خه‌بات له‌پێناوی داپۆشینی ڕێكه‌وتننامه‌ ئابڕووبه‌ره‌كه‌ی 15 نۆڤه‌مبه‌ر

سةركان كوردي

sarkan@kurdee.ne

13-05-2011 04:41

ووتاره‌كه‌ی به‌ڕێز نه‌وشێروان موسته‌فا كه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ‌دا له ژماره‌ 3264ی ڕۆژی 7/1/2004 به‌ ناونیشانی (كورد و قانونی به‌رِێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عێراق له‌ ماوه‌ی گواستنه‌وه‌دا) دا بڵاوی كرده‌وه‌ تێدا باس له‌ شێوه‌ی فیدڕالی و مافی كورد و پته‌وكردنی ده‌نگی كورد و هه‌ندێ شتی به‌سوود ده‌كات كه‌ به‌ كوردی و كورتی ئاواتی زۆربه‌ی زۆری كوردی پێكاوه‌. به‌ڵام گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ڕێكه‌وتننامه‌ ئابڕووبه‌ره‌كه‌ی 15/11/2003 كه‌ به‌ڕێز مام جه‌لال ئیمزای كردووه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌م ووتاره‌ی به‌ڕێز نه‌وشێروان موسته‌فا زه‌مین و ئاسمانی جودایه‌، ئه‌توانین بڵێین ئه‌مه‌ وه‌ك جیاوازی (سیڤه‌ر و لۆزان وایه‌) .

تا ئێستا ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی ینك (كوردسات، ته‌له‌فیزیۆنه‌كانی ناوخۆ گه‌لی كوردستان و خاك، ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ و الاتحاد، گۆڤار، ڕادیۆ، و تۆڕگه‌ی ئه‌نته‌رنێتی PUK) خۆیان له‌ ڕێكه‌وتننامه ئابڕووبه‌ره‌كه‌ی 15/11/2003 ی تاڵه‌بانی ده‌دزنه‌وه‌و باسكردنیشتی به‌ شتێكی ڕه‌وا نابینن سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو نووسین و ڕه‌خنه‌و كۆڕانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ووڵات كه‌ به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی تاڵه‌بانی ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌ناو (كه‌ڵه‌ نووسه‌ر) و (كه‌ڵه‌ شاعیر) و (كه‌ڵه‌ ڕۆژنامه‌نووسه‌كانی) نێو ڕیزه‌كانی ده‌زگای راگه‌یاندنی (ینك) نوزه‌یان لێوه‌ نایه‌.

لێره‌دا پرسیارێك خۆی ده‌كات به‌ ناو بابه‌ته‌كه‌دا و ده‌ڵێت "ئایا ئه‌م نووسینه‌ی به‌ڕێز نه‌وشێروان بۆ سڕینه‌وه‌ی ئیمزاكه‌ی مامه‌یه له‌ 15/11/2003‌ له‌ هزر و بیری تاكی كوردا؟" یان هه‌ر بۆ درووستكردنی بابه‌تێكه‌ كه‌ هه‌ر هیچ نه‌بێت تۆزیک له‌ به‌های ئه‌و بایه‌خه‌‌ كه‌م ووێنه‌یه‌ كه‌م بكاته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن هه‌موو سیاسه‌ت مه‌داران و ڕۆشنبیران و نووسه‌ران و تێگڕای ته‌واوی گه‌له‌وه‌ به‌ ووتاره‌ گرنگه‌كه‌ی به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانی درا كه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی خه‌باتدا له‌ ژماره 1321ی ڕۆژی 18/12/2003 http://www. birayeti-xebat. net/Arc/Xebat/18-12-2003/x3. pdf بڵاوكرایه‌وهه‌ سه‌باره‌ت به‌ فیدڕالی پارێزگاكان. ئه‌گه‌ر وا نیه‌ باشه‌ خۆ ئه‌و نووسینه‌ی به‌ڕێز نه‌وشێروان موسته‌فا هه‌ڵوێست و پشتگیریه‌ بۆ ووتاره‌كه‌ی‌ به‌ڕێز بارزانی، كه‌چی به‌ هیچ جۆرێك ئاماژه‌ی بۆ ناكات. "ده‌پرسین تۆ بڵێ‌ی نووسینی ئه‌و ووتاره‌ی به‌ڕێز نه‌وشێروان زۆر به‌ خێرایی دوای ووتاره‌كه‌ی به‌ڕێز بارزانی هه‌ر به‌ ڕێكه‌وت بووبێ!" یان ئه‌م جاره‌ش هه‌ر به‌ قودره‌تی قادره‌كه‌ی سه‌رانی (ینك) ئه‌م ڕێكه‌وته‌ واكه‌وته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش هه‌ر كاری خواكرده‌ وه‌ك كاره‌كانی دی! ده‌ك ئه‌و خوایه‌ كورد بێوه‌یكات. له‌ دوایشدا ده‌ڵێین. . . هیچ گوناهی میله‌تی كورد نیه‌‌ كه‌ هه‌میشه‌ به‌ گومانه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ هه‌ڵوێست و كرده‌وه‌كانتان.

هه‌ر بژین بۆ كورد