لالۆ منیش زیندانیی سیاسی بووم! به‌شی (17) . . . . عه‌تای مه‌لا که‌ریم به‌ریتانیا لێبوردن ئه‌منستی ڕۆژی شه‌ممه 12 ی ته‌مموز ووتیان ئه‌گه‌ر ئیعتراف نه‌که‌یت ئیتر هه‌موو ڕۆژێک بانگت ده‌که‌ین بۆ ئه‌شکه‌نجه. ڕۆژی دوای ئه‌و 13 ی ته‌مموز هه‌ینی بوو، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش ڕۆژانی پشوو که‌س بانگ نه‌ده‌کرا. بۆ ڕۆژی دوای ئه‌وه‌ش 14ی ته‌مموز بوو هه‌ر پشوو بوو، من به‌م دوو ڕۆژه ئاهێکم هاته‌وه به‌ر. ڕۆژی 15ی ته‌مموز ووتم بێگومان ئه‌مڕۆ با‌نگم ده‌که‌ن و هه‌ر له کاژێر 7ی سه‌ر له‌به‌یانییه‌وه من گوێ قوڵاخی ناو خوێندنه‌وه بووم، کات بوو به‌حه‌وت و نیو ده‌نگ نه‌بوو، بوو به کاژێر هه‌شتی ته‌واو که‌س بانگی نه‌کردم. براده‌ران ووتیان ته‌واو بێخه‌م به تا‌زه ئه‌مڕۆ بانگ ناکرێیت. به‌ڵام من هه‌ر له دڵه‌ڕاوکه‌دا بووم و خه‌می قسه‌ی کابرای ئه‌فسه‌رم بوو که ووتی تا‌زه ئه‌وه نه‌ما ئیتر هه‌موو ڕۆژێک بانگت ده‌که‌ین. ئه‌و ڕۆژه تێپه‌ڕی و من بانگ نه‌کرام، ئه‌گه‌ر چی هه‌ر خوله‌کێکم به‌ساڵێک لێتێده‌په‌ڕی، بوو به 16ی ته‌مموز هه‌مدیس هه‌مان چاوه‌ڕوانی و دڵه‌ڕاوکه و ترس و خۆف، به‌ڵام هه‌ر بانگ نه‌کرام. ده‌نگ وباسی لێبوردن زۆر گه‌رم بوو، هه‌ر که‌سێکی نوێ ده‌هات باسی په‌ره‌سه‌ندنی خۆپیشاندانی ده‌کرد له هه‌موو شاره‌کانی کوردستاندا، پێشبینییه‌کان زیاتر پشت قایم ده‌بوون، ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ ژماره‌ی گیراوه‌کان له‌به‌رزبوونه‌وه‌یه‌کی چاوه‌ڕوان نه‌کراودا بوو، حکومه‌ت نه‌ده‌کرا ئه‌و خه‌ڵکه هه‌مووی بکاته زیندان، وه هه‌روه‌ها نه‌شده‌کرا واز له‌و خه‌ڵکه بهێنیت به‌ئاره‌زووی خۆیان کۆببنه‌وه و دروشم له‌دژی ده‌وڵه‌ت ودام و ده‌زگاکانی له‌کوردستاندا به‌رز بکه‌نه‌وه. هه‌ر بۆیه ده‌بوایه بیر له‌ڕێگا چاره‌یه‌ک بکاته‌وه بۆ کۆتایی هێنانێکی ئاشتیانه به‌و خۆپیشاندانانه و خاوکردنه‌وه‌ی گیانی شۆڕشگێڕی له‌لای لاوان و کپکردنه‌وه‌ی گیانی شۆڕشگێڕی پێشمه‌رگه‌و، که‌ویکردنی هه‌ندێکیان و له‌ناوبردنی هه‌ندێکی تر‌و خه‌ساندنی ژماره‌یه‌کی زۆرتریشیان له‌ڕێگای ئه‌و دانیشتن و گفتوگۆ درێژ‌و بێمانایانه‌وه که کورد پێیده‌ڵێن دانوستان (موفاوه‌زات) . له‌ڕاستیدا دانوستان ئه‌وه نییه‌و دانوستان پێویسته له‌نێوان دوو لایه‌ندا بێت که هه‌ر یه‌که له‌بوارێکدا له‌لایه‌کی تر له‌پێشتر بێت و له‌و ڕێگایه‌وه هه‌ر که‌سه که‌مێک له‌داواو نیازه‌کانی خۆی که‌م بکاته‌وه تا ده‌گه‌ن به‌یه‌ک. له‌مێژووی