ئاخوند سیستانی ئه‌م مڕه‌ مڕه‌ی له‌ چیه‌؟ .... كه‌ماڵ گروێسی

 

پاش 83 ساڵ له‌ دامه‌زران و دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراق و هاتنه‌ سه‌ركاری حكومه‌ته‌ مه‌لیكی ، كۆماری ، ناسیۆنالیستی و سوسیالیستیه‌كانی عه‌ره‌ب له‌و وڵاته‌ سه‌ره‌نجام به‌ یارمه‌تی هێزه‌ ده‌ره‌كیه‌كان به‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌مریكا هه‌لومه‌رجێك بۆ گه‌لانی عێراق ره‌خسا كه‌ بتوانن سه‌رله‌نوێ ده‌ستوورێكی شارستانیانه‌ و سه‌رده‌میانه‌ په‌سند بكه‌ن.به‌ڵام له‌ ره‌وتی مۆر كردنی ئه‌م ده‌ستووره‌ كاتییه‌ شێعه‌كانی ئه‌ندامی مه‌جلیسی حوكمی عێراق به‌ دنه‌ی بێگانه‌ و له‌ ژێر عه‌بای ئاخوند سیستانیه‌وه‌ هه‌رجاره‌ی عۆینێكیان ده‌ردێنا و خۆیان له‌ مۆر كردنی ئه‌م یاسا كاتییه‌ كه‌ چه‌ند مانگێكه‌ له‌ لایه‌ن لێژنه‌یه‌كی پسپۆر كاری له‌سه‌ر ده‌كرێ و هه‌موو ورده‌كاریه‌كان لانی كه‌م چه‌ند جار پێدا چوونه‌وه‌ی تێداكراوه‌ و بووه‌ته‌ ئه‌م ده‌ستووره‌ی رۆژی 8ی مارسی 2004 مۆركرا ده‌پاراست.
شێعه‌كان و له‌ پێش هه‌موویانه‌وه‌ ئاخوند سیستانی چاویان چووه‌ته‌  پشته‌ سه‌ر  و ئه‌م مافه‌ ره‌وایه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌ زیاد ده‌زانن و پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ به‌ربه‌سته‌ له‌ پێش نوسینی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقدا.
لێره‌دا جێگای خۆیه‌تی له‌م ئاخونده‌ كۆنه‌ په‌رسته‌ بپرسین له‌ كاتی ده‌سه‌ڵاتی سه‌دامی فاشیستدا جه‌نابیان له‌ كوێ بوون و ئه‌م ورده‌ فه‌رمایشتانه‌یان بۆچی ئه‌و ده‌م كه‌ سه‌دان هه‌زار كوردیان له‌ په‌نا گوێی ئاخوند سیستانی له‌ گۆره‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كاندا قڕ ده‌كرد و به‌هه‌زاران شار و گوندی كوردستانیان وێران ده‌كرد وشاری هه‌له‌بجه‌ و ناوچه‌كانی دیكه‌یان كیمیاباران ده‌كرد،نه‌ده‌فه‌رموو؟هه‌روه‌ها  هه‌زاران شێعه‌ به‌ ده‌ست حكومه‌تی به‌عس كوژران و سیستانیش ده‌یزانی، ئه‌ی ئه‌و ده‌م بۆچی زمانی نه‌ده‌گه‌را ومڕه‌ی لێوه‌ نه‌ده‌هات،ئێستاش بووه‌ته‌ دڵسۆزی عێراقیه‌كان؟ ئاخوند سیستانی چۆن ئیزن به‌ خۆی ده‌دا كه‌ رێوشوێن بۆ گه‌لانی عێراق دیاری بكا،له‌ كاتێكدا بۆخۆی له‌ سیستانی رۆژهه‌ڵاتی ئێران را بۆ رۆزه‌خوێنی وكاسبی، هاتووه‌ته‌ نه‌جه‌ف و له‌وێش نانی نه‌زانی و دواكه‌وتوویی ئۆمه‌تی شێعه‌ ده‌خوا.به‌ پێی به‌ڵگه‌ی حاشا هه‌ڵنه‌گر له‌ ته‌واوی ماوه‌ی نووسین و پێداچوونه‌وه‌ی ده‌ستووری كاتیدا ،نوێنه‌رانی حكومه‌تی فاشیستی توركیه‌ له‌ نه‌جه‌ف له‌ لای سیستانی بوون و دنه‌یان داوه‌.ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌م ئاخونده‌ كاسه‌لێسه‌، چڵكاوخۆری ئاخونده‌كانی ئێرانیشه‌ و ئه‌وانیش جار به‌ جار به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ده‌ستێكی بۆ ده‌به‌ن و قورمیشی ده‌كه‌ن و وه‌ مڕه‌مڕی ده‌خه‌ن.
به‌ڵام ره‌نگه‌ ئاخوند سیستانی خه‌ون به‌ كۆماری ئیسلامی عێراقه‌وه‌ ببینێ، كه‌ ده‌بێ ئێستا تێگه‌یشتبێت،هه‌موو رۆژێ كه‌ڵ نامرێ كفته‌ به‌ فلسێك بێ.ئه‌و كات كه‌ كۆماری ئیسلامی له‌ ئێران هاته‌ سه‌ركار هه‌لومه‌رجی نێو نه‌ته‌وه‌یی به‌ شێوه‌یه‌كی تر بو.ئێستا هه‌لومه‌رجه‌كه‌ به‌ته‌واوی گۆڕاوه‌ و باوی حكومه‌تی ئیسلامی نه‌ماوه‌ ئه‌ویش به‌ تایبه‌ت له‌ چه‌شنی شێعه‌ی. ئاخوند سیستانی ده‌بێ تێبگا كه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ عێراق حكومه‌تی ئیسلامی دانامه‌زرێ، به‌ڵكوو سه‌رچاوه‌كه‌شی له‌ ئێران ویشك ده‌كرێ.ئاڵوگۆره‌كانی دنیای ئه‌مرو و پێشكه‌وتنی تێكنیك به‌ چه‌شنێكه‌ كه‌ زۆر ناخایه‌نێ ئاخوند سیستانی وكه‌سانی له‌ چه‌شنی وی كه‌ نانی بێ ئاوه‌زی و دواكه‌وتوویی شێعه‌كان ده‌خۆن، جێگایان یان شێتخانه‌ ده‌بێ یان مۆزه‌خانه‌ی ئینسانه‌ مێشك ویشك و سه‌یره‌كان.ره‌وتی دێموكراتی له‌ رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست له‌وه‌ی به‌ هێزتره‌ كه‌ پووش و په‌ڵاشی وه‌ك ئاخوند سیستانی و حه‌كیم بتوانن پێشی پێبگرن. 

11-3-2004