په‌رله‌مانێک هه‌یه‌ قه‌ت ناڵێ: نا!. . . مه‌هاباد کوردی

 

هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ باشوور که‌ له‌سه‌ر باڵه‌خانه‌که‌ی نووسراوه‌ " ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی کوردستانی عێراق"، وه‌ک لای هه‌موومان ئاشکرایه‌، کار و چالاکییه‌ دیار و به‌رچاوه‌کانی ئه‌م په‌رله‌مانه‌ و ئه‌ندامانی به‌ پله‌ی یه‌که‌م جێبه‌جێکردنی فه‌رمان و سیاسه‌ت و هێڵه‌ حیزبییه‌کانی هه‌ردوو پارتی ده‌ستڕۆیشتووی باشووری کوردستان پارتی و یه‌کێتی بووه‌ نه‌ک شتێکی تر. ڕه‌نگه‌ زۆربه‌شمان له‌ یادمان مابێ یه‌که‌مین بڕیاری ده‌رچووی ئه‌و په‌رله‌مانه‌ چی بوو و چیشی لێ شین بوو.

ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی کوردستانی بنکه‌ له‌ هه‌ولێر تاکه‌ کارێک که‌ تا ئێستا مه‌ردانه‌ ئه‌نجامیان دابێ و بێ سڵکردنه‌وه‌ش بۆی چووبێتنه‌ مه‌یدان، ده‌ستبه‌رزکردنه‌وه‌یانه‌ بۆ ئه‌و بڕیارانه‌ی که‌ پێشتر له‌ لایه‌ن پارتی و یه‌کێتی دراوه‌ و ئینجا گوایه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی دیموکراسییانه‌ ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مان کراوه‌، له‌وێنده‌رێش ئه‌ندامه‌ چه‌له‌نگ و لێهاتووه‌کان به‌ یه‌ک ده‌نگ و پێکڕا و تێکڕا له‌ ئاست ئه‌و بڕیار و فه‌رمانانه‌دا هاواریان لێ هه‌ڵساوه‌ و گوتوویانه‌: به‌ڵێ! که‌س هه‌یه‌ به‌ جاران گوێی له‌ په‌یامنێرانی که‌ناڵه‌ کوردییه‌ حیزبییه‌کان نه‌بووبێ که‌ چۆن چۆنی ڕاپۆرته‌هه‌واڵیان پێشکه‌ش به‌ بینه‌ران کردووه‌، سه‌باره‌ت به‌ کار و دانیشتن و کۆبوونه‌وه‌کانی په‌رله‌مان، که‌ تێیاندا باس له‌وه‌ کراوه‌ تێکڕای ئه‌ندامان و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگیش ڕه‌زامه‌ندی خۆیان له‌سه‌ر فڵان بڕیار داوه‌ و په‌سندیان کردووه‌؟ من خۆم ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ نه‌مبیستووه‌ و نه‌مخێندۆته‌وه‌ و نه‌شمبینیوه‌، ته‌نیا بۆ جارێکیش بێ، ئه‌ندامانی ئه‌م په‌رله‌مانه‌ی کوردستان پڕۆژه‌یه‌ک، بڕیارێک، فه‌رمایشتێک، هه‌ڵوێستێکی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداریان ڕه‌ت کردبێته‌وه‌. ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه‌ش به‌ پله‌ی یه‌که‌م ئه‌و ساڵ و سه‌رده‌مانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ که‌ پارتی و یه‌کێتی، هه‌رنا له‌ سه‌ره‌وه‌، دانوویان به‌یه‌که‌وه‌ کوڵاوه‌ و باب و برای یه‌کتریش بوونه‌! ئه‌گه‌رنا ئه‌وا چاره‌نووسی په‌رله‌مانمان له‌ کاتی شه‌ڕی کوردکوژی نێوان ئه‌م دوو هێزه‌دا باش له‌ یاده‌ و ده‌شزانین ئه‌وده‌م چ له‌ ئارادا بوو. په‌رله‌مانی کوردستان له‌ ده‌نگدان به‌ "به‌ڵێ"دا، به‌ به‌راوردکردن ده‌گه‌ڵ گشت په‌رله‌مانی وڵاتانی دیکه‌، ژماره‌ی ڕیکۆردی شکاندووه‌ و پشتی هه‌موویانی له‌ عه‌ردی داوه‌! ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی کوردستان، وه‌ک چۆن جار له‌ دوای جار له‌ شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌کانه‌وه‌ ده‌یانبینین، خوا هه‌ڵناگرێ زۆر به‌ڕێز و ئه‌ده‌بانه‌ لێی دانیشتوون و له‌ ده‌مه‌ده‌می ده‌نگدانیشدا ئه‌رکێکی گران و زه‌حمه‌ت ده‌کێشن و ده‌ست بۆ "به‌ڵێ" به‌رز ده‌که‌نه‌وه‌. ئێمه‌ هه‌موومان ئه‌م جۆره‌ دیمه‌نانه‌مان ئه‌وه‌نده‌ چاو پێکه‌وتووه‌، که‌ له‌ بینینیان بێزار بووین. که‌س هه‌یه‌ بڵێ وا نییه‌؟!

