ئه و كاتانه‌‌ی بونم له تۆدا ئه‌بینمه‌وه. . . كوردۆ ده‌روێش

 

له ئاستانه‌ی ئه‌م ته‌نیایی یه‌مدا

به‌بێ ده‌نگ وبێ ئاگایی خۆم

له سوچێكی تاڵه تیشكه‌ ماندوه‌كانی خۆرا

له خامۆش بونی جریوه‌ی مه‌له‌كاندا

له بوڵێڵ ئاسمان وله‌كه‌ناری تاریك بوونا

له كۆتایی سه‌مای گه‌ڵاكان‌و

له دوا بزه‌ی سه‌ر لێوی گوڵه‌كاندا

بێ ده‌نگ وه‌ره. . . .

وه‌ره رو‌‌ح له‌گه‌ڵ سه‌مفۆنیای بێ ده‌نگیدا ئه‌گری

نیگا له تابلۆكانی تاریكیدا خه‌ریكه‌ وون ئه‌بێ

وه‌ره‌ ته‌مه‌ن چركه‌كانی ڕوو له شێت بونن

گۆرانی یه‌كان خه‌ریكه كاسه‌بن و

ووشه‌كان خه‌ریكه ئه‌تاسێن

وه‌ره به نوكی په‌نجه‌ی به سه‌ركردنه‌وه‌یه‌كت

ژێ یه‌كانی سازی ته‌نیایم بهێنه جووڵه

وه‌ره له خاكی ته‌نتایم دا

گوڵێكی سپی بڕوێنه

وه‌ره ته‌ختی سینه‌ی ئاسمانی ئه‌م وه‌رس بونه‌م

پڕكه له ووشه ئه‌ستێره‌ی به وورشه

وه‌ره به ئاوریشمی خه‌نده‌یه‌كت

برینی قه‌تماخ نه‌گرتوی گریانێكم داپۆشه

وه‌ره ئێستا روح نه‌وره‌سێكی نامۆیه‌ و

بۆ كه‌ناری نیگایه‌كت وێڵه

تۆ له نێوان دێڕ به دێڕی شیعرما

له‌ودیو په‌نجه‌ره‌ی ووشه‌مه‌وه ڕاوه‌ستاوی

تۆ له ناو ژور به ژوری خه‌یاڵمدا

تابلۆیه‌كی هه‌ڵواسراوی

تۆ له ناو كوچه‌ی تاریكی خه‌ونه‌كانما

چرایه‌كی داگیرساوی

هه‌رچه‌نده‌ ساته‌كانی ئاشنابونمان

ساته‌كانی پێكه‌وه‌بونمان

به ئه‌ندازه‌ی چه‌ند دڵۆپه ئاویك

به ئاسته‌مێك لێوی وشكی تامه‌زرۆیی ته‌ر كردوم

به‌ڵام له‌ودیوی كه‌ناره‌كانی ئێستامه‌وه

ده‌ریایه‌كی له مێژوو

بۆیه واهه‌ست ئه‌كه‌م

له به‌ره‌به‌یانی بونمه‌وه به تۆ ئاشنام

ئاشنای وه‌ك ئه‌و كوچه‌و كۆڵانانه‌ی كه به مناڵی یاریم تیا ئه‌كرد

ئاشنای وه‌ك ئه‌وشعرانه‌ی له هه‌رزه‌كاریمدا ئه‌مخوێنده‌وه

ئاشنای وه‌ك ئه‌و (لاوانه‌وه) انه‌ی كه دایكم

له كاتی خه‌مباریدا ئه‌یووت

ئاشنای وه‌ك ئه‌و خه‌مانه‌ی

له ته‌نیایی و غوربه‌تدا یه‌خه‌یان گرتوم

خۆشم ئه‌وێی

به‌ده‌ر له یاساو سنوره‌كانی واقیع

خۆشم ئه‌وێی

به‌ده‌ر له ساته ماندوه‌كانی زه‌مه‌ن

خۆشم ئه‌وێی

من له ئاوازی (با) و سه‌مای شۆره‌بی دا

خۆشم ئه‌وێی

له ناو شه‌ونم و شه‌رمی گوڵدا

له دڵۆپه‌ی باران وناسكی چرۆدا

له قوڵایی ده‌نگی (مه‌ردان) و

له ناخی تابلۆكانی (دالی) دا

له بۆن شێی چیمه‌ن وشۆخی دره‌خته‌كاندا

خۆشم ئه‌وێی

له ناسكی هه‌ڵاتن و ئاوابونی خۆرا

له ورینگه‌ی قامیشه‌ڵانه‌كان و

له لرفه‌ی تاڤگه‌كاندا خۆشم ئه‌وێی

جا بۆ نه‌توانین

به شه‌قامه‌كانی ئارامیدا پیاسه‌یه‌ك كه‌ین

له سێبه‌ری ئه‌ویندا پشویه‌ك به‌ین

له‌ژێر در‌ه‌خته‌كانی كه‌ناری خۆشه‌ویستیدا

گۆرانی یه‌ك بۆ جوانی بڵێین

له به‌ر دڵۆپه بارانی تاسه‌دا

ماچێك بكه‌ین

بۆ نه‌توانین له ئێواره‌یه‌كی په‌مه‌یی دا

بۆ به‌رزی وپیرۆزی عه‌شق

پێكێك هه‌ڵد‌ه‌ین. . . . . بۆ نه‌توانین