کاتی بڵاوکردنه‌وه‌ 7/23/2021 14:17:22          

 

بیلئیجماع كراینه‌وه‌ به‌عێراقی ... به‌ختیار شاخی

bshakhy@hotmail. com

 

كه‌ یه‌كێك سه‌ودایه‌ك ده‌كات و پێیوایه‌ قازانجی كردووه‌، زۆر به‌په‌له‌ مه‌یدانه‌كه‌ به‌جێ ده‌هێڵێ و ئاورِیش ده‌داته‌وه‌ داخۆ كابرا به‌دوایدا نه‌هاتووه‌!

نازانم په‌رله‌مانی ئێمه‌ بۆ هێنده‌ به‌په‌له‌ قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستووری عێراق به‌ده‌ست هه‌ڵبرِینێكی فه‌وری كۆتایی پێهێنا و راگه‌یه‌نرا كه‌ بیلئیجماع په‌سندیان كردووه‌، وه‌ك بڵێی له‌وه‌ بترسین عاره‌ب لێمان په‌شیمان ببنه‌وه‌!!، جارێ له‌ حیكمه‌تی ئه‌وه‌ تێناگه‌م بۆ ده‌بێ هه‌ر بیلئیجماع بێت؟ ئایا به‌رِاستی په‌رله‌مانی ئێمه‌ له‌وباوه‌رِه‌دایه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر بیلئیجماع نه‌بێت له‌ مه‌یلی برا چاو ره‌شه‌كانمان كه‌م ده‌بێته‌وه‌؟ ئه‌ی باشه‌ بۆ به‌زۆرینه‌ نه‌بێت؟ هه‌ڵوێستی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مان هێنده‌ چاوه‌رِوانكراوبوو كه‌ ته‌نانه‌ت گۆشه‌ی (هه‌واڵی چاوه‌رِوانكراو) ی رۆژنامه‌ی (خه‌بات) یش ده‌یزانی، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌ندێ له‌ په‌رله‌مانتاران له‌ملا و لا زۆر گله‌ییان له‌ ده‌ستووره‌كه‌ كردووه‌، ئه‌ی چۆن ده‌نگیان پێدا؟ بۆ داوای ماوه‌یه‌كیان نه‌كرد بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد له‌سه‌ر ده‌ستووره‌كه‌ تا لانیكه‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان ره‌شنووسه‌كه‌ بخوێننه‌وه‌ و لێی تێبگه‌ن و بۆیان شی بكرێته‌وه‌ دواتریش لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن و رای خۆیان بده‌ن، تۆ بڵێی چه‌ند ئه‌ندامی په‌رله‌مان به‌وردی و به‌چاوێكی ره‌خنه‌گرانه‌وه‌ ره‌شنووسه‌كه‌یان خوێندبێته‌وه‌؟ هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌ كاتێدایه‌ كه‌ خودی سه‌رۆكی كوردستان له‌و نامه‌یه‌دا كه‌ بۆ په‌رله‌مانی ناردبوو ئه‌وه‌ی دركاندبوو كه‌ هه‌موو مافه‌كانی ئێمه‌ی تێدانییه‌، كه‌واته‌ ده‌بوایه‌ لانیكه‌م په‌رله‌مان قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌ بكات كه‌ له‌ ده‌ستووره‌كه‌دا نین و داوای ماوه‌یه‌كی كردبایه‌، هه‌مووشمان بینیمان چۆن له‌به‌ر خاتری سوننه‌ ماوه‌كه‌ كه‌وته‌ درێژ بوونه‌وه‌، تۆ بڵێی خاتری ئێمه‌ نه‌گرن؟ سه‌یره‌ كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان ره‌شنووسه‌كه‌ په‌سند ده‌كات و دواتر له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ سه‌رۆكی كوردستان، سێ پێشنیار ره‌وانه‌ی به‌غدا ده‌كات! كه‌ تۆ په‌سندت كرد چۆن چاوه‌رِێی گۆرانكاریی ده‌كه‌ی؟ كه‌ تۆ به‌وه‌نده‌ قایل بیت بۆ پێتوایه‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ت زیاترت ده‌داتێ؟ ده‌بوایه‌ په‌رله‌مان ئه‌و سێ پێشنیاره‌ بكاته‌ مه‌رج و دواتر برِیار بدات.