دوای ئه‌وه‌ی که‌ ڕه‌شنووسی به‌ناو ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق خرایه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی عێراق" کۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عێراقی"، وێڕای ئه‌م هه‌موو بگره‌ و به‌رده‌یه‌ی که‌ له‌ ئاکامی کاره‌که‌دا هاته‌ ئاراوه‌، دیسانیش ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی لای خۆمان، وه‌ک هه‌ر جارێک، ئه‌م جاره‌شان به‌ کۆی ده‌نگ گوتیان به‌ڵێ بۆ ئه‌و ده‌ستووره‌ی که‌ له‌ چه‌ندین بڕگه‌ و مادده‌یدا به‌ قه‌ده‌ر سه‌ره‌ده‌رزییه‌کیش چ حیسابێکی بۆ گه‌لی کورد و نیشتمانه‌که‌ی نه‌کردووه‌. ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مه‌وێ زیاتر جه‌ختی له‌سه‌ر بکه‌م، چۆنیه‌تی خودی ده‌نگدانه‌که‌ی په‌رله‌مانی کوردستانه‌ له‌سه‌ر ئه‌م ڕه‌شنووسه‌.

هه‌روه‌ک له‌ گه‌لێ سه‌رچاوه‌ی ته‌له‌فزیۆنی و ماڵپه‌ڕه‌ جوداکانی ئینته‌رنێتیشدا هاتووه‌، ئه‌م ڕه‌شنووسه‌ی ده‌ستووره‌ له‌ سه‌ره‌تادا له‌ لایه‌ن مه‌سعوود بارزانی، چونکه‌ سه‌رۆکی "هه‌رێمی کوردستانه‌"ه‌، بۆ په‌رله‌مانی کوردستان ڕه‌وان کراوه‌. له‌ته‌ک ڕه‌شنووسه‌که‌شدا بارزانی نامه‌یه‌کی ئاڕاسته‌ی عه‌دنان موفتیی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان کردووه‌. بارزانی له‌ نامه‌که‌ی خۆیدا گوتوویه‌تی:" ئه‌م ڕه‌شنووسه‌ی ده‌ستوور سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ندێک خاڵی تێدایه‌ له‌گه‌ڵ چاوتێبڕینه‌کانی ئێمه‌ یه‌کناگرێته‌وه‌، به‌ڵام ده‌سکه‌وتێکی گه‌وره‌یه‌ و با بخرێته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی کوردستان و گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ بکرێت. " هه‌روه‌ها بارزانی له‌ نامه‌که‌یدا داوای کردووه‌:" په‌رله‌مانی کوردستان ده‌نگ بدات به‌م ڕه‌شنووسه‌، چونکه‌ زۆربه‌ی زۆری مافه‌کانی گه‌لی کوردستانی تێدایه‌ و به‌ری ڕه‌نجی تێکۆشان و خوێنی شه‌هیدانی سه‌ربه‌رزی کوردستانه‌. "

به‌ر له‌ هه‌ر شتێ ئه‌گه‌ر ده‌ستوورێک "له‌گه‌ڵ چاوتێبڕینه‌کانی ئێمه‌ ـ که‌ بێگومان بارزانی مه‌به‌ستی کورده‌، م. ک ـ یه‌کنه‌گرێته‌وه‌"، من پێموایه‌ وه‌ها ده‌ستوورێک نه‌ک هه‌ر ده‌ستکه‌وتێکی گه‌وره‌ نییه‌، بگره‌ له‌وانه‌یه‌ ته‌پکه‌یه‌ک بێ بۆ کورد دانرابێته‌وه‌. پاشان له‌ ڕۆژی ئه‌وڕۆدا کێ باوه‌ڕ به‌ کێ ده‌کات، هه‌تا کوردی بنده‌ست باوه‌ڕ به‌ عه‌ره‌بی سه‌رده‌ست و ڕه‌گه‌زپه‌رست و کۆنه‌په‌رست و که‌لله‌ڕه‌قی مینا شیعه‌کان بکات؟!

