من له‌ توركومانه‌كان تێناگه‌م! ... دیاری مه‌جید

 

به‌ڵێ له‌ دنیادا زۆر له‌ دیارده‌كان، به‌ها هه‌مه‌لایه‌نه‌ جۆراوجۆره‌ ئاڵوَزه‌كان، ڕێڕه‌وه‌كانیان و ئاقاره‌كانیان و ئامانجه‌كانیان و ئه‌نجامه‌كانیان دیاری ده‌كات. ئه‌و به‌هایانه‌ش له‌ ئه‌مپه‌ڕی به‌های به‌رزی ڕه‌وشته‌وه‌ تا ئه‌وپه‌ڕی گوێنه‌دان و به‌هه‌ندنه‌گرتن وپشتگوێخستنی هه‌موو به‌هاكانه‌وه‌، ڕۆڵی به‌رجاوی خۆیان ده‌بینن له‌دیاریكردنی دواڕۆژی دیارده‌كاندا. له‌ سیاسه‌تدا هه‌رجه‌نده‌ تواناو هێز و واقیعبینی ڕۆڵی گرنگ ده‌بینن، به‌ڵام به‌ها ویژدانی و ئه‌خلاقیه‌كان، ئایین و ئایدیۆلۆژیه‌كانی تر كاریگه‌ری گه‌وره‌یان هه‌یه‌ له‌ دیاریكردنی ڕێڕه‌وه‌كان دا.

ئه‌م پێشه‌كییه‌ به‌ سه‌ر هه‌ڵوێست و جۆری بیركردنه‌وه‌و هه‌ڵسوكه‌وتی سیاسه‌تی هه‌ندێ له‌ توركومانه‌كان به‌ گشتی و هێزه‌كانی ناو به‌ره‌ی توركومانی به‌تایبه‌تیدا ناجه‌سبێت.

ئه‌گه‌ر له‌ گۆشه‌نیگای به‌هاكانی ویژدان و ئه‌خلاق و ئاینه‌وه‌ بڕوانین، كوردو توركومان له‌و نه‌ته‌وانه‌ی عێراقن كه‌ زوڵمێكی زۆریان لێكراوه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراقه‌وه‌. دووچاری ده‌ركردن و ڕاگواستن و ماڵوێرانی بوون، مافه‌كانیان خوراوه‌ و پێشێلكراوه‌، مولًَك و ماڵیان زه‌وت كراوه‌ و به‌ عه‌ره‌بی هاورده‌ بۆ ناوچه‌كانیان دراوه‌. . . . هتد، كه‌ ده‌بوایه‌ به‌ خۆڕسك ئه‌و دوو لایه‌نه‌ زۆر له‌یه‌كتر نزیكبوونایه‌ و هه‌ستیان به‌ هاوده‌ردی یه‌كتر بكردایه‌ و هاوكار و به‌یه‌كده‌نگ به‌ره‌نگاری زاڵم و زوڵم بونایه‌ته‌وه‌. بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی مافه‌كانیان هاریكاری یه‌كتر و هه‌لًَوێسته‌كانیان هه‌ماهه‌نگ بوایه‌، كه‌چی ده‌بینین به‌شێك له‌ زوڵملێكراوان یان باشتر بڵێین توركومانه‌كان ده‌چنه‌ پاڵ زاڵم و ده‌بنه‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م نه‌هێشتنی زوڵمدا و به‌رگری له‌ زاڵمان ده‌كه‌ن. ئایا ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یان به‌ها ویژدانی و ئه‌خلاقی و ئایینیه‌كانیان ناخاته‌ ژێر نیشانه‌ی پرسیاره‌وه‌؟

با بێینه‌ سه‌ر دیدی سیاسی و هه‌وڵدانیان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ویست و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ سیاسیه‌كانیان. ئاشكرایه‌ كه‌ دیدی سیاسی زۆربه‌ی كات، واقیعبینی خۆی به‌سه‌ریدا ده‌سه‌پێنێ و ڕۆڵی دیاریكه‌ر و بڕیارده‌ر ده‌بینێت تیایدا. لێره‌شدا توركومان به‌ پێچه‌وانه‌ی واقیعی سیاسییه‌وه‌ و دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی خۆیان هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن.

ئاخر بابزانین توركومان له‌ سایه‌ی ناوچه‌ی فیدراڵی كوردستاندا به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی پارێزراو ده‌بێت یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی.

