كۆلیژی ئه‌ده‌بیات و هیوا جمیل ... ئوسامه‌ سه‌لاح خورماڵی

 

وادیاره‌ براده‌رانی یه‌كگرتووی به‌ناو ئیسلامی، (ئوسامه‌) ناو به‌ موڵكی خۆیان بزانن و پێیان ناخۆشه‌ كه‌سێكی دیكه‌ ئه‌م ناوه‌ی هه‌بێت، ده‌ك یاره‌بی موباره‌كیان بێت و نوخشه‌بێت له‌ (زه‌واهیری و زه‌رقاوی) یش، به‌راستی سه‌یره‌ یه‌كێك له‌ زانكۆی سه‌لاحه‌دین و كۆلیژی ئه‌ده‌بیات و ئیسلامیش بێت، ئه‌وه‌نده‌ ئه‌ده‌بی نوسین و ده‌ربڕینی هه‌ڵوێستی لاواز و ڕقاوی بێت، .

كاكی ئه‌ده‌بیات: جه‌نابتان له‌نوسینی پێشودا (ره‌واندزی) بوون نازانم بۆچی ئه‌مجاره‌ ره‌واندزیه‌كه‌ت قرتاند، له‌وانه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لێتنه‌پرسم كاكی (ئه‌ده‌بیات) تۆ چۆنت زانی هه‌موو نفووسی خورماڵ یه‌ك (ئوسامه‌) ی تێدایه‌ له‌كاتێكدا تۆ ره‌واندزی بویت؟؟!!

خه‌مت نه‌بی مادام %85ی سه‌ركردایه‌تی و شورا و مورای یه‌كگرتوو به‌ جه‌نابی ئه‌میندارتانه‌وه‌ (خوا مه‌حفوزی بكات) له‌خورماڵه‌وه‌ رۆشنبیری و جنێوی ئیسلامی و سیاسه‌ت و نوسین فێربوونه‌، ئێستا به‌ ده‌یان ئوسامه‌تان بۆ خزمه‌ت نه‌ته‌وه‌ی كورد دروستكردوه‌.

كاكی ئه‌ده‌بیات: له‌هه‌موو ئه‌و شه‌ره‌جنێو و تۆمه‌تباركردنه‌ بێ سه‌روبه‌ره‌ی كه‌ له‌نوسینی رابردوت هاتبوو، گه‌ردنت ئازابێت. زۆر هه‌وڵمدا ببمه‌ هاوڕێی جنێوت به‌ڵام شه‌رمم ده‌كرد به‌و به‌ڕێزه‌ی كه‌ ئه‌م نوسینه‌ی بۆ چاپ كردم و داخلی ئه‌نته‌رنێتی كرد پێی بڵێم كاكه‌ گیان ئه‌گه‌ر ده‌كرێت با كه‌مێك نوسینه‌كه‌م جنێوئامێز بێت تا له‌ئاست نوسینه‌كانی كاكی (ئه‌ده‌بیات) ی یه‌كگرتووی ئیسلامیدا بێت.

كاك هیوا هه‌رچه‌نده‌ من نازانم ئه‌و هه‌موو ره‌مز و حه‌رفه‌ چییه‌ كه‌ له‌نووسینه‌كه‌تتدا هاتبو به‌ڵام ده‌مه‌وێت بزانیت كه‌ وێنه‌ی (مه‌لا ئه‌نوه‌ر) به‌ خه‌وتویی له‌ناو جه‌لسه‌ی په‌رله‌ماندا راسته‌وخۆ له‌كه‌ناڵه‌كانی (كوردستان و كوردسات و زاگرۆس) ه‌وه‌ گواسترایه‌وه‌ و نه‌ك هه‌ر كوردستان به‌ڵكو هه‌موو جیهان بینیویه‌تی و خه‌ڵكێكی زۆری كوردستانیش ئه‌م دیمه‌نه‌ی تۆماركردوه‌ و دڵنیام له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌ شه‌قوشڕه‌كه‌ی یه‌كگرتووش ئه‌م كاسێته‌ هه‌یه‌ و له‌خواتان ده‌وێت كه‌مترین كه‌س بینیبێتی. كه‌واته‌ پێویست به‌پاراستن و ماراستن ناكات و هه‌وڵ مه‌ده‌ به‌ مه‌سه‌له‌ی ئه‌وقاف و شه‌هاده‌ و (س ێ) مه‌وزوعه‌كه‌مان بگۆریت. من باسی سیاسه‌تی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵكی به‌ناوی ئیسلامه‌وه‌ ده‌كه‌م و ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف بۆته‌ ئه‌و دێوه‌زمه‌یه‌ی كه‌ حزبه‌كه‌ی ئێوه‌ی له‌كاری (حزبایه‌تی ناو مزگه‌وته‌كان) دوور خستۆته‌وه‌ ئه‌وه‌ مه‌وزوعێكی تره‌ و من دڵنیام وه‌زاره‌ته‌كه‌ی من و وه‌زاره‌تی ئه‌وقافیش كه‌ نازانم بۆچی وا بێزاری كردویت، به‌شێكن له‌ دامو ده‌زگا پڕ گه‌نده‌ڵیه‌كان. . حه‌ز ده‌كه‌م شتێكی دیكه‌ش عه‌رزی جه‌نابت بكه‌م ئه‌ویش دیسانه‌وه‌ هه‌وڵت داوه‌ به‌چه‌ند تۆمه‌تێكی لابه‌لا تێكه‌ڵاوبوونی یه‌كگرتوو به‌ گه‌نده‌ڵیه‌كانی ئه‌مڕۆی كوردستان باز بده‌یت. ده‌مه‌وی پرسیاری ئه‌وه‌ش بكه‌م ئایا یه‌كێك له‌ (كۆلیژی ئه‌ده‌بیات) بێت چۆن ده‌زانێت له‌وه‌زاره‌تی عه‌دل كه‌ یه‌كگرتوو به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، عه‌داله‌تی حه‌زه‌تی عومه‌ر په‌یره‌و ده‌كرێت و ئیتر هه‌موو كوردستان پاشاگه‌ردانیه‌؟؟. له‌وانه‌یه‌ راپرسی جه‌ماوه‌ری له‌ناو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتودا كرابێت.

كاكی ئه‌ده‌بیات: من نه‌ پارتی و نه‌ یه‌كێتی به‌فریشته‌ نازانم به‌ڵام دڵنیابه‌ هه‌تا یه‌كگرتوو خۆی به‌ به‌دیلی ئه‌م دو حزبه‌ بزانێت خه‌ڵكی كوردستان ئاماده‌نییه‌ كه‌م و كوری و گه‌نده‌ڵیه‌كانی هه‌ردوو ئیداره‌ی پارتی و یه‌كێتی به‌دیار بخات، با رۆژانیش بكه‌ینه‌ حه‌كه‌م له‌نێوانماندا و بزانین سندوقه‌كانی ده‌نگدان چی ده‌ڵێن؟!.