مامۆستا سه‌ید ئه‌حمه‌د عه‌بدولوه‌هاب ئه‌ندامی لێژنه‌ی ده‌ستوور: ره‌شنووسی ده‌ستوور ئاواتی ته‌واوی هیچ لایه‌نێكی نه‌هێناوه‌ته‌ دی به‌ڵام هیچ لایه‌نێكیشی بێبه‌ش نه‌كردووه‌ له‌ به‌دیهێنانی زۆرێك له‌ خواسته‌كانی

 

· به‌رێز مامۆستا سید احمد عبدالوهاب به‌و پێیه‌ی به‌ڕێزتان ئه‌ندامن له‌ لیژنه‌ی ده‌ستور له‌ كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی، ده‌كرێت دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی پێَشكه‌شكردنی ڕه‌شنوسی ده‌ستور بزانین؟ وه‌ ئایا پێتان وایه‌ پڕۆژه‌كه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێت؟

بسم الله الرحمن الرحیم

 

- ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ به‌رواری 28/8/2005 كاتژمێر10:30 دانیشتنی لیژنه‌ی ده‌ستوری ئه‌نجامدرا به‌ سه‌رۆكایه‌تی دكتۆر هومام حه‌مودی، دوای تاووتوێكردنی هه‌ندێك بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار به‌ ڕه‌شنوسی ده‌ستوره‌كه‌ چه‌ند ئه‌ندامێكی لیژنه‌كه‌ سه‌رنج و تێبینیه‌كانیی خۆیان پێشكه‌ش كرد كه‌ ئه‌و سه‌رنجانه‌ به‌شێكی چڕبووبووه‌ له‌ ڕه‌خنه‌گرتن له‌ چه‌ند مادده‌ و بڕگه‌و ناوه‌ڕۆكی ڕه‌شنوسه‌كه‌ هه‌روه‌ها زۆریان په‌یوه‌ندیان به‌ دیباجه‌وه‌ هه‌بوو، هه‌ندێكیشیان ڕه‌خنه‌ بوو له‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كه‌ لیژنه‌ی ده‌ستوری تووشی ئیفلیجی كردوو و ناوه‌رۆكی بۆ نه‌هێشته‌وه‌. وه‌ له‌و خاڵانه‌ی كه‌ پێشتر مشتومڕی له‌سه‌ر بوو سه‌ركردایه‌تی سیاسی پانتایی ئه‌و مشتومڕه‌ی به‌رینتر و زیاتر كرد له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی كه‌می بكاته‌وه‌. وه‌ زاڵبوونی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن بوو به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی یاساداناندا كه‌ ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تایه‌كی خراپه‌ بۆ عێراقی نوێ.

· ئایا پێت وانیه‌ گه‌وره‌بوونی كێشه‌كان وای كرد پێویستی به‌ دانیشتنی سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كان هه‌بێت؟

- به‌ڵی به‌و بیانووه‌ بوو به‌ڵام ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی عورفی قانونیه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌ندامانی لیژنه‌ی ده‌ستور ئه‌و ڕه‌شنوسه‌یان واژۆ كرد له‌گه‌ڵ بوونی سه‌رنج و ڕه‌خنه‌ به‌ تایبه‌ت له‌سه‌ر دیباجه‌ی ده‌ستوه‌ركه‌.

· ئاشكرایه‌ كه‌ گه‌لی كورد لانی كه‌می داواكاریه‌كانی بریتیه‌ له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵتێكی فیدڕاڵی له‌ عێراقدا، پێتان وایه‌ ئه‌م داوایه‌یكورد هاتۆته‌ دی، ئایا هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌كانی دی له‌م بواره‌دا چیه‌؟

- ئه‌وه‌ی كه‌ لێره‌دا ئه‌توانم ئاماژه‌ی پێبكه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م ڕه‌شنووسه‌ ئاواتی هیچ گروپ و كۆمه‌ڵه‌یه‌كی به‌ گشتی نه‌هێناوه‌ته‌ دی وه‌ له‌ هه‌مانكاتدا هیچ لایه‌ن و ڕه‌نگێكیشی بێبه‌ش نه‌كردووه‌ له‌ به‌دیهێنانی زۆرێك له‌ خواست و مافه‌كانیدا. هه‌ربه‌م پێیه‌ش گه‌لی كوردیشمان گه‌یشتووه‌ به‌ بڕێك له‌و ئاواتانه‌و به‌شێكیان ده‌ستوری كراوه‌، واته‌ له‌ ده‌ستوردا ئاماژه‌ی پێكراوه‌. فیدڕاڵی بۆ كوردستان هیچ لایه‌ك نكوڵی لێنه‌بوو، به‌ڵكو كیشه‌ له‌سه‌ر فیدڕاڵی باشوور بوو، به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتدا مه‌سه‌له‌ی چاره‌ی خۆنووسین، یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی كه‌ركووك و دیاریكردنی ئیداری و جوگرافی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ چه‌ند خاڵێكی دی به‌ شپڕزی و شلَِه‌قاوی ماونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌توانین بڵێین به‌شی كورد به‌شێكی باشه‌، ئه‌گه‌رچی له‌ ئاستی پێویستدا نیه‌.

