13-05-2011 05:06

 

 (هه‌ڵوێسته‌كه‌ی مام جه‌لال و بێده‌نگی خامه‌كان) .... مه‌هدی خالید خه‌مبار

 

هاوار و فیغان و شین و شه‌پۆڕی هه‌موو لامان بۆ ئه‌و ناڕونی گومانمان نیه‌ كه چار‌‌نوس و لێڵی ئاسۆی دواڕۆژمانه كه ئێستا‌ هه‌مومان كه‌م و زۆر دركی پێ ده‌كه‌ین و هه‌ریه‌كه‌شمان ڕه‌نگه بۆچون و لێكدانه‌وه‌ی جیاوازمان بۆیان هه‌بێت. سوپاسگوزاریمان له كاره‌باش و هه‌ڵوێسته جوامێره‌كانی سه‌ركرده‌كورده‌كانمان و توڕه‌یی و بێزاری ده‌ربڕینیشمان له به‌رانبه‌ر كار و لێدوان و هه‌ڵوێسته‌ نامۆكان به‌ئێمه له‌لایه‌‌نیانه‌وه پێویسته له‌م ڕوانگه‌یه‌وه سه‌رچاوه‌بگرێت، به‌واتا په‌رۆشی و خه‌مخۆری و به‌ئه‌مه‌كیمان بۆ بابه‌ته‌كه و به‌‌ته‌رازوی ویژدان هه‌ڵسه‌نگاندن بكه‌ین و له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر كارێكیشدا به‌پێی باش و خه‌راپی و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆك و جه‌وهه‌ری مه‌سه‌له‌كه و زه‌ره‌رمه‌ندی و قازانج گه‌یاندن ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵدا بكه‌ین، به‌تایبه‌ت ئه‌و خامانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی حیزبه‌كان پێویسته به چاوێكی واقیعبینانه راستی و چه‌وتی، باش و خه‌راپی، شیاوی و نه‌شیاوی هه‌ڵسوكه‌وت و گفتوگۆو و كاره‌كانی هه‌موو سه‌ركرده‌كانی كورد چاو لێ بكه‌ن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، به‌لای منه‌وه گرینگ نیه كه ئیمه‌مانی ناو حیزبه‌كان له چه‌پ و دیمكراته‌وه بگره تا ناسیۆنالیست و ئه‌وپه‌ڕی ڕاست چۆن هه‌ر یه‌كه‌مان به‌ به‌ژن و باڵای حیزب و سه‌ركرده‌كانی خۆماندا هه‌لده‌ده‌ین، به‌ڵكو خامه‌ بێ لایه‌‌نه‌كان گرینگ و ئه‌ڵته‌رناتیڤ ده‌زانم گه‌ر ئیسپاتی بونی خۆیان بكه‌ن چونكه به‌هه‌قه‌ت تێكه‌ڵاونبونێك ده‌بینرێت كه جیاكردنه‌وه‌یان ڕه‌نگه‌ زه‌حمه‌ت بێت‌ ئه‌مه‌ش نه‌ به‌خه‌راپی ده‌زانم نه‌دژیشیم، به‌ڵام له‌م دیدانه‌وه زه‌حمه‌ته به‌ته‌واوی و بێ لار بونه‌وه درك په‌نجه له‌ سه‌ر ڕاستیه‌كان دابنه‌ین، پیره مێردی نه‌مر فه‌رمویه‌تی (شێخ ده‌ڵێ ئاگام له‌ عه‌رش و قورشه، كێ هه‌یه به‌دۆی خۆی بڵێ تورشه) .

 گه‌لێك له له‌پێناو وه‌دیهێنانی ئاواته‌كانیدا به‌م جۆره خه‌باتی كردبێت و به‌م قه‌واره‌یه‌ش قوربانی به‌خشیبێت، به‌م ئه‌ندازه‌یه‌ش گیانی به‌ره‌نگاری و داكۆكی له بوون و سه‌‌روه‌ری خۆی و نیشتیمانه‌كه‌ی پته‌و و به‌هێز بوبێت.

گه‌لێك خێزا‌نێكی نه‌مابیته‌وه كه فرمێسك و خوێنی بۆ له ده‌ست دانی ئازیزێكی هه‌ڵنه‌ڕشتبێت و دایكێكی نه‌بابێته‌وه كه‌مه‌دالیای شه‌هیدبوونی جگه‌رگۆشه‌یه‌كی له‌مل نه‌كردبێت

 بسته‌خاکێكی ووڵاته‌كه‌ی نه‌ماوه‌ته‌وه كه تۆپ و بۆمبای دوژمنانمانی نه‌یكێڵابێت

و كانی و گوڵشه‌نێكی نه‌مابێته‌وه كه ده‌رمان خوارد نه‌كرابێت، په‌نا به‌ردێكی نه‌مابێته‌وه كه خوێنێ دوانی لێ نه‌ڕژابێت.