کورددا، به‌داخه‌وه هه‌تا ئه‌مڕۆ، هه‌رگیز شۆڕشه‌کانی کورد نه‌یانتوانیوه ببنه هێزێکی ئه‌وتۆ که به‌شێوه‌یه‌کی واقیعیانه بتوانن له‌داواو نیازه‌کانی دوژمنه‌کانیان که‌مبکه‌نه‌وه، به‌ڵکو هه‌میشه دوژمن که‌هه‌ستی کردبێت خه‌ریکه ده‌بنه هێزێکی جه‌ماوه‌ری وقورسایی په‌یدا ده‌که‌ن له‌ناو گه‌لدا به‌هه‌موو هێزیه‌وه هه‌وڵی داوه ئه‌و چروسکه‌یه هه‌ڵ بکێشێت، ئیتر به هه‌وڵی ناوخۆ بووبێت یاخود به‌ناوی ئه‌منستی و دانوستانه‌وه یان به‌هه‌وڵی ده‌ره‌کی بووبێ که هه‌میشه هه‌موو ده‌وڵه‌ته ناکۆکه‌کان به‌رانبه‌ر به کێشه‌ی کورد هه‌ر کۆکبوون. لێبور‌دنی ساڵی 1982 که‌ئێمه‌ی تێدا ئازاد کراین و به‌دوایشیدا ئه‌وه‌ی که پێی ده‌ڵێن دانوستانی 1983 نمونه‌ی به‌رچاوی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی دوژمنن که‌هه‌میشه به‌سه‌رکه‌وتنی ئه‌وان و زه‌ره‌ری گه‌ل و شۆڕشی کورد کۆتایی پێهاتووه. ڕۆژی 16 ی ته‌مموز به‌هێمنی ڕابورد تا بوو به پاش نیوه‌ڕۆ، له‌م کاته‌دا ڕادوێ بچوکه‌که‌ی ده‌ست پاسه‌وانه‌که که هه‌میشه له‌سه‌ر به‌غداد بوو، باسی لێبور‌دنی ڕاگه‌یاند به‌بۆنه‌ی شۆڕشی 17 ی ته‌مموزه‌وه که له بنه‌ڕه‌تدا شۆڕش نه‌بوو به‌ڵکو له کوده‌تایه‌کی سه‌ربازی شومدا ڕژێمی به‌عسی هێنابووه سه‌ر حوکم. هه‌ر که ڕادێو بچکۆل ووتی (عه‌فوه‌ن شامیله‌ن وه کامیله‌ن) پاسه‌وانه‌که ڕادێوکه‌ی کوژانده‌وه‌و ڕۆیشت. وا دیار بوو چووبوو به ئه‌فسه‌ره‌کان بڵێت و بزانێت فه‌رمانیان به چییه، چونکه هێنده‌ی نه‌برد گه‌ڕایه‌وه‌و ڕادێوکه‌ی خسته سه‌ر به‌رزترین ده‌نگ و نزیکی کرده‌وه له ده‌رگای ژووره‌کان. کاتێک کابرای پاسه‌وان گه‌ڕایه‌وه به‌یانی لێبوردن گه‌یشتبووه بڕگه‌کانی کۆتایی و له ژووره‌وه چه‌ند که‌سێک ده‌ستیان کرد به چه‌پڵه‌و ڕه‌قس وگۆرانی وهه‌ڵپه‌ڕکێ، به‌ڵام گۆرانی و چه‌پڵه‌که‌یان زۆری نه‌خایاندو له‌لایه‌ن زۆربه‌مانه‌وه به‌رپه‌رچ درایه‌وه و ووتمان جارێ کاتی ئه‌وه نییه بابزانین چییه‌و چیمان پێده‌ڵێن. هه‌ندێک هه‌ر باوه‌ڕیان نه‌ده‌کردو گاڵته‌یان لێده‌هات. کات بوو به‌ئێواره و هه‌ر وه‌کو ڕۆژان پڕۆسه‌ی سه‌رئاوو نان خواردن به‌ڕێوه چوو هیچ گۆڕانکارییه‌ک به‌دی نه‌کرا. ئه‌وانه‌ی که باوه‌ڕیان نه‌ده‌کرد ده‌یانووت ئاها بینیتان ئه‌وان هه‌ر وه‌ک خۆیانن به خوا نه لێبوردنه‌و نه هیچ. کات بوو به‌شه‌وو لێدوان و لێکۆڵینه‌وه و گفتوگۆ به‌هه‌موو بارێک‌دا لێک ده‌درایه‌وه. له‌پڕ ده‌نگی کرانه‌وه‌ی ده‌رگاو فه‌رمانی هاتنه ده‌ره‌وه له ژووره‌کان کۆتایی به‌هه‌موو