ئایا په‌رله‌مانی كوردستان نه‌یویست بپرسێ ئه‌رێ چۆن لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان به‌وه‌ قایلن كه‌ عێراق فیدراڵی بێت كه‌چی قبوڵ ناكه‌ن ناوی عێراق (كۆماری عێراقی فیدراڵ) بێت؟ ئه‌و ناوه‌ی كه‌ راگه‌یاندنی كوردی مێشكی ئێمه‌ی پێ پرِ كردووه‌ و له‌ ره‌شنووسی ده‌ستووردا مۆری (باگل شد) یان له‌سه‌ردا.

ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا له‌ رۆژنامه‌ ره‌حمه‌تییه‌كه‌ی ئاشتی له‌ تاران، وتارێكم به‌ناونیشانی (كورد و ترِه‌ كه‌ڵه‌كی عێراقی فیدراڵ) بلإوكرده‌وه‌، ئه‌وه‌تا به‌داخه‌وه‌ قسه‌كه‌م هاته‌دی و ترِه‌ كه‌ڵه‌كه‌كه‌ رووخا، تكایه‌ راگه‌یاندنی كوردیش چیدیكه‌ ئه‌و قه‌وانه‌ لێمه‌ده‌ن، ئیدی ئێمه‌ بووینه‌ هاوولإتی كۆماری عێراق. . .

ئێستا هه‌ندێ رۆشنبیر بوونه‌ته‌ پاڵه‌وانی شاشه‌ی TV و رووپه‌رِی رۆژنامه‌كان و هه‌زار و یه‌ك بیانوو بۆ ئه‌وه‌ دێننه‌وه‌ گوایه‌ ئه‌م ده‌ستووره‌ نیعمه‌تێكه‌ له‌ خواوه‌ بۆ ئێمه‌ هاتووه‌، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ئه‌و ره‌شنووسه‌ كۆتایی به‌ئاواته‌كانی (نه‌وه‌ی دوای راپه‌رِین) و 15 ساڵ به‌خته‌وه‌ری ده‌هێنێ، یان لانیكه‌م تا ده‌رفه‌تێكی زۆر دوور دوای ده‌خات، بۆ گله‌یی له‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ن كه‌ باوه‌رِی به‌ عاره‌ب نه‌مابێ و نیگه‌ران بێت؟ من یه‌كێكم له‌وانه‌ی به‌ زه‌رِه‌بینیش تۆزقاڵێك ئینتیما بۆ عێراق له‌ وجودمدا نابینم و باوه‌رِه‌م به‌ دۆستایه‌تییه‌كه‌شیان نییه‌. ئایا ئه‌مه‌ تاوانه‌؟ باشه‌ برا ئۆپۆزسیۆنه‌كانمان كه‌ گه‌یشتنه‌ ده‌سه‌لإت چ به‌ڵێنێكیان به‌جێ هێنا؟ له‌په‌نای ته‌وافوقدا چه‌ند فاوڵی جافه‌ریمان بینی؟ كێ ده‌توانێ بڵێَ عاره‌بێك كه‌ به‌و رووخاوییه‌ دان به‌ كوردستانی بوونی كه‌ركووكدا نانێت سبه‌ینێ كه‌ به‌هێز بوو دانی پێدا ده‌نێ؟ تكایه‌ چیدی دروشمی بریقه‌داری برایه‌تیی كورد و عاره‌ب و عێراقی فیدراڵ به‌گوێی مندا مه‌ده‌ن، تا حوشتر به‌كونی ده‌رزیدا نه‌چێ عاره‌ب نابنه‌ برای ئێمه‌.

په‌رله‌مانی ئێمه‌ بیلئیجماع ده‌نگی به‌ ده‌ستوورێك دا كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ راپرسیدا ده‌نگی بۆ بدرێ به‌كه‌مترین (ماره‌یی) ئێمه‌ له‌ عێراقی عاره‌ب ماره‌ ده‌كاته‌وه‌، ئیتر با هه‌ر هاوار بكه‌ین و بڵێین (كورد ده‌ڵێ منیان دا به‌شوو. . . هه‌رچه‌نده‌ به‌ دڵیشم نه‌بوو) !

ـ ده‌ستوورێك دیباجه‌كه‌ی له‌ خوتبه‌ی جومعه‌ی ئاخوندێك زیاتر نزیكه‌ نه‌ك ده‌قێكی یاسایی و عێراق به‌ره‌و ویلایه‌تی فه‌قیهی شیعه‌ ده‌بات.