گه‌لێك كه ئه‌وه‌ی له جیهاندا به‌كاربردنی یاساغ كرابێت و مرۆڤایه‌تی قیزی لی كردبێته‌وه له‌دژیان به‌كار هێنابێت و نه‌چۆكیان پێ دادابێت و نه‌ بنه‌بڕیش كرابێت،

 گه‌لێك. . . . . و. . . . . . . . و. . . . . . . . . . . به‌سه‌ردا هاتبێت و پێ‌ی كرابێت و مابێته‌وه.

 ماوه‌ته‌وه‌ بڵێن و بپرسین ئه‌ی ڕێبه‌رانی تێكۆشه‌ری گه‌له‌كه‌مان چیتر هه‌یه و له‌سه‌ر ئێمه بوبێ و نه‌مانكردبێ و چیتر ئازار و ناخۆشی ماوه‌ته‌وه نه‌مانچێشتبێ، له‌وه‌ته‌ی هه‌ین كام هه‌وراز سه‌خت و دژوار بوه نه‌مانگرتبێته‌به‌ر و كام شه‌وه‌زه‌نگی تاریك و ئه‌موسته‌چاو بوه به‌ چرای خوێنی گه‌شمان ڕوناكمان نه‌كر دبێته‌وه

 كام و كام و كام وكام. . . . . . كامه‌كانمان كۆتاییان نایات و برینه‌كانمان قه‌تماغه ناگرن و ئازاره‌كانیشمان سارێژ نابن و شه‌هیده‌كانمان و وونبوه‌كانیشمان ئۆقره‌ناگرن ناحه‌سێنه‌وه گه‌ر

 ئه‌وه‌ی ده‌مانه‌وێت نه‌یكه‌ن و ئه‌وه‌ی داوای ده‌كه‌ین نه‌یڵێن !!

ئه‌وه‌ی كه به‌ر له ڕژانی ئه‌و خوێنه زۆر و زه‌وه‌نه‌ی به‌ر جه‌سته‌ی گه‌له‌كه‌مان و به‌ر له تراژیدیای هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال وپیاده‌كردنی جینۆساید پێمان ڕه‌وا ده‌بینرا ئێستا ئه‌وه‌شمان پێ ڕه‌وا نابینن ! ئه‌وه‌ی دوێنێ به‌و دڕنده‌یی خۆیه‌وه ڕژێمی به‌عس دانی پیدا نا، ئه‌مڕۆ هێشتا سه‌ره‌گوریسكیان ده‌ست نه‌كه‌وتوه وا ده‌كه‌ن و چاومان لێ سور ده‌كه‌نه‌وه وامان لێ ده‌كه‌ن كه بڵێین خۆزگه‌ به كفن دز !!

 به‌هه‌ر حاڵ ئه‌وه‌ی كه مه‌به‌ستمه‌ بیڵێم و بیدركینم ئه‌وه‌یه كه دوو ئه‌ركمان كه‌وتۆته سه‌ر شان چ ئێمه وه‌ك جه‌ماوه‌ر و چ ئه‌وا‌نیش وه‌ك سه‌ركردایه‌تی سیساسی گه‌لی كورد

 1 : له پاش ئه‌و خه‌بات، قوربانی دان و ماڵوێرانی و سه‌نگه‌ر چۆل و مل كه‌چ نه‌كردن و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌مان له به‌رامبه‌ر ئه‌و دڕندایه‌تیه‌ی دوژمنانی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی كورد و ئه‌و شێوازه تۆقینه‌ر و قڕكه‌ر و پیاده‌ كردنی ئه‌و سیاسه‌ته شۆڤێنیه سه‌ركوتكه‌ره، كاتی ئه‌وه نه‌ك هه‌ر هاتوه به‌ڵكو تێپه‌ڕیویشه‌ كه سه‌ركرده‌كانمان بوێرانه نه‌ك هه‌ر باس له چاره‌نوسی گه‌له‌كه‌مان بكه‌ن به‌ڵكو ده‌بێت خۆشیان و ئێمه‌ش له‌و مه‌قۆمه‌قۆیه‌ی شه‌قامی كوردی ڕۆژێ زوتر ڕزگار بكه‌ن و بڕوای ته‌واویشیان به‌وه هه‌بێت كه گه‌لی كورد شایسته‌ی هه‌موو شتێكه كه‌ سه‌روه‌ری بپارێزێت و له‌ ژێر ده‌سته‌یی و بێ ناونیشانی سیاسی رزگاری ببێت، ڕۆژی ئه‌وه هاتوه كه ئه‌مڕۆش وه‌كو ڕۆژگاره‌سه‌خته‌كانی خه‌باتی شاخ و لادێ جارێكی تر پشت ئه‌ستور به گه‌ل و به‌متمانه‌ی ته‌واو به‌گه‌ل، گفتوگۆ نهێنیه‌كانی نێو ژوره‌ داخراوه‌كان چ له خودی جوڵانه‌وه‌كه و چ له‌گه‌ڵ به‌نادۆستانی كرود چ له‌گه‌ڵ دوژمنانی گه‌لی كورد بێت، چونكه هه‌ر هه‌مویان گرێدراوان به‌چاره‌نوسی گه‌له‌كه‌مانه‌وه و له‌هه‌مویاندا باس له‌ چاره‌نوسمان ده‌كرێت، ئه‌ی چ ڕه‌وای هه‌قه كه‌ ئه‌مڕۆ له‌شێنه‌ییدا پرسمان پێ نه‌كرێت و (له ده‌ریادا مامه‌ڵه له‌سه‌ر ماسی بكرێت) ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی هێزی جه‌ماوه‌ر مسۆگه‌ر بكرێت، پێویسته سه‌ركرده‌كانمان جه‌ماوه‌ر و قورسایی و ده‌نگ و ئیراده‌‌كه‌ی په‌راوێز نه‌كه‌ن.

