه‌و پسپۆڕانه‌ی كه‌ له‌ پێكهێنانی ده‌ستووری و چاره‌سه‌ری سیاسی بۆسنیا به‌شدار بوو ن ڕاو بۆچوونی خۆیان سه‌باره‌‌ت به‌و كێشانه‌ی كه‌ تووشی ببوون و چاره‌سه‌ره‌كانیان ده‌ربڕی.

2) چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌كانی وه‌كو كورد و جۆرێتی هاوبه‌ش بوونی كورد و عه‌ڕه‌ب و نه‌بوونی كورد به‌ هاووڵاتی پله‌ دوو. لێره‌ش به‌ڕێزان دكتۆر مه‌حمود عوسمان و پیتر گابریه‌ل و نه‌سرین به‌رواری داكۆكی‌یان له‌ مافه‌كانی كورد كرد و جه‌ختی‌یان كرده‌ سه‌ر هاوژینی له‌ گه‌ل عه‌ڕه‌ب و كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانی تری ئێراق له‌ نێو عێراقێكی دیموكراسی و فره‌نه‌ته‌وه‌‌یی دا !

3) به‌شی سێهه‌می كۆنفرانسه‌كه‌‌‌‌ ته‌رخان كرابوو به‌ كێشه‌ی كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌‌یی یه‌كان و ئاسایش و دیموكراسی و مه‌ترسی دراوسێكانی .

له‌ نێوانی ئه‌و سێ به‌شه‌دا‌ به‌شدارانی زۆر پرسیاریان ئاراسته‌ی‌ ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆنفرانسه‌كه‌ كرد و هه‌روه‌ها ڕاوبیرو بۆچوونی به‌شدارانیش تاوتۆ كرا. یه‌كێك له‌ پرسیاره‌ گرنگه‌كانی ئه‌م كۆنفرانسه‌ كه‌  كڵاوڕۆژنه‌ ده‌ری بڕی پرسی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان بوو به‌م شێوه‌یه‌: " پێكهاته‌ی عێراقی كۆن له‌سه‌ربنه‌مایێكی ناڕێك و نالۆجیك و داسه‌پاو  بووه‌،  كه‌ دوو نه‌ته‌وه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌ زۆره‌ملێ عه‌ڕه‌ب به‌ سه‌ر كورد دا به‌سترا بوو ! و هه‌روه‌كو مێژوو شاهیده‌ نه‌ك ته‌نیا سه‌ددام به‌ڵكوو  سه‌رانی پێشووی عێراقیش هه‌وڵی له‌ نێو بردنی كوردیان داوه‌ وه‌كو جینوسایدی كورد و كوشتنی پتر له‌ نیو میلیون كورد و به‌كار هێنانی چه‌كی كومه‌ڵكوژ،  بۆ ئێستا كه‌ ده‌رفه‌تێكی چاك ڕه‌خساوه‌ بۆ ڕاست كردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌ مێژوویی‌یه‌ ، تێ‌ناكۆشین تاكوو چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی بدۆزینه‌وه‌ بۆ كێشه‌ی كورد و عێراق. وه‌ وه‌ك خۆتان ده‌زانن نزیكه‌ی  دوو میلیون ده‌نگ كۆ كراوه‌ته‌ه‌وه‌ بۆ دیاری كردنی مافی چاره‌نووسی كورد به‌ ده‌ست خۆیه‌وه‌ ! شایانی باسه‌ كه‌ كۆمیته‌ی ڕفراندۆم و كورده‌كان و هه‌روه‌ها پیتر گابریه‌ت و زۆربه‌ی ئاماده‌بووان  پێشوازی گه‌رمیان له‌م بۆچوونه‌ كرد و به‌ ڕوونی پێیان ڕاگه‌یاندین كه‌ قه‌ت كورد داوای ئه‌وه‌ی نه‌كردووه‌ ! ئه‌گه‌ر داوایان بكردایه‌ و كاریان بۆ بكردایه‌ ، ئه‌مه‌ش له‌وانه‌یه‌ مسۆگه‌ر ببێت !! ئه‌مه‌ و كۆنفرانسه‌كه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویی كۆتایی پێ‌هات.

 

ساقی بارزانی

www.klawrojna.com