www.kurdistannet.org

كۆمه‌ڵێك ئارامگا .... ئاسۆ بیاره‌یی

 

دڵم وه‌ك شوراكانی قه‌ڵا

خوێنی لێده‌تكێ،

چاوم  هه‌ولێره

پانتاییه‌كان و سه‌فین سۆمامن..

خه‌می خاكم یه‌كه و فرمێسكیش

وه‌ك پارچه‌ی ناو هێڵی سنووره‌کێشراوه‌كان

جودایه،

مانگ و ئه‌ستێره‌ش داخورپاوی گرمه‌ن..

گریه‌ڕۆی دایكان

به‌ردی كێوان ده‌كای به‌ئاو،

شه‌پۆلی ده‌ریا ئه‌وه‌ستێنێ..

هه‌ی داد ! هه‌ولێر و قه‌ڵام به‌ریگیراوه

خاكم به‌عه‌مامه‌ی كۆلكه‌فه‌قێیه‌ك له‌سێداره‌ ئه‌درێ..

به‌ڵام هێشتا شورا‌به‌ده‌سته‌كان

بانگی یه‌كبوون ناچڕن..

یه‌كبوون خه‌وی شاره،

خه‌وی كوێستانه،

خه‌وی نه‌ورۆزه،

خه‌وی به‌هار و تاڤگه‌یه،

خه‌وی گوڵاڵه و ئه‌ڤینه،

یه‌كبوون

نوقڵه‌ئاواتی منداڵانی باوك نه‌دیوه..

هه‌وارگه‌ی باڵنده‌ گه‌ڕۆكه‌كانه

كه‌ له‌زه‌نوێری ده‌گه‌ڕێن پشویه‌كی تیابده‌ن،

یه‌كبوون خۆی كردوه‌ته فریشته‌ی به‌هه‌شت و

كوردۆش دێوانه وونه‌كه‌ی بیابان

ده‌ستی نایگاتێ..

كوردۆ

عه‌وداڵی دۆنده

به‌ڵام ئه‌ستێره و گزنگ نابێنێ..

شه‌خته‌ی جودایی سڕیكردوه و

زمانی گۆناكات بڵێ: یه‌كگرتن..

كوردۆ

په‌یامی پێنج هه‌زاره مزگه‌وتی خوای پێیه

كه‌سوپاكه‌ی ئه‌نفالی زوو

سه‌رله‌نوێ ئه‌نفالیكرده‌وه،

كوردۆ

ئه‌لبومی 250  هه‌زار مرۆڤی ئاده‌م و حه‌وای

له‌نیگادا هه‌ڵگرتووه

جه‌سته‌ی تاساوی گه‌لێكه‌

‌كه‌نایه‌وێ له‌تاریكستانی سه‌رپۆشدابژیت..

په‌یامی كوردۆ

په‌یامی كۆترێكی سپی به‌رزه‌فڕه

حه‌وتته‌به‌قه‌ی ئاسمان ده‌پشكنێ..

له‌خواوه‌ندێ ده‌گه‌ڕێ..

له‌په‌لكێكی زیوینی خۆرێ ده‌نواڕێ

هێلانه‌یه‌ك تیاهه‌ڵواسێ..

 

22-2-2004