ـ ده‌ستوورێك كۆتایی به‌و شه‌راكه‌ته‌ ده‌هێنێ كه‌ جاران ده‌گوترا (كورد و عه‌ره‌ب له‌م ولإته‌دا شه‌ریكن) .

ـ ده‌ستوورێك كه‌ ناوی پێشمه‌رگه‌ ده‌كاته‌ گاردی هه‌رێم.

ـ ده‌ستوورێك كه‌ ناوی شیعه‌ و زۆنگاوه‌كانی ده‌خاته‌ پێش كورد و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال.

ـ ده‌ستوورێك كه‌ گوندی به‌شیری پێ له‌ 4500 گوندی كوردستان موقه‌ده‌ستر بێت.

ـ ده‌ستوورێك كه‌ دیسان مه‌سه‌له‌ی كه‌ركووك ده‌كاته‌ (شیردا بۆ داپیردا) و تاساڵی 2007 دوای ده‌خات، بێ ئه‌وه‌ی پێمان بڵێ ئه‌و كاته‌ چی ده‌كرێ و كورد چی پێ ده‌كرێ؟ له‌ كاتێكدا له‌ یاسای ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تدا رێگه‌ی پێدابووین په‌ناببه‌ینه‌ به‌ر UN، باشه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ گه‌یشتینه‌ بنبه‌ست ئه‌م ده‌ستووره‌ رێگای كوێمان پێشان ده‌دات؟ ئه‌یا كه‌ركووك ده‌كاته‌ هه‌رێمێكی فیدراڵ؟ یان ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كورد كه‌ركووك بكاته‌ بیانووی پابه‌ند نه‌بوون به‌ده‌ستوور و له‌ عێراق جیابێته‌وه‌. ئایا ئه‌و كاته‌ شیعه‌ و سوننه‌ وه‌ك ئێستا ده‌بن؟ ئایا ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌مان ده‌ده‌نێ هه‌ناسه‌ی ئازادی هه‌ڵمژین؟ من ده‌ڵێم نا. عه‌ره‌ب به‌شیعه‌ و سوننه‌وه‌ قه‌ت هێنده‌ی ئێستا باركه‌وتوو نه‌بوونه‌ و زه‌حمه‌ته‌ جارێكی تریش ئاوا لاواز ببنه‌وه‌.

 له‌بیریشمان نه‌چێت ئه‌و ته‌وافوقه‌ی مێشكی ئێمه‌ی پێ پرِكرا ئه‌ویش كۆتایی هات و ده‌ستوور باسی ته‌وافوق ناكات، به‌ڵكو له‌ هه‌مووشته‌كاندا حیسابی زۆرینه‌ ده‌كات، زۆرینه‌ش عه‌ره‌بی شیعه‌یه‌ و دیاره‌ به‌ره‌و كوێ ده‌چێ و برِیار و یاسایه‌كان چۆن ده‌بن، ئه‌گه‌ر ده‌ستوور باسی ئه‌وه‌ی كردبا كه‌ حكومه‌ت به‌ته‌وافوق پێكده‌هێنرێت ئه‌وه‌ ده‌بوایه‌ كه‌مێك دڵمان به‌وه‌ خۆش بێت كه‌ چه‌ند وه‌زیرێكی كورد له‌ به‌غدا ده‌بن، به‌لإم ئه‌و ته‌وافوقه‌ش وه‌بن زۆرینه‌ ده‌كه‌وێ و زۆرینه‌ش وه‌زیر ناداته‌ ئێمه‌.

 ته‌نها شتێك كه‌ له‌و ده‌ستووره‌دا دڵم پێی خۆشه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رسته‌ی (الشعب العربی فیه‌ جز و من الامه‌ العربیه‌) زۆر عاره‌به‌كانی توورِه‌ كردووه‌، به‌لإم من به‌وه‌ دڵخۆشم كه‌ عێراق ده‌وڵه‌تێكی عه‌ره‌بی نه‌بێت و عاره‌ب خه‌می ئه‌وه‌یانه‌ عێراق ببێته‌ ده‌وڵه‌تێكی ئێرانی!! ئه‌وه‌ كۆتایی ئه‌و ترِه‌ كه‌ڵه‌كه‌یه‌ كه‌ پێمان ده‌گووت (كۆماری عێراقی فیدراڵ!!) .