تاڤگه‌ی نیگا. . . دڵشاد ئیبراهیم
 

13-05-2011 04:44

له ڕووباری چاوانته‌وه
تاڤگه‌ی نیگا ڕێچكه‌ی به‌ست‌و
به‌ره‌و سه‌رچاوه‌ی ده‌روونی ووشك‌هه‌ڵاتووم
 سه‌ره‌وخواربوو
له كاتێكدا
هه‌م ژوانی ماڵئاوایی
زستانی مه‌ینه‌ت‌وغوربه‌ت
هه‌م كۆڕی ساردی ته‌نیایی
 پرسه‌ی عیشقی بێ‌هه‌وار بوو. . !
ئه‌و ده‌مانه
ئاوێته‌بوونی زریانی
ته‌ماوی ئامێزی حه‌سره‌ت
به‌نه‌سیمی
 ناو كڵاوڕۆژنه‌ی به‌هار بوو. . !
له‌یادمه ئه‌وساتانه
دڵ‌ومێشكم. . لانه‌ی گه‌رمی، 
كۆرپه‌ی خه‌می ئه‌وینێكی، 
 زگماكی لاڵی بێ‌باڵ بوون. . !
چاوانیشم بۆ دیداری
بابانه‌وێلێكی حه‌كیم
 چاوه‌ڕێ‌و مه‌ست‌و بێ‌حاڵ بوون. . !
 
ئه‌و ده‌مانه. . كه‌سم نه‌بوو
جگه‌له ئه‌شك‌و پێ‌نووسێ
كه‌به‌رده‌وام
له‌ناو گێژاوی غوربه‌ت‌و
نادیاریی چاره‌نووسێ
بۆ یه‌كتری ئه‌توانه‌وه‌و
 داخی ده‌روونیان هه‌ڵئه‌ڕشت. . !
تا له‌پایاندا ئه‌وانیش
كۆڵی خه‌می، تاڤگه‌ی نیگای
عیشقی نوێ‌ی تۆیان نایه‌پشت. . !