گه‌ر توركمانه‌كان به‌ خۆیاندا نه‌چنه‌وه ، ئه‌وا ئه‌زموونی سه‌خت و تاڵتر چاوه‌ڕوانیان ده‌كات !!

ده‌سته‌ی به‌رگری له شاری كه‌ركوك – دانمارك

ئه‌حمه‌د عه‌زیز

ڕاگه‌یاندن

 

به پێویستی ده‌زانین چه‌ند ڕونكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ ڕای كوردی و گشتی بڵاو كه‌ینه‌وه سه‌باره‌ت به ڕوداوه‌كانی ڕۆژی 22،21/8/2003 له شاروچكه‌ی دوزخورماتوو و شاری كه‌ركوك .

دیاره له‌وه‌ته‌ی شاری كه‌ركوك ڕزگاركراوه له 10/4/2003 وه تا ئه‌مڕۆ چاودێره سیاسیه‌كان پێشبینی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی كورد و توركمان-عه‌رب ده‌كه‌ن به تایبه‌تی پاش ئاشكرابوونی پلانه‌كانی (میتی) ده‌وڵه‌تی تووركیا له ده‌روازه‌‌ی شاری كه‌ركوك و سلێمانی (ده‌ستگیركردنی بڕێكی زۆر چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی نێردراو بۆ توركمانه‌كان و پوچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی هه‌وڵی تیرۆركردنی پارێزگاری كه‌ركوك) .

  هه‌ڵبه‌ته گه‌لی كورد به‌و پێیه‌ی به‌شێكی گرنگی پێكهاته‌كه‌ی شیعه‌یه(كورده فه‌یلییه‌كان‌) و له ناو سه‌ركردایه‌تی جولانه‌وه‌ی سیاسی كورد به ده‌یان سه‌ركرده‌یی شیعه‌مان لێ هه‌ڵكه‌وتووه          (جه‌بار فه‌رمان ، عادل موراد ، محه‌مد حه‌بیب و تاد) و له مێژووی كۆن تا ئه‌مڕۆكه هیچ گرفت و ئاڵۆزییه‌ك ڕووی نه‌داوه ، بۆیه ئه‌وه باشترین به‌ڵگه و وه‌ڵامه بۆ هه‌موو ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ی بڵاوده‌كرێنه‌وه له ڕادیۆی به‌ره‌یی توركمانی و میدیاكانی توركیا ، به‌ مه‌به‌ستی سازدانی زه‌مینه‌ و ئاگرخوشكردنی شه‌ڕی كورد و توركمان به بیانووی بوونی كێشه‌ی مه‌زهه‌بیی ، له پێناو ڕێگاخۆشكردنی ده‌ست تێوه‌ردانی توركیا و مسۆگه‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندێكانیان به نیازی له باربردنی ده‌سه‌ڵاتی كورد له شاری كه‌ركوك و ده‌وروبه‌ری و هێنانه‌دی ستراتیجییه‌تی توركیا كه نه‌خشه‌ی بۆ داڕشتووه، هه‌روه‌ك به‌ ئاشكرا بانگه‌شه‌یی بۆ ده‌كات له میدیا و كه‌ناڵه سیاسی و دبلۆماتیه‌كانی خۆیه‌وه.

 هه‌رچه‌نده له مێژه لایه‌نی كورد دركی به‌و پلانانه كردووه و بگره قوربانی زۆری داوه به مافه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كانی خۆی له شاری كه‌ركوك ، به مه‌به‌ستی په‌كخستنی ئه‌و پلانانه ، به‌وه‌یی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكی دابه‌ش كرد له سه‌ر بناغه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان (كورد ، مه‌سیحی ، عه‌ره‌ب ، توركمان) ، ئه‌وه‌ش نرخێكی زۆر گه‌وره‌یی لایه‌نی كوردی بوو له مافه‌كانی خۆی و كردیه قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی شاره‌كه ، له كاتێكدا سه‌دان به‌ڵگه‌نامه له به‌ر ده‌ستدایه ، كه خودی ڕژێمی عێراق تۆماری كردووه له شاری كه‌ركوك و ده‌یسه‌لمێنێت ، كه ته‌نانه‌ت سه‌نته‌ری كه‌ركوكیشی له زۆرینه‌ی كورد پێكهاتووه ، له‌و ڕووه‌وه ئامارێكی ساڵی 1995 له به‌رده‌ستدایه كه ڕژێمی عێراق ئه‌نجام داوه له شاری كه‌ركوك و ده‌ڵێت ، پێهاته‌ی سه‌نته‌ری كه‌ركوك به‌م شێوه‌یه‌یه ، (سه‌ره‌ڕای پڕۆسه‌ی ده‌یان ساڵه‌ی ڕاگواستن و به‌عه‌ره‌بكردن) :-

كورد    : 71507 كه‌س

عه‌ره‌ب :‌ 31606 كه‌س

توركمان: 15063 كه‌س

هه‌رچه‌نده كورد ئارامی ڕاگرتووه و سنوری خۆی نه‌به‌زاندووه ، بگره پێویستیشی به به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاتی خۆی نه‌كردووه به هۆی بوونی ئه‌مریكاییه‌كان له ناوچه‌كه‌دا‌ ، كه هه‌م ناوبژیوانن و هه‌م فه‌رمانڕه‌وان ، به‌ڵام سه‌ره‌ڕۆی توركمانه‌كان و ئاشكرابوونی پلانی پێش وه‌خته‌ی توركیا وای كرد له ئه‌مریكییه‌كان هێلیكۆپته‌ر و هێز له دژی توركمانه‌كان به كاربهێنن ، تا كار گه‌یشته بوردمانی باره‌گایه‌كی به‌ره‌ی توركمانی  و سنوربه‌ند كران ، سه‌رئه‌نجام  3 كه‌سیان لێ كوژراو به‌ره‌یی توركمانی چه‌ك كراو به‌ زیانی خۆشیان ته‌واو بوو  ، وه‌ك كورد ده‌ڵێت چه‌پڵه به یه‌ك ده‌ست لێ نادرێت و ، گه‌ر به‌خۆیاندا نه‌چنه‌وه ، ئه‌وا ئه‌زمونی سه‌ختر و تاڵتر چاوه‌ڕوانیان ده‌كات .