2 : له سه‌ر ئێمه‌ش پێویسته پشتیوانیان بكه‌ین و خۆمان له به‌ره‌یه‌كی تۆكمه‌ی كوردایه‌تیدا ساز و ئاماده‌ بكه‌ین و یه‌ك ده‌ست و یه‌ك هه‌ڵوێست له حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدا بین بۆ به‌رپه‌چ دانه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌گه‌رێك و ڕه‌شه‌بایه‌ك كه به‌پێچه‌وا‌نه‌ی ویستی كه‌شتی گه‌یاندنی په‌یامه‌ پیرۆزه‌كه‌مان به دوا مه‌نزڵگه هه‌ڵ بكات.

 لێدوانه‌كانی به‌ڕێز كاك مه‌سعود بارزانی له به‌رابه‌ر نه‌یارانی فیدرالی هه‌ڵوێستێك بو كه گه‌له‌كه‌مان له سه‌ركرده‌كانمان چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌ن و به‌ باڵای هه‌ڵوێسته‌كه‌ش گرینگیمان پێ دا و لاپه‌ڕه‌كانی سایته كوردیه‌كانیش شایه‌تی ئه‌و ڕاستیه‌ن، من وه‌ك كوردێك ده‌ست خۆشی له‌هه‌ر سه‌ركرده‌یه‌كی كورد ده‌كه‌م كه ئه‌وه‌ی ده‌مانه‌وێت بیڵێت، ده‌ست خۆشیش له هه‌ر كه‌س و خامه‌یه‌كێش ده‌كه‌م كه سوپاس و پشتگیریان بكات، مه‌سه‌له‌كه‌ش پیا هه‌ڵدان نیه و به‌س به‌ڵكو چۆن ڕه‌خنه له هه‌ڵوێست و دوانێكیان ده‌گرین كه پێمان خه‌راپ بێت و هه‌ندێ جاریش ره‌نگه‌ واش نه‌بێت.

 ئه‌وه‌ی پاڵی نام ئه‌م نوسینه بنوسم ئه‌و بێ ده‌نگیه‌یه‌ی خامه‌كان بوو به‌رامبه‌ر به ووته و هه‌ڵوێسته‌كه‌ی مام جه‌لال بوو له به‌غدای پایته‌خت و له نێوان چه‌ندین كه‌سی نیمچه دۆست و دژدا كوردستانی بوونی كه‌ركوكی به‌ به‌ڵگه‌ نامه‌یه‌ك ئاشكرا كرد كه‌ ڕه‌نگه به‌ده‌گمه‌ن ده‌ست بكه‌وێت، بێ پێچ و په‌‌نا باسی له سنوری كوردستان كرد و حه‌مرینی كرده سنور.

 پێم وایه ئه‌و هه‌ڵوێسته ده‌یهێنا زۆری له‌سه‌ر بنوسرێت، ده‌یهێنا پشتگیری ته‌واو بكرێت، نازانم بۆ وا نه‌بوو ؟؟

 من خۆم چ وه‌ك كه‌سێكی كوردستانی و چ وه‌ك كه‌سێكی نێو ڕێكخستنه‌كانی ی. ن. ك و چیش وه‌ك خه‌ڵكێكی كه‌ركوك ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی مان جه‌لال به‌رز و به‌نرخ ده‌بینم و ده‌ست خۆشیشی لێ ده‌كه‌م له‌وه‌ش دڵنیا بن ئه‌م ده‌ست خۆشیه‌م وه‌ك یه‌كێتیه‌ك نیه ئه‌گینا ده‌متوانی زیاتری پیا هه‌ڵبده‌م.

 له كۆتاییدا جارێكی تریش تاكه داوام وه به‌ تایبه‌ت له‌و خامه بێ لایه‌نانه ی ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی حیزبه‌كان ئه‌وه‌یه كه په‌نجه له سه‌ر هه‌موو راستی و ناراستی هه‌موو بابه‌ت و خاوه‌نه‌كانیان دابنه‌ن تا ئێوه ڕۆڵی كاریگه‌رانه‌ی خۆتان به ویژدانه‌وه ببینن و ئه‌ركی سه‌ر شانی خۆتان له‌م قۆناخه‌ مێژوییه‌دا جێ به‌جێ بكه‌ن.

 

 m. shwani@kolumbus. fi‌‌