فرانس ڤان ئه‌نرات له‌به‌ر خۆپیشانده‌ران ئاماده‌ی دادگا نه‌بوو ... عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

دوو خولی دادگایی فرانس ڤان ئه‌نرات تێپه‌ڕی، هه‌ردوو خوله‌كه‌ ژماره‌ی كورده‌ ئاماده‌بووه‌كان ناگه‌یشته‌ 100 كه‌س، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و ئاماده‌ كارییه‌ جوانه‌ی بۆ خۆپیشاندانه‌كان ئاماده‌ كرابوون، له‌ وێنه‌ی قوربانییان، پۆسته‌ر، لافیته‌. . . توانی سه‌رنجی ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كانی جیهان بۆخۆی ڕابكێشێت. وێنه‌ی خۆپیشان ده‌ران، چاوپێكه‌وتنه‌كان له‌ گه‌ڵییان، فلیمی به‌رده‌م هۆڵی دادگاكان هه‌موو ته‌له‌فزیۆن و ڕۆژنامه‌كانی جیهانی گرته‌وه‌، كه‌م ڕۆژنامه‌و ته‌له‌فزیۆن هه‌بوو له‌ پانتایی جیهاندا هه‌واڵی كۆمه‌ڵ كوژی كوردییان ئه‌و ڕۆژه‌ بڵاو نه‌كردبێته‌وه‌، ئه‌وه‌یان ڕانه‌گه‌یاندبێت كورده‌كان له‌ ئه‌نجامی ئه‌و تاوانه‌ی به‌رامبه‌رییان ئه‌نجام دراوه‌ پێش 17 ساڵ، ئه‌مڕۆ ئه‌م تاوانباره‌یان هێناوه‌ته‌ پای دادگا، هه‌واڵی كاره‌ساته‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌و گۆپته‌په‌و بالیسان و سه‌رده‌شت و ئه‌نفالییان بڵاو كرده‌وه‌. وێنه‌كان ته‌عبیرێكی زیندوو بوون له‌و تاوانانه‌ی كه‌ ئه‌نرات به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لی كورد ئه‌نجامی دابوو، وێنه‌كان ده‌ربڕی ئه‌و قوربانییانه‌ بوون ئه‌و له‌ ئه‌نجامی قازانجی خۆی مه‌رگی بۆیان هێنابوو، ئه‌و گازه‌ی بۆنی سێوو پرته‌قاڵی لێ ده‌هات مناڵان به‌ خۆشییه‌وه‌ هه‌ڵییان ده‌مژی، ئه‌مڕۆ مناڵان پێی ده‌ڵێن تاوانبار بۆ وات له‌ مناڵانی كوردستان كرد. به‌رامبه‌ر به‌ هه‌موو ئه‌و وێنانه‌ شه‌رمه‌زار بوو، بۆیه‌ له‌ خولی دووه‌می دادگاییه‌كه‌ به‌گوێره‌ی هه‌واڵنێرییه‌كان ئانرات وه‌ك ناڕه‌زایه‌تییه‌ك له‌ خۆپیشاندانی كورده‌كان له‌به‌رده‌م هۆڵی دادگا ئاماده‌ی خولی دووه‌می دادگاییه‌كه‌ نه‌بوو. ئاماده‌كارییه‌كان له‌م خوله‌ له‌هه‌موو ڕوییه‌كه‌وه‌ له‌ خولی یه‌كه‌م زیاتر بوو، ژماره‌ی ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌ ئاماده‌ بووه‌ بێگانه‌كان زیاتر بوو، بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ش كورده‌كان ئه‌نراتییان زیاتر له‌ جاری پێشوو شه‌رمه‌زار كرد، جێی خۆیه‌تی ده‌ست خۆشی له‌ هه‌موو ئه‌و كوردانه‌ بكرێت له‌ به‌رده‌م هۆڵی دادگا ئاماده‌ بوون، بوونییان له‌و ڕۆژه‌ له‌و شوێنه‌ كاریگه‌ری خۆی هه‌بوو له‌ ئاینده‌شدا كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕه‌وتی دادگاییه‌كه‌ ده‌بێت.

هێشتا دوو خولی دادگاییه‌كه‌ ماوه‌، ئه‌وه‌ی ڕوونه‌ به‌شێكی زۆری ئاماده‌بووان هه‌ر ئاماده‌ ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام ده‌شێت كورده‌كانی دیكه‌ی دانیشتوانی هۆڵه‌نده‌ ئه‌و سه‌ربه‌رزییه‌ بۆخۆیان تۆمار بكه‌ن بۆ جاره‌كانی داهاتوو ئه‌وانیش به‌ هه‌ڵگرتنی وێنه‌یه‌كی قوربانییان له‌ به‌رده‌م هۆڵی دادگاییه‌كه‌ نه‌ك ته‌نها ئه‌نرات، به‌ڵكه‌ هه‌موو كۆمپانییاو بازرگان و داگیركه‌رانی كوردستان شه‌رمه‌وار بكه‌ن.

ده‌تۆش به‌هه‌ڵگرتنی وێنه‌یه‌ك له‌ داهاتوودا تاوانباران شه‌رمه‌زار بكه‌ن.