13-05-2011 04:37

رۆژنامه‌نووسێكی هه‌ناوڕه‌ش ... فه‌یسه‌ڵ نوره‌دین موختار

 

ته‌قێنه‌وه‌كه‌ی رۆژی 1/2 شاری هه‌ولێر كه هه‌ردوو حزبه‌ گه‌‌وره‌كه‌ی باشووری كوردستانی رووبه‌رووی زیانی گه‌وره كرده‌وه، هه‌موو كوردی به‌بێ جیاوازی تاساند،ئه‌وه‌ی‌ دوای ساته‌كانی كاره‌ساته‌كه‌ تۆزێك له‌خه‌می بنه‌ماڵه‌ی كوژراوو برینداره‌كانی كه‌م كرده‌وه گۆڕینه‌وه‌ی بروسكه‌ی ماته‌مینی تاڵه‌بانی‌و بارزانی بوو. به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌هه‌واڵه‌كانی هه‌مان شه‌وی كه‌ناڵی ئاسمانی (كوردستان تێڤ) دا، له رادیۆی جاسوسی (پراگ)،وه كه‌ به‌رنامه‌‌كانی به‌ناوی (عێراقی ئازاد) بڵاوده‌كاته‌وه چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ (سامی شۆڕش) سه‌باره‌ت به‌كارساتی ناوبراو كرد، زۆر ره‌فتار جاسوسیانه‌و تێكده‌رانه‌ باسی له‌ رووداوی ناوبراو كرد، ئه‌وه‌ی كه‌زانیاری سه‌باره‌ت به‌ رووداوی ناوبراو نه‌بێت واده‌زانی ته‌نیا ته‌قینه‌وه‌كه‌ی رۆژی 1/ 2 باره‌گای پارتی له‌هه‌ولێر گرتۆته‌وه، مرۆڤ كه‌ رۆژنامه‌نووس بێت به‌تایبه‌تیش له‌ رۆژگاری ئه‌مڕۆی جێهانگیریدا نابێت هه‌ناو ره‌شانه سه‌یری رووداوه‌كان بكات‌و روانینی خۆی بخاته‌ روو، خۆزگه‌م ده‌خواست ئه‌و كاته‌ی من گوێم له‌و چاوپێكه‌وتنه بوو ئێوه‌‌ی خوێنه‌رانێش هه‌رهه‌مووتان گوێتان له‌و چاوپێكه‌وتنه‌ ببووایه، ئینجا ده‌‌تانزانی هێشتا كۆمه‌ڵێك قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستی كوردیش هه‌ن‌و ماون دژی ته‌بایی ریزه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گه‌لی كوردستانن، تۆ بلێیت یه‌كیك له رادیۆی عێراقی ئازاد كار بكات‌و رۆژانه چه‌ندان راپۆرتیش بۆ (سیا) وه‌ربگێرێت نه‌زانێت كه‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی رۆژی 1 / 2  باره‌گای سه‌ره‌كی (یه‌كێتی) یشی له‌ هه‌ولێر گرتۆته‌وه، به‌ڵام دیاره هه‌ناو ره‌شی (شۆڕش) به‌رامبه‌ر به‌یه‌كێتی وه‌ك هه‌ناو ره‌شیه‌كه‌ی دوێنێ‌ی وایه به‌رامبه‌ر به‌پارتی ... من هه‌ست ناكه‌م له‌ رۆژێكی وه‌ك (1/2) دا هیچ ئه‌ندام و لایه‌نگرێكی یه‌كێتی و پارتی وه‌ك (سامی) یه‌كانی ناو (شۆڕش) قسه‌یان كرد بێت.