· بۆچۆنتان چیه‌ ده‌رباره‌ی ڕۆڵی ئایین له‌ ده‌ستوردا؟

- ئه‌و پانتایی و رۆڵه‌ی دانراوه‌ بۆ ئایینی ئیسلام ڕۆڵێكی مامناوه‌ندی و ئه‌ندازێك باشه‌، چونكه‌ ئایینی ڕه‌سمی وڵاته‌ و نابێت هیچ یاسایه‌ك په‌سه‌ندبكرێت كه‌ دژ بێت له‌گه‌ڵ یاسا نه‌گۆڕه‌كان له‌ ئیسلامدا، وه‌ ڕێزیش له‌ زۆرینه‌ی موسوڵمانێتی عێراق بگیرێت جگه‌ له‌ بواری كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌سه‌له‌ی دامه‌زراندنی خێزان له‌ سه‌ر بنه‌مای ئایین و ڕه‌وشتی به‌رز.

· ئایا پێـتان وایه‌ له‌ ڕه‌شنوسه‌كه‌دا چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و ناوچانه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌ كه‌ دووچاری پاكتاوی ڕه‌گه‌زی بوون؟

- هه‌روه‌ك ئاماژه‌مان پێكرد له‌ باسی كه‌ركوك ئه‌م باس و خواسانه‌ به‌بێ چاره‌سه‌رێكی ڕوون و به‌هێز ماونه‌ته‌وه‌ به‌ڵكو جۆرێك له‌ بزڕكاوی و شپڕزه‌یی پێوه‌دیاره‌ كه‌ ترسی ئه‌وه‌م هه‌یه‌ له‌ داهاتوودا یه‌ك له‌ دوای یه‌ك وه‌كو مین بته‌قێته‌وه‌ به‌ دۆزی عێراق و كوردستاندا!

· سنوری هه‌رێمی كوردستان دیاریكراوه‌؟

- له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پاریزگای كه‌ركوك و ده‌وروبه‌ری و زۆرێك له‌شارو شارۆچكه‌كانی تری كوردستان به‌ ڕوونی و ئاشكرا نه‌خراوه‌ته‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ئه‌توانین بڵێین نه‌خێر سنوری هه‌رێمی كوردستان دیارینه‌كراوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش زیان به‌ داهاتووی عێراق به‌ گشتی و كوردستان به‌ تایبه‌تی ده‌گه‌یه‌نێت.

· ئایا ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌كان دیاریكراوه‌ به‌ تایبه‌ت ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان؟

- به‌ڵی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌كان دیاریكراون، خۆشبه‌ختانه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی باش دراوه‌ به‌ هه‌رێمی كوردستان و هه‌رێمه‌كان به‌ گشتی له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا.

· تا چه‌ند گه‌شبینن به‌رامبه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌ ئایینده‌دا؟

- وه‌كو كوردێكی ئیماندار گه‌شبینم وه‌ دڵم خۆشه‌ كه‌ ڕه‌نجی ئه‌م خه‌ڵكه‌ به‌ڕێزه‌ و خه‌باتی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی ده‌ستور و كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی به‌ فیڕۆ نه‌چێت، به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتدا به‌ هیوانیم به‌م ده‌م و ده‌سته‌ ووڵات ببێته‌ شامی شه‌ریف وه‌ هه‌موومان بگه‌ین به‌ خه‌ون و ئامانجه‌كانی خۆمان، به‌ڵكو ئه‌مه‌ چه‌ند هه‌نگاوێك بوو له‌ خه‌باتی نه‌بڕاوه‌ی گه‌لانی عێراق وه‌ چه‌ند قۆناغێكی هه‌ستیاربوو به‌ڕێمان كرد، وه‌ ئه‌بێت به‌ هه‌مان هه‌وڵ و هه‌ڵمه‌ته‌وه‌ خۆمان ئاماده‌بكه‌ین و ئه‌م كاروانه‌ بگه‌یه‌نینه‌ جێگاو ئه‌و میلله‌ته‌مان بگه‌نینه‌ ئاوات و كاره‌كانمان بگه‌یه‌نینه‌ لوتكه‌ ئه‌وه‌ش به‌ پشتیوانی خواو هاریكاری هه‌موو ڕه‌نگ و لایه‌نه‌كان ده‌بێت به‌ زه‌مینه‌سازكردن بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و خاڵه‌ جوانانه‌ی كه‌ له‌ ده‌ستوردا نووسراونه‌وه‌ چونكه‌ جیهانی نووسین و ووتن شتێكه‌ و جیهانی جێبه‌جێكردن و به‌ئه‌نجام گه‌یاندن شتێكی تره‌ و زۆر قورستره‌.

· ئامۆژگاریتان چیه‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان و سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستان به‌رامبه‌ر ده‌ستوره‌كه‌؟

- ئامۆژگاریم بۆ میلله‌تی خۆشه‌ویستم و گه‌لانی عێراق ئه‌وه‌یه‌ هاریكاری ئه‌م پڕۆه‌یه‌ بكه‌ن و به‌گه‌رم و گوڕیه‌وه‌ ده‌نگی بۆ بده‌ن وه‌ له‌ خه‌یاڵیشدا نه‌ژین و به‌ هیوای هه‌مووشتێك نه‌بن. هه‌موومان ڕه‌خنه‌مان هه‌یه‌ له‌و كاره‌ چونكه‌ به‌په‌له‌ كراوه‌ و له‌ بارودۆخێكی خه‌ماوی و ته‌ماویدا به‌جێگه‌یه‌نرا. به‌ڵام كه‌می ئه‌م ده‌ستوره‌ به‌ زۆر بزانن، ئه‌و كه‌لێنانه‌ش كه‌ تێیدایه‌ به‌ گه‌شبینی و یه‌كتر خوێندنه‌وه‌و ڕه‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی گه‌لانی عێراق پڕی بكه‌نه‌وه‌.