بیروڕاکان هێناو هه‌موومانیان له حه‌وشه‌که‌دا ڕیز کرد. لیژنه‌یه‌ک هاتن ناویان ده‌خوێنده‌وه و هه‌ندێکیان جیاکرده‌وه که زیندانییه‌کان ده‌یانووت ئه‌وانه‌ن که یان ئیعترافیان کردوه‌و ئاستی لێپسراوێتیان به‌رزبوو یان په‌یوه‌ندییان هه‌بوو به کاری ئه‌ساسینه‌شن (ئیغتیالات) و کوشتنه‌وه، جیایان کردنه‌وه و بردنیان. ئه‌م جیاکردنه‌وه‌یه بۆ ئێمه زۆر ناخۆش بوو، ئیتر بیروڕا ئاڵوگۆڕکردن هاته‌سه‌ر ئه‌مان و چاره‌نووسیان؛ بۆ جیایان کردنه‌وه‌و چی‌یان لێ ده‌که‌ن؟ هه‌ندێک ووتیان سه‌ره‌و نگونیان ده‌که‌ن، له‌ولاوه یه‌کێ تر ده‌یووت قه‌ت به‌ریان ناده‌ن! شێخ جه‌مال به‌جیاکردنه‌وه‌ی هه‌ندێک له هاوڕێکانی زۆر بێتاقه‌ت بوو، ووتی سنگم دێشێت و ده‌ستی بۆ سه‌ردڵی ده‌برد. ئێمه چاومان به‌م جیاکراوانه نه‌که‌وته‌وه به‌ڵام دوای به‌ربوونمان به‌ماوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌و دیلانه که له‌لای پێشمه‌رگه بوون ئاڵ‌وگۆڕیان پێ کردن. ئه‌مانه‌یان وه‌کو کارتێک هێشتبوه‌وه بۆ ئازادکردنی دیله‌کانی خۆیان. بۆ ڕۆژی دوای ئه‌وه هه‌موومانیان برده حه‌وشه‌که، چاوبه‌ستن نه‌ما، سه‌ربان و بنبان و دار‌و دیوار به پاسه‌وان گیرا بوو. یه‌ک به یه‌ک ناویان ده‌خوێندینه‌وه‌و ده‌چوینه پێشه‌وه، وێنه‌یه‌کیان ده‌گرتین و شتومه‌ک و ئه‌مانه‌ته‌کانیان ده‌داینه‌وه ده‌ست. من لێره‌دا پاره‌و ناسنامه‌و کاتژمێر و چاویلکه‌که‌مم وه‌رگرته‌وه. ئه‌م بزوتنه دوو ڕۆژ خامۆشی به دواداهات و که‌س لێینه‌پرسین چین و چ کاره‌ن و چیتان به‌سه‌ردێت. جه‌ماعه‌تی بێهیواکان به لێبوردن که‌وتنه‌وه پڕوپاگه‌نده: به‌خوا نه لێبوردنه‌و نه ته‌ڕه‌ماش! به‌ڵێ به‌ڵێ هیچ ناکه‌ن تا به‌رمان ده‌ده‌ن، بۆ هه‌روا به‌ئاسانی ئێمه‌یان چنگگیر بووه؟ ئه‌م دڵه‌راوکه‌و مشتومڕه جارێکی دیکه له شه‌ودا دڕی پێدرا، جارێکی دیکه ده‌رگا کرایه‌وه‌و هه‌موومانیان کرده‌وه حه‌وشه‌که. ئه‌مجاره سه‌یرمان کرد ژماره‌یه‌کی زۆر گوێزان و ئامێری ڕیشتاشینیان هێنابوو، ووتیان هه‌ر دووکه‌س به نۆره ڕیشی یه‌کتر بتاشن. من و کوڕێکی که‌رکوکی به‌ریه‌ک که‌وتبووین. من ریشی ئه‌وم جوان تاشی و ته‌واوم کرد. ئینجا نۆره‌ی ئه‌و بوو ده‌ستی کرد به ڕیشتاشینی من. ماوه‌یه‌کی زۆر خه‌ریکی یه‌ک لاجانم بوو، هه‌رچه‌ند هاوارم کرد کاکه خێراکه ئه‌و هه‌ر ده‌یووت تۆ نازانیت مامۆستا لاجانه‌کانت به‌جوانی بۆ ده‌که‌م به قه‌نافز! پاسه‌وانه‌کانیش خێرا خێرا هاواریان ده‌کرد و ده‌یانووت کات نه‌ما خێراکه‌ن، به‌ڵام بۆ نه‌گبه‌تی هه‌میشه‌یی