بةدواداضووني هةوالَصك ... سةردار عةزيز

له هاوڵای ژماره 197دا له هه‌واڵێکی کورتدا، یه‌که‌م هه‌نگاوی پڕ چه‌ک کردنه‌وه‌ی سوپای عێراق به خوێنه‌‌ری کورد راگه‌‌یه‌نرا.هه‌واڵه‌که هیچ به‌دواداچون و لێک دانه‌‌وه‌یه‌کی نیه، یه‌کێکه له‌و جۆره هه‌واڵانه‌ی که له میدیای گوتراودا پێی ده‌ڵێن هه‌واڵی سی چرکه‌یی.له هه‌واڵه‌که‌دا هاتوه که تانکه‌کان که ژماره‌یان 100دانه‌یه روسین و به دیاری دراون به سوپای عێراق.روسیا دیاری بدا به سوپای عێراق! هه‌واڵێکی وا به ئاسانی قوت نادرێ، هه‌رچه‌نده له هه‌ندێ میدیای تره‌وه به ئۆکرانی ناوبرابوون.

 سیپته‌مبه‌ری رابوردو له کاتی سه‌ردانه‌که‌ی بۆ ووڵاته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌‌مه‌ریکا، ئه‌یاد عه‌‌لاوی له کۆنگریس قسه‌ی کردو به پێی قسه‌ی پۆڵ ووڵفه‌‌وایتز هه‌ندێ له ئه‌ندامانی کۆنگریس به یه‌کێک له باشترین قسه‌کردنه‌کانی مێژووی کۆنگریسیان له قه‌ڵه‌م دا.دیاره هه‌موومان ئاگامان لێبوو عه‌لاوی ته‌نها باسی ئه‌و شتانه‌ی کرد که حکومه‌تی ئه‌مریکی پێیخۆشه گوێی لێبێ.به‌ڵام ئه‌وه‌ی له میدیاو خه‌ڵی شارایه‌وه دانیشتنه‌که‌ی عه‌لاوی بوو له گه‌ڵ بۆشدا، عه‌لاوی له‌و دانیشتنه‌دا بۆشی له‌و گرێ کوێرانه ئاگادارکرده‌وه که ناتوانێ به ئاسانی بیانکاته‌وه.یه‌کێک له‌و کێشانه کێشه‌ی بونیادنانه‌وه‌ی سوپای عێراق بوو، عه‌لاوی، وه‌ک له راپۆرتێکی گۆڤاری نیورکه‌ری ئه‌مریکیا هاتووه، ئه‌وه‌‌ی بۆ بۆش روونکردبوه که ئه‌و پێویستی به هێزه بۆ به گژاچونی تیرۆریستان، وه پرۆسه‌ی بونیادنانه‌وه‌ی سوپای عێراق زۆر به خاوی به‌رێوه ئه‌چێ به جۆرێک زۆرگرانه بروابکرێت که له سه‌ره‌تای ساڵێ داهاتودا بتوانرێ به ئاسانی هه‌ڵبژاردن بکرێ، له میانه‌ی قسه‌کانیا عه‌لاوی داوای چه‌کی قورس وه‌ک تانک و زرێپۆش بۆ سوپای عێراق کردبوو.مه‌سه‌له‌ی به‌خشینی تانک به سوپای عێراق به‌لای ئه‌مریکیه‌کانه‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌که مایه‌ی مشتومره.زۆر له لێپرسراوه ئه‌مریکیه‌کان هێشتا نه‌گه‌شتونه‌ته ئه‌وبروایه‌ی که سوپای عێراق ئاماده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ببێته خاوه‌ن چه‌کی قورس، که به‌ ئاشکرا له توێی ئه‌م راراییه‌دا نه‌ک هه‌ر لاوازی به‌ڵکو نه‌بوونی برواش ئه‌بینرێ. له‌لایه‌کی تره‌وه ئه‌وه‌‌ی عه‌لاوی و سترتیژه‌سته‌کان له واشتتون به‌ باشی نازانن ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر سوپای عێراق ببێته خاوه‌ن تانکی ئه‌مریکی ئه‌وا به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی زۆر ئاشکرایه بۆ ئه‌وانی تر که ئه‌م سوپایه به‌کرێگیراوێکی ئه‌مریکیه.

بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م کێشه‌یه دۆناڵد رامسفێڵد، له پاش سه‌ردانه‌که‌ی بۆ عێراق و دانیشتنی له‌گه‌ڵ عه‌لاویدا، [ئه‌وه‌ی جێی باسه عه‌لاوی له پاش گه‌رانه‌وه‌که‌ی نامه‌یه‌کی به باڵوێزی ئه‌مریکا له به‌غداد بۆ سه‌رۆک بۆش نارد وه‌ک شێوازێکی نوسراو (فۆرماڵ) بۆ داخوازیه‌که‌ی بۆ تانک و زرێپۆش، ] سه‌ردانی رۆمانیای کرد، که یه‌کێکه له‌و ووڵاتانه‌ی پاڵپشتی ئه‌مریکا ئه‌کات و رامسفێڵد به ئه‌وروپای نوێ ناویان ئه‌بات، له‌وێ له گه‌ڵ لێپرسراونی ناتۆدا کۆبونه‌وه‌ی کرد.رامسفێڵد له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌دا پێشنیاریکرد که ووڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا، بلۆکی رۆژهه‌ڵاتی پێشو، ژماره‌یه‌کی زۆر له تانکی روسیان هه‌یه که ئه‌توانن به عێراقی بفرۆشن بۆ ئه‌وه‌ی بۆ بونیادنانه‌وه‌ی سوپاکه‌ی به‌کاریبهێنێت.رامسفێڵد له‌م بریاره‌یدا چه‌ند مه‌به‌ستێکی پێکا، یه‌که‌م به‌وه‌ی تانکه‌کان روسین، ئه‌مریکی نین جۆرێکی له سه‌ربه‌خۆی سوپای عێراق ئه‌سه‌لمێنێ، دووه‌م ووڵاتانی ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵات بۆ جێگرتنه‌وه‌ی ئه‌و تانکانه تانکی ئه‌مریکی ئه‌کرن، سێهه‌م وه‌ک سوپاسێک بۆ پشتگیری کردنی ئه‌و ووڵاتانه بۆ ئه‌مریکا له‌شه‌ری دژه تیرۆردا.

به‌ڵام ئه‌وه‌‌ی به لای کورده‌وه جێی پرسیاره، یان راستر مه‌ترسیه، ئه‌وه‌یه که ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند، به‌غدا، به‌ره‌و پڕچه‌ک بوون و به‌هێزبوون ئه‌روات و له هه‌مانکاتدا هیچ یه‌کێک له کێشه‌کانی کورد یه‌کلایی نه‌کراوه‌ته‌وه، به‌تایبه‌تی ئه‌مه جێی مه‌ترسی تره پاش لێدوانه‌که‌ی غازی یاوه‌ر ده‌رباره‌ی ریفراندۆم و ئاماژه‌کردنی بۆ به‌کارهێنانی چه‌ک یان هێز له دژ داخوازیه‌کانی خه‌ڵکی کورد.

 

info@kurdistannet.org

ضاثيكة

كاتي بلآوكردنةوة 

www.kurdistannet.org