بارزانی داوا داکات په‌رله‌مانی کوردستان ده‌نگ بدات به‌م ڕه‌شنووسه‌. باشه‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ بارێکی وادا نابێ خۆیان سه‌رپشک بن و بیر بکه‌نه‌وه‌ و مێشک به‌کار بێنن و، ده‌نگیش به‌م ڕه‌شنووسه‌ بده‌ن یان نا؟! من ئه‌م جۆره‌ داواکارییه‌ به‌ شتێکی زۆر سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ تێده‌گه‌م. یه‌کێک ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی ئه‌ندام په‌رله‌مان بێت و خۆی بڕیار بدات، ده‌بێ وه‌ها داواکارییه‌ک، به‌ جۆرێک له‌ سووکایه‌تیکردن به‌ خۆی تێبگات. له‌ وڵاتێکی وه‌کو سوێد، که‌ ده‌زانم له‌گه‌ڵ کوردستان به‌راورد ناکرێت، به‌ڵام ئه‌ندام په‌رله‌مانێک بۆی هه‌یه‌ گه‌وره‌ترین کێشه‌ بۆ سه‌رۆک وه‌زیرانی وڵاته‌که‌ و حکوومه‌ت و خودی په‌رله‌مانیش بنێته‌وه‌ و، په‌نجه‌ له‌ناو چاوی پایه‌به‌رزترین که‌سی ده‌سه‌ڵاتداریش بنێت. به‌ مانایه‌کی تر ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی کوردستان بۆ ده‌بێ، ئیللا و ئیللا، ئه‌وه‌یان به‌ بیر بهێنرێته‌وه‌ که‌ پێویسته‌ وه‌ها و وه‌ها ده‌نگ بده‌ن! ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ک و له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ "به‌ری ڕه‌نجی تێکۆشان و خوێنی شه‌هیدانی سه‌ربه‌رزی کوردستان"، ته‌نیا به‌ سه‌ربه‌خۆیی یه‌کجاره‌کی و ته‌واوه‌تی کوردستان واتادار ده‌بن و، خوێنی سوور و پاک و گه‌شی شه‌هیدانی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ر بستێکی ئه‌م خاکه‌ مه‌زن و فراوانه‌ش، هه‌ر به‌ته‌نێ له‌ پێناو ده‌ستوورێکی چه‌ند لاپه‌ڕه‌یی سه‌قه‌ت نه‌به‌خشراوه‌، به‌ڵکو گه‌لێ له‌وه‌ وه‌هاوه‌تره‌ که‌ سه‌رانی کورد باسی لێوه‌ ده‌که‌ن. گه‌وره‌ و گچکه‌ی نه‌ته‌وه‌ی خۆڕاگری کورد ئه‌م شته‌ی لا ڕوون و ئاشکرایه‌.

ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی کوردستان، هه‌ندێکیان نه‌بێ که‌ ژماره‌یان به‌قه‌ده‌ر په‌نجه‌کانی ده‌ستن، هه‌ر هه‌موویان حیزبییه‌کی ئه‌وه‌نده‌ تۆخن، له‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌شدا زێڕی بیست و چوار عه‌ییارن. کوان ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی که‌ به‌هۆی کوردبوون و کوردستانیبوونیانه‌وه‌، نه‌ک له‌به‌ر شتێکی تر، له‌ کاتی لێدانی مارشی عروبه‌ و به‌عس هه‌ڵنه‌ستانه‌ سه‌ر پێ و وه‌ک جه‌لال تاڵه‌بانی ئه‌م سرووده‌ نه‌فره‌تییه‌یان نه‌وته‌وه‌؟ ئایا نه‌ده‌بوو ئه‌وان له‌ کاتی ده‌نگدان له‌سه‌ر ڕه‌شنووسه‌که‌شدا هه‌ڵوێستێک بنوێنن، ده‌ست له‌ کار بکێشنه‌وه‌، ڕه‌خنه‌ی توند له‌ سه‌رانی کورد بگرن و هه‌ڵلایه‌ک بنێنه‌وه‌؟ هه‌ندێکیان له‌ پاش ده‌نگدانه‌که‌، ئینجا باس له‌ که‌موکورتییه‌کانی ئه‌م ڕه‌شنووسه‌ی ده‌ستوور ده‌که‌ن. ده‌ستوورێک ته‌نانه‌ت سه‌رۆکی په‌رله‌مانیش، هه‌ندێ خاڵ و بڕگه‌ی پێ "ناڕوون و نادیار" بێت، که‌چی دیسانیش ده‌بێ هه‌ر به‌ "به‌ڵێ" په‌سند بکرێت!

"نا" بۆ په‌رله‌مانێک که‌ قه‌ت ناڵێ "نا"!

سوێد 25ـ8ـ2005 mehabadk@hotmail. com