من ئه‌م براده‌ره خواگرتووه هه‌ر له‌سه‌ر به‌زمی خۆی بوو. یه‌کێکی دیکه‌ش له‌ولاوه پێی‌ووت ئه‌وه تۆ خه‌ریکی چیت کات ته‌واو بوو ڕیشی ئه‌و هه‌ژاره بتاشه. به‌ڵام کاکم له‌وه‌ڵامدا ووتی: سه‌یر بکه حه‌یاتم ده‌لاکیش قه‌نافزی وا ڕێک ده‌رده‌کات! من خه‌ریک بوو دڵم ده‌ته‌قی، ده‌مووت ئاخ ئه‌گه‌ر ئێسته ئاوێنه‌یه‌کم پێده‌بوو خۆم ڕیشی خۆمم ده‌تاشی و قه‌نافزی ئه‌ویشم نه‌ده‌ویست، به‌ڵام ئاوێنه‌ی چی و حاڵی چی؟ کاتێکم زانی پاسه‌وانه‌که گه‌یشته سه‌ر ئێمه‌و هه‌رچه‌نده ووتمان ته‌واو نه‌بووین، ئه‌و به ڕێگای سه‌ربازییانه‌ی خۆی ئامێره‌کانی له‌ده‌ست ده‌رهێناو ڕۆیشت! شانسی من له‌مه‌شدا کورتیهێنا! سه‌رم پاکه لیره ده‌تووت مشک کڕاندویه‌تییه‌وه، ڕیشیشم لایه‌کی تا نیوه‌ی تاشراو به‌ڵام تاشراو به شه‌رتی ئارایشگای بووک و زاوا، لاونیوه‌که‌ی دیکه‌شی وه‌کو خۆی بوو. کراسه‌که‌م شه‌ق و په‌ق و خوێناوی به‌کاری له‌به‌رکردن نه‌مابوو. شێخ جه‌مال چاکه‌تێکی بیجامه‌ی پێ‌بوو، زیاده بوو، دای به من له‌باتی کراسه‌که‌م له‌به‌ری بکه‌م. چاکه‌ته‌که‌ی شێخ جه‌مال بۆ من زۆر گه‌وره بوو، که کردمه به‌رم ده‌تووت دیشداشه‌م له‌به‌رکردووه به‌سه‌ر شه‌رواڵه‌که‌مدا. ئیتر دیمه‌نێکی هه‌تا بڵێیت ناشیرین و سه‌یرم هه‌بوو ته‌نانه‌ت له‌چاو زیندانییه‌کانی دیکه‌شدا! به‌ڵام من ئه‌وه‌نده تاقه‌تی دیمه‌ن و میمه‌نم نه‌بوو، هه‌ر بیرم له‌وه ده‌کرده‌وه تۆ بڵێیت ڕاست بێت و له‌م دۆزه‌خه بچمه ده‌ره‌وه و په‌شیمان نه‌بنه‌وه! گیرفانه‌کانت پڕبکه له گوێز ڕۆژێک زۆرم پێویست به ده‌سته‌سڕ بوو، له کوێی بهێنم؟ هاتم ناوی گیرفانی شه‌رواڵه‌که‌م لێکرده‌وه‌و دوو ده‌سته‌سڕی نایابم لێ دروستکرد. براده‌رێک له‌ولاوه سه‌یری ده‌کردم که گیرفانه‌کانم هه‌ڵده‌ته‌قێنم ووتی: حه‌یفه بۆ لێیده‌که‌یته‌وه؟ ووتم: حه‌یفی چی خۆ تا‌زه من به‌هیوا نیم گوێزیان تێبکه‌م! ئه‌و ڕۆژه ئه‌و قسه‌یه‌م بیر که‌وته‌وه‌و ووتم شه‌رت بێت که چومه‌وه پاڕه‌زان گیرفانه‌کان چاکبکه‌مه‌وه‌و پڕیان بکه‌م له گوێز، چی زۆره گوێز! تێبینی: تکا ده‌که‌م له هه‌ر که‌س له‌وانه‌ی ئه‌ڵقه‌کانی ئه‌م بابه‌ته ده‌خوێننه‌وه و شتێکی ئه‌و ڕۆژگاره‌یان دێته‌وه یاد، یان ناویان هاتووه، یان شاهیدی ئه‌و ڕۆژانه‌ن له‌گه‌ڵ من؛ هه‌ر تێبینییه‌ک یان ڕاستکردنه‌وه‌یه‌ک یان که‌م یان زیاد و پێوه‌لکاندنێکیان به‌دیکرد به‌و ناونیشانه ئه‌له‌کترۆنیانه‌ی خواره‌وه په‌یوه‌ندیم پێوه‌بکه‌ن تا ڕاستیان بکه‌مه‌وه، من زۆر مه‌منون ده‌بم. Mobile 00447754878293
|