- توركومانه‌كان دوای عه‌ره‌ب و كورد خۆیان به‌ نه‌ته‌وه‌ی سێهه‌م ده‌زانن له‌ عێراقدا. ئه‌گه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی فیدراڵی بمێننه‌وه‌ و سه‌ر به‌ ناوه‌ندبن، ئه‌وا هه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ی سێهه‌م ده‌مێننه‌وه‌و له‌ ناو عه‌ره‌بی به‌ ژماره‌ زۆر زۆرتر له‌وان، هیچ جێگه‌ و پێگه‌یه‌كی كاریگه‌ری سیاسی ناتوانن بۆ خۆیان به‌ده‌ستبێنن به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌ر به‌ ناوچه‌ی فیدراڵی كوردستانبن، ئه‌وا ده‌بنه‌ نه‌ته‌وه‌ی دووه‌م له‌ ناو حكومه‌تی فیدراڵیدا و ڕێژه‌یان به‌رامبه‌ر به‌ كورد وه‌ك ڕێژه‌یان به‌رامبه‌ر عه‌ره‌ب نابێت كاتێك سه‌ر به‌ ناوه‌ندبن. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ سه‌نگی سیاسیان به‌هێزتر و مه‌یدانی جموجۆڵی سیاسیان فراوانتر ده‌بێت، كه‌ ئه‌وه‌ش وا ده‌كات بتوانن ویسته‌كانیان باشتر بهێننه‌ دی و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان چاكتر دابین بكه‌ن.

-ئه‌گه‌ر توركومان له‌ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی فیدراڵی بمێنێته‌وه‌، ئه‌وا ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌بێته‌ به‌ربه‌ستێك له‌ نێوانیان و توركیای نیشتمانی دایكیاندا، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی بێبه‌شبوونیان له‌ هه‌ندێ ده‌سكه‌وت، وه‌كو بۆ نمونه‌ به‌ستنی په‌یمانی هاوكاری كولتوری و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی تر له‌گه‌ڵ توركیادا، كه‌ خزمه‌ت به‌ زمان و كولتوریان ده‌كات. چونكه‌ هه‌موو ده‌زانین به‌ پێی ده‌ستور، حكومه‌تی فیدراڵی بۆی هه‌یه‌ په‌یمانی له‌و بابه‌تانه‌و هیتر له‌گه‌ڵ ووڵاتانی دراوسێ و دوورتردا ببه‌ستێت.

-توركومانه‌كان ئه‌گه‌ر له‌ناو هه‌رێمی فیدراڵی كوردوستاندا بژین، ده‌توانن ڕۆڵی یاریده‌ده‌ر ببینن بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندی باش له‌ نێوان توركیاو كورددا، كه‌ هه‌میشه‌ پشێوی و ئاڵۆزی پێوه‌ دیاره‌، به‌هۆی هه‌ڵوێستی باوی توركیا به‌رامبه‌ر به‌ كورد. به‌مه‌ش توركومان له‌ جێگه‌ و نرخی سیاسی خۆی زیاد ده‌كات، به‌وه‌ی ده‌بێته‌ فاكته‌ری ڕاگرتنی ئاشتی نێوان ئه‌و دوولایه‌نه‌.

ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسوڕمانه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ تائێستا توركومان هیج ده‌سكه‌وتێكی له‌ لایه‌نه‌ عه‌ره‌بیه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیر نه‌بوه‌، هیج شتێكی بۆ دابین نه‌كراوه‌، هیـج به‌ڵێنێكیان پێنه‌دراوه‌ و هیج په‌یمانێكی ئاشكراش له‌ نێوانیاندا نیه‌. ئه‌بینن كه‌ هه‌ندێ لایه‌نی عه‌ره‌بی و عه‌ره‌به‌ هاورده‌كانن، ڕێگری به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی بڕیاری 58ن، كه‌ زوڵم له‌سه‌ریان ناهێڵێ و مافه‌كانیان بۆ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، ئه‌و بڕیاره‌ی كه‌ ته‌نها كورد داكۆكی لێده‌كات. ئه‌زانن كه‌ هه‌ر له‌ كوردوستاندا ڕێگه‌ی كردنه‌وه‌ی ده‌یان مقه‌ڕی پارت و سه‌نته‌ر و قوتابخانه‌ و شتی تریان پێدراوه‌، كه‌جی دژ به‌ مافی فیدراڵی كورد و هه‌موو ڕایه‌ك و جوڵانه‌وه‌یه‌ك ده‌وه‌ستنه‌وه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ مافی كوردایه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك بۆ سه‌ر كوردستان. ئایا ئه‌مه‌ به‌هاكانی وه‌فاداریان ناخاته‌ ژێر نیشانه‌ی پرسیاره‌وه‌؟ ئه‌وه‌ ناگه‌ێنێ كه‌ سیاسه‌تمه‌داره‌كانیان دید كورتن له‌ سیاسه‌تدا و هه‌ر له‌ جاو و دڵی توركیای قین له‌دڵه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كورد ده‌ڕوانن؟

یان وا دیاره‌ مردنی خۆیان و زه‌ره‌ری كوردیان له‌ هه‌موو شتێكیتر پێباشتره‌!!