13-05-2011 05:08

 

***  به بالی كام خه‌یاڵ بفرم بۆلاتان قافله‌كه‌ی هه‌ولێر*** ... ح ئه‌یوبزاده

 

به باڵی كام خه‌یال بفڕم ، بێمه ‌لاتان، ئێوه‌ ئه‌ی رێبوارانی شه‌و گاری  تۆف و به‌ند! به كام وشه سوكنایی بێ دڵی كه‌یلی خه‌مم؟  له كام به‌ستێن ئۆقره بگرم، بتوێنمه‌وه شه‌كه‌تییه‌كه‌م  ئازاری گیان؟  یادگارتان به‌رێوه‌یه و رووبار ده‌یبا بۆ ده‌شتی پڕ هه‌ڵاڵه، شه‌و‌‌با بۆ ئاسمان، باران دایده‌رێژی به‌ره‌به‌یان، له ‌ئامێزیان ده‌گرێ خۆره‌تاوی قاوه‌ڵتوونان. له‌و مه‌زرایه‌ی گوڵ بپشكوێ، هه‌ر هه‌ڵاڵه و وه‌نه‌و‌شه‌یه‌ به بزه‌ی كاڵی ئێوه خۆ ره‌نگ ده‌كه‌ن.

 ئێوه مه‌لن له گوڵه‌جاڕی ژینی گه‌لدا. له‌تریفه‌ی مانگ ، هه‌ناسه‌ی شه‌و، هه‌ستی خه‌یاڵ، زێوی فرمێسك له‌‌‌سه‌ر تاجی بزه‌ی گوڵی گوڵاو  هێلانه‌تان هه‌ڵبه‌ست.

 تا پێش جه‌ژن تاقه سواری گه‌ره‌كێك بوون.  هه‌ر یه‌ك سۆزێك، كه بوون به دوو، یه‌ك به‌سه‌ت بوون ، كه بوون به كۆ، بوونه هه‌زار هه‌زار.  ئێستا گه‌ڕه‌ك نه‌ما ئێوه نه‌بنه تاكه‌سواری. ئه‌وه‌ی شاره ناوی ئێوه‌ی‌ له‌سه‌ر زاره. ئه‌وه‌ی پیر بێ به‌كوڵ ده‌گری ، ئه‌وه‌ی لاو بێ لێتان فێر بوو كه چۆن بژی و بمرێ. بۆ زارۆكان بوونه چیرۆك ، دایه پیره ده‌یلێته، بووكی پێرار به سۆزه‌وه به لای لایه، كچی شیرنم ، كوڕی ژیرم ده‌یڵێته‌وه: ئه‌ی ئه‌وانه‌ی گیانتان به ئاوریشمی خه‌یاڵ چندرا، بوون به خوێنمان له ده‌ماردا، بوون به‌هه‌وا هه‌ڵمان مژین، بوونه ژیریی له مێشكدا.  

 سه‌ربهوردتان چۆن بنووسێ ئه‌‌م سێبه‌ره قه‌تیس ماوه له قاپێلكه‌‌ و له‌شی مندا.  یادی ئێوه، روندكی كیژی باوكوژراوه، داناخزێ، له ره‌شكێنه‌ی هه‌ردوو چاوی مندا هه‌ڵكورماوه.

 ئه‌ی باڵنده‌ی شاخ و زه‌ردوماهان، رێبوارانی سه‌رفێرازی ده‌شتی خۆشه‌ویستیی بێبرانه‌وه، په‌له‌تان كرد ببن به قاسپه‌ی كه‌و ، به خوڕه‌ی چۆم، سێبه‌ری بی، فرمێسكی به‌فر! پێتان گوتبام ده‌چنه سه‌فه‌ر، منیش ده‌مگوت: جێم مه‌هێڵن، له‌گه‌ڵتان دێم! 

من و دڵم به‌جێماوی  كاروانێك بووین به‌ر له ‌ئێستا  له ئاگردا توواینه‌وه. ئه‌و قافڵه‌یه‌ی‌ ئێوه‌ تێیدان وه‌كو  قافڵه‌ی پێشوو له‌ویش پێشتر، سه‌رده‌می دوور كه بوون به‌ نوور، ئێمه‌ی نووستووی له‌خه‌و هه‌ستاند.

 ئه‌ی كاروانی بێ‌برانه‌وه‌ی شاری هه‌ولێر، سلێمانی، كاتێ ئێمه كه‌وتینه خۆ، ئێوه كه‌وتبوونه رێ. ده‌نگی زه‌نگی قافله‌كه‌تان له هه‌رلایه‌ك دێته ‌به‌رگوێ.  پێتان گوتین لێك وه‌كۆ بین، به‌دوای خۆ دا به ئیشاره روو له ئاسۆ كێشتان كردین. به‌لام ئێوه رانه‌وه‌ستان په‌له‌تان كرد،‌جێتان هێشتین.  له بیرمان چوو پێش رۆیشتن پێتان بلێین  خۆشمان ویستن. ئێوه كه چوون گه‌ردنی قومری زیندووی بریندارتان خوێناویی بوو، په‌رو باڵی كوتری سه‌رده‌رانه‌ی مزگه‌وت هه‌ڵوه‌ری بوو، باڵ ره‌نگینه په‌پووله‌‌كه‌ی  نێو باخچه كه شه‌كه‌ت كه‌وتبوو.

له‌مرۆ به‌دوا منیش لكی داری كه‌وتم ، به‌سه‌رهات و  ده‌نگ و ره‌نگی قومری گه‌ردن به خوێن كۆتری په‌ر هه‌ڵوه‌ریو، له‌شی ماندووی  په‌پووله له به‌ژنم دا تۆمار ده‌كه‌م. رۆژێك دادێ پیره مێردێك بۆ بژیوی بمفرۆشێ. ده‌سره‌نگینی شاری سنه‌ بمكا به‌ نه‌رد ، كرماشانی له مێحرابان یاریم پێبكا، له مهابادێ ببمه دیاری، له قامیشلی چیرۆك بێژ بم.  له ئامێدێ یادگاری برای دووره وڵات بم. من لێره‌وه ده‌سته و دامێنتانم ، ئازیزانی وه‌ك من پرچ سپی پشت چه‌ماوه   هه‌توان به‌رن بۆ برینیان . له‌وه‌به‌دوا وێنه‌كانیان زیندوی زیندوون، له‌گه‌ل ئه‌وان ده‌چمه سه‌یری دنیای ره‌نگ و هونه‌ر ،خۆشه‌ویستی.

 

 

***

داری كه‌وت: ئه‌فسانه‌یه‌ك له كوردی دا هه‌یه و ده‌ڵێن هه‌ركه‌س له لێره‌واردا  به لای داری  كه‌وت دا بروا وێنه‌ی لێ هه‌ڵده‌گرێ. سه‌نعاتكاران كه بیكه‌ن به مۆدنه یان ته‌خته‌نه‌رد و قه‌له‌مدان هه‌زاران نه‌خشیان به‌رووه‌وه ده‌بیندرێ.